كه‌ستان له‌ 16 ی ئۆكتۆبه‌ر بێبه‌ری نین

Saturday, 10.17.2020, 18:34

533 بینراوە


له‌م رۆژانه‌ی یادكردنه‌وه‌ی تاریكه‌ رۆژی 16ی ئۆكتۆبه‌ری ده‌ستی خه‌ڵكی ناخاڵه‌ و كاڵفامی تازه‌پێگه‌یشتوی ناسیاسیی كوردستان، زۆر كه‌س بۆ خۆ پاككردنه‌وه‌ و پیشاندانی دڵسۆزی و پاكو بێگه‌ردی و دانایی خۆی وا قسه‌ده‌كات كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئۆباڵی 16ی ئۆكتۆبه‌ر و لێكه‌وت و زیانه‌كانی له‌سه‌ر ئه‌و نیه‌ و راوبۆچونی له‌سه‌ر ریفراندۆم و هه‌ڵوێستی به‌ شێوه‌یه‌ك بووه‌ كه‌ ده‌بێت نه‌ك سوپاسی بكرێت به‌ڵكو ده‌بێت كرنوش بۆ راستودروستی لێدوان و ره‌فتاره‌كانی ببرێت، له‌به‌ر شاره‌زا و دانا و پێشبینیكه‌ری راستودروستی رووداوه‌كان بووه‌.
له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ خه‌ڵكانی بێ هه‌ڵوێستیش خۆی به‌ خوێنه‌ری رووداوه‌كان داده‌نێت و باسی له‌ دیدی جیاواز و خوێندنه‌وه‌ی جیاواز له‌و باره‌وه‌ ده‌كات كه‌ بناغه‌ی مه‌سه‌له‌كه‌ هه‌ر رودانی ئه‌و رۆژه‌ شومه‌یه‌ و هیچ قسه‌ و ناونیشانی تر هه‌ڵناگرێت.
ئه‌وه‌ی مه‌به‌سته‌ له‌م قسانه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه‌ چه‌واشه‌كاره‌ له‌م كاته‌دا كه‌ تائێستا له‌م باره‌وه‌ نوتقیان به‌ستبوو، له‌م راوبۆچون و هه‌ڵوێسته‌ دواكه‌وتووه‌ی پاش ره‌تبونی سێ ساڵی ره‌به‌ق به‌سه‌ر روداوه‌كه‌، جگه‌ له‌ مه‌به‌ستێكی به‌رژه‌وه‌نخوازی هه‌لپرستانه‌ی كه‌سی و له‌پێناو بئامانجێكی سیاسی هیچ هه‌ڵوێستێكی دیكه‌ی لێ به‌دیناكه‌یت.
ئۆباڵی ئه‌وه‌ی روویدا له‌ ئه‌ستۆی هه‌ر هه‌موو سه‌كردایه‌تیی سه‌رجه‌م حزبه‌كانی كوردستانه‌ به‌ گه‌وره‌ و بچوكه‌وه‌، بێ له‌ریزبه‌ده‌ر، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌یه‌وێت خۆی له‌وه‌ به‌ده‌ربخات به‌ قسه‌یه‌ك و هه‌ڵوێستێكی مڵشۆڕانه‌ و به‌ به‌هانه‌ و هۆكارێكی له‌جێی خۆی نه‌بوو، جگه‌ له‌ هه‌لپه‌رستی و دۆگمایی و خۆدزینه‌وه‌ له‌ به‌رپرسیارێتی و هه‌وڵی مه‌له‌كردن له‌ ئاوی لێڵی روباری ته‌ڵخكراوی رووداوی گه‌وره‌ی هاوشێوه‌ی 16ی ئۆكۆبه‌ر هیچی تر نیه‌. مه‌عقوله‌ خه‌ڵك هه‌یه‌ بۆ چه‌ندین ساڵه‌ ته‌نانه‌ت له‌مه‌ر هیچ روداوێك نه‌ك قسه‌ی نه‌بووه‌ به‌ڵكو زمانی به‌ستراوه‌ته‌وه‌ و گومان له‌ كاری سیاسی و ره‌فتاری سه‌ركردایه‌تیبونی ده‌كریت و ئێستا ده‌یه‌وێت خۆی بێبه‌ری بكات. روبارێكی پاك و بێگه‌ر و سازگاری شۆرشی كوردستان به‌ قوربانی كوڕه‌ هه‌ژار رێڕه‌وه‌كه‌ی دروستكرا، كه‌چی تۆیه‌كی بێ نوزه‌ له‌ هیچ شتیك و ته‌نها به‌رخۆری خه‌ڵكی تر ئێستا ده‌ته‌وێت روداوێكی گه‌وره‌ی وا ئیستغلال بكه‌یت و خۆت لێبه‌ده‌ر بكه‌یت و نیازت رازیكردنی خه‌ڵك و خاوه‌ن فه‌رمان بێت بۆ ئامانجێكی كورت مه‌ودا. خه‌ڵك هه‌موو سه‌ركردایه‌تی و سه‌رانی ئه‌م حوكمرانیه‌ی خوێندۆته‌وه‌ و كه‌ستان پێ هه‌ڵناخه‌ڵه‌تێنرێت و ناختان له‌ لایه‌ن هه‌موانه‌وه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ . پاكانه‌ كردن به‌ لێدوان و نوسینێكی لار و بێ ناوه‌ڕۆك و ره‌فتارێكی هه‌لپه‌رستانه‌ دادتتان نادات. بۆیه‌ قۆناغه‌كه‌ و ده‌ركه‌وتن و روون بونه‌وه‌ی حه‌قیقه‌تتان وای لێكردون هیچ پێگه‌یه‌كتان نه‌بێت و له‌ پاشه‌كشه‌دا بن و وا ده‌ركه‌وتوون بۆ هه‌موان كه‌ زه‌حمه‌ته‌ بتوانن به‌رده‌وام بن له‌ خه‌ڵك چه‌واشه‌ كردن. باشترین ره‌فتار بۆ ئێوه‌ داننانه‌ به‌ شكست و بێده‌نگیتانه‌ و نانێكه‌و خواداویه‌تی بۆ خۆتان ملكز بكه‌ن و بیخۆن و له‌وه‌ زیاتر خۆتان بێ به‌ها مه‌كه‌ن. ‌



(دەنگدراوە: 3 . زۆرباشە: 5/5)