• Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  • 28
  • 29
  • 30
  •  
  •  
  •  
  •  

ڕیکلام

وشە: لە ڕۆژی: تا ڕۆژی:


ئینگە و لەنگەی شۆڕشەکانی کورد و پلانگێڕیەکان لە سەدەی نۆزدە- بیستی نەتەوە دەوڵەت و شارستانیەتدا تا بە ئەمڕۆ (بەشی نۆیەم)

Saturday, 31/01/2015, 12:00

2238 بینراوە


هەڵگەڕانەوەی چارەنووسی کورد لە پلەی ژێرەەوە بۆ پلەی سەرەوە
" بیرۆکەی سەدام:" کەمەربەن' حیزامی عەرەبی' و ئەنجامەکەی! "
- ڕژیمی سەدام شەڕی هەشت ساڵە و کوشت و کوشتارەی کورد و وێرانکاری تینوویی نەشکاند؛ لە خۆ بایی ببوو..! سەدام بە بانگهێشتن کردنی، (مەلیک حسینی پاشای ئوردون، حوسنی موبارەکی سەرۆککۆماری میسر، و عەلی عبدللە سالح سەرۆککۆماری یەمەن) و بۆ خۆی لە بەغدا ویستی '' حیزامی عەرەبی'' دروست بکات و پیشانی جیهانی بدا کە سەرکردەیەکی ئومەی عەرەبییە و دەیەوێ حوکمی زیاتری وڵاتانی عەرەبی بکەوێتە چوارچێوەی بیرۆکەی قاعیدی گشتی و ڕاماڵێنی هەموو ئەوانەی دەبوونە کۆسپ لە ڕێگایان.!!!
- خوا کردی، پلانەکانی بۆ نەچوونە سەر و هەر ئەو لە خۆ باییەی وای کرد هەر دوای ئەو کۆبوونەوە و بیرۆکەیە، پەلاماری کووەیتی بچووکە وڵاتی بندەستی خۆی بدا و لە چاو تروکانێکدا لە ساڵی ١٩٩٠ز. داگیری کرد و چەسپاندی بە عێراقەوە و ناوی نا پارێزگای نۆزدە.!
- ئەوە بوو پاش ماوەیەکی کورت ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەر داوای دەوڵەتی ئەو کاتی ئامریکا و مەترسییەک کە هەستیان پێدەکرد، لە دەورانی جۆرج بوشی گەورە، ئەو پەلامار و داگیر کارییەی سەدام مەحکوم کرا و هەر دوای ئەوە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوا و دواتر زۆربەی ولاتانی جیهان و بە تایبەت وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوین هاودەنگ بوون دژ بە سەدام و دەستدرێژییەکانی و مەحکومیان کرد... دوای چەندین بڕیار و قەتعنامە و سزای ئابووری و سەربازی، لە بەرامبەر بەرهەڵستکاری و ملهوری و سەرپێچییەکانی سەدام ڕیگا درا بە ئامریکا و هاوپەیمانانی کە هێرش بکەنە سەر سوپای ڕژیمی بەعس لە کوویت و وەدەریان بنێن.. ئەوە بوو کە هەر زۆر زوو '' زەرب ولعەجەل'' بە سەدام و ڕژیم و سوپاکەی درا کە بکشینەوە و کوویت چۆڵ بکەن. بەڵام سەدام سەرپێچی کرد و بە گاڵتەی لێهات!!. هێرش بە توندی دەستی پێکرد و لە ماوەیەکی کورت، بە هێرشی ئاسمانی و دواتر زەمینی، ماشینی شەڕەنگێزی و دڕندەیی سەدام و سوپاکەی تێکڕۆخا و ئامریکا و هاوپەیمانان بەو دەردەیان برد کە تا مێژووی مرۆڤایەتی بمێنێت باسی لێوە دەکات.
ڕاپەڕینە گەورە و گشتگیرەکەی عێراق لە ساڵی ١٩٩١ز
- سەدام و ڕژیمەکەی لە دوای ئەو شکستە گەورەیی کە بە شکان و دەرکردنی لە کوویت لە لایەن ئامریکا و هاوپەتمانان توشیان هات، خرانەوە ناو پێستی خۆیانەوە و لوتیان شکا. گەلی تینوویی ئازادی کوردی باشووری کوردستان- عێراق و شیعەی خواروو، هەلیان بۆ هەڵکەوت و لەو بۆشایی و تێکڕووخانەی سوپای بەعس، هەلی زێڕینیان بۆ هەڵکەوت و هاتنەوە ناو گۆڕەپانی خەباتی شارەوە و بە یەکدەنگ پەلاماری پاشماوەی دام و دەزگاکانی ڕژیمی بەعسیان دا کە دەیانساڵ بوو بەو پەڕی بێشەرمی و دڕندوییەوە مێژوویی پڕ قێزونی خۆیان تۆمار ئەکرد و خەڵکیان ئەچەوساندەوە، و دەم و گوێ و قاچ و باڵی وڵات و زۆربەی دانیشتوانیان ئەبڕی ئەبەستەوە!!..
- هەرچەند هاوپەیمانان و سیاسەتی ڕۆژئاوا نەیویست ئەو کات سەدام لە ناو بچێت، بەڵام بۆشاییەکی گەورە دروست بوو بۆ دەنگی ئازادیخوازان و ئەوە بوو کورد لەو بەشە پاش نەهامەتییەکی زۆر، بە خۆشیەوە بوونە خاوەنی خۆیان و بوونە سەنگ و پارسەنگێک، کە حکومەتی بەغدا ناچار بوو حیسابیان بۆ بکات.. کوردستان هەر هەمووی بە کەرکوکیشەوە لە نەورۆزی ساڵی ١٩٩١ز. سەرپاک ئازاد کرا..
- دواتر سەدام کە هندێک هاتەوە سەرخۆ بە لەشکرە شکاوەکەیەوە دیسان پەلاماری کوردستانی دایەوە.. بە شەڕی تانک و تۆپ و تەیارە و شەڕی ڕەوانی گوایە دیسان کیمیاوی دەڕژێنێتەوە!!. گەلی کورد لەو بەشەدا زۆربەی لە ترسا کوردستانیان بەرەو سنوورەکانی ئێران و تورکیە جێهێشتەوە و کۆڕەوە ملیونیەکەی ٩١ز. لێکەوتەوە کە بە داخەوە لەو کۆڕەوە ملیونییەدا کورد ئەوجا هەستی کرد کە بێ پشت و پەنایە و تەنیا شاخەکانن دۆست و پارێزەری کوردن!!.
- بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە سەدام پەلاماری دایەوە، و تا سنوورەکان کورد دیسان ڕەویان کرد و ماڵ و حاڵ و سامانی گیانی و ماڵییان لە دەست دا.!! لەو ڕووداوە تاڵەدا بە هەزاران ژن و مناڵ و پیر و پەککەوتە جێمان و بوونە ژێر پێلەقەی دوژمنای دڵ بە قین و فەوتان و بێحورمەتی پیکران!! بە سەدان هەزاران لە ڕێگا و شاخ و چۆمەکان کوژران، خنکان و لە برسان و لە سەرمانا مردن و لە ناو چوون!!!
- ئەو کارەساتە و باسکردنی بە چەندین کتێبیش تەواو نابن.. بەم باسە کورتە و بەم ئاسانییە چۆنین دەتوانم من باسیان بکەم!؟.. هەر ئەوانەی کە لەو ڕووداوانەو لەو ئازارو ژانانە تێدەگەن کە لە جەرگەی ڕووداوەکاندا بوون و بە سەریان هاتووە و بینەری بوون..!!
- بە هەرحاڵ دوای ماوەیەک لە ڕێگای خێرخوازان و ڕۆژنامەوانانی ئازادی خوازی جیهانیەوە و مرۆڤدۆستانی ناو دەسەڵاتە گەورەکانی جیهانەوە ئەو کۆڕەو و رووداوە تاڵانەیان ڕۆژانە دەگواستەوە بۆ ناو کۆڕ و کۆبونەوەکانی خۆیان و ناو دام دەزگا دەوڵەتی و ڕێکخراوە مرۆییەکانەوە تا وای لێهات پشتیوانەیەکی گەورە بۆ کورد لەو بەشە هاتە ئاراوەو و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە هاوکاری دۆستانی گەلی کورد بڕیارنامەی دژە فڕین و دەسەڵاتی سەدامیان سنووردار کرد و کورد کەوتە ژێر چەتری ڕێکخراوە مرۆڤدۆستە جیهانیەکان و پاشان حەوایەوە..
- با بۆ مێژوو ئەوەش باسبکەین؛ دوو بڕیارنامەی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان لە دژی پەلامارەکانی سوپای سەدام بۆ سەر شیعە لە خوارووی عێراقو و کورد لە باشووری کوردستان، بە ناوی هێڵی '' ٣٢ و ٣٦ '' دانران. هێڵی ٣٦ کە بۆ پاراستنی کوردەکان لە دەرەوەی سلێمان و هەولێرەوە دانران و زیاتر ناوچە شاخاویەکانی کوردستانی دەگرتەوە، کە ئەوەش بۆ خۆی جێی مش و مڕ و پرسیاری زۆرن لە ڕوانگەی سیاسیەوە، بەڵام دەستی سەدام و سوپاکەی لەو ناوچە دژە فڕینانە بڕی و سیاسەتی کوردی لە ژێر ئەو سێبەرەدا هنێک گەشەی بە خۆیەوە دی و کورد ڕێکارێکیتری بۆ هەڵکەوتەوە...
- لەو لاشەوە ئەو شۆڕشەی شیعەی خوارووی عێراق کە ماوەک بوو دژی سەدام بە هاوکاری ئێران دەستی پێکردبوو و دواتر و دوای شەڕی کوویت ئەوانیش خەباتی جەماوەرییان وەڕی خست و پەلاماری دام و دەزگاکانی ڕژیمی بەعسیان دا و لە ناوچە و شارە شیعەنشینەکانی جنوبی عێراق وەدەریان نان، ویستیان ئەوانیش ببنە خاوەن دەسەڵات و خۆ بەڕێوەبەری لەو بەشە گەورەی عێراق کە زۆربەی شیعەن، دامەزرینن... بەڵام سەدام هەر زۆر زوو کەوتە گیانیان و پەلاماری هەمەلایەنەی کردە سەریان، بە هۆی ئەوەی کە ناوچەکانی خوارووی عیراق دەشت و سەحرای بێ بڕانەوەن و کاری سەربازی ئاسانترە، کۆمەلکۆژی ئەنجام دا و توانی زوو کۆنترۆڵی ئەو ناوچانە بکاتەوە و شۆڕشی شیعە کە بۆ خۆشیان تاوانبار بوون و ئێران دەست و پشتی سەرەکی بوو، بڕۆخێ و بکەونەوە ژێر دەستی ڕژیمی بەعس و بە ئارەزووی خۆی بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە ئەوەی پێی کرا بە شیعەی عێراق کرد!.
دەسەڵاتی کورد، پاڕلمان و حکومەتی ئیقلیمی و ڕژیمی سەدام،..
- کات ڕۆیشت و گۆڕانکاریەکان بە جۆرێکیتر بۆ هێور کردنەوە بایان دایەوە، دوای ئەوەی هیچکام نەیانتوانی لایەنی بەرامبەر لە ناو بەرن، و سیاسەتی ڕۆژئاواش هێشتا نەیدەویست سەدام بە تەواوی بڕووخێنێ، لایەنی کوردی و سەدامی کەوتنە پێوەندی و وت و وێژ کردن بۆ ڕێککەوتن لە گەڵ یەک..
- وەفدی کوردی دوای ئەوەی هاوپەیمانیەکیان پێکهێنا بوو، لە ڕێگای ناوبژیوانەوە و بە زەمانەت سەرانی پارتە کوردیەکانی باشوور چوونەوە بەغدا، ماچ و مۆچی سەدامیان کرد و ملکەچ بوونەوە بە دانی مافێک کە سەدام دەیویست بیناداتێ...!!! بە هەر حاڵ ئەوەش چیرۆکی خۆی هەیە و چەندە سەرانی کورد ڕیسوا یان سەرکەوتوو بوون، وە یا خۆ چەندە سیاسەتی دەرەکی هاندەر و پشتیوان یا خۆ پێچەوانە بووە... مێژوو باسیان ئەکات.. من ناچمە سەر وردەکارییەکانی.
- لەماوەی ١٠ ساڵی نێوان ١٩٩٢-٢٠٠٣ ز. کورد لە هات و چۆی بەغدا لە گەڵ سەدام، و وت و وێژ و نیمچە خۆ بەڕێوەبەری، لە کوردستان، چەندین کێشە و شەڕی گەورە سەریان هەڵدا و هەرکام بە جۆریک ئەسپی خۆیان تیا تاودا. کورد لەو مابەینەدا توانی تا ڕادەیەک دەسەڵاتی نیمچە خۆجەیی دامەزرینێت، هەڵبژاردن بکات و پارڵمان دامەزرێنێ و وەزیر و کابینەی وەزەرا و حکومەتی ئیقلیمی دروست بکات. ئەوە بوو لەو ماوەدا زۆر کاری گرنگ و بە نرخیان ئەنجام دا و کورد گەلێک بووژایەوە.
- بەڵام ئەوەشمان لەبیر نەچێت پارتەکان لە ململانێی سیاسی کە دواتر لە پوختەیەکدا باسیان لیوەدەکەم بوون بە هۆی زۆر ئاڵۆزی و شەڕ و کێشە و قیرانی ئابووری فەرهەنگی و بەرژەوەندی تەسکی سیاسی و حیزبی، کوردیان لێک تووڕەو دڕدۆنگ کرد و لە ئامانجی خۆیان وە پاشیان خستن.
- لە ماوەی ئەو ١٠ ساڵەدا ئەوەندە کاری باشیان ئەنجام دابێت زیاتر بە خۆیان و بەرژەوەندی تاک و شەخسی و بنەماڵەیی خەریک بوون... تەنانەت بۆ ئەو کارانەیان هەرکام دەسەڵاتی بیانی و دوژمنانیان بۆ کوردستان ڕاکێش کردووە و بۆ یەکتر شکاندن و لە ناو بردن، بۆ بەرژەوەندی تەسکی حیزبایەتی پاراستنی دەسەڵاتی حیزبی، خۆیان خستە ژێر چمک و دامەنی دوژمنانی گەل و نەتەوەوە!!...
بەرژەوەندی تەسکی حیزبی و یەکتر بڕینەوە و شەڕی براکوژی
- لەو ماوەیەدا ئەوەندە خەریکی یەکتر بڕینەوە و ڕاماڵینی یەکتر، و کێشە و ململانێی حیزبی و پەڕۆی زەرد و سەوز، بوون؛..، ئەوەندە دەستەو دامانی ڕژیمەکانی ئاخوندی و سەدامی بوون،؛.. نیو ئەوەندە لە بەرژەوەندی کورد و ئاسایشی گەل و نەتەوەو نیشتماندا نەبوون!!. دزی و گزی و فێڵ و تەڵەکە لە هەڵبژاردن، دواتر (فیفتی فیفتی)، کە چی نەیانتوانی پێک بێن. پاش ماوەیەکی کورت پاڕلمانیان داگیر کرد و لایەنێکیان لە مەیدان وەدەرنا.. و ئەوانیش بە هاوکاری سوپای بەعس دیسانەوە ئەویتریان ڕاونایەوەو لە سنوور وەدەریان نان.!! شەڕێکی هەمەگیر و ماڵوێرانی هەموو کوردستانی گرتەوەو ناهۆمیدی زۆری لە ناو کۆمەڵگای کوردی دروست کرد و باوەڕی جیهانی لە مەڕ ناتوانی کورد لە سیاسەت و حکومەتداری وەڕاست گێڕا!!
- شەڕی براکوژی زەرەر و زیانێکی وای لە کورد و کوردستان و پەیکەری هەردوو حیزبدا کە بە دەیانساڵیتر قەرەبوو ناکرێنەوە!!.. بە هەر حاڵ ئەو ڕووداوانە زۆر کوردیان وەپاش خست و دۆستانیان لە مەڕ حکومەتداری کوردی دڕدۆنگ و ناهۆمید کرد.. بەڵام بە هاوکاری و بە زەبر و جەبری زەمانە و هاوپەیمانانی سەدام ڕۆخێن و بەرژەوەندیخوازی ڕۆژئاوا، ناچاریان کردن کە پێکەوە مدارا بکەن، دڵخۆشیان کردن بە هندێک هاوکاری سیاسی و ئابووری و بۆیە ناچار کران واز لە شەڕی برا کوژی بهێنن و دەسەڵاتی خۆجەیی کورد لە باشوری کوردستان بپارێزن. چونکی سیاسەتونانی ڕۆژئاوا دەیانزانی گۆڕانکاریتر دێنە ئاراوە..
- ڕۆژئاوا و بە تایبەتی ئامریکا لە سەروویی هەموویانەوە، بە ڕێبەرایەتی جۆرج بوشی کوڕ کە هاتە سەرکار، ساڵی ٢٠٠٣ز. پاش ئەوەی زانییان سەدام ئیتر کارتێکی سوتاوەو بە کەڵکیان نایەت، پلانیان داڕشت و سەدامیان لە کۆڵ عێراق کردەوە و ڕژیمی بەعسیان ڕووخاند. ئەوەش پاش زیاتر لە ١٠ ساڵ لە هێشتنەوەی سەدام و مامەڵە و بازرگانیەکانی خۆیان لە تەک سەدام، و تاڵانکردنی نەوت و کانگا ژێر زەوییەکان و وەرگرتنەوەی چەندین بەرابەری ئەو قەرز و هاوکارییانەی کە بە عێراق و حکومەتی بەعس کرابوو وەر گرتەوە...
وەرچەرخانی مێژوویی لە عێراق.
- ساڵی ٢٠٠٣ز. وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو بۆ هەموو گەلانی عێراق و بە تایبەت کورد لەو بەشە. کورد تا ٢٠٠٣ز هەر بە تەنیا لە کوردستان و بە لەرزۆکی لە دەسەڵاتی خۆیان دەڕوانی، بەڵام هەر دوای ڕووخانی ڕژیم و لابردن و دواتر گرتنی سەدام و زیندانی کردنی لە لایەن سوپای ئامریکاوە لە عێراق، کوردەکان و بە تایبەت '' پارتی و یەکێتی'' ترسیان ڕەوییەوە و کەوتنە پەل و پۆ هاوێشتن بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات و حکومڕانی لە عێراق و کوردستان.
- پاش ماوەیەکی کوررت کوردەکان جێگای سەرۆککۆمارییان گرت و مام جەلال تاڵەبانی کە تا ئەو کات سکرتێری یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو بە سەرۆک کۆماری عێراقی ئاڵۆز و پڕ کێشە و قەیران، لەو لاشەوە کە هەر دوولا هەر بەڕێککەوتن بوو سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی پڕ قەیرانی ئابووری و سیاسی و فەرهەنگی درا بە مەسعود بەرزانی. هەچەند هەردوو لە کەم کۆڕی و هەڵە بەدەر نەبوون و نین، بەڵام '' الحق و الانساف'' هەر دوولا نەخشی گرنگ و کاریگەریان هەبوو لە هەردوو بەشی گشتی و ناوچەیی و توانییان بە هاوکاری دۆستانی دەرەوەو ناوەوە تا ڕادەیەک ئاسایش و سەرۆکایەتی خۆیان بپارێزن و تۆمارێکی گرنگ بخەنە سەر خەرمانی مێژویی گەلەکەیان.
- هەر وەک لە سەرەتاوە مەبەستی من زۆرتر هەڵسەنگاندن و لێکچوونەکان بووە لە هەموو مێژوویی سیاسی شۆڕشە کوردیەکاندا، بەڵام جێگای بوو کە ئەو چەند خاڵە بخەمە بەر چاوی خوێنەران. هەروەها خزمەتتان بکەم کە ئەو ئاڵ و گۆڕانەی لە عێراقی دوای سەدام پێکهاتن بەشێکی لە سەرشانی کورد هاتنە ئاراوە. هەر چەندە لە چاو هندێک کەس و تاکی کوردەوە نابەجێ بوو مانەوەی عێراقێکی واحید و بەردەوامی، بەڵام لە سەر دەستی کورد و کوتلەی کوردی و سەرۆکی کورد بتەو کرا، و یەکگرتوویی و حکومەتی ناوەندی دامەزرا و هەماهەنگی دروست بوو.. دەزانم هێشتا لە لای بەشێکی ڕووناکبیری کوردەوە کارێکی خراب و کورد قازانجی ئەوتۆی لێ نەکرد، بەڵام مێژوو تۆماری کردوون کە کورد لە ئارام کردنەوەی ئەو هەموو ئاڵۆزیانە دەستێکی گرنگی هەبوو و توانییەتی ناوبژیوانی بێگانە بکات، کە چی بۆ خۆی تا ئیستاش نەیتوانیوە ناوماڵی خۆی ڕێک بخات!.

درێژەی هەیە...

چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)