• Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  • 21
  • 22
  • 23
  • 24
  • 25
  • 26
  • 27
  • 28
  • 29
  • 30
  •  
  •  
  •  
  •  

ڕیکلام

وشە: لە ڕۆژی: تا ڕۆژی:


ناوی هاوسەری ئەو لێپرسراوانەی کە لە شاخ نەمان پێش ئۆپراسیۆنی ئەنفال

Wednesday, 10/09/2014, 12:00

4658 بینراوە


ئەو ناوانەی، کە لە خوارەوە نووسراون دوای بوونی زانیاری پێش وەخت لە ئەنفال، هەوڵدرا بۆ دەرباز کردنیان بەرەو هەندەران، لە رێگای ئێران سووریا لە کۆتایەکانی ساڵی ١٩٨٧ و سەرەتای١٩٨٨ (ئەم بابەتە تایبەتە بۆ کوردستانپۆست)
پێشمەرگایەتی و ژیانم لە نزیک سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی و کۆمەڵەی رەنجدەران، هەلێکی باشی بۆ رەخساندم بۆ ئەوەی بتوانم ببم بە شایەد حاڵی گەلێ راستی، کە تاکو ئێستا زۆربەی پێنووسەکان خۆیان لێدزیوەتەوە، یان راستی رووداوەکانیان شێواندووە، ئینجا خستۆیانەتە سەر کاغەز، بە تایبەتی دەوری ئافرەت لە بەشداری بزوتنەوەی رزگاری میللەتەکەمان و ناساندنی زاراوەی ژنانی شاخ لە ئەدەبیاتی یەکێتی نیشتمانی بۆ مەبەستی سیاسیی و بەرژەوەندی تایبەتی.
پێشمەرگەی ژن لە رێزەکانی یەکێتی نیشتمانی، کە ژمارەیان لە پەنجەی دەستەکان تێنەدەپەڕین و بە ئەزمونێکی سەرنەکەوتوو هەژمار دەکرێ لە ژیانی پێشمەرگایەتی ئەو پارتە لە ساڵی هەشتاکان، بەڵام ئافرەت لە رێگای ترەوە بەشداری سەختی و نەهامەتی ژیانی پێشمەرگایەتی کردووە وەکو ژنانی لادێکانی ئەو ناوچانەی کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی پێشمەرگەدا بوون، هەروها هاوسەر و خێزانی پێشمەرگەش بەشداری ئەو خەباتە بوونە لە شاخ. ئەو بەشدارییە لە دوو پێکهاتەی ژنان پێکهات بوو، یەکەم هاوسەری پێشمەرگەی سادەی ناو شۆرش. دووەم پێکهاتە، بریتی بوو لە کەمینەیەک لەو ژنانە، کە خێزانی لێپرسراوەکانی یەکێتی بوون لە شاخ، بەتایبەتی هاوسەرەکانی ئەندامانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی ئەو پارتە.
ژنانی لادێ، لە بیرکراوەکان، بەش خوراوەکان و مەغدورەکان، ئەمانە بە حوکمی ئەوەی دێیەکانیان کەوتبوونە ناوچەی ئازادکراوی پێشمەرگە، تەماسێک و بەشداربونێکی راستەوخۆیان بە ژیانی پێشمەرگایەتیەوە هەبوو. بەدرێژایی میژووی خەباتی میللەتەکەمان قورسترین ئەرکی هەموو شۆرشەکانیان لە ئەستۆ گرتووە، بەبێ ئەوەی داوای هیچ بەرابەرێک بکەن، یان بەبێ ئەوەی تەماحی خۆدەرخستن و بەدەست هێنانی دەستکەوتی شەخسی بووبێتن وەکو پۆست و پارە. سەرەڕای سەختی ژیانی ئەو ئافرەتانە لە هەموو روویەکەوە، بەڵام دەوری سەرەکیان هەبووە لە خزمەتکردنی پێشمەرگە و کەسوکارەکانیان، هەروەها ناندان بە پێشمەرگە، سەرباری کەم دەرامەتی خۆیان، جل شوشتن و شاردنەوەی پێشمەرگەی پەرەوازە لە کاتی مەترسییەکان. ئەو ژنانە وەکو پیشمەرگە لە ژێر تۆپباران و بۆردومانی فرۆکەکان و هێرشی سوپای عیراق و هیزی جاش بوونە، دووچاری بۆردومانکردنی کیمیاویش بوونە، لە رێزی ئەو ژنانە بەسەدان شەهید هەیە، کە دڵنیام ژمارەیان ئێجگار زیاترە لە ژمارەی پێشمەرگەی ژن و پیاو بەدرێژایی مێژووی بەرەنگار بوونەوەی میللەتەکەمان لە باشووری ووڵات، بەڵام خەبات و ماندوو بوونی ئەو ژنانە بە رستیەکیش لە بیرەوەری هیچ سەرکردەیەک و دۆکیومێنتێکی پارتە سیاسیەکان ئاماژەی پێنەدراوە. ئەو ئافرەتانە بەدرێژای مێژووی بزوتنەوەی رزگاری میللەتەکەمان، هەموو کاتێ سوتەمەنی هەموو شۆرشەکان بوونە، هەر ئەوان بوون بە قوربانیی ئەنفال و کیمیابارانیش لە ساڵی ١٩٨٨ دوچاری کوشتنی بەکۆمەڵ و دەستدرێژی سێکسی و مەزاتکردن بوونە لە بازاری عەرەبی. دوای ئاشبەتاڵی هەر شۆرشێکیش لە باشووری ووڵات، بەجێهێشتراون و زۆرانێکیان بە ناچاری لەگەڵ خێزانەکانیان دەربەدەری کەمپەکانی پەنابەران بوونە لە ووڵاتانی دراوسێی وەکو ئێران و تورکیا و بە کۆلەمەرگی ژیانیان بەسەر بردووە، لەگەڵ ئەوەشدا بیریان لەوە نەکردۆتەوە روو بکەنە هەندەارن بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی بەختەوەر، بەڵکو تەنیا خەونێکیان ئەوە بوو، بگەرێنەوە نێو خزم و کەسوکار و دێیەکەی خۆیان، دەست بکەن بە ژیانی سادەو ساکاری جاران. ئەوەی شایەنی ئاماژە پێکردن بێت ئەوەیە ئەو ژنانە بێ بەش بوون لە بەرهەمی خەبات و ماندووبوونیان، هەتا دوای ڕاپەرین و دروست بوونی هەرێمی کوردستان لە باشووری ووڵات دوای ساڵی ١٩٩١یش هیج هەژمارێک بۆ خەبات و ماندووبوونیان نەکراوە. 
ژنانی هاوسەری پێشمەرگەی سادە، ئەو ژنانە هەر وەکو هاوسەرەکانیان رووبەرووی ژیانی نەهامەتی، نەبوونی و برسیەتی و مەترسی بوونە و بەشداری رۆژە سەختەکانیان کردووە بە درێژای مێژووی خەباتی بزوتنەوەی رزگاری میللەتەکەمان. بەهۆی هاوسەرەکانیان دووچاری زیندانی کردن و دەربەدەری و بێ ماڵی هاتوون. ئەرکی زۆری ئەو ئافرەتانە لەسەر شانی کەسوکاریان بوو، چ لە رووی یارمەتیدانی مادیی، و چ لەرووی مشور خواردنیان و شاردنەوەیان لەکاتی بوونی مەترسیەکان، سەرەڕای ئەوانەش زۆرانێکیان لە تەمەنێکی زۆر گەنج لێیان دەقەوماو هاوسەرەکانیان شەهید دەبوون، لە نێو ئەو ژنانەدا هەیە، کە بەر کەمپەینی ئەنفال کەوتوون لە ساڵی ١٩٨٨. لە کاتی ئاشبەتاڵی هەر شۆرشێکیش بەشیان ئەوەبوو، کە روو لە کەمپەکانی پەنابەران بکەن و چاوەرێی هەلێک بکەن بۆ دووبارە بوونەوەی چارەنووسێکی تر. بڕێکی کەم لەو ژنانە دوای ڕاپەرینی سالێ ١٩٩١ و دامەزراندنی حکومەتی هەرێم، هەلی ئەوەیان بۆ رەخسا توانیان سوودمەند بن، لە هەندێ رێکخراوی ژنانی سەر بە پارتی و یەکێتی کار بکەن و هەندێکی زۆر کەمیان توانیان پۆستی باڵاش وەربگرن.
هاوسەرەکانی سەرکردەکانی یەکێتی و کۆمەڵەی رەنجدەران، ئەو ژنانە بەهۆی هاوسەرەکانیان دووچاری ژیانی پێشمەرگایەتی بوو بوون، لە رۆژە سەختەکاندا بوونیان هەبووە لە شاخ، بەڵام لەگەڵ ئەوەش، ئەو ژنانە بە چێنی خواپێداو و چێنی بۆرجوازی ناو شۆرش هەژماردەکران. ئەوەی کێشەی مادیی بێت ئەو ژنانە نەیان بوو، هەندێکیان خاوەن خانووی خۆیان بوون لە سلێمانی، هەموو کاتێک پریاسکەیەکی پڕ لە پارە و زێریان لەژێر باخەڵەکانیاندا بوو، بۆ کاتی تەنگانە و هەموو کاتێکیش زۆر پۆشتە بوون و کێشەی نەبوونی خواردنیان هەر نەبوو، تەنیا بۆ ژەمێکیش برسیەتیان نەدیوە. 
لەکاتی پەیدابوونی هەر زانیاریەکی پێش وەخت لە هێرشەکانی حکومەت بۆ سەر ئەو ناوچانەی ئەو ژنانەی لێ بوو، بەهیچ جۆرێک پەکیان نەدەکەوت، هەر زوو روویان لە ووڵاتانی دراوسێی وەکو ئێران و سووریا دەکرد، یان روویان لە شارەکان دەکرد، بە حوکمی پۆزشنی هاوسەرەکانیان و پەیوەندیەکانیان لە شارەکان، ئەو ژنانە ئەرک و برکیان لەسەر کەسوکاریان نەبوو، ئینجا یان لە ماڵی ئەو کەسانە دەمانەوە کە رێکخسنەکانی شاریان بەرێوە دەبرد، یان لەلایەن دەوڵەمەندەکان و دەسترۆیشتوەکانی شارەکانی وەکو سەرۆک جاشەکان یارمەتی دەدران. لەکاتی هێوربوونەوەی بارودۆخەکە دەگەڕانەوە شاخ. 

لە مفاوەزاتی مانگی یازدەی سالی ١٩٨٣ تاتێکچوونی مفاوەزات لە ساڵی ١٩٨٥ ئەو ژنانە لە سلێمانی و شارۆچکەی دوکان و سوورداش بوون، لەناو خانوە سیاحیەکانی سوورداش و دوکان دەژیان خاوەن لانکرۆزەری ئیستیخبارات وشۆفێر و کارەکەربوون، بەدرێژایی ماوەی مفاوەزاتەکە، هەر خەریکی دەعوەت و دەعوەتکاری و سەیران بوون. 
لەدوای تێکچوونی مفاوەزاتی یەکێتی نیشتمانی لە گەڵ حکومەتی سەدام لە کۆتاییەکانی ساڵی١٩٨٥. لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٦ ناکۆکیەکان لەگەڵ حکومەتی بەغداد زۆر چر بووە، زانیاری ئەوە پەیدا بوو، کە سەدام بەتەمای لێدانی هێزی پێشمەرگەیە بە کیمیاوی و خەستکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر سەرکردایەتی. لە ساڵی ١٩٨٧ سەدام چەند ناوچەیەکی بە کیمیاوی بۆردومان کرد یەکێک لەو ناوچانە بەرگەڵوو بوو، کە لە مانگی سێێ ١٩٨٧ بەر ئەو هێرشە کیمیاویە کەوت ئەوکات من لەوێ بووم. 
سەرکردایەتی یەکێتی زانیاری هەبوو، کە حکومەتی سەدام لە ئایندەدا بەتەمای هێرشی سەربازی پیادەیە بۆ ناوچەکانی سەرکردایەتی و ئەنفال بەرێوەیە. یەکەم هەنگاونانی سەرکردایەتی یەکێتی ئەوە بوو، هەوڵی دەربازکردنی ماڵ و منداڵی خۆیان بدەن بەبێ دەنگی. بەو جۆرە ئەو ژنانە هەندیکیان لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٧ و هەندێکی تریان لەسەرەتای ساڵی ١٩٨٨ لە شاری سەقز لە گەرەکی بلوار نیشتەجێ بوو بوون، ئیماکاناتی مادیی زۆر باشیان لە ژێر دەست بوو، دووبارە بوون بە خاوەنی لانکرۆزەری ئیتیلاعات، شۆفێر و کارەکەر، بەو جۆرە پشتیان لێکرد بووە و لە ژێرەوەش موعامەلەی دەرچوون بەرێگای سوریا بەرەو هەندەرانیان بۆ دەکرا.
لە دوای ڕاپەرینی ساڵی ١٩٩١، لە ژێر ناونیشانی ژنانی شاخ، زۆربەی ئەو ژنانە لە هەموو روویەکەوە سودمەند بوون، بوون بە خاوەنی پۆستی باڵا، ئۆتۆموبیلی چاک، کۆشک و باڵاخانە، دوایش خانەنشینی بە پلەی باڵای وەکو بیرکاری وەزیر، مودیر عام، ناوی هەندێکیان لە نێو ئەو لیستانەدایە، کە مێدیا کوردییەکان لەو چەند رۆژەدا بڵاویان کردۆتەوە. هەر بەوەش نەوەستان منداڵەکانیشیان سوودمەند بوون و بوون بە خاوەنی پۆستی باڵای حیزبی و حکومی و ماڵ و موڵک.
-------------------------------------
ناوی هاوسەری ئەو لێپرسراوانەی کە لە شاخ نەمان پێش ئۆپراسیۆنی ئەنفال لە ساڵی ١٩٨٨:

1. هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٧ و سەرەتای ١٩٨٨، لە شاخ نەما و بە رێگای ئێران سووریا بەرەو بریتانیا بەرێکەوت.
2. سەبیحە، هاوسەری جەبار فەرمان، لەگەڵ منداڵەکانی لە ساڵی ١٩٨٧ لە ئیرانەوە بەرەو سوریا ئینجا بەرەو ئەڵمانیا بەرێکرا. 
3. رووناک هاوسەری د. فوئاد مەعسوم و كچەکانی هەر لە بریتانیا بوون، بۆ یەک رۆژیش شاخیان نەدیوە.
4. شنۆ، هاوسەری یوسف زۆزانی لە ساڵی ١٩٨٧ بەرەو ئێران و سوریا ئینجا بەرەو هەندەران بەڕێکرا.
5. بەیان هاوسەری پێشووی د.کەمال خۆشناو، لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٧ لە شاخ نەما بەرەو ئێران، دوای بەرەو سوریا و لەوێوەشەوە بەرەو هەندەران لەگەڵ خزمەتکارێک بۆ هەڵگرتنی منداڵەکانی بەرێکرا. 
6. شوعلەی خێزانی نەوشێروان مستەفا، ١٩٨٧ ئێران ئینجا سووریا لەوێوە بەرەو هەندەران بەرێکرا. 
7. تاڤگە. هاوسەری حەمە تۆفیق رەحیم ١٩٨٧ ئێران، سوریا لەوێوە بەرەو هەندەران بەریکرا.
8. پەخشان هاوسەری ئەرسەلان باییز، سەرەتای ساڵی ١٩٨٧ بەرەو سلێمانی، دوای ئێران سوریا ئینجا بەرەو هەندەران بەرێکرا.
9. کافیە، هاوسەری عومەر فەتاخ (تاڵەبانی ناونیشانی گوڵی شاخی پێبەخشی) لە هاوینی ساڵی١٩٨٦هاتە دەرەوە بۆ بەرگەڵوو، سەرەتای ١٩٨٨ بە کۆپتەرێکی پاسدارن برەو ئێران رۆیشت.
10. رووناک، هاوسەری یەکەمی مەلا بەختیار، لە ساڵی ١٩٨٧ لە شاخ نەما بەرەو ئێران سوریا دوای بەرەو هەندەران بەرێکرا.
11. پاکیزە هاوسەری یەکەمی فەرەیدون عەبدول قادر، ١٩٨٧ بەرەو ئیران، سوریا دوای بەرەو هەندەران بەرێکرا. 
12. هاوسەرەکەی جەنگی زڕبرای تاڵەبانی بەخۆی و ماڵ و منداڵی ١٩٨٦ هاتنە شاخ لە ١٩٨٧ ئێران، سووریا دوای بەرەو هەندەران بەرێکرا.

زۆربەی ئەو ژنانە بە رێگای پیادە سنووریان نەبڕی بوو، بەڵکو بە رێگای ئوتۆمۆبیل هەتا گوندی سونێ، هەندێکیان بە هاوکاریی جاشەکانی ئەو ناوە هەندێکی کەشیان لەلایەن پارتە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان و کۆمەڵەی یەکسانی هاوکاری کرابوون و بەبێ ماندوو بوون خۆیان و جانتا زلەکانیان هەتا سەر سنوور بەرێ کرابوون. ئەو ژنانە هیچ یەکیان لە ئێران و سووریا لە کەمپی پەنابەران نەماونەتەوە، هەر هەمووشیان خەرج و مەخارجیان لەسەر شۆرش بوو هەتا گەیشتنە ووڵاتانی مەبەست، بەو جۆرە ئەو کەمینەیە لە ئەدەبیاتی یەکێتی نیشتمانی چوونە ژێر چەتری ژنانی شاخ!. 
تێبینی: ئەگەر سەرکردایەتی یەکێتی تازە و کۆن، ئەوەندە بێ شەرم بن و ئازابن لە سڕینەوەی مێژووی خەبات و ماندووبوونی خەڵک لە ئەدەبیاتەکانیان، ئەوا لەوان ئازاتریش هەیە بۆ دەرخستنی راستیەکان و لێخۆش نەبوون لەو خەبات و ماندووبوونانە.




چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 1)