• Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  • 28
  • 29
  • 30
  •  
  •  
  •  
  •  

ڕیکلام

وشە: لە ڕۆژی: تا ڕۆژی:


هەڕەشەی هەرێم لە پەکەکە هەڕەشەیە لە ماف و گۆڕانکاریی

Thursday, 22/01/2015, 12:00

2810 بینراوە


رۆژی ١٤/٠١/٢٠١٥ بە بەشداریی ٢٠٠ ئەندام لە کۆنفرانسێکدا ئەنجومەنی یەزیدییەکانی شەنگال لە چیای شەنگال دروست کرا. یەکێک لە ئامادەبووانی کۆنفراس‌ ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری که‌جه‌که‌ سۆزدار ئاڤێستا بووە. کەجەکە دوا بازنەی رێکخراوەکانی بزاڤی باکورە کە پەکەکەش یەکێکە لە بازنەکانی ناوەوەی. حکومەتی هەرێم و پارتەکانی پەڕلەمانی باشور بەگشتیی هەڵوێستی نێگەتیڤان لێ گرت و هەڕەشەیان راگەیاند.
لێرەدا چەند راستییەک هەیە کە پێویستە دەستی بۆ رابکێشرێت:
یەکەم، کارەساتی شەنگال بریتیی بوو لە کوشتاری هاوڵاتیانی شەنگال و شکستی سیستێمی بەرگریی حکومەتی هەرێم. حکومەتی هەرێم جگە لە شکست کاربەدەستە پیسخۆرەکانی بازرگانییشیان لەگەڵ داعشدا کرد.
دووەم، جەنگاوەرانی پەکەکە بۆ پارێزگارییکردن لە خاک و خەڵکی کوردستان بۆ شەنگال و بەرەکانی تری جەنگ دابەزین. ئەم بەهاناهاتنە دڵنیایی دا بە خەڵک و ورەی هێزی پێشمەرگەی بەرز کردەوە. پەکەکە دەری خست کە هێزی بەرگریکەرە لە خەڵک و خەڵک.
سێیەم، تاقیکردنەوەی کوبانی، ئەو شارە بە پیاو و ئافرەتەوە لوتی داعش و تورکیایان شکاندو سەرنجی هەموو جیهانیان بۆ لای خۆیان راکێشا. بەرخۆدانی کوبانی بوو بە هۆی گۆڕینی هەڵوێستی ئەمەریکا لە جەنگی داعش و تورکیادا دژی کوبانی و پەکەکە. کوبانی سەری کوردی بەرز کردەوە.
دەرئەنجامی ئەو سێ راستییەی سەرەوە ئەوەیە کە:
هەر ئەقڵێکی تەندروست بە پەرۆشەوە دەخوازێت تاقیکردنەوەی کوبانی بگوێزرێتەوە بۆ هەموو شوێنێکی کوردستان. ئەمە نەک لەبەرئەوەی تاقیکردنەوەی کوبانی ئەبێتە دەستکەوت. بەڵکو ئەمە لە پێناوی بەرگریکردن لە مان و نەماندایە. بەڵام ئایا ئەقڵی ژمارەیەک بازرگان چۆن ئینسان ئەبینێت؟
گواستنەوەی تاقیکردنەوە
لە شاری سلێمانییدا زمانی نوسین و رەسمیی پێشکەوت. ژمارەیەک کەس رایان وایە کە ئەو شێوە زمانە ناوچەییە. بەڵام ئەقڵەکە ناوچەییە نەک زمانەکە. چونکە زۆربەی دیاردەکان لە دنیادا لە شوێنێکدا سەر هەڵئەدەن و ئەقڵی گشتگیریی لە ناوچەییان دەردەکات. بە ئەقڵی نەزانییەوە هیچ دیارەدەیەک نابێت بە نەتەوەیی. زمانی سوید لە شێوە زمانی ناوچەی ستۆکهۆڵمەوە گشتگیر بووە. لە بواری بەڕێوەبردنیشدا دەزگایەک لە وڵاتی پێشکەوتوودا یەکێک لە هێڵی گەشەپێدانەکانی ئەوەیە کە لە هەموو شارەکاندا یەک مێتۆدو رۆتین پیادە بکرێت. بۆ ئەمەش هەر هەنگاوێک لە شوێنێک بنرێت سەرکەوتوو بێت دەگوێزرێتەوە بۆ هەموو شوێنەکانی تر. تەنانەت رێستورانتی ماگدۆناڵد وەکو نموونە دەهێنرێتەوە کە لە هەموو شوێنێک دەبێت یەک تام و یەک رسێپت هەبێت.
ساڵی ١٩٧٧ چومە عەینکاوە لە هەولێر. کە ئەو گەڕەکەم بینی سەرسام بووم لە پاکوتەمیزیی و راگرتنی گەڕەکەکە. لە دڵی خۆمدا وتم: "رۆژێک ئەگەر کورد دەستی رۆشت بەسەر چارەنوسی خۆیدا مرۆڤ ئەتوانێت لەم کولتورو خەڵکەی ئێرە ببات بۆ هەموو شارو شارۆچکەیەکی کوردستان بۆ بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان. ئەم رێکخستنە بگوێزرێتەوە بۆ هەموو جێگایەک." بەڵام ئێستا کە کورد خۆی بەشێکی دابڕاوی باشوری بە دەستەوەیە دەستەڵاتداران شەڕە قۆچیانە لەسەر پۆستەکان لە پێناوی تاڵانیی و راگرتنی دەستەڵاتی خۆیاندا بەسەر دانیشتوانی کۆیلەدا. لە نێوانی ئەم شەڕە قۆچانەدا بەرژەوەندیی خەڵک و چارەنوسی میللەت چۆن پان دەبێتەوە، ئەمەیان گرنگ نییە بۆ بەرانەکان. لەم پرۆسەیەوە کوردبوون دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.
کوردبوون چییە؟
کوردبوون ئەوە نییە کە زمانت کوردیی بێت. کوردبوون ئەوەیە کە موراڵی مرۆڤت هەبێت نەک موراڵی دووپێ. چونکە هەر کەسێک لە هەر خاکێکدا کە موراڵی مرۆڤبوونی تیا بێت ناتوانێت پارێزەرو بەڕێوەبەری ئەو خاک و کۆمەڵگایە نەبێت کە تیایدا دەژی ئیتر ئافرەت یان پیاو، رەش یان سپی بێت. پێوەری کوردبوون موراڵە نەک زمان و خوێن. ئەوەی باسی کوردبوون دەکات با پرەنسیپە موراڵییەکانی لە کردەوەدا پیشان بدات. ئەگینا وشەی ریزکراو، سرودوتن، دەنگ گڕکردن، هۆنراوەو حەماسی سەر تەلەفیزیۆن هیچ ناوەڕۆکێک نابەخشن.
لە رەوشێکی ئاساییدا کە پارت و دەستەڵات سیاسیی بن، واتە بەڕێوەبەرو بەرگریکەر بن لە وڵات، ئەوا ئەرکە تاقیکردنەوەی سەرکەوتوو بگوێزنەوە بۆ شوێنەکانی تر. دەستەڵاتێک کە خۆی شکستی هێنا بێت لە بەرگرییدا، بۆی نییە پشت بکاتە تاقیکردنەوەی کوبانی و ئەرکێتی ئەو مۆدێلە پیادە بکات. بەڵام پارت و دەستەڵاتدارانی باشور لە بەرامبەر بەم ئاستەدا راستیی خۆیان بە شێوەیەکی تر دەردەبڕن:
ئەوان داگیرکەرن نەک بەڕێوەبەر. خەڵکی کۆیلەی کوردستان ئەگەر رەشەکوژیی بکرێن، ژن و منداڵیشیان ببرێن بە تاڵان هەر مافی ئەوەیان نییە لەو ئەرکانە دەربچن کە دەستەڵاتی "منکراتیی" بۆیان دادەنێت. دەبێت شوکربن بە بەشی خوداوەندی سەر زەوی. ئەمە ئەو کۆنتراکتەیە کە جەماوەری ملکەچی باشور لە دەنگدان و هەڵبژاردنی پڕساختەدا هەموو جارێک پەنجەی خۆیانی بۆ مۆر دەکەنەوە.
ئا بەم شێوەیە گەلێکی بێ توانا خۆی لە گەلانی ئازادو زیندوو جیا دەکاتەوە. ئەگینا مێشک هەمان شتە. جیاوازییەکە ئەوەیە چۆن بەکار دێت.


ناسر حەفید






https://www.facebook.com/3kontrakt?fref=ts




سەنتەری لێکٶڵینەوەی کۆنتراکت
---------------------------------------------------




چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)