ڕێککەوتنى ئەتۆمى و گەروى باب المندب..کارتى داعش و حوسیەکان بەرەو کوێ..؟

Saturday, 04/04/2015, 11:00

7696 بینراوە


تێک چونى هاوسەنگى هاوکێشەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ، وەک ئەو تۆڕە جاڵجاڵۆکە وایە ، کە دەکرێت لەسەر هەر دەزویەکى جۆرێک لە یارى و سیناریۆ هەبن ، هەر سیناریۆیەکیش بۆ کۆمەڵێک بەرژەوەندى لە لایەن دژەکانەوە بەرامبەر یەکتر بەکاردەهێنرێت ، هەر دەزویەکیش پەیوەندى بە بە دەزوەکەى ترەوە هەیە ، لەم نێوەندەدا ئەگەر سەرەتاى بەهارى عەرەبى بریتى بوبێت لە داواکارى خەڵک بۆ باشترکردنى ژیانى تاکەکان و کرانەوە بێت بە ڕوى دنیا و جۆرێک لە وێنەى ڕۆژئاوا بکرێت بەبەر دەسەڵاتەکاندا ، ئەوا هەر زوو بە سیناریۆى داعش ئەم خەونە زیندەبەچاڵ کرا ، خۆ ئەگەر بەهارى عەرەبى لەژێر کاریگەرى گلوبالدا بوبێت بۆ کۆتایى هێنان بە دیکتاتۆرەکان ، ئەوا بۆ مانەوەى ئەو دەسەڵاتانەى کە لە زۆرێک لە وڵاتانى رَۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا هەن ، جۆرەها سیناریۆ و تاکتیک ئامادەییان هەیە ، بۆ هەر ڕوداوێک سیناریۆى ئامادەکراویان هەیە ، هەر لەم چوارچێوەیەدا ئەوەى ڕودەدات ، هۆکارى سەرەکى ڕاگرتنى هاوسەنگى و پاراستنى بەرژەوەندییەکانى ناتۆ و ئەمریکا و ئیسرائیلە ، کاتێ ئەم دەرکەوتەیەى داعش سەرهەڵدەدات وڵاتانى دژ دەکەونە بەکارهێنانى ئەم ڕووداوانە بۆ بەرژەوەندى خۆیان ، بەهارى عەرەبى دەگۆڕێت بۆ داعش و پاشان ئەمریکا و ئێران دەکەونە بەکارهێنانى ئەم ڕووداوانە بۆ ئەوەى نمایشى خۆیان لەسەر گۆڕەپانى دەرەوەى وڵاتانى خۆیان بکەن .
ئێران هەر زوو توانى خۆى بکاتە هەرەمێکى سەرەکى و ئەو نامەیەش بداتە ناتۆ کە تەنها ئێران دەتوانێت تەواوکەرى هێزى زەمینى ئەو پرۆسە سەربازییە بێت ، کە ئێستە لە ناوچەکەدا پیادە دەکرێت ، وەک بەرەى دژەتیرۆر بەرامبەر بە داعش ، بەدەر لەمە توانى کارتەکانى لە شوێنى خۆیدا بەکار بهێنى و ئەمریکا و ناتۆ ناچار بکات بە دانوستانى نەرم لەسەر دۆسەیەى ئەتۆمى و کۆتای بە دانوستانى کۆنکرێتى بهێنێت ،ئێران توانى تکریت و عەدەن و دیمەشق و بیروت و بەغداد و قەندیل و ئیسلام ئاباد و کابول و وڵاتانى دەریاى قەزوین ببەستێتەوە بە ئاسایشى نەتەوەیى خۆیەوە ، هەموو ئەمانە و سەرکێشى حوسییەکان بۆ گەروى باب المندب و لەویشەوە بە کەناڵى سویسدا بۆ جەبەل تارق هەڕەشەیکى گەورەبوو، کە ئەگەر ڕێکنەکوتنایە ، ئەوا ئەم پلانە جێبەجێدەکرا ، ئەو کات ئێران لە ڕووى ئاوییەوە هەر لە خلیجى فارسەوە تا تونبى گەرورە و بچوک و ئەبو موسا و دەروازەى عەدەن و پاشان بۆ کەناڵى سوێس ، کە دەبوە گەورەترین و باڵادەستر ین هێزى ناوچەکە و پێدەچو بگەیشتایەتە جەبەل تاریق ، بە واتایەکى تر دواى دەرکەوتنى داعش کە تورکیا و سعودیە پاشەکشە دەکەن بە سیناریۆ ، دەرگاى عێراقى بۆ دەکرێتەوە دەبێتە هۆیەکى باش بۆ ئەوەى بە تەواوەتى ئێران عێراق داگیر بکات ، لە یەمەنیشەوە هەڕەشە بخاتە ناو حەوشەى سعودیە و هیلالى سونى ، کاتێک ناتۆ ئەو نامەیەى پێ دەگات ، لە تێک چونى هاوسەنگى هیلالى سونە و شیعە دەرگا بۆ سعودیە دەکاتەوە کە بەرەیەکى سونى پێک بهێنرێت بۆ ئەوەى بتوانێت هاوسەنگیەکە ڕابگرێت .
ئێران توانى کارتى حوسیەکان لەبەرامبەر دانوستانى ئەتۆمى بەکار بهێنێ و کارتى تکریت لەبەرامبەر ڕاگرتنى داعش بەکار بهێنێ و کارتى حزب اللە لە لوبنان و فەلەستین لەبەرامبەر ئیسرائیل بەکار بهێنێ و لە کابولیشدا هاوپەیمانى ئەمریکا بێت و نەهێڵى بە تەواوەتى تورابۆرا بوەستینرێت ، ئەگەر پێشتر کۆتاى هێنانى داعش ڕاى سەرمێزى هەمو وڵاتان بوبێت ، ئەوا ئێستە بوە بە دوو داواکارى کە ئێران توانى سەر مێزى گفتوگۆى تیرۆر دابەش بکات بە سەر دوو هێڵدا ، لەناوبردنى داعش و حوسییەکان ، خۆ ئەگەر حوسییەکان ئامادەیى دانوستانیان هەبێت ، ئەوا ئەو کارتەى دەستى هیلالى سونى مێزى گفتوگۆى نیە ناتوانێت بمێنیتەوە ، کە وا دەدەکەوێت کە یارییەکە لە دواى دانوستانى ئەتۆمى هەر بە قازانجى بەرەى شیعى بێت ، کە وردە وردە خەریکە بەرى ناتۆ بخاتە ناو هیلالى سونیە و بەرەى خۆى بخاتە ناو هیلالى شیعیەوە ، کە دیسانەوە دنیا دابەش ببێت بەسەر دوو بەرەدا و ناتۆ و وارشۆ ، ببن بە شیعە و سونە .
قسەکانى رۆحانى و ئۆباما سەبارەت بە ڕێککەوتنیان لەسەر دۆسەیەى ئەتۆمى ، ئێرانى بردە قۆناغێکى تر ، ئێران توانى کارتەکانى بە ئاراستەى بەرژەوەندى خۆى بەکار بهێنێ و ئەمریکاش قبوڵیەتى و دەیەوێت هیلالى سونى و شیعى هاوسەنگ و هاو ئاراستە بن ، ئەمریکا لەوە گەیشتوە کە ئێران دەسەڵاتى بەسەر زۆریک لە ناوچە نەوتیەکاندا هەیە ، ئێران دواى سەرکەوتنى لە بەکارهێنانى کارتەکانیدا و دواى بونە هێزێکى گەورە ، ئەمریکا و ناتۆ لەو ڕاستیە تێگەیشتون کە بە بێ ئێران هێمنى ئاسایشى ئەم رۆژهەڵاتى ناوەڕاستە سەقامگیر نابێت .
قسەکانى ئەمرۆى ئۆباما و رۆحانى ڕەنگدانەوەى ئامادەگى بەهێزى ئێرانە لەسەر دەزوى جاڵجاڵۆکەیى رَۆژهەڵاتى ناوەڕاست ، لە ئۆکرانیا و تاسەر وڵاتانى قەفقاز و دەریاى قەزوین لەوێشەوە بۆ پاکستان و ئەفغانستان و لوبنان و فەلەستین و یەمەن و عێراق و سوریا و تورکیا و تا ئاستێکیش دەسەڵاتى هەیە بەسەر بۆرییەکانى نەوت و گازى نابۆکۆ و تانابدا ، دواى ئەمانە جوڵەى سەردەزوەکان بەردەوامیان دەبێت و دەکرێت لەهەمو ڕوەکانەوە بخوێنرێتەوە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە