لە جەژنی ئیستەردا تەرمی جۆنستۆن دیاری کورد بوو بۆ ئەماندەی دایکی

Saturday, 04/04/2015, 11:25

8811 بینراوە


تەرمی شەهید ئەشلی جۆنستۆن لە تورکیاوە گەیشتە سیدنی. لە رێکەوتی ٢/٤/٢.١٥. کۆمەڵەی کوردی پەکەکە، مەراسیمێکی  بەو بۆنەیەوە رێکخست سەعات ١١ بەیانی لە گۆڕستانی مەکواری پارکی سیدنی. لە کاتژمێری ١:١٥دوای نیوەرۆ تەرمەکە گوازراییەوە بۆ ماڵی کوردان، بارەگای هەمان کۆمەڵەی کوردییە لە بلاکتاون. کاتژمێری ٢ی پاش نیوەڕۆ تەرمەکە گوازرایەوە بۆ شاری کانبێرای پایەتەخت شوێنی گوزەرانی دایکی شەهید. بەشدار بوانی ئەو مەراسیمە بریتیبوون لە هەندێ دام و دەزگای میدیای ئوسترالی، ژمارەی کوردی بەشدار بوو لە سەرتانسەری ئوسترالیا تەنها  ٣٠٠ تاوەکو ٣٥٠ کەس دەبوو لە شاری سیدنی بەڵام بۆ شاری کانبێرا ئەو ژماریە ئێجگار کەمی کرد.  لە بەرواری ٨/٤/٢٠١٥دا لە سەر داوای دایکی تەسلیم بە خاک دەکرێت لە مەراسیمێکی تایبەت بە  خێزانەکەیان.
چیرۆکی یەکەم شەهیدی رۆژئاوایی لە رۆژئاوای کوردستان بەو شێوەیە بووە، ئەشلی جۆنستۆن لە ناو ئۆتۆمبێلێک دەبێت لەگەڵ شەش شەرەڤانی تری کوردی رۆژئاوا، دەوریان دەگیرێت  لەلایەن داعشەوە، ئەشلی یەکەم کەس دەبێت خۆی هەڵدەداتە خوارەوە بۆ ئەوەی دەست بوەشێنێت بۆ رزگارکردنی هاورێکانی، دەستڕێژی لە داعشەکان دەکات هەموو هاورێکانی تری رزگار دەکات بەڵام خۆی شەهید دەبێت.
  
چەند رۆژێک پێش ئەو مەراسیمە لە شاری کانبێرا، تەرمی جۆنستۆن پێشانی دایکی درا بە مەبەستی ناسینەوە، دایکی زۆر بەهێمنی دەستی بە هەردوو لا رومەتەکانی داهێناو ماچی کرد. لە وتارەکەیدا گووتی " ئەشلی ژیانی خۆی بەخت کرد لە پێناو هەق و راستی. هەستی بەبوونی ناهەقیەک کرد لەو جیهانە، ئەوەی ئەنجامدا کە خۆی بڕوای پێ بوو راستە ، دەستی یارمەتی درێژ کرد بەوەندەی لە دەستی هات و پێیکرا لەو کاتەدا".
دیتنی تەرمی ئەشلی وەکو کوردێک تواندومییەوە، میللەتێکی چل ملیۆنی لام بچووک کردەوە، دونیای رووناکی لێم کرد بەشەوە زەنگ، بەوەی تەرمەکەی لە تورکیاوە گەڕایەوە بۆ ئوسترالیا. کاتێک وەڵامێکی مەنتقی نامێنێت بۆ پرسیارەکانی دروست دەبن لەسەر هەر مەسەلەیەک بێت، ئەو کاتانەییە کە مرۆڤ بە ویستی خۆی یان بێ ویستی خۆی تووشی ئەو حاڵەتە بووبێت هەر یەک شتە، ئەویش شەرمەزارییە کە قورسترین هەستە، ملکەچت دەکات بۆ خۆ دزینەوە لە وەڵامەکان، سەرداخستن، بێ هیوا بوون، هەست بەگەمژەیی و کەم کردنە، توش بوونە بە گێژاوەیەک لە دەرووندا لە نێوان ئەوەی دەبێت ببێت و بکرێت، لەگەڵ ئەو واقیعە تاڵەی کە خۆی سەپاندەوە.

 دیاری دەستی ئێمەی کورد، جێژنە پیرۆزەی جەژنی ئیستەی ٢٠١٥بۆ ئەماندەی دایک، تەرمی کورکەی بوو، بەڵام  کۆمەڵگای کوردی ئوسترالیا ئەو ئامدەبوونەی نەبوو کە جێگای قورسی رووداوەکە بێت، پڕ بەپێستی ئەو قوربانییە بێت کە ئەشلی ئامادە بوو پێشکەش بە میللەتی کوردی بکات. ئەمە نیشانەی لاوازی میللەتێک دەگەیەنێت، نەبوونی هەست بەرامبەر لێپرساوەیی سەرشان، بەرامبەر بە مرۆڤاییەتی و دۆزە ڕەواکەمان. ئەو هەڵوێستە ئاوێنەیەکە رەنگدانەوەیی خۆپەرستی، بڕوانەبوون بە خۆشەویستی، نەبوونی مۆراڵ، رێزنەگرتنە  لە پرنسیپی بەرز، گوێنەگرتنە لە هەستی بەرامبەرو دەوروبەر،  زامێکی گەورەییە لە جەستەی تاکی کورد، ئاماژاییەکی ئێجگار ناشرین و زەنگی دیاردەییەکی گەلێک ترسناکە.

سەربەرزی و نەمری بۆ شەهیدی مرۆڤایەتی، ئەشلی کێنت جۆنستۆن.
تێبینی
 سوود لەو لینکە وەرگیراوە،


تێبینی دووەم، ئەو ڤیدیۆ کلیپەی سەرەوە  لە مانگی دوودا بڵاو بوەوە دوای گەیشتنی هەواڵی شەهید بوونی جۆنستۆن. لە ووتاری پێشوو "مۆراڵ و دایکی شەهید جۆنستۆن"، وەرمگێرابووە زمانی کوردی، بەڵام جارێ ئەرشیفی کوردستان پۆست بۆ ماڵبەرە تازەکە نەگوازراوەتەوە کە بتوانرێت سوود لە لینکەکەی وەربگێرێت، بە مەبەستی بەبیر هێنانەوەی چەند زانیارێک باشتر بوو ئەو لینکە دووبارە ببەسترێتەوە بەو هەواڵە. ئەوەی لەناو هەواڵەکە وەکو وتاری دایکی جۆنستۆن وەرگێرداراوەتە زمانی کوردی ئەوا ئەو وتارەیە کە لە مەراسیمەکەدا پێشکەشی کرد. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە