هزرێک بۆ دوای رووخان

Thursday, 09/04/2015, 13:58

7246 بینراوە


کاتی خۆی ئەمەریکا بۆ ئەوەی دژایەتی کۆمەنیست و پێشکەوتنخوازەکان بکات،  پشتیوانی لە هێزە ئسولیو کۆنەپەرستەکان دەکرد، 1)) بەداخەوە دەسەڵاتی سیاسی کوردیش لە باشوور  لە هەناوی ئەو پڕۆژە کۆنە لەدایک بووە، یەکەم دەسەڵاتێکە  سەربەخۆی سیاسی نیە و پشتیوانی هەرێمی هێشتویەتەوە و لە چارچێوە گشتیەکەی ناوچەکە جێگای بۆ کراوەتەوە،  دووەم لە ڕووی هزریش ڕێگا چارەیەکیتری نیە بۆ مانەوەی، جگە لە چاولێکەری سیستەمە گشتیەکەی  دەوروبەری، بۆیە  نە ئەو دەتوانێت  لە  ئیسلامی سیاسی  جیابێتەوە و نە ئیسلامی سیاسیش لەو جودادەبێتەوە، ، گەرچی ناوە ناوە لێشیان دەکوژی، بەڵام  هەرگیز کاریگەری لەسەر پڕۆژە گشتیەکە نابێت، ئەوان دەیانەوێت بەبەردەوامی نمایشی  دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لە نێوان خۆیاندا دابەش بکەن.       
 ئەمن هەڵەبووم لەوەی  کە باوەڕم وابوو ئیسلامیش وەک مەسیحیەت چاکسازیی تێدا دەکرێت.(2) دوای گەڕانێکی زۆر  گەیشتمە ئەو باوەڕە،  کە ئیسلامی سیاسیی نەک دین لە دەوڵەت جوداناکاتەوە، تەنانەت ئامادەشی تێدانییە دین و خورافییات لێک جودابکاتەوە. ئیسلامی سیاسیی چەمکی دەوڵەتی لە دین تواندۆتەوە، چونکە باوەڕەکەی هەڵگری هەقیقەتی ڕەهایەو خۆی بە خاوەنی گۆی زەوی دەزانێ.ئەو خاڵانەشی کەگوایە لەسەری ڕازین، بە ئەگەرەکان دەیخنکێنن، بۆ نموونە دیموکراتی،بەو مەرجە رازین، کەحوکمی گەل بدرێت بە خودا،بۆ ئەوەی خاڵە  سەرەکیەکی سیکولاری تێدا بکوژن، مێژوو لە چەندین وڵاتدائەو ئەزموونانەی بۆ یەکلاکردووینەتەوە، کە ئیسلامی سیاسیی  میانڕەو بوونی نییە، بەڵكو ئەو ئەزموونانەی ئیسلامی سیاسیی تا ئەو کاتە میانڕەون، کە هێز دەگرنە دەست، چونکە ئەوان ئامانجێکی دیاریکراویان هەیە، لە گفتووگۆکانیشدا، تەنها بە دوای سەرکەوتندا دەگەڕێن،  ئەگەر کاتیش بێت،  بۆیە ئەمن گەیشتوومەتە ئەو باوەڕە کەهیچ پێویست ناکات وتوێژکردن لەگەڵ ئیسلامی سیاسییدا  لەسەر تێکستی دینی بێت، بەڵكو دەبێت لەسەر ئەو یاسا و دەستوورە  هاوچەرخە بێت کە دین تێیدا دەسەڵات نییە،بەڵکوتەنها بەشێکە لە ئازادی تاک، بۆیە ئیسلامی سیاسی دەکەوێتە دوو خانە یا دەبێت ئاینی ئیسلام لەناو ببات یا مرۆڤ، چونکە نە مرۆڤ دەتوانێت بژی لە ژێر سایەی دەسەڵاتێکی ئیسلامی سیاسی و نە ئاینیش دەتوانێت وەک ئایدلۆژیایەک لەو سەردەمە پێشکەوتنخوازە خۆی بگونجێنی، کەواتە ئاین ڕووبەڕوی یەکلابونەوەیەکی سەخت دەبێتەوە.

 ناتوانم بەبێ قسە کردن لەسەر ئەو پرسیارە، ئەو بابەتە بەجێ بهێلم:پرسیارەکەش ئەوەیە: باشە بۆ ڕاگەیاندنی کوردیی شێوازی چاوپێکەوتنەکانیان لەگەڵ کەسایەتیەکانی ناو بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسیی لەو ڕوانگەیە کە بڕیاری یەکلابوونەوەی ئازادی تاک بەدەست ئەوانە؟بەکێ دەگوترێ شەهید؟ بە کێ دەگوترێ کافر؟ سزای فڵانە کار چۆنە؟ سزای فڵانە کردەوە چییە؟ ئاخر تاوانە تۆ ئەقڵ و پێوەرەکان بە هەڵە و ڕاست لەودا ببینیتەوە، یا بەزمانی ئەو چاک و خراپ لەگەڵییان بدویی. ئایا تۆ بۆ خۆت نازانی هێرش بۆ خاکەکەت دەهێنن و دەیانەوێ سیما و ناسنامەکەت بسڕنەوە؟! ئاخۆ مافێکی ڕەوای خۆتە داکۆکی لە خۆت بکەیت؟ ئایا چ پێویستت بەوە هەیە لە مەلایەک بپرسی ئایاکێ شەهیدە یان نا؟ ئەوە پێوەری مرۆڤ بوونی خۆتە،کە ئەو کێشەیە یەکلادەکاتەوە نەک دەقەکەی ئەو،  ئەو کاتەی تۆ ڕێگە بەوان دەدەیت خەڵك بە کافر تۆمەتبار بکات، شەرعیەتی ئەوەی دەدەیتێ بە کەیفی خۆی خەڵک بکوژێ، چونکە لە جیهانی ئەو کافرەکان دەبێت بکوژرێن. ئیسلامی سیاسیی دەبێت سنووری بۆ دیاری بکرێت و فێر بکرێت ڕێز لە ئازادی تاک و گشت بگرێت.هەروەک دەبێت هەقی بەسەر ئەوەوە نەبێت چی دەخۆین و چی دەپۆشین، چی ...،بۆیە نابێت ئەو بۆ مان دیاری بکات.

 هەندێک بەناو عەلمانی  بۆ ئەوەی هەندێک کێشەی کۆمەڵایەتی چارەسەر بکەن، چەند مەلایەک دەکەن بەسەرچاوە و لەگەڵ خۆیان دەیانهێننە سەر شاشەی تەلەفیزیۆنەکان، بەمەش دەیانەوێ پێمان بڵێن، فەرموو ئەوە مامۆستا دەڵێت ئەو کارە لە قورئان ڕێگەی پێدراوە، باشە ئەدی بۆ قسە لەسەر هەڵەو ڕاستیی  بابەتێکی وەک خۆی ناکەن؟ بۆ نموونە فرە ژنی ،گەر بمانەوێ باسی ئەو دیاردەیە بکەین چ پێویستمان بە مەلا هەیە،  بۆ دەبێت ئەو ڕێگەیە بۆ ئەوان واڵا بکەین؟ چ لە مەسەلەکە دەگۆڕێ؟ لە جیاتی ئەو مەلایە بۆ بۆ خۆت نایەت باسی قێزەوەنی و وێرانی ئەو حاڵەتە بکەیت، تەنها بیر کردنەوە لەو جیهانە، مرۆڤ هێڵنجی دێت تێیدا. باشە ئەدی ئەوانەی کە مەلا فەتوای لەسەر دەدات، ڕێگە پێدراوە بیکەین؟(3) هاوسەرێتی تاک لە گەورەترین قەیرانە دایە، کەچی ئیسلامیش نەک هەر پێی چارەسەر ناکرێت، بەڵکو دەیەوێت بە کێشەیتر ژن بکاتەوە قوربانی، کەچی تۆ دەیهێنی کێشەی فرەژنیمان بۆ چارەسەر بکات؟ پێکەوەژیان بڕیارێکی ئارەزومەندانەی دووکەسە و پێویستی بە هیچ یاسایەک نییە، جگە لەوەی ئەو دوو کەسە بۆ خۆیان دایدەنێن. پێویست  بەوە ناکات بگەڕێینەوە بۆ هیچ سەرچاوەیەک. مرۆڤی شارستانی لەمێژە لە ژێر ئەو چەترە دەژی و ئاسودەشە، چونکە بێ کۆت و بەندە.

ئیسلامی سیاسی گروپێکی زۆر ترسناکە، جا بەهەر شێوەیەک بێتە پێشەوە، ترسناکترینیان ئەو گروپانەن کە باوەڕیان بە حزبایەتی نیە، چونکە سیاسەتەکەی ئەوان ئەوەیە لەژێرەوە کۆمەڵگە هەڵتەکێنن و پرسیار و گومان نەهێنە سەر مێزی گفتووگۆ، ئەقلیەت و کلتوری قبوڵ نەکردنی ئەوانیتر زۆر بەزەقی تێیاندا دیارە، دکتۆر عەبدولەتیف کەیەکێکە لە سەرکردەی دیارەکانی سەلەفیەکان لەبەرنامەیەکی ڕادیۆی ، بەتوندی ڕەخنە لەو ئیماندارە دەگرێت، تەنها لەبەر ئەوەی سڵاو لە کەسێکی سەر بەکۆمەڵی ئیسلامی کردووە.

بەڵام لەگەڵ ئەوەش دەبینین ئیسلامی سیاسی گەمەیەکی سەرکەوتوو دەکات، چۆن دەسەڵاتی کوردی خاک و هەستی نەتەوەی کردووە بە پرۆژەکەی خۆی، ئەو دین دەکات بە پڕۆژەی سیاسی خۆی و بازنەیەک بۆ تۆ دیاری دەکات، بە ناوی خوا و پێغەمبەر دەدوێت،بۆ ئەو زۆر ئاسانە خولانەوە لە ناو ئەو بازنەیە، چونکە ئەو چاک دەزانێ زۆرینەی کۆمەڵگە ئیسلامە، ئەگەر سیاسیش نەبێت، بۆیە دەبێت ئیسلامی سیاسی وەک ئایدلۆژیای مامەلەی لەگەڵدا بکرێت، جا چی دەکات بە سەرچاوە بۆ خۆی لێرە و لەوێ ئەوە کێشەی خۆیەتی، پێویستە ئەو نوێنەرایەتیەی لێبستێندرێتەوە و بە پرنیسپەکانی سیاسەت مامەڵەی لە گەڵدا بکریت و بە چەمکی ڕەخنەو ڕەخنە لەخۆگرتن،بانگبکرێتە سەر مێزی گفتووگۆ ، نەک بە ئەقلیەتی پیرۆزبوون و حوکمی شەریعەت.

-زەبروزەنگ لە هەناوی پیرۆزبووندا لە دایک دەبێت و بیریش  سنووردار دەکات، دەقی پیرۆز و کەسی پیرۆز،بەشێکی گەورە لە مێژووی مرۆڤایەتی بەبێ تێگەیشتن دەهێڵیتەوە.

- لە ڕوانگەی ئەوەی ئیسلام نابێت لە گەڵ زەمەندا بگونجێت(ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە بۆ خۆی ئیرهابێكی گەورەیە).

-ئەو بیرە ترسناکەی ئیسلامە سیاسیەکان هەیانە، گوایە ئەوان خاوەن گۆی زەوین و دەبێت لە کافرەکان ڕزگاری بکەن، ئەوە بیر کردنەوەیەکی نەخۆشە، نابێت ڕێگای پێبدرێت.

-نابێت ڕێگا بە ئیسلامە سیاسیەکان بدرێت، هێرش بکەنە سەر ئازدی تاک و کۆمەل.

ئەمن وای  بۆ دەچم  توشی هەڵەیەکی گەورە دەبین، ئەگەر بێتو لەبەرەی ئەو دەسەڵاتەگەندەڵە ڕەخنە لە ئیسلامی سیاسی بگرین،دەبێت لەو بازنەیە دەرچین  کە دەسەڵاتی سیاسی بۆی کێشاوین و بۆمان دەکێشێت ،دەسەڵات و ئیسلامی سیاسی، جمکن،مانەوەی  ئەو بارودۆخە ترسناکە، زیان بە ئیستا و داهاتوومان دەگەینێت، دەبێت بگۆڕێت، چونکە ڕێگا چارەی مانەوەی بزرکردوە.

ئێمە ڕۆژانە ناڕەزایی خەڵکمان گوێ لێدەبێت کە باس باسی خیانەت، دزی، گەندەڵی ، درۆ، .... دەکەن، بە جۆرێک  هەست ناکرێت متمانە لە نێوان خەڵك و دەسەڵاتدا مابێت. ئەوەی تاکەکانی ناو دەسەڵات دەیڵێن لە بەرپرسێکی بچووک تا دەگاتە سەرۆکی هەرێم، هەق بە لای خەڵکەوە دەبێت کە گلەییان لێدەکەن.ئەوەش لە خوێندنەوەیەکی گشتیدا، ڕووخانی ئەو دەسەڵاتەمان بۆ روون دەکاتەوە.

لەسەرەتای خۆپیشاندانەکانی میسر قسەیان لەگەڵ پیرەمێردێک کرد لە مەیدانی ئازادی و لێیان پرسی: هەست بە چی دەکەیت لەو ڕۆژەدا، گوتی بە شەرمەزاریی،  ئەوە ٢٠  ساڵ زیاترە ئێمە ئەو قسانە دەکەین و هیوامان هەبوو دەسەڵات گوێمان لێبگرێت و چاکسازی بکات، بەڵام نەوەیەک دروست بوو یەکسەر مقەسێکی لەو بارودۆخەداو کۆتایی بە بارودۆخەکە هێنا.ئەوەی  مرۆڤ دەیبینێ لە هەرێمەکەی ئێمەدا، هەمان سیناریۆیەو دووبارە دەبێتەوە. دەسەڵات هەزار شانسیتریشی بدەیتێ چاکسازی ناکات، ڕاستر بڵێم ئەو دەسەڵاتە پەکی کەوتووەو توانای چاکسازی نییە.دەسەڵاتی باشوور تێکەڵاوییەکە لەئەنجومەنێکی خێڵەکی، پشتیوانی دەرەکیی،  بیری ئیسلامی سیاسیی، هێزێکی عەلمانی ئینتهازی. ئەوانە پیکهاتەیەکی ترسناکیان لەسەر ئێستاو داهاتووی ئەو میلەتەدادروست کردووە.

ئەگەر١٧ی شوبات  بە نموونە وەرگرین،  ئەو پێکهاتەمان بۆ ڕوونتر دەبێتەوە: ناڕەزایی خەڵك لە ژێر دروشمی "ارحل" بوو، کەچی  چەند حزب و ڕێکخراوێک هاتن ڕێچکەکەیان گۆڕی. ١٧ی شوبات پێی گوتین هیچ حزبێکی سیاسی کوردستان خاوەنی بڕیاری سیاسی سەربەخۆی خۆی  نییە،هێزە ئیسلامیەکان خۆپیشاندانەکایان کرد بە هی خۆیان ،هێزە چارەسەرەکەیان بە شێوەیەکی عەشائیر بوو، گروپێک سەردانی سەری ڕەشی کرد، هێزی سیکولارەئینتهازیەکەش بوو بە پاشکۆیان،بە ناوی چاکسازی بارودۆخەکەیان سڕکرد، دەرئەنجامەکەش یەکگرتنی  کۆیهێزە سیاسیەکانی کوردستان بوو ، دژی دەنگە پەرتەوازە  ناڕازیەکانی"ارحل".

ئەوەی بۆمن غەمە، بێ بەرنامەیی و بیرنەکردنەوەیە لە دوای ئەو دەسەڵاتە. ئێمە تا ئیستا لە بازنەی ئەو دەسەڵاتە دەسوڕێینەوەو تا ئێستاش کەسەکانی ناو ئەو دەسەڵاتە نوێنەرایەتیمان دەکەن. بۆ نەمانتوانیوە لە دەرەوەی ئەو دەسەڵاتەدا،هێزێک دروست بکەین ؟ ئایا ئەوە زیرەکی دەسەڵات نیشان نادات کە تاکەکانی باوەڕیان بە یەکتر نییە؟ ئێمە کە هێندە لە ئیسلامی سیاسیی دەترسین کوا هێزە چەپ و پێشکەوتنخوازەکەمانبۆئەوەی بەرامبەریان بوەستینەوە؟ ئێمە لە کاتی بەعسدا کۆمەڵێک  بازنەی مارکسیمان هەبوو، ئەی بۆ لە سای سەری ئەو ئازادیەی هەیە پێشکەوتنخوازان لێک نزیک نابنەوە؟ئایا نامەنەوێت کۆتایی بەو هەموو دزی و خیانەت و ماڵ وێرانییە بینین؟ یاخود باوەڕناکەین ئەو بارودۆخە هەڵوەشێتەوەو بە دەردی لیبیاو یەمەن و چەند وڵاتیتردا بچین؟

بەڕاستی ئەمن لە هەڵوێستی گشتی شەقامی کوردی و ڕۆشنبیرەکەی ناگەم. دەسەڵاتی کوردی ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپتر دەڕوات و ئامادە نییە یەک شتی بچووکیش بە گوێی ئەو خەڵکە بکات. ئەمن نەمبیستووەبەرپرسێکی سەربازی یا مەدەنی، کە دەیان بەڵگەشی لەسەر بێت و خەڵک داوابکات و دەسەڵات لایدابێ یا خود سزادرابێت. ئەوەش تەنها بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، دەسەڵات دەیەوێت خەڵک فێری ڕێگەی مەدەنی نەبێت و هەست بە واتایەک نەکات. ئەمن وای بۆ دەچم، هەوڵەکانمان چڕبکەینەوە بۆئەوەی لێک نزیک ببینەوەو بیر لەو دەسەڵاتە بکەینەوە تالەو بارودۆخە ڕزگارمان بێت، هەر هیچ نەبێت لە ڕووی هزر ئەو قۆناغە ببڕین.کەواتە قسەکردن و بابەت نووسینمان لەسەر قۆناغی دوای ئەو دەسەڵاتە، دەکرێت رێگە چارەیەک بێت بۆ دەرچوونمان لەو قەیرانەدا.

 جارێک لەگەڵ دۆستێکم وتوێژمان بوو گوتی : پێم خۆشە شەیتان بێت بەس لە بن دەست ئەوانە دەربچین، ئەو قسەیە زۆر ئازاری دام ، بۆیە گوتم: ئەمن هێندە قەیران لە گوتەکەی تۆ دەبینم، هێندە لەو دەسەڵاتەدا نایبنم، ئاخر تاوانە ڕۆشنبیرێک بە دوای ڕێگە چارەیەکدا نەگەڕێت، بە ڕستەیەکی ئەوها خۆی بکوژی. ئەمن ئێستاش دەڵێم مرۆڤ نابێت چارەنووسی خۆی و وڵاتەکەی یا خود مرۆڤایەتی بخاتە ناو گەمەیەکی ئەوها، پێویستە هەوڵ بدەین بە ژیرانە لەو بارودۆخە دەرچین. ئێمە گەر باوەڕمان بەوە هەبێت کە لەسەر ئەو گۆی زەوییەدا، چەندین وڵاتی مودێرن هەن، تاکەکانی  ئاوات بە ساڵی پارناخوازن، بەڵكو بەرنامە بۆ  سبەینێ دادەنێن. ئەوە دەرچوونمان لەو قەیرانە ئاسانتر دەکات.

(1)وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جون فوستر دالاس ئەو پێشنیارەی پێشکەشکرد، بۆ دژایەتی کۆمەنیستەکان یەکەم لەڕێگای وشیارکردنەوە کۆمەڵگە ، پەروەردە، ئاوەدانکردنەوە، تەندروسی و هەتا دوایی. دووەم بە بە‌هێزکردنی ئوسولیەکان و ململانێ تائیفی و مەزهەبی و، بەهێزکردن پروپاگەندەو فەتوا، دژی شوعیەکان و بە باوەڕنەبونیان بە خودا..... . وەک ئاشکرایە ڕێگای دووەمیان هەڵبژارد، چۆن ئەو تیئوریە دەگۆڕدرێت،1-ئیرادە و تێگەیشتنی وڵاتە لاوازەکان، بەرامبەر بەو ڕاستیەی، کە ئەوانن وڵاتی بەهێز دروست دەکەن، بۆ ئەو خاڵەش تەنها پێویستیان بە گەڕانەوەی بەهایی هاوڵاتی بوونە لە وڵاتەکانیاندا، دووەم ئەو ڕێگایە ناتەندروستەی وڵاتە بەهێزەکان گرتوویانەتە بەر، وا خودی نەخۆشیەکە دەرگای خۆیان گرتووە و توشی حالەتی بەخۆداچونەوەی کردون، لەترسی شەقامی خۆیان، تاکە چارەسەر  بۆ ڕزگاربوون  بارودۆخی ناوچەکە، ئەوەیە هێزە باڵادەستەکان دەبێت پشتیوانی خەڵکە پێشکەوتنخوازەکان بکەن تا هاوسەنگیەک دروست ببێت. دەکرێ پرسیارەکەش ئەوها بکرێت ئایە ئەو کوردانەی لە دەرەوەی کوردستان دەژین، کاردەکەن بۆ بەرژەوەندی ئەو وڵاتەی تێیدا دەژین، یا وڵاتی دایک؟ ئەوانیش لەو پرۆسەیە بەرپرسیارەتیان بەر دەکەوێت.

بۆ زانیاری زیاتر ، تەنها ئەو بابەتەم دانا دەنا سەرچاوە زۆرە.

http://www.bintjbeil.com/articles/ar/020103_haykal.html

(2) وابزانم گەڕانەوەمان بۆ کتێبە ئاینیەکان، پەیوەندی بەوە هەیە لە کاتی خۆی گرنگیمان پێنەدەدا و  گرنگیدانی ئێستاشمان وا خەریکە زیاتر خزمەتی بازاڕی ئیسلامی سیاسی دەکات، چونکە زۆر جار بەبیری ئیسلامیەکان دەیخوێنینەوە، نەکەوتوینەتە سەر ڕێڕەوە ئەکادیمیەکە، ئیسلامە سیاسەکانیش ئەو دەرفەتەیان بە باشی قۆزتۆتەوە.

(3)خەڵكێک هەیە زۆر بە ئەرێنی باسی ئەو فتوایەی سەید محسین حەکیم دەکەن دەربارەی حەرامکردنی کوشتنی کورد، بەڵام هەمان سەید فتوایەکیتر دەدات دژی شوعیەکان کەس باسی ناکات، لە کاتێکدا خودی فەتوا ئەوە ناهێنی مرۆڤی وشیار بیکات بەسەرچاوەی باش.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە