• Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  • 21
  • 22
  • 23
  • 24
  • 25
  • 26
  • 27
  • 28
  • 29
  • 30
  •  
  •  
  •  
  •  

ڕیکلام

وشە: لە ڕۆژی: تا ڕۆژی:


فەیسبووک وەک شۆڕش

Tuesday, 27/01/2015, 12:00

2512 بینراوە







" شۆڕش بریتییە لەکۆبوونەوەی ناڕەزاییەکان بۆگۆڕینی دامەزراوەیەکی سیاسی وسیستم و سیمبولەکانی دەسەڵات و کۆتایی هێنان بەدەسەڵاتێکی دواکەوتوو و هێنانەکایەی دەسەڵات و سیستەمێکی باشتر یان خراپتر، بەبەکارهێنانی فشاری زۆر دروست دەبێت".

فەیسبوک یەکێکە لەو تۆڕە کۆمەڵایەتیانەی لەپاڵ تۆڕەکانی تر وەک جۆرێک لەتەکنەلۆجیا سەرانسەری جیهانی داگیرکردووە، دوای ١١ ساڵ لەدروستبوونی لەئێستادا نزیکەی یەک ملیارد و نیو بەکارهێنەری هەیە.

ڕۆڵ و گرنگی ئەم تۆڕە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەڕووداوەکانی بەهاری عەرەبی زیاتر دەرکەوت، لەوکاتەدا فەیسبووک ببوو بەیەکێک لەو چەکە کاریگەرانەی دەستی هاوڵاتیان کە زۆرترین فیشەکی پێ تەقێندرا و لەم تۆڕەدا نووسین جێگای فیشەکی گرتەوە، تا کارگەیشتە ئەوەی لەچەند وڵاتێکی عەرەبی بەمەبەستی ئاو بەسەرداکردنی خۆپیشاندانەکان لەلایەن بەرەی دژ بەخۆپیشاندەرانەوە ئەم تۆڕە سانسۆری خرایەسەر و فلتەرکرا,

ئێرانیش یەکێک بوو لەو وڵاتانەی لەساڵی ٢٠٠٩ دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆماربەهۆی مەحاڵبوونی دیموکراتی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لەو وڵاتەدا فلتەرکرا، چونکە بەوتەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە بۆ ڕێکخستنی خۆپیشاندان سودی لێوەردەگیرا!

لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش ئەوەی بەزەقی دەردەکەوێت لەسەروبەندی خۆپیشاندانەکانی ١٧شوباتی ساڵی ٢٠١١ و ڕۆژانی دوایی ئەکاونت و ناوە کوردییەکان ژمارەیەکی زیاتریان خستە سەر ژمارەی بەکارهێنەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک.

کەرەسەکانی شۆڕش لەزەمەنێکەوە بۆ زەمەنێکی تر لەیەکدی جیاواز بووە، ئەگەر لەڕابردوودا تەکنەلۆجیای شۆڕشە کوردییەکان کاغەزو وشەی نهێنی و بروسکەی ڕادیۆ شەپۆل کورتەکان بوبێ، ئەوا ئێستا قۆناغی خەبات گۆڕاوە و، فەیسبووک کوردستانی کردووە بەماڵێک لەناو ئەو گوندە بچووکەی دونیای ئینتەرنێت.

لەماوەی ڕابردووداو لەدوای پێکهێنانی ئەم کابینە بنکەفراوانەی حکومەتی هەرێم، لەغیابی ئۆپۆزسیۆندا تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بەرهەمی هەبووە و ئامرازی کۆکردنەوەی ناڕەزاییەکان بووە، ڕەقیبێکی باش بووە بەسەر پەرلەمان و حکومەت و دامودەستگاکانی ترەوە، بەجۆرێک هەندێ جار ئەو بەڵگە و نوسراوە یاسایی و نایاساییانەی کەلای هاوڵاتیان بەردەستە و لەکەناڵە ئاسمانی و ماڵپەڕە کوردییەکانەوە نابینرێن و نابیسترێن، یان درەنگ دەکەویێتە بازاڕی ڕاگەیاندنە بینراو و بیستراوەکان، بەکارهێنەرانی فەیسبووک لەماوەیەکی کورتدا ئەم تۆڕەی پێ دەتەنن، هەربۆیە زۆر جار ئەم تۆڕە بووە بەسەرچاوەی زانیاری زۆر لەڕاگەیاندنە بینراو بیستراوەکان.

فەیسبووک لەجوڵانی شەقام و خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییە ڕۆڵی بینووە، دیارترین شۆرشێک کەلەم ماوەیەدا بەکارهێنەرانی ئەم تۆڕە بەرپایان کرد، بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕەزایی هاوڵاتیان بوو بەرانبەر دواکەوتنی مووچە، بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، بەنایاسایی دامەزراندنی فڵان و فیسار، خانەنشینی نایاسایی، کڕینی ئۆتۆمبێل بۆ پەرلەمانتاران و...هتد.

وتەکانی سەرۆکی پەرلەمان دوای هەڵوەشاندنەوەی کڕینی ئۆتۆمبێل بۆ پەرلەمانتاران ئەوەی سەلماند کە بەرپرسانیش پەلکێشی ناو ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییە بوون و (گابع)ێکی باشی ئەم تۆڕەن، بینیمان سەرۆکی پەرلەمان بەئاشکرا دانی پێدانا و وتی: لەسەر کڕینی ئۆتۆمبێل "هیچ كه‌سێك وه‌ك من ڕه‌خنه‌ی‌ لێنه‌گیراوه‌‌و هێرشی‌ نه‌كراوه‌ته‌وه‌ سه‌ر‌و ته‌شهیری‌ پێنه‌كراوه‌" بۆیە پێویستە ناڕەزایی خەڵک لەبەرچاو بگیرێت، ئەم وتەیەی سەرۆکی پەرلەمان لەکاتێکدا بوو کەتەنها یەک خۆپیشاندان و گردبوونەوەی هێمنانەش بۆئەو مەبەستە ڕێکنەخرابوو،هەروەها لەکەناڵە ئاسمانییەکانی سەر بەلایەنە بەشدار بووەکانی حکومەتیش ناڕەزاییەکانی خەڵک لەهەمبەر ئەم پرسە سارد و سڕو شەرمنانە باسی لێوەکرا، ئەوەی کەگەرم و گوڕ بوو ناڕەزایی هاوڵاتیان بوو لەم تۆڕەدا، بەمەش شۆڕشی فەیسبووک زاڵ بوو بەسەر حەزی پەرلەمانتاراندا.

ئەوەشمان بیرنەچێت تەکنەلۆجیا بەگشتی و هۆکارەکانی پەیوەندیکردن بەتایبەتی لەهەموو وڵاتێکدا بەیاسا لەژێر چاودێری و ڕکێفی حکومەت دایە، بۆیە ئازادی لەبەکارهێنانی ئەم تۆڕە و تۆڕەکانی تر تا ئەو شوێنە بڕدەکات کە مانەوەی دەسەڵات نەخاتە لێوار، چونکە ئەو کاتە بەبیانووی تێکدان و شێواندنی ئاسایشی نیشتمانی سانسۆرکردنی ئەم تۆڕە ئاسانتر دەبێت.

ئەوەی لێرەدا باسکراوە ڕۆڵ و گرنگی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەسبووکە لەم قۆناغەدا، بەڵام ڕەگ و ڕیشەی سەرهەڵدانی ئینتەرنێت و دواتریش سۆشیال میدیا بەشێوە گشتییەکەی زۆر کۆنترە لە مێژووی دروستبوونی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک.




چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)