كێ دەتوانێ لە جاشەكان خۆش بێت

Saturday, 22/12/2012, 12:00

1778 بینراوە








هێشتا وەك پێویست هیچ توێژینەوەو لێكۆڵینەوەیەك لەسەر جاش نەكراوە ، بەڵام جاش بوون و جاشایەتى وجاشێتى گەورەترین عەیب و شەرمەزاریە لە مێژووى كوردا ، لە هەموو پارچەكانى كوردستاندا جاشێتى بوونى هەبووە،بەتایبەت لەبەشەكانى باكوروباشورورۆژهەڵات، بەدرێژاى مێژوو جاشێتى و جاش بوون لەمپەرێكى گەورەى بەردەم ئەوەبوونە كەكورد بگات بەمافەكانى، دوژمنانى كورد زۆر جار سوودیان نەك هەر لەجاشگەلى ناوخۆ بگرە سودیان لەحزبەكانى بەشەكانى دیكە بینیوە بۆ لێدان و سەركوتكردنى یەكتر ، ئەوەى تریان واتە جاش بوون لەناو بەشەكە خۆیدا ، لەرابردوودا زەرەرو زیانى گەورەى لەبزوتنەوەى كوردایەتى داوەو كوردەوارى ناشرین كردووە، بەرادەیەك زۆرن ئەو شاعیرو نووسەرانەى هاواریان لەدەست ئەم خیانەتە كردووە، ئەوەتا هونەرمەندێكى وەك كاوێز ئاغا لە خیانەت و جاشایەتى بێزار دەبێت و دەڵێت " هاوار بكەنە توركان كورد خائینە" رەنگە ئەمە بۆ ئێمە ئازارێكى گەورە بێت كوردێك لە لاوكێكى خۆیدا بڵێت داواى هاوكارى لە سەرسەخت ترین دوژمنى كورد بكەن ، لەبەر ئەوەى كورد خائینە، لە هەشتاكانداو لەگەرمەى شكستى كوردا جاشەكان هێندە شەرمیان شكابوو دەیانگووت "جاشایەتى و پاشایەتى" جاشایەتى لەهەشتاكانى سەدەى رابردوودا لەباشورى كوردستان بووبە دیاردە، ئەمەش پاش ئەوەى لە ئەنفالدا بەتەواوەتى گوندەكان وێران كران و پێشتریش لەشەڕى عیراق - ئێراندا جاشایەتى بەرادەیەكى بەرچاو زیادى كردو جگە لەمەفرەزە خاسە كەیەكەیەكى جاشى ئامادە بوو بۆ لێدانى كورد، فەوجى خەفیفەو جەیشى شەعبیش دروستكران ، فەوجە خەفیفەكان زۆربەى هەڵاتووەكانى سەربازى و خەڵكى دیكەى لەخۆگرت ، بەتایبەت ئەم فەوجانە لەسەر بنەماى هۆزو بنەماڵە درووستكران و لەرێگایەوە خێڵایەتى و عەشرەتگەرى زندووكرانەوە، كەماوەیەك بوو لە پاشەكشەدا بوو، ئەو خێڵایەتى و عەشرەتگەریە، گەیشتە ئاستێك كە دواى ڕاپەڕین حزبە كوردیەكانیش درێژەیان پێداو كردیانە چەكێك بۆ كاتى هەڵبژاردنەكان، لەكاتێكا ئەم حزبانە بانگەشەى دیموكراسى و كوردایەتى دەكەن و ئیدیعاى ئەوەدەكەن كار لەسەر دروستكردنى نەتەوە دەكەن، رەنگە بڕیارى لێبوردن بۆ جاشەكان ئەگەر چى ئەمە تا ئێستا بە نووسراو نیە ، بۆ كاتى خۆى كارێكى باش بووبێت ، هەرچەند وەك ووتم بڕیارەكە رەنگە خۆى لەو نامانەدا ببینێتەوە كە سەركردەكان بۆ سەرۆك جاشەكانیان ناردووە،لە راپەڕیندا بوونى گەلە جاشەكان لەناو پێشمەرگەدا بووبە هۆى سوكایەتیەكى گەورە بە پێشمەرگە،بەرادەیەك تا ئێستا ش پێشمەرگە بەدەست ئەو ناوزڕاندنەوە دەناڵێنن، جاشەكان لە راپەڕیندا نەك نەبوونەوە هاونیشتمانى و سوودیان لەگەڕانەوە بۆ نێو گەل نەبینى بۆ چاكبوون، بگرە بوونە پێشقەرەوڵى تاڵانكارى و پێشمەرگەو خەڵكى دیكەشیان هێنایە پاى ئەو تاڵان وبڕۆیە كە بەتایبەت لەكەركوكدا كارێكى نەرێنى زۆر خەراپى كردە سەر كوردو لەڕووى ئاكاریەوە لەبەر چاوى ئەوانى ترى خستین،ئەمە جگە لەوەى جاشەكان رۆڵێكى زۆریان لەگەرمتركردنى شەڕى ناوخۆدا بینى، لێبوردن لەجاشەكان بەتایبەت لەسەرۆك جاشەكان چونكە رەنگە ئەگەر ریز بەندیان كەین چەند جۆر لە جاشێتى هەبێت " جاشى بە ناچارى و جاشى پارەو جاشى دژە گەل و جاشگەلى دیكەش " دەشێ ئەمە لە ئایندەدا زیاتر قسەیان لە بارەوە بكرێت،لێبوردن لە سەرۆك جاش و جاشە لادەرەكان لە دەستى بەرەى كوردستانى و حزبە سیاسیەكاندا نیە ، دەبوایە لەدواى راپەڕینەوە قۆناغى نوێى دادوەرى گوێزەرەوەو بەدوادا چوون بۆ داواى هاووڵاتیان بكرایە ، ئەمە نەك نەكرا لە چەمچەماڵ كوڕێك لەتۆڵەى براكەیدا كە جاش شەهیدى كردبوو جاشەكەى كوشتەوە ، كوڕكەیان كوشت !! رەنگە من لەگەڵ ئەو جۆرە لەتۆڵە كردنەوە نەبم ،بەڵام ئەوەى كە كراش گەورە ترین سوكایەتى بوو بە ئازادى دواى راپەڕین،ئەو لێبووردنە جگە لە لێبوردنێكى سیاسى هیچى تر نەبوو ، بۆیەپێویستە ئەو سەرۆك جاشانە بدرێنە دادگاو لەوێ بێگوناهى خۆیان بسەلمێنن، ئێمە كاتى خۆشى گووتمان رەنگە خەڵكى كوردستان و بەتایبەت كەس و كارى ئەنفالكراوان و هەڵەبجە و بارزانیەكان بەداواى لێبووردنێك دڵیان ئاو بخواتەوە، چونكە ئەوان بەردەوام دەڵێن بۆ ئێمە داواى لێبوردن و دووبارە نەبوونەوەى جاشایەتى هەموو شتێكە، ئەو ناوانەى لەدادگاى باڵاى تاوانەكانى رژێم ناویان هاتووەتەوە بۆ ئەوەى بدرێنە دادگاو پێشتر لە ناو دادگا ناویان هاتووە، بەشێكن لەكۆى سەرۆك جاشەكان، بڕوام وایە پێویستە بدرێنە دادگاو كەس داكۆكیان لێنەكات، ئەوەتەنیا كەس و كارى قوربانیەكان و گەلى كوردە دەتوانێ لێیان ببورێ .
ئێمە پێویستە كار بۆ ئەوە بكەین كە جارێكى تر جاشێتى لە ئایندەى ئەم گەلەدا دووبارە نەبێتەوە، بۆ ئەمە جگە لەوەى كەپێویستە ئەو رابردووە دادگاى بكەین، پێویستە ئەم وڵاتە بكەینە وڵاتى ئاشتبوونەوەى كۆمەڵایەتى و دیموكراتى و پێكەوە ژیان و دادگەرى كۆمەڵایەتى.
باشترین رێگا بۆ ئەوەى جاشەكان ببنەوە بە هاونیشتمانى ئەوەیە هەم بچنە بەردەم دادگا هەم داواى لێبووردن لەكەس و كارى قوربانیەكان بكەن، ئەوەش تەنیا رێگەیە بۆ ئەوەى لەرووى ویژدانیەوە ئاسوودەبن و ئیدى بەدەست ئازارى وویژدانەوە نەناڵێنن.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە