• Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  • 21
  • 22
  • 23
  • 24
  • 25
  • 26
  • 27
  • 28
  • 29
  • 30
  •  
  •  
  •  
  •  

ڕیکلام

وشە: لە ڕۆژی: تا ڕۆژی:


گفتوگۆی کوردستانپۆست لەگەڵ د. هاوژین حامید

Wednesday, 06/05/2015, 0:46

4860 بینراوە


په‌یامنیری کوردستانپۆست:
کوردستانپۆست وەک پیشەی هەموو جارێک و ئەرکێکی ئەخلاقی، هەروەها بۆ پاراستنی گیانی کاک "هاوژین حامید " ڕێگا و شوێنی ئەم بەڕێزە ئاشکرا ناکەین، لێرەدا ئێمە لە بەردەم کۆمەڵێک پرسیاردا ڕامانگرتووە، ئەویش بەلەخۆبوردەیی و ئازایەتییەوە وەڵامەکانی داوینەتەوە و ئەم گفتوگۆیەشمان وەک سەرەتا و بەشی یەکەم درێژەی دەبێت.
++++++++++++++++++++++++
هاوژین حامد دادوەری پێشووی دادگای كفری، كە وەك خۆی باسی لێدەكات بە هۆی هەڕەشە لە ژیانی كوردستانی جێهێشت، دەڵێت بە هۆی ئەو هەڕەشانەوە لە دەرەوەی وڵاتیش ناچارم بەردەوام شوێنی خۆم بگۆڕم.، هەروەها دەڵێت هەر بە هۆی ئەو هەڕەشانەوە لە دەرەوەی وڵاتیش ناچارم پەیوەندییەکانم لەگەڵ دەۆست و هاوڕێ و کەسەکانی خۆشم سنوردار بکەم.
دادوەر هاوژین كە پێشتر دادوەری دادگای كفری بوو، وەك خۆی باسی لێدەكات بە هۆی دەركردنی بڕیاری دەستگیركردن بۆ دوو موستەشاری تۆمەتبار بە بەشداریكردنیان لە تاوانی ئەنفال، گواستراوەتەوە بۆ دادگای ئامێدی، دواتریش بە هۆی بوونی هەڕەشە لە ژیانی بە ناچاری كوردستانی جێهێشتووە.

 کوردستانپۆست: کەیسی ئەنفال لە دادگادا چۆن گەورەبوو؟ چۆن ئێوە پێشتر کارتان لەسەر ئەو کەیسە کرد؟
وەڵام: کەیسی ئەنفال لە بەرواری ١٤.٤.٢٠١٤ دا خۆپیشاندان بوو لەبەردەم مەحکەمەی کفریدا و ووتیان ئەمە ئیشکالێکە لە مەحکمەی تەحقیقە، ئەو کاتە منیش لە تەحقیق و ئەحوالی شەخسی کارم دەکرت، ووتم با چەند کەسێک بێنە ژوورەوە داخۆ ئەمانە چیان دەوێ، من وویستم گویان لێبگرم وەک ئەرکی خۆم، کاتێک هاتنە ژوورەوە ووتیان دووکەس هەیە فەرمانی گرتنیان لەسەرە، منیش زەنگم بۆ پۆلیس لێداو لە کەیسەکەم کۆڵێوە، دوای ئەوە لە ڕاستی ڕوداوەکە گەیشتم، پێم ووتن ئەی بۆ جێ بەجێی ناکەن، نابێ لە سنوری کارکردنی من کەسێکی داواکراو بە ئازادیی بسوڕێتەوە، ئەوسا من تەنها دوومانگ بوو دەست بەکاربووم.
کوردستانپۆست: دەکرێ بزانین ئەو کەسانە کێبوون کە فرمانی گرتیان دەر چووبوو؟
وەڵام: بەڵێ! ئەوانە ٢٥٨ ناوە فەرمانی گرتنیان لەبەغداوە دەرچووبوو لەساڵی ٢٠١١دا، سەرەتا فایلەکان هەمووی دیزە بەرخۆنەکرابوو، هیچی نەمابوو لەناو مەحکەمەدا، بەتایبەتی لەکفری، بەڵام دوایی دەستم کەوت و کەوتمە کارکردن لەسەریان.
کوردستانپۆست: ئەوانەی کە داواکرابوون، ئایا لەپرۆسەی ئەنفالدا بەشدارییان کردبوو؟
وەڵام: من نازانم چۆن چۆنی دۆسیەکە دروستبووە لەسەریان، بەڵام وەکو بیستم ئەوکەسانەی وەک شاهید چوونە بەغداد، ناوی ئەمانە هاتووە، دیارە ئەم ناوانە کۆتایی نییە، چونکە ئێمە نازانین ئەوانە ڕاستەوخۆ بەشداری پرۆسەی ئەنفالیان کردووە، یان نا! بەڵام ڕەنگە لە لێپرسینەوەدا خەڵکانی تریش ناویان بێت کە ڕاستەوخۆ بەشداربوون لە ئەنفالدا، جارێ بۆ ئەمە زووە ئێمە بڕیاری لەسەر بدەین و کەسێک راستەوخۆ تاوانبار بکەین!
کوردستانپۆست: ئەو ٢٥٨ کەسە ئێستا لەکوێ نیشتەجێن؟! ئایا لە ناو هەرێم و دەسەڵاتدا باڵادەستن!؟ یان تەنیا دەسەڵاتی کوردی پشت و پەنایانە، بە کوردییەکەی ئیستا لەکوێن و لە کوێ دەژین؟
وەڵام: لەساڵی ٢٠١١وە فرمانێك دەربچێت بۆ ئەوانە کە بەشێکی زۆریان زیندون و لە کوردستاندا ژیان دەکەن، دەبوو جێبەجێ بکرێت، بەڵام کاتێک ئەوان بە ئازادی دەسوڕێنەوە دیارە بە گرتنی ئەوانە و لێپێچینەوەیان کەسانی تر ڕاپێچی دادگا دەکرێت، بەڵام کە نەگیراون ئەوە بەڵگەی ناوێت کە ئەم دەسەڵاتە لەپشتی ئەو پرۆسەیەوەن بۆ پەردە پۆشکردن و بەرژەوەنی خۆیان لەگەڵ ئەوانەدا، ئەگەر لەڕێگەی یاساییەوە ئەوان بگیرێن زۆر مەلەفی تر هەیە، سەرهەڵدەدات و دەکرێ لێپێچینەوەش لەگەڵ ئەواندا بکرێت.بەڵێ ئەوانە خەڵکی باڵادەستیان لەپشتیانەوەیە، بۆیە تاکو ئێستا دەستیان بۆ نابرێت، ئەگینا ئەوە چوارساڵە بۆ نەگیراون؟ دوایی ئەوانە کەسی دیارن، من خۆم بە دواچوونم بۆکردووە لەڕێگەی یاساییەوە و جێگەو ڕێگەیان دیارە و لەسلێمانی و جێگەکانی تر نیشتەجێن لەهەولێر لەدهۆک و ناوچەکانی تریش.
 کوردستانپۆست: داخۆ ئەوانە بۆ خۆیان ئاگاداری ئەوەن کە داواکراون لەدادگادا، یان نکۆڵی لێناکەن ؟
وەڵام: نەخێر ئەوان ئاگادارن، بۆنمونە بیرمە ئێمە یەکێکیانمان دەستگیرکردبوو، لەبەردەمی مندا قسەی کرد ووتی: من ئاگادارم و لەڕۆژنامەدا ناوی خۆمم دیوە.
کوردستانپۆست: دەکرێ بزانین ئەو کەسە کێیە؟
وەڵام: ئەو کەسە ئێستا گیراوە و لەزیندانایە، ئێمە سێ کەسمان گرتبوو، یەکێک لەوانە لەقسەکردندا نەیتوانی حاشا لەوەبکات کە بەڵێ ئەوە لەبەغدادەوە هاتوە و لەساڵەکانی هەشتاکانەوە.
کوردستانپۆست: بەڕێزتان کە لە هەڵەبجە لەدایک بوون، بۆچی گەیشتونەتە گەرمیان بۆ کارکردن، ؟ داخۆ خۆتان پلانی ئەوەتان هەبووە، کە لەوێ دەست بەکاربن ؟
وەڵام: نەخێر من تاکە کەس بووم کە دکتۆرام هەبووە، کاتێک لەسلێمانی بووم، ناردیانم بۆ کفری، بەڕاستی من حەزم دەکرد نزیک ماڵی خۆمان دەست بەکاربومایە لەهەڵەبجە، بەڵام کاتێک نێردرام بۆ کفری، دەنگم نەکرد، زۆر بە خۆشحاڵییەوە چووم و دەستم کرد بەکارکردن و بە ئەرکی خۆم هەستام.
 کوردستانپۆست: تۆ سەیرت کردووە ئەو کەسانەی قوربانی دەستی ئەنفالن، کاتێک لە مێدیاکانەوە چاومان پێیان دەکەوێت بەگشتی ئەوان ناتوانن دان بە راستییەکاندا بنێن و باس لە تراژیدیای ئەو ڕووداوە مەزنە بکەن، داخۆ تۆش وای نابینی، یان هۆکارەکەی چییە ؟ لەکاتێکدا بەڕێزتان لەنزیکەوە ئەوانەتان دیوە و مامەڵەتان لەگەڵیاندا کردوون؟
وەڵام: من نازانم لەکوێدا چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کردوون ؟ بەڵام دوو شت لەئەنفالدا گرنگە، یەکەمین من دەڵێم ١٨٢٠٠٠ هەزار کەس بخەیتە سەر یەک، چیایەک دروست دەکات.دوهەمین لەلای ئێمە زیاتر ژنان فرمێسک دەڕێژن، بەڵام هەموو ساڵێک فرمێسکی پیاوانی قوربانی ئەنفال پێمان دەڵێت کە ئەو تراژیدیایە چەندە گەورەیە و ئەو زامە چەندە قوڵە! 
 کوردستانپۆست: لەکاتێکدا دادوەرێک بڕیار دەدات نیشتمان جێ بهێڵێت و واز لەهەموو بەرژەوەندییەکانی خۆی دەهێنێت، کە لەکاتێکدا لەڕووی داهاتەوە بەڕێزتان ئاماژەتان پێدا کە مانگانە نزیکی ٥ملوێن یان ٦ملیۆن دینار داهاتان بووە، چی وای لێکردن نیشتمان جێ بهێڵن؟ داخۆ ترسەکان هێندە گەورەیە ؟ یاخود تەنها پڕوپاگەندەیەکە بۆ گەیشتن بە کەنارە هێمنەکانی ئەوروپا؟
وەڵام: بەڵێ، لەکاتێکدا ئەو کەسانەی بڕیاریان داوە من بگواسرێمەوە و کە دوایی وازم لەکارەکەم هێنا، هەمان ئەو کەسانە لەهەوڵی ئەوەدا بوون کە من ناڕيحەت و بێزارم بکەن، کەوتنە هەڕەشەکردن، تا گەیشتە ئەوەی پلانی زۆر جەهەنەمیانەم بۆ داڕێژن و لەڕێگەی نامەو زەنگی تەلەفۆنەوە، کە خۆشحاڵانە بۆ کاتی خۆی من هەموویم لای خۆم گلداوەتەوە و لام ماوە، تا وەک قوربانییەک بتوانم لەڕێگەی یاساوە بەکاریان بهێنم، لەناویاندا کەسانی موستەشار و جاش و کەسانی تریش هەن، کە هەڕەشيیان بۆمن ناردوە، بڕیاریان داوە ئە گەرمن لەو دۆسێیە پاشەکشێ نەکەم هەموو شتێک بەرامبەرم دەکەن، ئەوە بوو بەر لە دوو هەفتە من وازم لە کارەکەم هێنا، هەڕەشەکانیان بۆ هەموو کەسو کار و کەسەنزیکەکانی منیش بووە، من شاهیدم هەیە بۆ هەموو ئەو پرۆسەیە.
 کوردستانپۆست: لەکاتێکدا د.هاوژین حامید نیشتمان و دادگا جێدەهێڵێت و دور دەکەوێتەوە، داخۆ چارەنووسی ئەم کەیسە بەچی دەگات؟
وەڵام: من خۆشحاڵانە بەشێک بووم لەو کەسەی کە ئەو کەیسەم جوڵاند، ئەو مێژووە من بەشدار بووم لە نووسینەوەی، تاکو ئەمڕۆش بەردەوامی هەیە، ئەگەر بەڕێزتان سەیری قسەکانی ئەنجومەنی دادوەری بکەن دەبینن جگە لە ڕیاکاریی و بەڕێدالابردنی ئەو کەیسە نەبێت، کە دەڵێن ئەو کەسانە لێخۆشبونی گشتی بۆ ئەوانە دەرکراوە هیچی تریان نەکردوە و ناشی کەن.بەلای منەوە ئەو قسانەی ئەمڕۆ دەکرێت هیچی نابێتە بڕیاری یاسا، تاکە جێگەیەک بتوانێ ئەو کەیسە یەکلایی بکاتەوە یاسایە، ئەویش لە رێگای دادگاوە.من بێ گوێدانە هەر پێشهاتێک لەسەر خۆم و کەسوکارم ڕای گشتیشم ئاگادارکردۆتەوە لەم کەیسە.ئیتر لێرەوە بۆ هێشتنەوەی ئەو کەیسە بەزیندویی، دەکەوێتە سەر شانی خەڵک، من لەڕووی یاسایەوە ئەرکی خۆم جێبەجێ کردووە، تا لە ژیانیشدا بم بەردەوام دەبم لەسەر کارەکەم.بەگیانی خۆم، لەهەر جێگەیەکی جیهاندا ژیان بکەم، ئەو ئەرکە دەگرمە ئەستۆ و پەیمان دەدەم تا لەژیاندا بم بۆ ئەو کارە بژیم.
کوردستانپۆست: هیچ بەڵگەیەکت لەبەر دەستدا هەیە، یان تەنها گێڕانەوەیە، بەتایبەت لەسەر ئەم ٢٥٨کەسە ؟
وەڵام: بەڵێ بەڵگەکان فەرمانی گرتنێکە کە پێشتر بڵاوکراوەتەوە، من بۆ خۆشم هەندێک ووتەم هەیە، کە وەرم گرتوە لە کەیسی ئەنفالدا، هەندێک بەڵگەنامەم لایە، کە فایلی ئەنفال پشتڕاستدەکاتەوە، ویستومە کار لەسەر ئەو کەیسە بکەم و نامەی فەرمییم بۆ جێگە و ڕێگەی تر ناردوە، ئەمانە هەمووی دەبنە بەڵگە کە من چەند کارم بۆ کەیسی ئەنفال کردوە.
کوردستانپۆست: بۆ دوا پرسیاری ئەم بەشە، باوەڕت وایە بە دورکەوتنەوەت، ئەم کەیسە نەوەستێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە بەرفراوانتر بێت و سنور بشکێنێت، تا ببێتە کەیسێکی جیهانی، چونکە ئێستا رەوەندی کوردی لە دەرەوەی ووڵات زۆرن و خەڵکانێکیش پێگەیشتوون، زمان دەزانن! داخۆ ئەم کەیسە دەتوانێت لەگەڵ خۆیدا ڕێخراوێکی یاخی دروست بکات، کە دوور بێت لە دەستوەردانی حیزب و حکومەتی دەسەڵاتدار؟
وەڵام: وەک دروستکردنی ڕێخراو بەڕاستی من تاکو ئێستا بیرم لێنەکردۆتەوە، داهاتوو نازانم، چۆن دەبێت ؟ بەڵام وەک چالاکوانێکی خۆبەخش ئامادەگی هەموو شتێکم هەیە بۆ بەرێوەبردنی ئەو کەیسە و هەموو کەیسەکانی تر کە خزمەت بەگەلەکەم بکات.

 د.هاوژین حامید حسێن 
لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٢ شاری سلێمانی، هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا لەیاسا، دادوەری پێشوتر و مامۆستای زانکۆ.



چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 10 . زۆرباشە: 3.5/5)