• Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  • 28
  • 29
  • 30
  •  
  •  
  •  
  •  

ڕیکلام

وشە: لە ڕۆژی: تا ڕۆژی:


سڵاو لە کوردستان .. لە کۆبانی قارەمان .. لە کەرکوکی خۆڕاگر

Sunday, 01/02/2015, 12:00

2668 بینراوە


سڵاو لە هەموو کوردستان .. لە کۆبانی قارەمان .. لە کەرکوکی خۆڕاگر .. لە ئامەدی قەڵای کوردایەتی .. لە مەهابادی پایتەختی کۆماری کوردستان .. لە شەنگالی بریندار .. لە جەلولای رزگارکراو .. لە مەخمووری هەڵمەتبەر .. سڵاو لە هەموو شوێن و لە هەموو بستێکی خاکی پیرۆز و شیرینی کوردستان .
سڵاو لە پێشمەرگە و گەریلا و لە هیزی شەڕڤانانی پارستنی گەل .. لە جەنگاوەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان .. سڵاو لە خوشکە گەریلا و پێشمەرگەکانمان .. کە بوونەتە مایەی رێز و شانازیمان .. بوونەتە جێی سەرنج راکێشانی هەموو خەڵکی جیهان .. بوونەتە هێما و سیمبولی بەرگری و هەڵمەتبردن و قارەمانێتی ژنانی جیهان .. سڵاو لە هەموو کوردێکی تێکۆشەر .. سڵاو لە هەموو کوردێکی کورد و کوردستان پەروەر .. سڵاو لە هەموو رزگاریخواز و ئازادیخواز و ئاشتیخواز و مافخوازێک .. لە ئەمپەڕەوە بۆ ئەوپەڕی کوردستان .. سڵاو لە هەموو دۆستانی کورد لە جیهاندا .
سڵاو لە قەندیلی سەرکەش .. لە چیای شیرین .. لە ئاگری داغ .. لە سەفین .. لە گاڕە و مەتین .. لە کێوەڕەش .. لە زاگرۆس .. لە بیستوون .. لە پیرەمەگروون .. لەهەیبەت سوڵتان .. لە قەرەچووغ .. لە شنروێ .. لە خاڵخاڵان .. لە حەمرینی دوا سنووری کوردستان .. لە هەموو چیا و گرد و دۆڵ و دەشتێکی کوردستان .
ئەی کۆبانی پاڵەوان .. بووی بە مایەی شانازی بۆ کورد و کوردستان .. بووی بە هێمای خۆراگری و بەخودان .. بووی بە سیمبوولی قارەمانێتی لە جیهان .. وانەیەکی ئەوتۆ دا بە چەتەکانی داعشی دڕندە کە هەرگیز لە بیریان نەچێتەوە .. ئەوەت سەلمان کە هێزی کورد لە یەکێتیدایە .. بە یەکێتی گەریلا و شەڕڤانانی گەل و پێشمەرگە، بووی بە دیوارێکی پۆڵایینی سەخت و، هەرەست بە دڕندەترین و بێڕەوشترین ناحەزی کورد هێنا .. کردیانت بە پەندی زەمانە .. ئەو پەیامەشت بە ناحەز و نەیارانی کورد گەیاند .. کە هەر دوژمنیێک پەلاماری کوردستان بدات چارەنووسیان لە چارەنووسی چەتەکانی داعشی بێڕەوشت باشتر نابێت .. ئەوەت بە دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان گەیاند .. کە هەرگیز کورد سازش لەسەر بستێکی خاکی کوردستان ناکات .. ئەمڕۆبێ یا سبەی .. دوابستی خاکی کوردستان لە داگیرکەران پاک دەکەینەوە .. ئەگەر خاوەن ماف دوای مافەکانی بکەوێت و، دەستی لێ هەڵنەگرێت .. زووبێت یا درەنگ وەری دەگرێتەوە .
سڵاو لە دایکانی میهرەبان لە باوکانی دڵسۆز لە مامۆستایان .. کە بە هەستی کوردایەتی و بە سۆز و بە خۆشەویستی بۆ کوردستان، جگەرگۆشەکانیان گۆش و پەروەردەکرد .. ئەوەتان پێ گوتن کە دڵسۆزبن و کوردستان لە هەموو شتێ پیرۆزترە .. ئەوتا بە چاوی خۆمان دەبینین لاوانی کوردمان، لاوانمان بە عەشقە وە بەرەو پیری مەرگ دەچن .. دروشمییان (کوردستان یا نەمان) ە .. دایکان و باوکان، کە رۆڵە خۆشەویستەکانیان، لە پێناوی پاراستنی خاکی کوردستاندا شەهید دەبن .. خۆیان بە رووسوور و سەربەرز دەزانن و .. شانازی بە شەهید بوونیانەوە دەکەن .
کەرکوک، ئەی شاری گڕ و کڵپە .. شارە قارەمان و خۆڕاگر و کۆڵنەدەرەکەی کوردستان .. قەڵای سەختی کوردایەتی و مەردایەتی .. ئەی لانکەی کۆنترین و یەکەمین و رەسەنترین شارستانی لە هەموو جیهاندا .. ئەی شاری بە هەزاران شەهیدی قارەمان .. تۆ جیاوازی .. نە بە بەعرەبکردن .. نە بەدەرکردن و راگواستنەوە .. نە بە ئەنفالی بەدناو .. نە بە کوشت و بڕین .. نە بە دزی و بە تاڵانبردنی ماڵ و سامانت .. نە بە رووخاندنی شارۆچکە و دێهات و گەڕەکەکانت .. لەبن نەهاتی و هەرگیز لەبن نایەیت ، بەڵکو زیاتر گڕت گرت .. سوورتربووی لە خەبات و تێکۆشان .. لە بەرگری و کۆڵنەدان .. لە سەلماندنی کوردستانییەتی کەرکوک .. سەدان سەدان ساڵە، داگیرکەر و نەیاران پەلامارت دەدەن .. بە دەیان پیلان و نەخشەی گڵاویان لە دژت کێشا .. بە دەیان بۆسەیان بۆت نایەوە .. ویستیان مێژووی دێرینت چەواشە بکەن .. داب و نەریت و کەلەپوور و کولتووری رەسەنت کاڵ بکەنەوە .. شوێنەوارە مێژوویەکانت و قەڵا دێرین و سەرکەشەکەتیان تەخت کرد .. بۆ ئەوەی ناسنامەی رەسەنایەتیت بسڕنەوە .. بۆ ئەوەی دیمۆگرافیای نەتەوەیەت بگۆڕن و سەنگەلای بکەن .. بۆ ئەوەی لە کوردستانی دایکت داتببڕن .. بۆ ئەوەی بە جارێ لەناوت بەرن و .. لەسەر نەخشە بتسڕنەوە .. ناوتیان گۆڕی بە ناوی (تەئمیم) .. بەڵام تۆی خۆڕاگر و قارەمان، تۆی تێکۆشەر و کۆڵنەدەر و پاڵەوان .. لە ناونەچوویت ، هەر مایتەوە و .. هەر دەشمێنیتەوە .. تۆ ناوت هەر (کەرکوک) ە .. دوژمن پێی خۆشبێت یا پێ ناخۆش بێت .. تۆ پارێزگایەکی لە پارێزگاکانی کوردستان .. کەرکوک تۆ کوردستانی بوویت و.. کوردستانیت و .. هەر کوردستانیش دەبیت .. با ناحەزانیشت شەق بەرن .
ئەی چەتەکانی داعشی بێڕەوشت .. جاشە بەکرێگیراوەکانی ناحەزانی کوردستان .. دڕندە بێویژدانەکان .. شەمشەمەکوێرەکانی تاریکی .. کوندەپەپووەکانی کەلاو و وێرانەپەرست .. کۆنەپەرستانی مێشک بەتاڵ .. دوژمنانی شارستانی و ئاوەدانی .. خوێنڕێژان .. تاوانباران .. ناپاکان .. نۆکەران .. هەڵخەڵەتاوان .. ئێوە مرۆڤ نین .. ئێوە ڤایرۆسێکی قێزەوەنی زیانبەخشن .. ئاشکرا و روونە کە ئێوەی هەڵگری بیری شۆڤینی عەرەبین و .. ئاین و ئاڵاکەتان پەردەپۆشییە، بۆ هێنانەدی مەرامە گڵاوەکانتان .. ئەو کەسانەی دواشتان کەوتوون .. گوایە کلیلی بەهەشت لای ئێوەیە و لە بەهەشتدا جێتان بۆ گرتوون و، بۆ هەر یەکەشیان حەفتا حۆریتان لێ مارەکردوون و لە بەهەشتدا چاوەڕوانیان .. !! .. ئا بەم شتە خرافییانە و قسە پووچانەتان مێشکی گەنجانتان پڕ کردوون و، لە رێ دەریانتان کردوون .. زۆریان لە راستی ئایدۆلوژی پووچ و بۆگەنتان گەیشتوون و، پەشیمانن کە دواتان کەوتوون .. بۆیە تەمەنتان زۆر کورت دەبێت .
داعشانی بێڕەوشت .. دوای شکستی و سەرشۆڕی و هەڵهاتنەتان لە شاری کۆبانی .. کە تا ئێستاش، بە دەیان کەلاکتان بوونەتە خۆاراکی قەل و داڵ و گورگ و رێوی .. ویستان پەردەپۆشی شکستییەکانتان لە کۆبانی و شکەنگال و مەخمور و جەلولا و بەربەستی موسڵ و رەبیعە و حەوزی حەمرین بکەن و .. بە قورسترین چەک و، بە زۆرترین ژمارەتان، پەلاماردانی سنوورەکانی شاری کەرکوکی قارەمان بدەن و .. ورەی جاشە بەزیوەکانتان بەرز بکەنەوە .. ئای لە کەمژەیی و خەیالپووچیتان .. (ئێوەی مێشوولە ویستان بە گژی کێوی قاف دا بچن ..) ئێوەی بەزیو زۆر لەوە کەمترن کە بتووانن رووبەرووی پێشمەرگەی قارەمان ببنەوە .. ئەنجامی ئەم سەرکێشیەشتان ، بە دەیان کەلاکتان لە سنووری شاری کەرکووک کەوتوونە و بۆگەن بوونە .. بە دەیانتان نەیان توانی لە بەردەم هەڵمەتی پیشمەرگەدا خۆیا ن ڕابگرن و، پیشمەرگە گرتیانیان .. شایانی ئەوەش نین، کە کەلاکەکانتان لە خاکی پیرۆزی کوردستاندا بنێژرێن و، خۆڵی پاکی کوردستان بە لاشەی بۆگەنییان پیس بێت .. من داوا لە خەڵکی شاری کەرکوک و، لە سەرکردایەتی پێشمەرگەی کوردستان دەکەم، کە ئەو کەلاکانەی داعش بنێرنەوە بۆ ئەو شوێنانەی کە لێوەی هاتن .
ئەی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان، پاڵەوانە گیان لەسەردەستاکانی سەنگەرەکانی سنوورەکانی باشووری کەرکوک و .. هەموو بەرەکانی تری کوردستان .. بە قوربانی دەست و تفەنگتان بین .. بە قوربانی بەرگری و هەڵمەتان بین .. دەست لە داعشە بێڕەوشتەکان مەپارێزن و بیان تۆپێنن و .. سنووری کوردستان بکەن بە گۆڕستانیان .. ئەمڕۆ ئێوە لە جیاتی هەموو جیهان شەڕی چەتەکانی داعشی تیرۆریست دەکەن .. ئێوە لە شەڕێکی چارەنووسازی یەکلای کەرەوەدان .. ئێوە هیوای ئەمڕۆ و داهاتووی گەلەکەمانن .. ئێوەن ئایندەیەکی گەشتر و ژیانێکی شیاوتر بۆ منداڵانی ئەمڕۆمان دابین دەکەن .. شەهیدبوونتان لە پێناوی کوردستاندا .. لووتکەی دڵسۆزیتانە .. ئەوپەڕی گیانبەخشینتانە .. بەرخودانی ئێوە بە نووسین باس ناکرێت و، وشە و رستەگەلێکی ئەوتۆ لە فەرهەنگی زماندا نین، کە بتوانن گوزارشت لە ئازایەتی و لە نەبەردی و خۆڕاگری بێوێنەی ئێوە بکەن .. ئەی هەڤاڵانی پێشمەرگە .. ئێمەش هەموومان پێشمەرگەین .. هەموو لەگەڵتانین .. هەموو ساتێک لە ناو دڵمانن .. لە بەرچاومانن .. لەسەر زارمانن .. هەردەم چاوەڕێی مژدەی سەرکەوتنی تازەتر و گەورەترتانین .. هیوای بێوەی و تەمەندرێژی و سەرکەوتنان بۆ دەخوازین .
هەزاران هەزار سڵاو لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان .. هەزاران سڵاو لە گیانی سەرکردەی ئازا و دلێری پێشمەرگە عەمید (شیرکۆ فاتیح شوانی) بێت کە بە راستی شێرکۆ لە شێریش شێرتر بوو .. لە رۆژی هەینی (٣٠/١ / ٢٠١٥) دا، لە شەڕێکی دەستەویەخدا لە گەڵ چەتەکانی داعش لە سنووری کەرکوک شەهید بوو .. هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی سەرکردەی ئازا و قارەمان لیوا (حوسین مەنسوور) بێت، کە لە رۆژی شەممە (٣١/ ١/ ٢٠١٥) دا، لە کاتی پاکردنەوەی دێی (مەلا عەبدوڵڵا) لە باشووری کەرکوک لە داعشە تیرۆریستەکان .. لە شەڕێکی قارەمانانەدا شەهید بوو .. بەڵام هاوڕێکانی عەمید شیرکۆ و لێوا حوسین .. بەڵێنیان دا .. سوێندیان خوارد .. کە بە گوڕتر درێژە بە بەرگری و هەڵمەت بردن دەدەن .. بۆ هێنانەدی ئەو هیوا و ئامانجانەی کە کاک شێرکۆ و کاک حوسێن و، هەموو شەهیدانی تری کوردستان لە پێناویاندا .. گیانی خۆیان بەخشی و شەهید بوون .
لە ئەمڕۆدا، هەستی کوردایەتی و کوردستان پەروەری، لە ناخی دڵ و دەروونی هەموو کوردێکی دڵسۆزدایە .. لە بەردەم هەست و بڕوای یەکگرتووی کوردایەتیدا .. هەموو سنوورە دەستکردەکانی داگیرکەرانی کوردستان هەرەسیان هێنا .. پێشمەرگە لە باکوور و لە رۆژهەڵات و لە رۆژئاوای کوردستانەوە .. گەیشتوونەتە سنوورەکانی کەرکوک و کۆبانی و شەنگال و جەلولا و مەخموور و حەمرین .. ئەم یەک هەستی و هاوسۆزی و خۆشەویستییەش بۆ کوردستان .. شتێکی تازە نییە .. پێشەوای نەمرمان قازی محەمەد لە ساڵی (١٩٤٦) دا گوتی :
ئەگـەر لەشـــــم ســەد پارچـــــــە بـــــکەن
بمدەنە ژێر گولـلە و رەدار، بچـمە سەردار
قســــــەی دڵـــــــــــم دێــــــتە ســــــەر زار
کوردسـتانم هەر وڵاتێکە و نابێـت بە چوار
بژی کورد .. بژی کوردستان
نەمری و سەروەری بۆ گیانی پاکی .. سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان
مردن و رسوایی و سەرشۆڕی .. بۆ چەتەکانی داعش و ناحەزانی کوردستان

رەزا شوان ـ نەرویج : ٣١ /١ / ٢٠١٥






چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)