شۆڕش و سەگە هارەكان

Wednesday, 08/04/2015, 18:55

3723 بینراوە


ماوەيەكى زۆر بوو ئاسمان بە تاريكى داپۆشرابوو، سێبەرەكان ترسيان خستبووە دڵەوە، ماڵەكان ببوونە زيندانێكى داخراو بۆ خۆ گونجێنەران لەگەڵ سێبەرە ترسناكەكان، سێبەرەكان لەهەر شوێنێكدا بوونايە سەدان سەگى هار خۆيان دەخزاندە ژێرى هەتاوەكو شوێن و مانەوەى خۆيان جێگير بكەن. بەڵام ماڵە ڕووناكەكان لەو زەويە تاريكەدا و لەژێر ئەو ئاسمانە تاريكراوەدا دەبوونە جێى مەترسى بۆ ئەو سەگانە، بۆيە كاتێ ڕووناكيان لە هەرماڵێكى ئەو نەتەوەيەدا ببينيايە بەو سەگە هارانەى كە لە گۆشت و خوێنى خۆيان بوون تاريك و خاپوريان دەكرد.
لەترسى وونكردنى سروشتى نەتەوە و خاك خۆگونجاندن كرايە پيشەيەكى سەرەكى بۆ دووركەوتنەوە لە ميكرۆبى ئەو سەگانە، بەڵام ئەم خۆگونجاندنە نەبووە هۆى ڕوانەوەى ترس لەو دڵانەى كە خۆيان لە تاريكى حەشار داوە و بە هيواى ڕووناكى چاو دەكەنەوە، چونكە هەركاتێ كە بەيانى دەهات سەگەهارەكان دەرگاى ماڵەكانيان دەدايە بەر شەق و هێرشيان دەكردە سەر خاوەن ماڵ و لە خاك و شارى خۆي وەدەريان دەنا، لەپاشان دەكەوتنە ناو شەقام و كۆلانەكان هەر نەوەيەكى پاكى ئەو نەتەوەيەيان بەپاكى ببينيايە پەلامارياندەدا هاتاوەكو نەخۆشى بكەن يان بيكوژن.
بەڵام ئەم تاريكيە بەردەوام نەبوو، بەيانيانێك پێش دەركەوتنى خۆر ئازادى سەر زەوى داپۆشى لەگەڵ گەيشتنى تيشكى خۆر هەموو سێبەرە ترسناكەكان لە ژێر خاك نران، ئاسمان گەڕايەوە سەر سروشتى خۆى، باڵندەكان دەياندا لە شەقەى باڵ و دەفڕينە بەرزايي ئاسمان و گوزارشتيان لە ئازادى دەكرد، زيندەوەرانيش لە هێلانەكانيان دەهاتنە دەرەوە هەتاوەكو بەژدارى ئەم خۆشيە بكەن، درەختەكانيش سەمايان دەكردو ئاوازى ئازادى گەليان دەژەند، كاتێ كانيەكان ئاوازى ئازاديان بيست كەوتنە لاسايى كردنەوەى چاوى دايكى شەهيدان و فرمێسكى خۆشيان دەردەدا، كۆترە سپيەكان بە كۆمەڵ دەنيشتنەوە و ئەركى خۆيان بەجێ دەگەياند و جووت جووت دەچوون بۆ دەرگاي ماڵان هەتاوەكو موژدەى بەيانيەكى نوێيان پێبدەن، لەگەڵ هەر لێدانێكى دەرگادا ئاوازى بەيانيەكى شاديان دەخوێند، كاتێ خەڵكى لە خەڵوەتى ترسدا هاتنە دەرەو ئاسمان و زەوى ببوونە گۆڕەپانى دەربڕينى ئازادى.
سەگە هارەكان لە خاچ درابوون لەسەرى كۆلان و شەقامەكان وەك هێمايەك بۆ كۆتايي هاتنى تاريكى دڵۆپ دڵۆپ خوێنيان لێدە چۆڕا، دڵۆپە خوێنەكان لەترسي خوێنى شەهيدانى ئەو خاكە خۆيان دەشاردەوە و دەچوونە پاڵ يەكترى، بەڵام نەيان توانى نكۆڵى لەو گۆمە خوێنە بكەن كە دروستيان كرد، ئەو گۆمەش ببوە بەخشەرى هێمنى دڵە سووتاوەكانى ئەو شارە، كاتێ پەرداغەكان بيستيان خوێنى سەگە هارەكان گۆمى بەستوە يەك بەدواى يەك كەوتنە ڕێ هەتاوەكو خزمەتى خەڵك بكەن بە خواردنەوەى حەڵاڵ و كۆتايى بهێنن بەحەڵاڵكردنى خوێنى ڕۆڵەكانى ئەو شارە.
بەڵام ئەم ئازاديە نەبووە هۆى كۆتايي هاتنى سەگە هارەكانى خۆمان، بەڵكو زەمينەى خۆش كرد بۆ ئازاردانى ئەو كەسانەى كە هەتاوەكو ئێستا شوێن دەمى سەگەكانى ڕابردوو لە جەستەيان ساڕێژنەبووە، بۆيە جارێكى تر سەگەهارەكانى خۆمان شوێن سەگەهارەكانى ڕابردوويان گرتەوە خوێنى ڕۆڵەكانى ئەو شارەيان حەڵاڵ كرد، بۆ چەسپاندنى ترس و بوونى خۆيان چەند ڕۆڵەيەكى ئەو شارەيان لە خاچ داو خوێنەكەيان بە پەرداغى ئازادى بەسەر ماڵاندا دابەش كرد، بۆيە جارێكى تر تاريكى شارى داپۆشى و دەرگاى ماڵەكان داخرايەوە ڕووناكيەكان كوژێنرايەوە و زيندەوەرەكان چوونەوە هێلانەكانيان و باڵندەكان ژەنينى ئاوازى ئازاديان لەبيربرايەوە و كانيەكان ئاويان داى لە زياد كرد. بەڵام لە قولايي تاريكى ئەو شارەدا تەنها ديوارێك دەدرەوشايەوە و ڕووناكى دەبەخشى بەسەرانسەرى شارو بوونى زيندوويەتى و ژيانى تێدا ديارى دەكردن، هەر كە سەگەهارەكان ڕووناكيان بينى هێرشيان بردە سەرى و بەهەموو هێز و توانايەكيانەوە هەوڵياندا بيڕووخێنن. بەڵام زۆر بەهێز تربوو لەوەى كە ئەوان چاوەڕوانيان نەدەكرد، سەريان سووڕما كاتێ ڕوانينيانە سەر ديوارەكە نووسرابوو.

سەگە هارەكان بكوژن
باوكتان بكوژن
هاوڕێكانى باوكتان بكوژن
كۆتايي بە دەسەڵاتى باوكتان بهێنن
شۆڕش بەرپابكەن
ئەگينا كوردستان لە دەست دەدەن 
ب. عومەر

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە