موساد دیوێکی شاراوەی مەلا مستەفامان پێ دەناسێنێت! (بەشی سێهەم)

Monday, 09/04/2012, 12:00

3586 بینراوە


نازانم بەشی سێهەم لەکوێوە دەست پێ بکەم ؟ لەوەی ئیسرائیلێکان نایشارنەوە کە دەڵێن هەمیشە کوردەکان داوای پارەیان دەکرد، بۆ نموونە کاتێک (ئیبرایم ئەحمەد و تاڵەبانی) دەچن بۆ پاریس لە یەکێک لە ئوتێلەکاندا (مناحیم نەفوت) کە گەورە لێپرسراوێکی موسادە، دەیبینن، ئاوا داواکارییەکەی برایم ئەحمەدمان بۆ دەگێڕێتەوە
"ئێمە برسین، نان نییە، شەکر نییە، چا نییە
مناحیم نەفوت دەڵێ تا ئیستا دەمووچاوی برایم ئەحمەد و و قسەکانیم لە گوێمدا دەزرنگێتەوە . لاپەڕەی ١٣٤ هەمان سەرچاوە
مناحیم دەڵێ : تەماشاکە ئێمە گەیشتوینەتە کوێ؟ ئێمەی جولەکە شەڕ دەکەین لە پێناوی مانەوەدا، گەلێکی تەواویش کە لەسەرخاکی خۆیاندا لەبەردەماندا وەستاون و داوای یارمەتییمان لێدەکەن . 

برایم ئەحمەد: ئێمە برسین، نان نییە، شەکر نییە، چا نییە

مناحیم نەفوت نایشارێتەوە دەڵێ: ئیسڕائیل ووڵاتێکی هەژارە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پەیمانی پێدان و یارمەتیشی دان .
دیسان نازانم لە کوێوە دەست پێبکەم، کە سەرانی ئەو بزووتنەوەی کوردییە کە من گومانم هەیە و ناچێتە خانەی هیچ بزووتنەوە یان شۆڕشێکەوە، چۆن ئاوا بێ متمانەیی و پاشقولیان لە کورد و لە یەکتر گرتووە تاڕادەیەکی قێزەوند و حاڵی نەبوون لەیەکتر، لەکاتێکدا تاڵەبانی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ڕژمێمی عێراقدا دەبێت، ڕێگەی پێدەدەن، کە بچێت جەمال عەبدول ناسر ببینێت، دەچێت بۆ قاهیرە، ئێمە قسەمان لەسەر باش و خراپی چونەکە نییە، چونکە سادەیی کورد لەوێوە دەر دەکەوێت، سادەی میللەت واتە سادەی ئەوانەی بونەتە سەرکردە و پەیامەکەی دەگەیەنن، کە تالەبانی دەگەڕێتەوە مەلامستەفا دەچێت بەگژیداو دەڵێ من جەنابتم نارد بۆ بەغداد یان ناردمی ئەم پایتەخت و ئەو پایتەخت بگەڕێیت؟


لێرەدا دیسان دەر دەکەوێت، کە تاڵەبانی سۆفیەکی پاکی مەلامستەفا بووە، وەک لە بیرەوەرییەکانیدا لەلای قانعی فەرد ئاماژەی پێداوە. 
لێرەدا قسەکردن لەسەر پڕۆسەی ئەسینا کە بە پاریس دەستی پێکرد، ئەوان دەڵێن تا ئیستا نهێنییە بەدرخان ئیتیر پەراوێز خرا و عیسمەت وانلی دەبێتە کەسێکی چالاک، بەڵام لەم کاتەدا شەڕی ناوخۆ قوڵ دەبێتەوە، عیسمەت پەیوەندی گەرموگوڕی هەیە لەگەڵ ئیبرایم ئەحمەدا، ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی مەلامستەفا ئەو پیاوەش فەرامۆش بکات و ئیتر بەدوایدا (مەحمود عوسمان، سامی شەنگاری و چەند کەسێک دەچنە ناو گەمەکەوە)، ئیسرائیلێکان باسی یەکە بەیەکەی ئەم کەسایەتیانەمان بۆ دەکەن، باسی هەڵوێستی ئەمانەمان بۆ دەکەن، پێمان دەڵێن لەو دەمەدا چی ڕووی داوە، باسی گۆڕە بەکۆمەڵێکمان بۆ دەکەن لەسلێمانی کە زیاتر لە٢٨٠ لاشەی لە خۆی گرتوەو هەر لەو ماوەیەدا زیاتر لە ٣٠٠٠ کەسیان لە زیندان خستوە، دیارە باسی حوزەیرانی ساڵی ١٩٦٣ و باسی بۆردمانی ماوەتمان بۆ دەکەن، ئیسڕائیلەکان نایشارنەوە باسی فێربوونی زمانی فەڕەنسی مەحمودعوسمانمان بۆدەکەن، لەهەمووشی سەیرتر ئیسرائیلێکان باسی عەزیز عەقراوی دەکەن کە کەسایەتیەکی زۆر گونجاو بووە، ئەو بووە توانیوێتی، زمانێک بدۆزێتەوە بۆ تێگەیشتنی ئازاری کورد بۆ ئیسرائیلییەکان، لەکاتێکدا لای ئێمە ئەمانە هەمووی نهێنییە، بەوەی پارتی و بنەمالەی مەلا مستەفا، عەزیر عەقراویان وا پێناساندوین ، کە نمونەیەکی خائین و پیاوی حکومەتی عێراق بێت! ، بۆیە ئێمە پێویستە جارێکی تر گۆڕی مێژوومان هەڵدەینەوە و ئازایانە دەست لەسەر برینەکانمان دابنێین.
ئیسرائیلییەکان باس لە دیاردەیەکی سەیر دەکەن، کە بە ئیستاشەوە ڕاستیەکی تێدایە ئەویش دیداری ئەوانە لەگەڵ رەوەندی کوردا لە ئەورپادا، کە بۆیان دەرکەوتوە کە کوردەکان ئەوەنین بتوانن واز لەبەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیان بهێنن بۆ خاتری نیشتمان . ئیسڕائیلەکان نایشارنەوە پێمان دەڵێن جارێ زووە بەم خەڵکانە بڵێین نەتەوە !
ئاوا بۆمان دەدوێن (ئامانج لەدیدارەکانمان بۆ ئەوەبوو تابزانین تاچەند ڕۆشنبیرە کوردەکان ئامادەن واز لەخۆشییەکانی خۆیان بهێنن و کار لە پێناونیشتمان و ئامانجە نەتەوەیەکانیاندا بکەن، ئایا ئامادەن بگەڕێنەوە بۆ نیشتمان و دانیشن لەناو خەڵکەکەیدا، شارستانێت و زانیاری بۆ بگوازنەوە)؟

پاشان دەڵێت:
هەر زوو دەرکم بەوەکرد، کە ئەم ئامادە کارییە، لای ڕۆشنبیر و قوتابیە کوردەکان بونی نییە و ئامادەی قوربانیدان نین لەپێناو ژیانەوەی گەلەکەیان و ڕاپەڕاندنی.
جا خوێنەری ئازیز سەیر بکە دوای چل ساڵ هەمان نەتەوە سادە و بێ ئامادەگی بە رەوەند و جالەیەکی زۆرترەوە، لەدەرەوەی نیشتمان ڕۆژەکان دەژمێرن و کەمێکیان نەبێت لەهەوڵی ئەوەدان مەڵۆیەک بخەنە سەر خەرمانی گەلەکەیان، دیارە دەسەڵاتی کوردیش، کاری لەسەر ئەم دیاردەیەکردووە.
خاڵێکی تر کە لەم کتێبەدا دەمەوێ ئاماژەی پێ بدەم ئەوەیە، ئێمەی کورد ناتوانین نهێنی بپارێزین، ئاوا ئیسرائیلییەکان باسمان دەکەن" بۆم دەرکەوتوە کوردەکان نهێنی ناپارێزن، گەورە بێت یان بچوک ناتوانن لەسنگیاندا بیشارنەوە و بەکەسی تر نەڵێن، هەر نهێنیەکی کوردەکانت دەوێت دەبینی خێرا لەسەر هەموو زمانێکە ".
لەم کتێبەکەدا زۆر شت هەیە کە دەبێت بەڕاستی ئێمە وەک نەتەوە شرۆڤەی لەسەر بکەین، چونکە ئەمە بە زمانی دۆستێکمانەوە نووسراوە، کە بەڕاستی ویستویەتی هاوخەممان بێت، دەکرێت هەریەکەمان لەگۆشەنیگایەکەوە تێی بڕوانین، بەڵام ئەوەی لای من جێگەی سەرسوڕمانە بە کورد و بە سەرکردە و بەرپرسەکانئی ئەو دەمەیان ووتوە: " هاوکاری کوردەکان وەک یاری کردن وایە بەئاگر، دەوڵەتی کوردیش دروست بێت، کورد ددان بەئیسرائیلدا نانێن، باوەڕیش ناکەم ئەو دەوڵەتە دروست بێت، ئەمڕۆ و سبەینێ، هەروەها پێویستە پەلە نەکەین بۆ زاراوەی گەل بۆ کوردەکان "
لێرەوەیە دەبێت ئێمە بەخۆمان بڵێین چی؟ کاتێک وا لە دۆستەکانمان دەکەین، کە پێمان بڵێن کورد جارێ نەتەوە نییە، جارێ ماویانە پێیان بگوترێت نەتەوە؟
ئیسرائیلیەکان، هەوڵیان داوە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کورددا زۆر بەنهێنی بهێڵنەوە، بەڵام لەبەشەکانی تردا ئاماژەم پێدا، کە شەڕی خۆیان وای کردوە ئیتر هەموو سادەییەک بەکار بهێنین، بۆیە ساواک مەیدانانە بە ئیسرائیلییەکان دەڵێت: کوردەکان وەک ئاگرێک وان دەبێ لە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆماندا بێت، هەرچی باس دەکەن سادە هەمووی لەلای ساواک دەبیسرێتەوە، بۆیە دەبێت کێ بێت لە ناو گەرمەی شۆڕشدا ئاوا جاسوسی بکات بۆ ساواک ئەوە ئەو نهێنیانەیە دەبێت ڕیسوابکرێت . 
دەمەوێت باس لەمەش بکەم، کە کاتێک ئیسڕائیلیەکان داوا لە مەلا مستەفا دەکەن و پێی دەڵێن شەڕی نەوت بکە بیرەکانی کەرکوک تێک و پێک بدە، لە وەڵامدا دەڵێت " ئاخر من نامەوێت ئاوا دەوڵەتی عێراق و پاشان بەریتانیای مەزن لە خۆم زویربکەم " 
حەزدەکەم خوێنەر خۆی ئەم کتێبە بخوێنێتەوە ، بزانێت کێ خەمی ئازادیی میللەتێکی لەکۆڵ ناوە؟
ساڵی ١٩٩١ کاتێک دوای ڕاپەڕین ڕژێمی عێراق هێرشی پێچەوانەی کردە سەر کۆڕەوەکە، من بۆ خۆم بەسەرکردەیەکی سەربازیم ووت بۆ ئێمە سەدی دوکان و دەربەندیخان نەتەقێنینەوە، یان بەڕژێم بڵێین وا دەیتەقێنینەوە، ووتی سوبعەتەکە گەرم مەکە ئەوە بە ئێمە چۆن دەکرێت، بەغداد ئاوبیبات دنیامان لێ هەڵدەستێت؟

لە کۆتاییدا حەزیش دەکەم، کە وەلامێکی کورتی برای هێژامان کاکە حەمە سوسەیی بدەمەوە کە رەخنەیەکی لێگرتووم، لەژێر ناونیشانی "بۆ بەرچاو ڕوونی کاك ئەزمڕ: قسە لە سەر نازناو و لکاندنی ناوی گوند، دێ 
لە وەلامدا منیش دەڵێم خۆزگە ئەو بەڕێزە بە گشتی قسەی لەسەر نووسینەکە بکردایە، هەرچەندە ئەو بەهەلە من مەبەستم تێگەیشتووە، کە من نەموتووە ئێمە واز لە گوند و ناوچە و هۆزو خێڵ بهێنین، بۆ نمونە بەدرخان ئەو کاتە یاخی بووە، نەک بۆ ئیستا، ئەودەم بەدرخان بەوریایەوە لە دەرەوەی کوردستان پێناسەی کوردبوونی خۆی هەڵگرتووە، گەر بێتە سەر ئەوەش ناو هەرچی بێت، هیچ لەناوەڕۆک ناگۆڕێت، لێ بەڵێ ئەمڕۆکە ئێمە دەبێت لەخەمی قەوارەی نەتەوەیەکدا بین، ئەوە لای من جێگەی باسە، هەر لەم کتێبەی من لەسەری دەنووسم، ئیسرائیلییەکان نایشارنەوە جیاوازی نێوان ئەو جولەکانەی لەئاسیاوە کۆچیان کردوە لەگەڵ ئەوانەی لە ڕۆژئاواوە چوونەتە ئیسڕائیل، هەموو شتێکی خۆیان خستۆتە لاوە و باس لە برین و ئازاری گەورەی جولەکە دەکەن، ئەوە ئەو شتەیە ئێمەش دەمانەوێت، شەرم نەکەین و باسی بکەین، بۆیە گرنگە هەموومان لە گەورەیی خەمی کوردەوە بڕوانینە کێشەکەمان.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە