ببینن... هەولێر چۆن ڕووى رەشى دەسەڵاتى خستۆتە ڕوو

Wednesday, 23/02/2011, 12:00

1336 بینراوە


ببینن... هەولێر چۆن ڕووى رەشى دەسەڵاتى خستۆتە ڕوو
هێمن هەولێرى
بێدەنگى هەولێر لەم خۆپیشاندانانەدا ماناى ئەوە نیە كە خەڵكەكەى بێ جورئەت و بێ هەڵوێستن بەڵكو زەبروزەنگى دەسەڵاتێكى تۆقێنەر نیشان ئەدا كە چۆن بە زنجیرى ڕەشى ئاسنین دەست و مەچەكى توندوتۆڵ گرتوون، ئازادى لێ زەوت كردوون هەموو مافێكى سەرەتاییشى لێ داگیركردوون، هەمیشە وەك هەورێكى ڕەش مۆتەكەى سەر سنگى هەولێرییەكانى هەناسەسوار كردوە، هەولێرى هۆلاكۆبەزێنى كردۆتە هەولێرى هیلاك و ماڵ وێران و سەرگەردان، دەسەڵاتى گەندەڵ و مشەخۆر لەهەولێردا خەریكە هەموو كایەكانى ئەم شارە ئیفلیج ئەكا. بۆیە خەڵكینە، لەهەولێر مەگرن، گلەیى لێى مەكەن، كە بۆ ناتوانێ بەدەنگتانەوەبێ، هەولێر بەستراوە، داوادەكا ئازادم بكەن، دەربازم بكەن. ئازایەتى خەڵكى ئەم شارە لەوەدایە كە خۆڕاگرەو وا بەرگەى هەموو ناخۆشى و مەینەتیەكان ئەگرێ، لە ناخیدا گڕكانی توڕە هەڵئەكولێ، بەبێدەنگى، هەولێر ئەیسەلمێنێ و ئەماندوێنێ و پێمانئەڵێ: ترس ، تۆقین ، وێران كردن ، زیندە بەچاڵكردن، زنجیرو كۆتوبەندى دەموزارو دەستوپێى گرتووم، ئەم بێدەنگیەم نیشانەى زەبرو ستەمى دەسەڵاتە بەرامبەر وڵاتەكەم، پێمان ئەڵێ: خۆپیشاندەران لەگەڵتانم، لەدڵتانم، لەگەڵ سەركەوتنتانم . هەولێر ئەڵێ گەرچى ئەمڕۆ سەرانى دەسەڵاتدارى شارەكەم لافى ئارامى و كشوماتى من لێدەدەن، بێدەنگى هەولێر بەسەر خەڵكى تر ئەفرۆشنەوە بەوەى هەولێر بێ كەموكوڕى و شامى شەریفە، ڕووى خەڵكى ئەم شارە بە ترسنۆك و بێجورئەت و بێ هەڵوێست نیشان ئەدەن... خەیاڵیان خاوە، هەولێر خۆڕاگرە ... ئەیبینن چۆن لە چركە ساتێكدا گڕكانى توڕەى هەولێر بەڕویاندا ئەتەقێتەوە و ترس و دڵەڕاوكێ ، ئەنفال ، 31ى ئاب، داگیركارى ، گەندەڵكارى ... تاهەتایە ڕاوئەنێ ، پاشماوەى بەعس هەڵدەتەكێنێ. بێدەنگى هەولێر پێمان ئەڵێ چاوەڕوانتانم و چاوەڕێش بن ، بەیەكەوە ، لە مەیدانى ئازادى سلێمانیەوە لە قەڵاى سەركەشى هەولێرەوە، هۆلاكۆى سەردەم ئەبەزێنین، دەست لەملانێى بوك و زاواى ئازادى تاسەر بەدەست دێنین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە