ئەمریکا و ڕوسیا و گەڕاندنەوەی ناوچەکە بۆ خاڵی سفر


مێژووی بنه‌ماڵه‌ی به‌عس دووپاتبویه‌وه

Sunday, 05.16.2010, 12:00

299 بینراوە


تێبینی: له‌م نووسینه‌دا به‌راوردکردنی دوو بنه‌ماڵه‌ی تاکڕه‌و خراوه‌ته‌ڕوو. به‌راوردکردنه‌که ته‌نها له‌نێوان ئه‌و دوو بنه‌ماڵه‌یه‌دایه، نه‌ک له‌نێوان ئه‌وه‌ی که ئه‌نجمیانداوه. ئه‌وه‌ی که ئه‌نجامیانداوه به‌راورد نه‌کراوه چونکه ناکرێ تیرۆرکردنی ڕۆژنامه‌نووسێکی ڕووناکبیر به‌راوردبکرێ له‌گه‌ل کوشتنی که‌سێکی تاوانبار.
کاتێک عوده‌ی کوڕی سه‌دام حسێن، له ئاهه‌نگێکی شه‌وانه‌ی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌دا و به ئامه‌ده‌بوونی حوسنی موباره‌کی سه‌رۆکی میسر که داوه‌تکرابوو بۆ ئه‌و ئاهه‌نگه، یه‌کێک له پاسه‌وانه‌کانی سه‌دام، به‌ناوی که‌مال حه‌ننه، خه‌ڵتانی خۆێن ده‌کا و ده‌یکوژێ، (سه‌دام)یش به‌ناچاریی و له‌به‌رئه‌وه‌ی که‌سانگه‌لێکی زۆری ده‌ره‌وه‌ی بازگه‌ی بنه‌ماڵه‌که‌ی شاێتحاڵی ئه‌و تاوانه ده‌بن و نه‌ئه‌توانرا نکۆڵیی لێبکرێ، هه‌ڵده‌سێ به ئاماده‌کردنی شانۆگه‌ریی دادگاییکردنی کوڕه‌که‌ی خۆی. له‌پاڵ ئه‌و شانۆگه‌رییه‌شدا، دام و ده‌زگا ئیعلامییه‌کانی به‌عس ده‌سئه‌که‌ن به پڕۆپاگه‌نده‌کردن و له‌بری تاوانبارکردنی خودی عوده‌ی خۆی، هه‌ڵده‌سن به تاوانبارکردنی پاسه‌وانه کوژراوه‌که. پاش شانۆگه‌رییه‌کی دوورخایان، عوده‌ی به که‌سێکی پاك، دڵسۆز و مرۆڤدۆس له‌و تاوانه قوتارده‌که‌ن و کوشتنی پاسه‌وانه‌که‌ش ده‌گه‌ڕێننه‌وه بۆ کێشه‌ی سایکۆلۆجیی و کۆمه‌ڵایه‌تی پاسه‌وانه‌که خۆی.
بابۆ ساتێک دوورکه‌وینه‌وه له‌و ڕاســــییانه‌‌ی که کوشتنی ڕۆژنامه‌نووس و ڕووناکبیر سه‌رده‌شت عوسمان ده‌به‌ستێته‌وه به بنه‌ماڵه‌ی بارزانییه‌وه و هه‌وڵ بده‌ین کاردانه‌وه‌ی ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه، بۆ تیرۆرکردنی کاک سه‌رده‌شت، به‌به‌راورد له‌گه‌ل کاردانه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌ی سه‌دام، بۆ کوشتنی پاسه‌وانه‌که‌ی له‌لایه‌ن (عوده‌ی)ه‌وه، لێکبده‌ینه‌وه و بزانین جیاوازیی و له‌یکچوونه‌کانیان کامانه‌ن؟
یه‌که‌م کاردانه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌ی سه‌دام، بۆ تاوانی کوڕه‌که‌ی، بێده‌نگیی بوو. پاش ماوه‌یه‌ک، ڕه‌تکردنه‌وه و ئیدانه‌کردنی کوشتنی پاسه‌وانه‌که‌بوو. ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی که عوده‌ی پاسه‌وانه‌که‌ی نه‌کوشتووه و پاسه‌وانه‌که خۆی هاتۆته به‌ر شمشێره‌که‌ی عوده‌ی و پێوه بووه. پاشان هاندانی خه‌ڵکیی و درووستکردنی هۆی جۆراوجۆر بۆ کوشتنه‌که‌ و سه‌رلێشێواندنی خه‌ڵک؛ سیناریۆی زۆر و جۆراوجۆر بۆ تاوانه‌که. دواجار سه‌دام شانۆگه‌ریی دادگاییکردنی کوڕه‌که‌یی ڕاگه‌یاند و دوای ئه‌وه‌ش داموده‌زگا ئیعلامییه‌کانی به‌عس و بنه‌ماڵه‌، له رۆزنامه و ته‌له‌فزێونه‌وه، که‌وتنه پڕۆپاگه‌نده‌کردن و به‌سه‌رشانوباڵهه‌ڵهاتنی عوده‌ی.
به‌هه‌مان شێوه، یه‌که‌م کاردانه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی بۆ تیرۆرکردنی ڕۆژنامه‌نووس و ڕووناکبیر سه‌رده‌شت عوسمان، بێده‌نگیی بوو. پاش ناڕه‌زاییه‌کی زۆری خه‌ڵک و ئاشکرابوونی هه‌ندێک زانیاریی، بنه‌ماڵه‌ی بارزانی پڕۆپاگه‌نده‌ی لێکۆڵینه‌وه‌یان بڵاوکرده‌وه؛ گوایه ئێستا ئه‌وان سه‌رقاڵن به لێکۆڵینه‌‌وه‌وه. پاش زێدبوونی ده‌نگی ناڕه‌زای جه‌ماوه‌ر، بنه‌ماڵه وشه‌ی 'شه‌هید' ی له‌بری 'قوتابی' زێدکرد بۆ ناوی جوانه‌مه‌رگ که‌ئه‌مه‌ش ده‌لاله‌ت له‌ترسی بنه‌ماڵه‌ بوو بۆ ئه‌گه‌ری ڕاپه‌ڕین و ڕیسواکردنی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه. به‌ڵام ده‌نگی جه‌ماوه‌ر زێدتر و زێدتر بوو! نووسه‌ران و ڕۆشنبیران له‌کاتانه‌دا چاوه‌ڕوانی شانۆگه‌رییه‌ک بوون بۆ ئه‌و تاوانه. بنه‌ماڵه، له‌بری پشتگیرییکردنی جه‌ماوه‌ر، هه‌ڵسان به دوو شت: هه‌ڕه‌شه‌کردکردن و (ئه‌گه‌ر شۆڕشمان پێ نه‌کرێ، پێمان تێکده‌درێ) ئاسا، زیندووکردنه‌وه‌ی بیره‌وه‌ریی براکوژیی، له‌لایه‌کی تریش، به‌کارهێنانی داموده‌زگا ئیعلامییه‌کانی بنه‌ماڵه بۆ پڕۆپاگه‌نده‌کردن و هه‌وڵدان بۆ لکاندنی 'کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی' به‌و تاوانه گه‌وره‌یه‌وه و گۆڕینی ئاڕاسته‌ی هه‌ستی جه‌ماوه‌ر.
ئه‌و که‌سانه‌ی که‌له‌ کۆتایی هه‌شتاکاندا له ئێراقی عه‌ره‌ب ژیاون، ده‌زانن که بنه‌ماڵه‌ی بارزانی بۆن و ڕه‌نگی بنه‌ماڵه‌ی سه‌دامی گرتووه. دیاره جیاوازییه‌کی زۆر له‌نێوان پێکهاته‌ی بایۆلۆجیای ئه‌و دوو بنه‌ماڵه‌یه هه‌یه به‌ڵام، پێده‌چی ده‌سه‌ڵاتی تاکڕه‌ویی و که‌ڕووهه‌ڵهاتوو، به‌ده‌ر له پێکهاته‌ی تۆوی بایۆلۆجیی و شوێنی نیشته‌جێبوونیان، بچنه‌وه سه‌ریه‌ک و یه‌ک بۆن و یه‌ک ڕه‌نگ بگرن.
له‌و به‌راوردکردنه‌ی سه‌ره‌وه‌دا، بۆمان ڕوونده‌بێته‌وه که لێکچوونێکی به‌هێز له نێو باری سایکۆلۆژیای ئه‌و دوو بنه‌ماڵه‌یه‌دا هه‌یه. گه‌ر بمانه‌وێ زۆرێک له‌و فاکتانه پشتگوێبخه‌ین که تێوه‌گلانی ڕاسه‌وخۆی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی ده‌سه‌لمێن، ئه‌وا، کاردانه‌وه‌ی ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه بۆ تیرۆرکردنی ڕۆژنامه‌نووس سه‌رده‌شت عوسمان گومان ناهێڵێته‌وه که بارزانییه‌کان ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسه‌یانه تیرۆرکردووه.




(دەنگدراوە: 0)