• Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  • 28
  • 29
  • 30
  •  
  •  
  •  
  •  

ڕیکلام

وشە: لە ڕۆژی: تا ڕۆژی:


موسا قەناسەکەی کوبانی

Wednesday, 04/02/2015, 12:00

5134 بینراوە


بێدەنگی مانای قوڵی خۆی هەیە، تەنها کەسانێک لەو بێدەنگییە دەگەن، کە خۆیان پڕن لە بێدەنگیی و تێڕامان، لە جیهاندا نەبووە هەموو تفەنگ بە دەستێکێک، جوان بووبێت، تفەنگ بەدەستەوە گرتن هونەرە، هونەریی جوانیی بوونە، هەمووشمان دەشزانین مرۆڤکوژ نابێت بە مرۆڤ، ئەگەر هزر و بیرکردنەوەی پڕنەبێت لە خۆشەویستی. خۆشەویستیش مانای قوڵی هەیە، پێش هەموو شتێک تەژییە لە دروستبوون و جوانکاریی، نەک وێرانکاریی و ناشرینکردنی ئەوەی سروشت خوڵقاندوویەتی. لەکوبانی ئەوانەی تفەنگیان هەڵگرتوە و بەکاریان هێناوە، تەنها ئەو کەسانە بوون، کە لێوانلێو پڕبووبن لەعەشق و توانیویانە لە مانای قوڵیی خۆشەویست بگەن، بۆیە بە بێدەنگی لە سەنگەرەکەیدا بەرامبەر بە دوژمنی گەلەکەیان جەنگاون. تفەنگ هەرچەندە لەو کاتەدا مرۆڤ دەکوژێت، لێ دەتوانێت مانایەک بە ژیانی مرۆڤەکانیش تر بدات، لەو کاتەدا ئەومرۆڤانەشیان لەشار کردۆتە دەرێ، کە منداڵ و بێدەسەڵاتن و ڕەنگە پیربن یان نەخۆشبن و توانای بەرگری کردنیان نییە، بۆ خاتری ئەوەی نەکوژرێن. کوبانی و چیرۆکە ئەفسانەیەکەکانی پڕێتی لەبێدەنگی مرۆڤە شەڕڤانەکان، ئەوان پڕن لە خۆشەویستی گەلەکەیان. شەرڤانەکان بەهێمنی فێریان کردین، کە ئێمە حەقیقەتین، مرۆڤ گەلێکین پێیان ووتین: ئیتر نابێت گەلەکەمان هەر تراژیدیا بچنێتەوە و کۆیلەبوون قبوڵ بکەین. کوبانی فێری کردین خۆمان ڕابێنین و خامۆش و بێدەنگ بین. بەڵام نەترسین و مەڕئاسا و قوربانی نەبین. شەڕڤانەکان لەناو ١٣٠ ڕۆژەی شەڕە سەختەکەی کوبانیدا، کە شارێک هەمووی داڕماوە، کۆڵان و شەقام و دار و دیواری بۆتە کەلاوە، کەچی لەو شارەدا لەچوار لاوە دەور درابوو ئەمڕۆ دوایی ئازادبونی چیرۆکەکان ئیتر خۆیان دەگێڕنەوە و بێدەنگی دەشکێنن. 
موسا کوڕە قەناس بەدەستە ٢٥ ساڵەکەی ڕۆژ هەڵات، کوڕە خوێن گەرمە ڕەشتاڵەکە لەناو کەلاوەکانی شاری کوبانی بێگوێدانە سەرما، باران و بەفر سەنگەری چۆڵ نەکردوە و بەردەوام قارەمانێتیی و نەبەردی تۆمار کرد. موسا زۆر لەخەمی ئەوەدا بووە کە پەێڕەوی یاساکانی جەنگ بکات، خۆی ووتەنی چەتەکانی داعش نە یاسا و نە ڕێسای جەنگیان پەیڕەو نەکردوە، ئەوان لەو ئەهریمەنە دڕندانە دەچن کە چیرۆکەکانی مێژوو بۆمان دەگێڕنەوە. 
شۆڕشگێڕیی ڕاستەقینە تەرکی دونیا ناکات، ئاشقی ژیانە، لە ژیان چێژ وەردەگرێ، شۆڕشگێڕ نابێتە دڕندە، شۆڕشگێڕی ڕاستەقینە لێوانلێوە لە ئاواز و گۆرانی، ژیانی داهاتوو دەیخاتە سەما، موسا لە وێنەکەدا پێناچێ لەڕابروو ڕامێنێت، هەست دەکەیت موسا لە خەمی ئایندەدایە، ئەو سەیری کەلاوەکانی شار دەکات، کەچی بەرچاوی ڕۆشنە و بڕوای بەداهاتووی تازە هەیە بۆ نیشتمان و شاری کوبانی. ئێمەی ڕۆژهەڵاتی فێر نەبووین بایەخ بە مێژوو بدەین، چونکە هەمیشە گومانمان لەمێژوو هەبووە، مێژوو هەمیشە باسی ئەمیرەکانی کردووە، باسی بنەماڵەکانی کردووە کە خەڵکەکەیان بەدڵی خۆیان چەوساندۆتەوە، کەچی ئەمڕۆ مێژوو بەشێوەیەکی تر دەنوسرێتەوە، مێژوو زۆر بێ پێچ و پەنا خۆی دەنووسێتەوە. لەوەتەی چەتەکانی داعش هێرشیان بۆ سەر نیشتمانی ئێمە کردووە، سەدان کورتە فلیممان دی، سەدان کلیپمان دی، سەدان جەناڕاڵی چاویلکە ڕەشمان دی، کە خۆیان بادەدا و نەڕەنەڕیان دەکرد. کەچی کەسیان نەیان توانیووە بچنە ناو لاپەڕەکانی مێژۆوە. بەڵام موسا بەبێدەنگی خۆی و بەخوێنەساردەکەی بێ ئەوەی چاویلکەی ڕەش لە چاو بکات، بێ ئەوەی بە دووربینە سەر داخراوەکەی لە دوور بڕوانێت، بێ ئەوەی کۆمەڵێک خەڵکی ماستاوچی و ترسنۆک دەوری بگرێت، بێ ئەوەی دەنگیشی ببیستین و شێڕە شێڕی بێت و هاوار بکات، یان بچێت لە پاڵ لاشەی داعشێکدا وێنە بگرێت، بۆ خۆی بە بێدەنگی بووە بە مێژووی داهاتوومان و دەبێت لە حوزوریدا بەشانازییەوە سەری ڕێزی بۆ دانەوێنین. موسا بێدەنگ چووە ئەودیوو زەمانەوە و حەقیقەتی ناسی، ئەو ئیتر بوو بە بەشێک لەمێژوو، سبەینێ دەبێت لە یەکێک لە شەقامەکان خۆی و تفەنگە قەناسە ڕوسییەکەی لەچەقی شاردا پەیکەرێکی بۆ دروست بکرێت. ئەو پەیکەرە سەر بە پەیکەرە ساختەکان نەوی دەکات. دەبێت موسا ببێتە سەرمەشقی قوتابخانەی بەرگریی، موسا دەبێت بچێتە ناو هۆنراوەکانمانەوە، لە چیرۆکەکانماندا وجودی هەبێت، موسا دەبێت لەناو ڕۆمانەکانماندا کارەکتەرێکی زیندووبێت، موسا دەبێت لەفلیمەکانماندا ڕۆڵی سەرەکی ببینێت. 
ئەمڕۆ موسا مێژوومانە. نازانم چەندمان فلیمی "ENEMY AT THE GATES" مان بینیوە (لە خوارەوە بیبینە) کە باس لە شەڕی جیهانی دووەهەم دەکات لە شاری ستالین گراد؟ ئەودەم "ڤازیلی" ڕۆڵی دەبینی. ئێستا موسا و کچەکانی کۆبانی، بۆڕی قارەمانەکانی ستالینگرادیان دایەوە، چونکە موسا فێری عەشقێکی زەمینی کردین، بە باوەڕی من ئیتر گەلەکەمان خوازیاری وزەی عەشقێکە لە موساوە، کە پێمان دەڵێت چوار مانگ لەناو شەڕدا موسا بووە لە ناو کەلاوەکاندا شەو و رۆژی بەسەر بردوە و پێی نەنگی بووە وێنەی بگرن، یاخود پێمان بڵێ ئەو کاتانە چۆن ژیاوە، چی خواردوە، یان چۆن لە تەرمی دوژمنەکانی ڕوانیوە؟ ئەوەندەی لە هاوڕێکانی گەیشتم موسا سوکایەتی بە تەرمی دوژمنەکەی نەدەکرد! نەچوو لە پاڵ لاکی داعشەکاندا وێنە بگرێت و پەنجەی سەرکەوتن بەرزبکاتەوە! موڕاڵی موسا کەرەسەی ڕۆمانێکە، کەرەسەی فلیم سازێکە کە سیناریۆیەک بۆ ئەو جوامێرە بنووسێت و تا شارەکە ئاوەدان نەکراوەتەوە، تا کەلاوەکان نەکەوتونە بەر دەمی شۆفڵەکان فلیمێک بۆ موسا بەرهەم بهێنرێت. ئیتر هیچ مەرگێک بۆ موسا نییە، ژیانی چۆنییەتیەکی جیاواز بەخۆیەوە دەگرێت، ژیانی دەبێتە سرود و گۆرانی خۆشەویستی و عەشق. ئیتر موسا دەتوانێ بەدڵی خۆی سەما بکات و هەڵپەڕێت، چونکە ئەو لە نەمری نزیک بۆتەوە. مرۆڤ لە پەرسگایەکدا ئیتر پەرستگای هەر دینێک بێت هەرباوەڕێک بێت دەتوانێت هێمن بێت، چونکە لەپەرستگایەکدا جگە لەهێمنایەتی دەتوانین چیتر بکەین ؟ کەچی لەشارێکی بە کەلاوە بوودا، لەناو ئەو هەموو تۆپ و جبەخانەیەدا، لەناو تەقینەوە و خوێن و دەنگی (اللە اکبر) دا، لەناو ئەو هەموو لاشە چڵکنە ڕیشدارانەدا، زۆر بە هێمنی هەڵسوکەوتی دەکرد، هونەرە کە موسا وەک وانەیەک بە ئێمەی ئێستا و مێژوومان دەڵێتەوە. سڵاو لە موسا بە هیوام ڕۆژێک لەنزیکەوە لە ئامێزت گرم. 



چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)