• Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  • 21
  • 22
  • 23
  • 24
  • 25
  • 26
  • 27
  • 28
  • 29
  • 30
  •  
  •  
  •  
  •  

ڕیکلام

وشە: لە ڕۆژی: تا ڕۆژی:


خانەنشینی لە ناو پەکەکەدا نییە

Wednesday, 14/01/2015, 12:00

2392 بینراوە


جەمیل بایک , هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان.

گەشتەکەمان بە مەبەستی دیدار لەگەڵ جەمیل بایک، سەرۆکی پراکتیکیی پارتی کرێکارانی کوردستان، لە هەولێری پایتەختی هەرێمی ئۆتۆنۆمی کوردستانەوە دەستی پێکرد؛ چەندی سەعات بەرەو باکوور، ڕوو لە چیای قەندیل، ئەو شوێنەی وڵاتی پەکەکە لەوێوە دەست پێدەکات، ڕۆیشتین. لە پاسگەکەدا دەتوانی وێنەی دامەزرێنەری پەکەکە عەبدولڵا ئۆجالان ببینی. ئەو ئێستاکە لە زیندانی تورکیایە. لێرەش جەمیل بایک، بە ناوی رێکخراوەکەیەوە واتە، جومعە، لە سەرکردایەتیی باڵای حیزبەکەدایە. لە پاسگەکەدا مۆبایلەکانمان دەبێ بکوژێنینەوە و ڕادەستیان بکەین.

میوانخانەکەی پەکەکە بە بەرزایی 1500 مەترییەوەیە و لە لایەن شەڕڤانانی ژنەوە بەڕێوە دەبرێت. ئەوان بە گەرمی بە خێرهاتنی میوانان دەکەن و بە دەم ئەو باوانانەی هاتوون منداڵە شەڕڤانەکانیان ببینن، یان سیاسەتوانان و رۆژنامەنووسانەوە دەچن. پاش دوو سەعات، یەکێ لە گەریلاکانی پەکەکە ئێمەی لەگەڵ خۆی برد بۆ گوندێکی دیکە. دەبوا لە ژوورێکدا چاوەڕێ بکەین. جارێکی تر ناوەکانمان بەناو بێتەلەکاندا هاتن و چوون.
سەعاتێک دواتر، خۆی دەرگەکەی کردەوە، جەمیل بایک و چوار پاسەوانی پڕچەک و تەیاری خۆیان بە ژوورێدا کرد.

- دی‌تسایت: کوردەکان بەردەوام لە دۆڕاوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوون، بەڵام پەکەکە بەربەستێکی لە بەردەم ئەمەدا دانا. لەگەڵ دەست پێکردنی بەرخۆدانی کۆبانێ لە بەرامبەر داعشدا، تابلۆی توندئاژۆیی ئەو رێکخراوەش نیمچە گۆڕانێکی بەسەردا هات. ئەم "باشبوونە" لەناکاوە چۆن ڕوویدا؟
-- جەمیل بایک: لێکدانەوەیەکی هەڵە سەبارەت بە ئێمە کرابوو. لەوانەیە ئێمەش هەڵەگەلێکمان کردبێت، بەڵام ئەمە تەنیا ئەستۆی ئێمە ناگرێتەوە. ئەورووپا و ئەمریکا تەنیا لە ڕوانگەی تورکیا و دامەزراوە ئەمنیەکانییەوە ئێمەیان دەدیت. چالاکییەکانی ئێمە لە کۆبانێ ئەو دەرفەتەی خوڵقاند بۆ ئەوەی چاوەکان زیاتر بکرێنەوە و ئێمە بەو جۆرە ببینن کە هەین. لەمەودواش دەبینن کە ئەو زانیاری و هەواڵانەی لەلایەن تورکیا و ئەوانی دیکەوە سەبارەت بە ئێمە دراوبوو، هیچ پەیوەندییەکی بە ڕاستییەوە نەبوو.

- ئەو هەڵانەی ئێوە کامانە بوون؟
-- بەر لە هەموو شتێک، لە سەرەتای ساڵانی ٩٠ەکانی زایینییەوە تا ناوەڕاستەکانی، کردەوەگەلێکی وا ئەنجا درا کە لە دەرەوەی بازنەی ئامانجەکانی ئێمە بوو، کردەوەگەلێک کە ئەورووپا بەگشتی سنووری بۆ داناون."

لە ئەڵمانیا دەتوانین باسی خۆسووتاندن و داخستنی شاڕێیەکان بکەین.
ئەوکات شەڕێکی بێ ئامان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا لەگۆڕێدا بوو. تورکیا بە تەواوی هێزیەوە هێرشی دەکردە سەر کورد و تەنانەت دەستووری خۆیشی پێشێل دەکرد. ئەڵمانیا [ی یەکگرتوو] چەکەکانی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵاتی دەدایە تورکیا و ئەویش دژی کوردان بەکاری دەهێنان.

زۆر کەس ڕاست بەم هۆیانەوە لە پەکەکە دەترسن. ئێستاش کێشمەکێشی زۆر لەسەر ئەم مەسەلانە هەیە، لەسەر ئەوەی داخوا دەبێ قەدەغەی سەر پەکەکە لاببرێت یان نا. گەلۆ ئەو باسانە دەشۆپێنی؟
ئێمە دڵخۆشین بەمە. قەدەغە کردنی ئێمە پەڵەیەکە کە دەبێ پاک بکرێتەوە. نە ئەڵمانیا و نەخەڵکەکەی، نە هیچ وڵاتێکی دیکەی ئەورووپا سوود لەم بابەتە نابینن. بێگومان ئەمە تاقیب دەکەین و دەزانین کە لەناو هەندێ کۆڕ و کۆمەڵدا گفتوگۆ لەسەر لابردنی قەدەغەی سەر ئێمە دەکرێت. ئێمە ئەوانەمان بانگهێشت کرد بۆ ئێرە، دەتوانین یەکتر ببینین، یەکتر بناسین و هەموو ڕابردوو بخەینە ژێر لێکدانەوەوە. دەتوانین بە ڕاشکاوی لەسەر هەڵەکان قسە بکەین. ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ ڕەخنە و خۆ ڕەخنەکردندا نییە. سەرەڕای ئەمەش خەریکی چاوگێڕانین بەدوای ڕێکارە حقووقییەکانی دەرهاویشتنی پەکەکە لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکاندا.

ئایا دەتوانی نموونەیەکمان لە کارەکانی ڕابردووی خۆتان بۆ باس بکەی؟
بۆ نموونە هەڵسوکەوتی ئێمە لە بەرامبەر پارێزەرانی گوند[جەردەوانەکان]دا.

هەموو ئەو کوردانەی کە شەڕیان بۆ تورکیا دەکرد، مووچەیان وەردەگرت و لە شەڕ بە دژی پەکەکەدا یارمەتیی تورکیایان دەدا؟
ڕۆژانێک لە حیزبدا بڕیارمان دا ناوی هەموو ئەوانە بۆ ڕای گشتی ئاشكرا بکەین، بەڵام ئێستا لەگەڵ زۆربەی ئەوانەی کە پێشتر وەک دوژمنی ئێمە دامەزرێنرابوون لە پەیوەندیداین. ئەوان پشتیوانیشمان لێدەکەن. ئێمە لەو هەڵانەمان دەرسمان وەرگرتووە.

سەبارەت بە کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وا بیر دەکرێتەوە کە ئەو ناوچانەی دەستیان دەخەن، بۆ گەیشتن بە خەونی [کوردستانی] سەربەخۆ بەکاریان دەهێنن. وەک چۆن لە شەڕی ناوخۆی سووریادا، سەرەڕای تەواوی ئەو کێشانەش کە هەیە، ناوچەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا ڕاگەیەنراوە، هەروەها کۆبانێش. ئێوە لەو بارەوە دەڵێن چی؟
بێگومان ئەمە لە ئەنجامی دەرفەتێکدایە کە مرۆڤ کەڵکی لێ وەرگرتووە. بەڵام بزووتنەوەیەک تەنیا لەسەر بنەمای هەل و دەرفەتەکاندا گەشە ناکات. نابێ وا چاو لە پەکەکە بکرێت. ڕێوشوێنە سەرەکییەکانی ئێمە ئەمانەن: گەشەپێدانی باوەڕ بەخۆ بوون، شەڕکردن بۆ هەموو ئامانجەکان و بوون بە هێزێک کە بتوانێت بەدوای چارەسەریدا بگەڕێت. ئەمە دەکرێ لە کۆبانێدا ببینرێت. نەک هەر ئەمریکا، بەڵکوو هەموو کەس لە بەرامبەر هێرشی داعشدا بۆ کۆبانێ بێدەنگ بوو. هەموویان وایان بیر دەکردەوە کە کۆبانێ دەکەوێت و دەستیان کرد بەوەی سیاسەتەکانیان بەو پێیە دابڕێژن. بەڵام کاتێک دیتیان کۆبانێ ناکەوێت، دیتیان کە خەڵکی کۆبانێ لەگەڵ خەڵکی سورووچ لەوبەری سنوور و لەناو تورکیا یەکیان گرتووە، ئەمە تەنیا ئەمریکا بوو کە بە هۆش خۆی هاتەوە و چالاک بوو. دوایە هەموو ویستیان ببن بە بەشێک لەم بەرخۆدانە، چوونکە خۆبواردن لە پەیوەست بوون بەم بەرخۆدانەوە وەک ئەوە چاوی لێدەکرا کە لە ڕێزی داعشدان. ئەمەش ئەوە نەبوو کە ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا بتوانن قبووڵی بکەن.

داخۆ پەکەکە هێزی لە کۆبانێ هەیە؟
بێگومان. ئەمە ئەرکی ئێمەیە، ئێمە هێزی پاراستنمان تەنیا بۆ کۆبانێ نەناردووە، بەڵکوو بۆ باشووری کوردستان، شنگال، مەخموور، کەرکووک و جەلەولاش هێزمان بەڕێ کردووە. گەریلاکانی ئێمە پەرستگەی پیرۆزی ئێزدییەکانیان لە شنگال لە بەرامبەر هێرشی داعشدا پاراست. کاتێک داعش لە پێشڕەویدا بوو، ئێمە گەریلاکانمان لە دهۆکەوە بەرەو چیای باکووری [شنگال] نارد. دەبوو پارێزگاری لەو ناوچەیە بکرێت، بۆیەش هێزەکانی ئێمە خۆیان گەیاندە ئەو شوێنانە.

باسی دوا بارودۆخی کۆبانێمان بۆ بکەن. چیتان لە شەڕکەرەکانتان بیستووە؟
کۆبانێ بارودۆخی هەرە خراپی خۆی تێپەڕاندووە. تەنیا هەندی بەشی کەمی لەدەست داعشدا ماوە. هەموو ڕۆژێ ناوچەی زیاتری وڵاتەکەمان سەرلەنوێ دەست دەخەینەوە. یەکەیەکی سەربازیمان ئێستا لە شار دەرکەوتوون بۆ هێڵی پێوەندیی لۆجیستیکیی داعش لەناو ببەن. تورکیا و هێندێک هێزی دیکە لەوانەیە بیانەوێت پرسی کۆبانێ زیاتر بخایەنێت، بەڵام ئێمە دەمانەوێت هەتا بکرێت زووتر کۆتایی پێ بێت.

تورکیا بۆچی خوازیاری شتێکی وایە؟
بایک: تورکیا واتە داعش، پارتی داد و گەشەپێدان واتە داعش. ئاکەپە داعشی بەهێز کرد و ئەمەش کارەساتی مرۆیی لێکەوتەوە. لەوانەیە هێزگەلی دیکەش یارمەتیی داعشیان دابێ، بەڵام یارمەتیی سەرەکی پارتی داد و گەشەپێدان داویەتی.

بەردەوام بانگەشەگەلێک دەکرێن، بێ ئەوەی بکرێت هیچکامیان بسەلمێنرێن
هۆکارگەلێک هەن بۆ ئەوەی بۆچی ئاکەپە یارمەتیی داعش دەدات. یەکەم ئەوەی کە ئەوان لە ڕووی ئایدۆلۆژییەوە لێک نزیکن. دووهەم ئەوەی کە هەردووکیان دەیانەوێت ڕووبەڕووی کوردان ببنەوە. بەم پێیە کوردەکان تەنیا هێزێکن بتوانن دژی داعش شەڕ بکەن، لەناو کوردەکانیشدا بەهێزترین و کاریگەرترین هێز کە بتوانێت شان بداتە بەر ئەم ئەرکە پەکەکەیە. تا ئێستا ئەم مەسەلەیە بە شێوەیەکی ڕوون بینراوە. تورکیا نایهەوێت پرسی کورد چارەسەر بکات. ئەوان قبووڵی ئەوە ناکەن کە کێشەیەک لە گۆڕێدا بێت. ئەوان دان بەوەدا نانێن کە گەلی کورد خاوەن مافە سروشتییەکانی بێت. تورکیا ساڵانێکە ئەمە دەڵێت: 'پەکەکە ڕێکخراوێکی تیرۆریستییە و دەست بۆ تیرۆر و تۆقاندن دەبات و ئێمە تورکیا لە بەرامبەر تیرۆردا دەپارێزین'. بەڵام ئەم بۆچوونانە ئیتر کاتیان بەسەر چووە. ئەمە [ئیتر] ڕاستییەکە. ئەوان خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا قبووڵ ناکەن، چوونکا نایانەوێت پرسی کورد چارەسەر بێت.

بەڵام بۆچی؟ حکوومەتی ئەردۆغان یەکەم حکوومەت بوو کە بە شێوەیەکی جیدی هەوڵی دانوستانی لەگەڵ ئێوە دا.
کوردەکانی باکووری عێراق خاوەن خودموختارین. ئەگەر کوردەکانی ڕۆژئاواش سەرکەوتوو بن لە دامەزراندنی خودموختارییەکی سەقامگیردا، تورکیا ناچار دەبێت دان بە ستاتۆیەکی وادا بنێت بۆ کوردەکان. بەڵام ئاکەپە ئەمەی ناوێت. کەوابوو دەبێ ڕۆژئاوا لەناو ببات. تورکیا پێش لەوە دەگرێت کوردەکان لە داڕشتنەوەی سووریای نوێدا ڕۆڵیان هەبێت. ئەوان دەیانەوێت ببنە دەسەڵات و هەژمۆنییەکیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبێت و بەرەی سوننەکان لەو ناوچەیە بەهێز بکەن، شتێکی وەک داعش. ئەدی بۆچی هاوکاریی ئاوەڵبەندیی دژی داعشی نەکرد؟ ئەگەر تورکیا بهاتبایەتە ناو ئەم هاوپەیمانەتییەوە ئەوا داعش پەیوەندییەکانی خۆی [و تورکیای] ئاشکرا دەکرد. ئەم هاوکارییانە زۆر لەوە زیاترن کە تۆ بتوانی بیریشیان لێ بکەیتەوە. خەلیفەی ڕاستەقینە بەغدادی نییە، بەڵکوو ئەردۆغانە.

ئەمانە کۆمەڵێ تۆمەتی گەورەن.
بایک: لەناو داعش و سوپای ئازادی سووریادا، کارناس و پسپۆڕی [سەربازی]ی تورکیا هەن. ئەمانە هێزگەلێکی نافەرمین کە لە هیچ شوێنێکدا تۆمار نەکراون. ئەمانە دژی ئێمە دەجەنگن. تورکیا چیدیکە ناتوانێت بەهێزە فەرمییەکانییەوە شەڕی ئێمە بکات، بەڵام بەم جۆرە هێزانەی دەیکات.

بەڵام لەکوێ ئەمانە دەزانیت؟
ئەگەر نەمزانیبا نەمدەگوت.

ئەمانە کۆمەڵێ تۆمەتی یەکجار گەورەن. بۆ سەلماندنی ئەمانە بەڵگەمان پێبدە.
بێگومان کۆمەڵێ تۆمەتی قورس و سەنگینن. بەڵام ئێمە راستییەکە دەڵێین. پێویستمان بە پڕوپاگەندە نییە. ئاکەپە بەنیاز نییە لەگەڵمان پێک بێت. بیرۆکەی چارەسەرییەکی وای هەر نییە.

کەوابوو تۆ باسی وڵاتێک دەکەیت و لەگەڵ ئەوەشدا باسی پڕۆسەی ئاشتی دەکەیت.
ئەم پڕۆسەیەک یەکلایەنەیە. ئێمە پەژیوان نین لەوەی چووینە ناو ئەم پڕۆسەیەوە. ڕێبەر ئۆجالان ڕێکارێکی بۆ پێشخستنی دانووستان ئامادە کردووە؛ نەخشەڕێیەک. ئێمە لێکدانەوەی خۆمان لەسەر ئەمە داوە بە حکوومەت. ئەگەر حکوومەتی تورکیا ئەم پێشنیارە قبووڵ نەکات، ئێمە ئەوە وەک خۆ ئامادەکردن بۆ شەڕ لێکی دەدەینەوە. قبووڵیشی ناکەین.

وەک خۆئامادەکردن بۆ شەڕ بە دژی کوردەکان؟ بە ڕاستیتە؟
بەڵێ. بەڵام ئەوان ئێستا لە دژی ئێمە شەڕ دەست پێناکەن، چوونکە لە داهاتوویەکی نزیکدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی دێتە گۆڕێ. حکوومەتی ئاکەپە دەیهەوێت سەرەتا لە هەڵبژاردندا سەربکەوێت و زۆرینەی دەنگەکان دەست بخات. بەم سەرکەوتنە سیستەمی سەرکۆماریی بۆ خۆی تۆکمەتر بکات، جا دوایە شەڕەکە هەڵگیرسێنێتەوە. بەم هۆیەوە دەمانەوێت هەموو شتێک بەر لە هەڵبژاردن ڕوون ببێتەوە. داخوا لەگەڵ ئێمە دانووستان دەکرێت یان نا. ئێمە بۆ چارەسەریی پرسی کورد لەگەڵ تورکیا هەندێ کارمان کردووە. کۆمەڵێ هەنگاومان ناوە کە پێشتر هیچ بزووتنەوەیەکی تر لە جیهاندا بەو جۆرەی نەکردووە: لە ساڵی 1993وە تا ئێستا ٩ جار ئاگربەستی یەکلایەنەمان ڕاگەیاندووە. دیلەکانی شەڕمان یەکلایەنە ئازاد کردووە. شەڕڤانانمان لە مانگی مارسی ٢٠١٣وە بۆ دەرەوەی سنوورەکانی تورکیا ڕاگواستووە و لە باشووری کوردستان نیشتەجێمان کردوون. ئێمە کۆتاییمان بە شەڕ هێنا. لە ڕاستیدا ئەم شتانە لەلایەن هەردوولایەنی کێشەکەوە و بە بەشداریی لایەنی سێهەم سەر دەکەون، لایەنەکێک کە ئەم بابەتانە ڕاستەوپاستە دەکات.

دەبوو بۆ دانووستانی ئاشتیی نێوان پەکەکە و تورکیا نێوبژیوانێک هەبا؟
ئێمە پێشتر ئەمەمان بە ڕای گشتی ڕاگەیاندووە. بەبێ لایەنی سێیەم هیچ کێشەیەک لەم جیهانە چارەسەر ناکرێت. تورکیا لە هەموو کەس زیاتر باوەڕی بە ئەمریکا هەیە. ئەمریکا دەتوانێت ئەم لایەنی سێیەمە بێ.

کەوابوو [لە حاڵێکی وادا] تۆ کێشەت لەگەڵ سیستەمی سەرمایەداریی ئەمریکا نەدەبوو؟ گەلۆ ئەمە دوور لە بنەماکانی مارکسیست ـ لینینیستیی تۆدا نییە؟
ئەمریکا دەیتوانی دەرفەتێک بێت. ئێمە دەمانەوێت کێشەی خۆمان لەگەڵ تورکیا چارەسەر بکەین. ئەمریکاییەکان ئێستا لە مەسەلەی کۆبانێدا هاوپەیمانی ئێمەن. ئەوانیش وەک ئێمە لەگەڵ داعش شەڕ دەکەن.

گەلۆ ئێوە هیچ پەیوەندییەکتان لەگەڵ ئەمریکا هەیە؟ ئایا ئەمریکا نوێنەرانی خۆی ناردۆتە لای ئێوە؟
ئەمریکا ناتوانێ بەبێ کوردەکان هیچ سیاسەتێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێبەجێ بکات.

گەلۆ ئەمریکا لەوە تێگەیشتووە کە بەبێ کوردەکان [کارەکان] ناڕواتە پێشەوە؟
کوردەکان ئەمڕۆ دینامیکترین هێزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن. ئەوان لە شەڕدا پێداگرترینن و لەهەموو کەسی دیکە باشتر خۆیان ڕێك خستووە. ئەگەر ئەمریکا بیهەوێت لە ناوچەکە سیاسەت بکات، ناتوانێت چاوپۆشی لەمە بکات. ئەمریکا هاوپەیمانەتییەکی دژی داعش دروست کرد، ئەم هاوپەیمانەتییە تەنیا بە یارمەتیی کوردەکان سەردەکەوێت. گەلۆ ئەم هاوپەیمانەتییە بەبێ پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و کوردەکان ئەنجام دەگرێت؟ ئەمریکا چۆن دەتوانێت بەبێ پەکەکە کۆتایی بە پشتیوانیی تورکیا لە داعش بهێنێت؟ ئەمە مومکین نییە. ئەمریکا چۆن دەیهەوێت بەبێ پەکەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئامانجەکانی بگات؟ بەبێ کوردەکان؟ نابێت. ئەورووپا بەبێ ئێمە چۆن دەتوانێت کۆتایی بە وابەستەیی خۆی بە گازی رووسیا بهێنێت؟ ڕێگەی نەوت و گازی بەرەو دەریای ناوەڕاست بە "رۆژئاڤا"دا تێدەپەڕێت. ئەگەر بێتوو بتوانرێت ئاسایشی ئەم رێگەیە بپارێزرێت، ئەوا ئەرووپاش دەتوانێت هەناسەیەکی بە بەردا بێتەوە.

گەلۆ ئێوە دەتانهەوێت لە بەرهەمهێنان و دابینکردنی وزەدا یارمەتیی ئەورووپا بدەن؟
بەڵێ، ئەورووپا لە چاخی ڕۆشنگەریدا رێنێسانسی خۆی بەدیهێنا. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش رێنێسانسەکەی خۆی لە ڕێگەی گەلی کوردەوە مسۆگەر دەکات.

گەلۆ پێتوایە حکوومەتی تورکیا بەشێک لە داواکارییەکانی ئێوە قبووڵ بکات؟
هەڵبەت ئەگەر ئەم شەڕە چوارسەد ساڵی تریش بخایەنێت، ئەوا ئێمە درێژەی پێدەدەین. کەس ناتوانێت پێش بە بەرخۆدانی ئێمە بگرێت، کەس ناتوانێت لە چیاکان بمانهێنێتە خوارەوە.

گەلۆ، گەنجان ئەم دوژمنکارییەی تورکیا دەبینن؟
جیلی نوێ، یەکجار تووڕەن.

تووڕەتر لە ئێوەش؟ لە شەڕوانە پیرەکانیش؟
ئەوان لە ئێمە سەرهەڵدێرترن. سەردەمی ئێمە شتەکان جۆرێکی تر بوو. ئێمە لە زانکۆکانی تورکیا خوێندوومانە و لەوێ لەگەڵ فکرەی چەپ ئاشنا بووین. ئێمە لە ناو بزووتنەوەی چەپدا فێری کوردایەتی بووین. جیلی نوێی ئێمە ئێستاش سەرکوت دەکرێت. گوندەکانیان سووتێنران و خۆیان دەربەدەر کران. کاتێ کە دەرگەکانی بەردەمیان بە ڕوویاندا داخران، ڕوویان لە کوێ بکردای؟ دیارە ئەمە سیاسەتی دەوڵەت بوو. ئەوەی دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ کوردەکان کردوویەتی، سەدام حسێن تەنیا جارێک لە دژی کوردان نەیکردووە. ئەو گەرچی گوندەکانی خاپوور کرد، بەڵام لانیکەم شوێنێکی دیکەی بۆ نیشتەجێبوونی ئەوان دیاری کرد بۆ ئەوەی بتوانن بمێننەوە. جیلی من دوایین چانسە بۆ ئاشتی. ئەمە بۆ ئێمە زۆر لەوە ئەستەمتر دەبێت کە گەنجان بتوانن کۆنترۆڵی بکەن.

گەلۆ هیچ هیوای ئەوەت هەیە کە ئاشتی لە نێوان توریکا و پەکەکەدا بێتە ئاراوە؟
هیوا، بە گشتی بابەتێکی دیکەیە. کاتێ کە دەستمان پێکرد، نە شارەزاییمان هەبوو و نە شتێکی ئەوتۆمان دەزانی و نە ئەزموونیشمان هەبوو. هیچ دەرفەتێک لە بەردەمماندا نەبوو. هەژمارمان لە پەنجەکانی دەست تێنەپەڕی و کەسیش هیوای نەبوو. ئێمە بزووتنەوەیەکین لە هیوا، ژیانێکی خستەوە کە لەگەڵ خۆیدا توانای بەرخۆدانی هێنا. بەڵام ناوچەکەمان ئێستاکە ئیتر بە تەواوەتی بەجۆرێکی دیکە دێتە بەرچاو، هیچ ئاماژەیەک نابینین بۆ ئەوەی بێهیوا بین.

گەلۆ بیری تورکیاتان نەکردووە؟ هەرچی بێت لەوێ لەدایک بوون و لەوێ گەورە بوون؟
ئێستاکە شتێکی ئەوتۆ لەوێ نابینرێت بۆ ئەوەی مرۆڤ بیری بکات. بەڵام ئەگەر لە کۆتاییدا ئاشتی بێتە ئاراوە، دەگەڕێمەوە. تورکیا جوانە. ئەو کاتە لێرە چیم دەکرد.

گەلۆ لە سیاسەتدا بەردەوام دەبوون؟
چ کارێکی ترم بکردایە؟ خانەنشینی لە ناو پەکەکەدا نییە.

ڕۆژنامەی "دی تسایت"ی ئەڵمانی .


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)