چۆن ڕاستیه‌کان هه‌ڵسه‌نگێنین ؟ به‌شی پێنجەم و کۆتایی

Wednesday, 05.27.2009, 12:00

1796 بینراوە


پرسیاره‌کانی د. جه‌عفه‌ر له‌سه‌ر فره‌ حیزبیش زۆر لێڵێتی تێدا به‌دی ده‌کرێت ، له‌به‌رئه‌وه‌ی جیاوازی نێوان نه‌ته‌وه‌یه‌کی داگیرکراوی پارچه‌پارچه‌کراو ناکات له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌یه‌کدا که‌ خاوه‌نی ده‌ستوور و یاسا و ڕێسای خۆیه‌تی .
بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر به‌راوردێک بکه‌ین ته‌نها له‌ نێوان باشووری کوردستان و ته‌واوی وڵاتانی ئه‌وروپادا له‌ ڕێژه‌ی حیزبایه‌تیه‌وه‌ ، ئه‌وا به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ژماره‌ی حیزبه‌کانی باشووری کوردستان زیاتره‌ له‌ ژماره‌ی حیزبه‌کانی هه‌موو کیشوه‌ری ئه‌وروپا ، به‌ مه‌رجێک هه‌رچی ستراتیژیه‌تی نه‌ته‌وایه‌تیش بێت له‌لای حیزبه‌کانی باشوور نییه‌ و هیچ ده‌زگایه‌کی یاسایی و سه‌ربه‌خۆش نییه‌ که‌ هه‌موویان کۆبکاته‌وه‌ ، هه‌ر له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و حیزبانه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌زگای ته‌جه‌سوسی جیهانی زۆر به‌ سه‌ربه‌ستی له‌ باشووری کوردستاندا چالاکی ئه‌نجام ده‌ده‌ن . هه‌ر حیزبه‌ و به‌بێ له‌ به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وایه‌تی له‌ که‌ینوبه‌ینی ژێر به‌ ژێردان له‌گه‌ڵ داگیرکه‌راندا . خۆ ئه‌گه‌ر ده‌زگایه‌کی یاسایی ناحیزبی هه‌بێت و ستراتیژیه‌تێکی نه‌ته‌وایه‌تی بکاته‌ به‌رنامه‌ی هه‌موو حیزبه‌کان ئه‌وا فره‌حیزبییه‌کی له‌و جۆره‌ زۆر ئه‌رێنی هه‌ڵده‌سه‌نگێنم ، به‌ڵام هیچ کاتێک له‌گه‌ڵ دیارده‌ی میلیشیاگه‌ریدا نابم .
له‌ ئه‌وروپادا په‌ڕله‌مان خاوه‌نی بڕیاره‌ به‌ڵام له‌ باشووری کوردستان بڕیار بڕیاری سه‌رۆک خێڵه‌کانه‌ و لووله‌ی چه‌که‌کان بڕیاری سه‌رۆک خێڵه‌کان ده‌سه‌پێنن . مه‌سعود بارزانی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی ساڵی 2005دا هه‌ڕه‌شه‌ له‌ لیسته‌ جیاوازه‌کان ده‌کات و ده‌ڵێت [ئه‌گه‌ر به‌ ده‌نگدانیش ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ست نه‌هێنین ئه‌وا به‌ هێز ده‌سه‌ڵاتی خۆمان ده‌پارێزین] ، ئیتر ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ بیرکردنه‌وه‌ی سه‌رۆکی به‌ناو هه‌رێم بێت ، ئایا ده‌بێت چاوه‌ڕوانی چ دیموکراتی و هاوشێوه‌بوونێکی ئه‌وروپی بکرێت له‌ سایه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌دا ؟
ئێمه‌ که‌ سه‌دان ساڵه‌ داگیرکراوین و داگیرکه‌ره‌کانیشمان تێده‌کۆشن له‌ پێناوی نه‌هێشتنی کوردان و توانه‌وه‌ی یه‌کجه‌ره‌کیمان له‌ گه‌رماوی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ستدا ، له‌ هه‌مان کاتدا کوردانیش که‌ هیچ کاتێک به‌ ژیانێکی داگیرکراوی ڕازی نه‌بوون و هه‌میشه‌ له‌ به‌رخۆداندا بووبن بۆ ده‌ربازبوون له‌ کۆیله‌یه‌تی . ئه‌وا ده‌بێت چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ش ببین که‌ که‌سانی گرێدراو به‌ داگیرکه‌رانه‌وه‌ نه‌ک هه‌ر دزه‌ بکه‌نه‌ نێو ڕیزی حیزبه‌کانه‌وه‌ به‌ڵکو ده‌بێت چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ش ببین که‌ ئه‌و که‌سه‌ به‌کرێگیراوانه‌ بگه‌نه‌ به‌رزترین ئاستی به‌رپرسیارێتی و بڕیاردانیش ، هه‌ر له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و که‌سه‌ به‌کرێگیراوانه‌شه‌وه‌یه‌ که‌ داگیرکه‌ران توانیویانه‌ دزه‌ بکه‌نه‌ نێو ڕۆحیه‌تی کوردانه‌وه‌ و هه‌میشه‌ کۆنترۆڵی مێشکی کوردان بکه‌ن ، له‌به‌رئه‌وه‌ هیچ کاتێک دوژمن درێغی نه‌کردووه‌ له‌ سپی کردنه‌وه‌ی ڕوخساره‌ ڕه‌شه‌کان و جوانکردنی دیارده‌ ناشیرینه‌کان و دروستکردن و پێگه‌یاندنی که‌سه‌ به‌کرێگیراوه‌کان و زه‌مینه‌ خۆشکردن بۆ هه‌ڵکشانی ئه‌و که‌سه‌ به‌کرێگیراوانه‌ بۆ به‌رزترین ئاستی به‌رپرسیارێتی له‌ نێو لایه‌نه‌ کوردیه‌کاندا که‌ نموونه‌ی هه‌ره‌ به‌رچاویشیان ئاشکرابوونی سه‌دان فایلدار بوو له‌ گرنگترین شوێنی بڕیارداندا .
هه‌روه‌ها له‌ به‌شی دووه‌می ئه‌م بابه‌ته‌دا ئاماژه‌م به‌ چه‌ند لایه‌نێک کردووه‌ که‌ دروستکراوی داگیرکه‌ران بوون ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ "حیزب الله‌"که‌ی ئه‌دهه‌م بارزانی که‌ ڕووی هه‌موو ئیتڵاعاتیه‌کیان سپی کردبوویه‌وه‌ . له‌به‌رئه‌وه‌ به‌ باوه‌ڕی من هه‌موو ده‌ستدانه‌ چه‌کێک شۆڕشگێڕێتی پێ ناگوترێت و هه‌موو که‌سێکی زمان پاراو و پۆشاک کوردیش مه‌رج نییه‌ کوردپه‌روه‌ر و دڵسۆز به‌ دۆزی کوردان بێت ، بێگومان ئه‌م گوته‌یه‌ پێچه‌وانه‌که‌شی ڕاسته‌ و مه‌رج نییه‌ هه‌ر که‌سێکی سڤیل ترسه‌نۆک و هه‌ر ده‌نگێکی جیاواز له‌ لایه‌نه‌ کوردیه‌کانیش به‌کرێگیراو بێت .
به‌شێکی دیکه‌ له‌ پارت و ڕێکخراوه‌ کوردیه‌کانی باشوور یان درووستکراوی یه‌کێتی و پارتین یاخود ته‌واو گرێدراوی ئه‌و دوو لایه‌نه‌ن و هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ش له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و پارته‌ ده‌ستکردانه‌وه‌ توانیویانه‌ تا ڕاده‌یه‌کی زۆر ده‌نگی ڕێکخراوه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌کان کپ بکه‌ن ، واته‌ ئۆپۆزسیۆنی به‌رفره‌وان و کاریگه‌ر له‌ باشووردا بریتییه‌ له‌ جه‌ماوه‌ر نه‌ک ڕێکخراوێکی سیاسی .
به‌ باوه‌ڕی من له‌ ڕۆژگاری ئیمڕۆدا ته‌نها دوو شێوه‌ی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی له‌ ئارادا هه‌یه‌ و ته‌نها ئه‌و دوو ئۆپۆزسیۆنه‌ش بوونه‌ته‌ مه‌ترسی بۆ ده‌سه‌ڵاتی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌:-
1- ئۆپۆزسیۆنی شاراوه‌ که‌ لایه‌نه‌ ئیسلامیه‌کان سه‌رکێشی ده‌که‌ن .
2- ئۆپۆزسیۆنی ئاشکرا که‌ ده‌نگی ئازادیخوازانی نه‌ته‌وه‌که‌مانه‌ .
هه‌رچی لایه‌نه‌ ئیسلامیه‌کانه‌ به‌ ڕواڵه‌ت هه‌م هاوبه‌شن له‌ ده‌سه‌ڵاتدا و هه‌م هاوپه‌یمانیشن له‌گه‌ڵ یه‌کێتی و پارتیدا ، به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌کی شاراوه‌ ئۆپۆزسیۆنی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ن که‌ له‌ یه‌کێتی و پارتی پێکهاتووه‌ و هه‌موو ململانێکانی لایه‌نه‌ ئیسلامیه‌کانیش بۆ گرتنه‌ ده‌ستی ده‌سه‌ڵاته‌ نه‌ک بۆ کاری نه‌ته‌وایه‌تی .
خۆ ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌ ئیسلامیه‌کان ده‌سه‌ڵات بگرنه‌ ده‌ست ئه‌وا ته‌نها له‌ ڕووی که‌مکردنه‌وه‌ی دیارده‌ی گه‌نده‌ڵیه‌وه‌ هانگاوی ئه‌رێنیان ده‌بێت ، ده‌نا له‌ ڕووی ئاستی نه‌ته‌وایه‌تییه‌وه‌ زۆر له‌ دوای هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی و بارزانیشه‌وه‌ن . ئه‌گه‌ر یه‌کێتی و پارتی په‌یڕه‌وکه‌ری ته‌عریبکردنی خاکی کوردستان و دروستکه‌ره‌وه‌ی داگیرکه‌ری نوێ بن ، ئه‌وا ئیسلامیه‌کان ته‌عریبکه‌ری هزر و مێشکی نه‌ته‌وه‌که‌شمانن و نه‌ک هه‌ر داگیرکه‌ران به‌ داگیرکه‌ر نازانن به‌ڵکو له‌ چاوی ئیسلامیه‌کانه‌وه‌ ده‌بێت کورد هه‌میشه‌ له‌ خزمه‌تی گه‌لانی داگیرکه‌ری کوردستاندا بێت له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و گه‌لانه‌ هه‌ڵگری ئاڵای ئیسلامن ، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی که‌ دژایه‌تی خۆشیان دژ به‌ لایانه‌ نه‌ته‌وه‌یی و شۆڕشگێڕیه‌کانی کوردی ناشارنه‌وه‌ .
دیارده‌یه‌کی زۆر سه‌رنجڕاکێش له‌ لایه‌نه‌ ئیسلامیه‌ کوردیه‌کاندا ده‌رده‌که‌وێت که‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌موو هزرێکی ئیسلامییه‌ له‌ وڵاتانی ئیسلامی جیهاندا‌ ، ئه‌و دیارده‌یه‌ش ئه‌وه‌یه‌ که‌ کورد ده‌که‌نه‌ به‌رده‌بازی ئیسلام بۆ گه‌لانی ئیسلامی جیهان به‌ گشتی و داگیرکه‌رانی کوردستانیش به‌ تایبه‌تی ، به‌ڵام ئیسلامی گه‌لانی دیکه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ن و ئیسلام ده‌که‌نه‌ وه‌سیله‌یه‌ک بۆ ئامانجه‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌کانیان .
هه‌رچی ئۆپۆزسیۆنی ئاشکرا و ئازادیخوازیشه‌ ئامانجه‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌کانیان به‌ بنچینه‌ گرتووه‌ و ستراتیژیه‌تیه‌کی نه‌ته‌وایه‌تیشیان کردۆته‌ به‌رنامه‌ی کاری ڕۆژانه‌یان ، به‌ڵام به‌هۆی فشار و چه‌واشه‌کاریه‌کانی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ی حاکم له‌ باشووردا ئه‌م ئۆپۆزسیۆنه‌ زۆر به‌ په‌رشوبڵاوی ماوه‌ته‌وه‌ و نه‌یانتوانیووه‌ خۆیان کۆبکه‌نه‌وه‌ و سنوورێک بۆ سه‌ره‌ڕۆییه‌کانی بارزانی و تاڵه‌بانی دابنێن و زۆربه‌یان له‌ بیری ئه‌وه‌دان که‌ به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا نه‌که‌ن ، که‌ ئه‌مه‌ش نه‌ک هه‌ر ڕێگه‌ چاره‌ نییه‌ به‌ڵکو به‌شدارینه‌کردنیان له‌ هه‌ڵبژاردندا ده‌که‌وێته‌ خزمه‌تی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌وه‌ ، له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌بێت ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ گه‌نده‌ڵ و وابه‌سته‌یه‌ له‌ ڕێگه‌ی ده‌نگدانی جه‌ماوه‌ریه‌وه‌ به‌ره‌و زبڵدانی مێژوو ببردرێن نه‌ک له‌ ڕێگه‌ی به‌شدارینه‌کردن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا زیاتر ته‌مه‌نیان درێژ بکه‌ینه‌وه‌ ، ئه‌وه‌ی له‌ ڕۆژگاری ئیمڕۆشدا پێشه‌نگایه‌تی ئۆپۆزسیۆنی ئاشکرا ده‌کات بریتییه‌ له‌ (لیستی هیوا) که‌ پارتی چاره‌سه‌ری دیموکراتی کوردستان پشتیوانی لێده‌کات .
بۆ خوێندنه‌وه‌ی ته‌واوی به‌شه‌کانی بابه‌ته‌که‌ی به‌ڕێز دکتۆر جه‌عفه‌ری حه‌سه‌نپوور کرته‌ له‌سه‌ر ئه‌م لینکه‌ بکه‌ :-
هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی پاڕله‌مان له‌ خوارووی کوردستان (2009( به‌شی پێنجه‌م وكۆتایی: کوردی تاراوگه‌ "ئیمکانی ئه‌وه‌ی هه‌یه" جوڵانه‌وه‌ی لیستی نه‌وشیروان به‌هێزکا! به‌شی یه‌که‌م به‌شی دووه‌م به‌شی سێیه‌م به‌شی چواره‌م
کۆتایی......
21-05-2009
هۆڵاند