ئاگادارییەک بۆ ئەو بەڕێزانەی نووسین بۆ کوردستانپۆست دەنێرن

Saturday, 20/03/2021, 19:16

11861 بینراوە


ستایش و پێداهەڵدان بەسەر کەسانی دەسەڵاتدار و خاوەن پلە و پۆست وەکو (جەناب، مامە، مامۆستا، گەورەم... هتد) ئەو ستایشانە لە ناو کۆمەڵگای دواکەوتوو، نیمچە کۆیلەدا بۆتە دیاردە و خوویەکی ناشرین.  ئەوانەی بەردەوام ئەم پێداهەڵدانە بەکار دەهێنن زۆربەی هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دەستکەوت و یارمەتییدان و خاترگرتنی دەسەڵاتدار، بەتایبەتی ئەوانەی خۆیان لە لا بچوکە و لە خوار بەرپرس و خاوەن پلە و پۆستێک خۆیان دەبینن. (لەگەڵ رێزمان بۆ هەندێک کەس، کە لەسەری راهاتوون و بەکاری دەهێنن). ئەم خووە ناشرینە بەهۆی ناوشیاریی کۆمەڵگا و خۆ بەبچوکزان لە ئاست کەسانی دەستڕۆیشتوودا دروست دەبێت. بۆیە ئەرکی نووسەر و هەموو کەسێکە هەوڵی کاڵبوونەوە و نەهێشتنی ئەو خووە ناشرینە بدات، بەشان و باڵی هیچ دەسەڵاتدار و بەرپرس و خاوەن پێگە و پایەیەکی سیاسیی و بازرگانێکدا هەڵ نەدەن، بەتایبەتی ئەو ناپاکانەی بەردەوام خیانەتی نیشتیمانی و نەتەوەیی ئەنجام دەدەن. ئەمانە جگە لە داگیرکەر و دوژمنانی کورد، رێزیان بۆ مرۆڤی کوردیش نییە.
ئەوەی لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی رابردوودا هەستی پێدەکرێت، ئەو داهێنانەشە کە دەسەڵاتی پیسخۆر و خائینی کوردیی برەوی پێداوە و کردوویەتی بە کەلتورێکی ناشرین و چۆتە ناو ناخی زۆرینەی خەڵکەوە، نووسەر و خوێندەوارەکانیش کە زۆربەیان لە دەسەڵاتەوە نزیکن وەکو خەڵکی ئاسایی نیین، بەو رێگایە دەستکەوتی مادی زۆریان وەرگرتووە، ئەوانە داهێنەر و هاندەری ئەم خۆسوککردن و پیاهەڵدانەن، دەیانەوێت کەسانی لە خۆیان بچوکتر کۆیلە دروست بکەن و بۆ ئەو دەسەڵاتەی کەویی بکەن.
ئێمە درێژە بەمە نادەین و قسەی زۆری لەسەر ناکەین، ئەوەی گرنگە لەم روونکردنەوەیەدا کە وەک دەزگایەکی راگەیاندنی رادیکاڵ، بە ئەرکی خۆمانی دەزانین  وشیاری بە خوێنەر و بە نووسەرەکانمان بدەین، پێیان رابگەیەنین: کە ئەو دەسەڵاتە کوردییەی باشوو دەسەڵاتی کورد نییە، بەڵکو دەسەڵاتی دوژمنی کوردە، ئەوانە کەسانی ناپاک، خائینن و خۆفرۆشن، ئەو پارتە سیاسییانەش، ئەوانەش کە بە ناوی ئاینییەوە خۆفرۆشی دەکەن و سەر بە دەزگای هەواڵگری بێگانەن، جەهالەت و نەزانین لە مینبەرەکانەوە بڵاودەکەنەوە و ژار دەڕێژن، خاوەن پۆست و پارە و دەستکەوتی مادیین تێکڕا کەسانی دڵسۆز و خاوەن رێز و ستایشکردن نیین، پێویستە هەر یەکەیان بە پێی پێناسەی خۆیان بانگ بکرێن، هیچ کام لەوانە شایانی رێزلێنان نیین. کوردستانپۆست لێرەوە بڕیاری دا هەر نووسینێک لە سیاسەتی رادیکاڵانەی کوردستانپۆست بچێتە دەرێ چیدی بڵاوی ناکەینەوە، یان ماف بە خۆمان دەدەین بە شێوەیەکی گونجاو ئەو وشانە لابەرین و دەستکارییان بکەین، بۆ نمونە:
- بۆ جەلال تالەبانی مەنووسن مام جەلال، تالەبانی تا ئەو رۆژەی بە لاداهات هەموو خیانەتێکی تاقیکردەوە.
- بە مەسعود بارزانی مەڵێن کاک مەسعود، یان جەنابی سەرۆک، ئەو سەرۆکی کورد نییە و بە دەنگی رەوای گەل نەبۆتە دەسەڵاتدار و سەرۆک. ...کەسی خائین و دز و ناپاک.. نابێت رێزی لێبگیرێت.
- بۆ مەسرور بارزانی مەنووسن کاکی گەورە. ئەو گەورە نییە، بەڵکو عەقڵ بچوک و خۆفرۆش و خوێنڕێژە، مەیکەن بە برای گەورەی خۆتان. پۆست و پێگەی سیاسیی لە مێژووی خیانەتی باوانێوە بۆ جێماوە.
- بۆ برایم ئەحمەد مەنووسن مامۆستا برایم ئەحمەد. ئەو رێویەکی فێڵباز بوو هەر لەسەردەمی پادشایی عێراقەوە رەگی خیانەتی لەناوماندا چاند. بە فەرمی بوو بە پیاوی ئینگلیز و سیخوڕی بەسەر کەسانی تێکۆشەرەوە دەکرد.
- شەرمە کە بە پاڤێل بڵێن بەڕێز، یان کاک و جەناب، گوێ لە قسەکانی بگیرێت. ئەو کەسێکی دەمڕوت و سەرسەریی و شەلاتییە. سفری دوای لێدوانی سیاسەت و کۆمەڵایەتیییە. کەسی عاقڵ و وشیار لە شەرمدا دەبێت موچڕکە بە لەشیدا بێت، کاتێک گوێ لە قسەی کەسانی وا بگرێت.
- بە قوباد مەڵێن مامی بچوک، ئەو تەنیا کوڕی بچوکی تالەبانییە، ئەو دەسەڵاتەی بە ئیمتیاز لە باوکێوە بۆ جێماوە، رێوشوێنی خیانەتکارانەی باوکی هەڵگرتووە.  جگە لە دەم پانکردنەوە و ماستاوکردن بۆ ماڵی بارزانی و داگیرکەران، سیاسی نییە و نایزانێت.
- بە لاهور مەڵێن شێخ لاهور، ئەمیش وەکو پاڤێل و قوبادە، هیچ نییە بلیتی مامی لە باخەڵدایە، کە لە بەر نەبوونی پیاو لەناو یەکێتییدا، کردیان بەو پیاوە.
- بە نەوشیروان مەڵین باوکی هەژاران یان رەوانشاد. ئەو تەنیا باوکی چیا و نمابوو، نەک باوکی هەژاران، کە مردیش بە رەوانشادیش نەمرد، بەڵکو بە رەوان تەڵەکەبازیی و درۆزنی ماڵئاوایی کرد.
- بە حەمەی حاجی مەحمود مەڵێن کاکە حەمە.
- عەلی باپیر بە مامۆستا بانگ مەکەن.

 جنێویان پێ مەدەن، با وشەی جنێویش ناشرین و قێزەوەند نەبێت

- هەموو ئەمانە تەنیا بە ناوی خۆیانەوە بە رووتی ناویان بهێنن و بانگیان بکەن، چونکە هەموویان رووتن لە رەوشت، لە جوانی، لە موڕاڵ، لە کەرامەت و دڵسۆزی بۆ خاک و نیشتیمان، هەر نووسەرێک وەکو ئەوان نەبێت بە باڵای ئەم خائینانەدا هەڵنادات و جوانیان ناکات. جنێویشیان پێ مەدەن، با جنێو ناشرین و قێزەوەند نەبێت.
ناوەکان زۆرن، ئێمە ئەو چەند ناوەمان دەستکەنە کردووە.
ئەمە بەرپرسیارێتی مێژووە، هەرچەندە دەزانین کاری ئێمە زەحمەتە، لێ خۆمان خستۆتە بەر تەوژمی ئەو بەرپرسیارێتییە.
بۆ ئەوەی رەگی خیانەت لە ناوماندا هەڵکێشین، لە دەست ئەمانە رزگارمان بێت، با سەرەتا سەری داوەکە لێرەوە بگرین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە