گــــــــــــــــــــــــردەكە : سومبلێ بۆ ئازادى چرایەك بۆ نیشتمان .

Saturday, 06/06/2009, 12:00

2699 بینراوە


دەسەڵاتى ئەژدیها تاڵەبان بارزانى، زۆر بێ شەرمانە و دوور لە هەموو ئەخلاق و بەهایەكى مرۆیی رۆژ دواى رۆژ ڕوڕەشتر و قێزەونتر ئەبێ لە پێش چاوى خەڵك ، ئەم دەسەڵاتەى ئێستا وەك ئەژدیهاكەى بەغدا تەڕو وشك پێكەوە ئەسوتێنێ و هەرچى وەفا و رێز و پێرۆزیەك هەیە لاى ئەم دەسەڵاتە بێ شەرمە نەماوە و رووى هتلەر و مۆسۆلینى و سەدامى سپى كردۆتەوە ! گەل لە پێناو ئازادیدا ئەو هەموو قوربانیەیدا كەچى ئەم دەسەڵاتە بودەڵەیە ئەیەوێت ئەو ئازادیەمان لێ بستێنێتەوە و ئیرادەمان لا نەهێڵێ ، ئێمە مۆمێكمان لە شەوە زەنگا هەڵكرد كەچى ئەیەناوێ رووناكیەى بۆخۆیان بەرن ! زەمەنێكى سەیرە بەدەست ئەم كارەكتەرە ئیفلینجانەى مێژووى رەشى ئەم دەسەڵاتە گەندەڵهێنەوە ئەمانە لە منداڵدانى ئەژدیها كەوتوونەتەوە نەك مرۆڤ ، ئەمانە ئەو پیاوانەن كەتەنها لەناو زپڵدانى مێژوودا ئەبینرێن نەك مێژووى مرۆڤایەتى ! ئاخر حزبێك بوە وەفاى بۆ گیانبازى و خەبات و چاوى لە قوتى ژیانى نەك كادر و ئەندام و پێشمەرگە و پاسەوانەكان نەبێ بەڵكە نانى پێشمەرگەى كەم ئەندامانى سەنگەر و پاڵەوانى دەیان شەڕوداستان ببڕێ ، كەم ئەندامێك كە ئەندامێكى جەستەى خۆى پێشكەش بەو حزبە كردبێت و بە رێكەوت لە مەرگ گەڕابێتەوە ! ئاخر لە وڵاتان حكومەت چەندین یانە و خانەى هاوكارى و مەراسیم بۆ رێزلێنان و بەپیرۆز سەیركردنى خەبات و قوربانیدانیان بۆ نیشتمان بۆ رێك ئەخا و ساڵانە پاداشت و وەفایان بۆ دەرئەبڕێ و نەوە دواى نەوە بە زیندوویی لە ئەدگار و یادەوەریەكانیدا ئەیهێڵێتەوە !كەچى ئەم گەندە پیاوانەى تاڵەبانىئەو مووچە سادەیەشى پێ رەوا نابیینن ! ئەبێ نەوەى ئێستا لە كادر و ئەندام و پێشمەرگەو پاسەوانەكانى ناو ئەم دوو هێزە فاشیە چاوەڕوانى چ دوارۆژێك بن ئەگەر ئەمە حاڵى هەرە دڵسۆز و رەمزى هەرە گەورەى قوربانیدان بێ بۆ ئەم دەسەڵاتە ؟ ئەم ئەژدیها تاڵەبان بارزانیە بەخوێنى یەكەكەمان تینوون ، تینووێتى ئەم ئەژدیهایە تەنها بەخوێنى رژاوى ئێمە ئەشكێ ، ئەم ئەژدیهایە وەك ئەژدیهاكەى زوحاك نیە بە مێشكى گەنجێك داكەوێ ، ئەم ئەژدیهایە تا خوێن ببینێ تینووتر و تا خوێن بمژێ خۆشحاڵتر ئەبێ ، ئێمە تاكەى ببینە قوربانى سیاسەتى نادروست و چەوت و چەوێڵى ئەم دەستە تاقمە قێزەون و دز و درۆزنە ؟ تاكەى سەروەت و سامانمان بدزن و ئێمەش لەناو گۆمى بێدەنگى مات و مەلوول دابنیشین و زەقەى چاومان بێت ؟ هەڵاتن لە دەست ئەژدیها خۆكوشتنە ، هەڵاتن و بێ دەنگى نەك هەرمردنى خۆمانە بەڵكو لەباربردنى خەون و مرداندنى نەوەی ئایندەشمانە ! مێژوو داوامان لێ ئەكا، گەل هاوارمان بۆ ئەكا، خاك ناڵەى دەست پێ كردوە و ها وەك گەرمیان گەردەلوول بەرپا ئەكا، كوڕ ئەو كوڕەیە پشت بكاتە دەسەڵات و باوەش بە دایكى نیشتمان دابكا، سەیرى لوتكەى لەهەوران هەڵسووى قەندیل ئاساى ئەم گردە بكا !
نیشتمانمان ، ئایندەمان ، ئازادى و كەرامەتمان ، سەرفرازى و سەربەرزیمان سەركەوتنى گردەكەیە ، ئەو گردەى ئێستا بۆتە سومبلى ئازادى و چراى نیشتمانمان ، دەبا هەموو بۆ سومبلى ئازادیمان بۆ نوسینەوەى مێژووى نوێی خەبات و كوردایەتیمان بۆ وەرچەرخان و گۆڕان ، دەنگمان ، رەنگمان ، گیان و جەستە و هەناسە و گلێنە و خوێنى گڕگرتووى ناو لەشمان، داگیرسێنین تاكو لاشەى ئەم ئەژدیها چاوچنۆكە هەڵتەكێنین !


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە