ئەلبێرت کامۆ دەڵێت:(کاتیک خۆت بڕیارت دابێ کۆیلە بیت، ئیتر من چۆن شەڕی ئازادیت بۆ بکەم؟)

شكستى سیاسەتى نەوتى هەرێمى كوردستانٍ

Friday, 02.20.2015, 12:00

543 بینراوە




ئەو قەیرانە دارایەى لە ئێستادا ڕوبەڕوى هەرێمى كوردستان بۆتەوە دەر ئەنجامى شكستى سیاسەتى نەوتى هەرێمى كوردستانە. پارتیش بە پلەى یەكەم بەرپسیارە لە داڕشتنى سیاسەتى نەوتى هەرێمى كوردستان . هەموو كێشەكانى هەرێمى كوردستان لەگەڵ حكومەتى ناوەند و بە تایبەتى لەگەڵ نورى مالیكى لە دەرهێنانى نەوتەوە سەرچاوە ئەگرێت.
حكومەتى هەرێمى كوردستان پێش ئەوەى یاساى ناوت و غاز لە پەڕلەمانى عێراق هەموار بكرێت و ڕێكەوتنى لەسەر بكرێت, دەستى كرد بە مۆركردنى گرێبەستى دەرهێنانى نەوت لەگەڵ كۆمپانیاكانى دەرهێنانى نەوت و تا ئێستا زیاتر لە پەنجا گرییًبەست مۆركراون و زۆریان توانیویانە نەوت بدۆزنەوە. لەو كاتەوە هەرێمى كوردستان دەستى كردوە بە مۆركردنى گرێبەستەكان, هەتا ئێستا ڕۆژ لە دواى ڕۆژ پەیوەندییەكانى هەرێم و بەغدا ٍ بەرەو دۆخێكى خراپ ڕۆیشتوە.
هەتا ئێستا دەرهێنانى نەوت لە هەرێمى كوردستان نەبۆتە هۆى خۆشگوزەرانى بۆ هاوڵاتیانى هەرێمى كوردستان جگە لەوەى جێبەجێكردنى مادەى 140 كرایە قوربانى دەرهێنانى نەوت و هەر لەبیریش چۆوە, هاوڵاتیانى هەرێمى كوردستانیشى ڕوبەڕوى قەیرانى دارایی كردەوە پیش ئەوەى حكومەتى هەرێمى كوردستان بۆرى نەوت بۆناو خاكى توركیا ڕاكێشێت, هەرچۆنێك بێت بەشە بودجەى هەرێمى كوردستان لە بەغداوە ئەهات و بارودۆخەكە زۆر خراپ نەبوو..
بەڵام كاتێك حكومەتى هەرێم دەستى كرد بە ڕاكێشانى بورى نەوت و دواجاریش لە ڕێگاى ئەو بۆریەوە نەوت هەناردەى دەرەوە كراو فرۆشتن دەستى پێكرد, حكومەتى بەغدا بەشە بودجەى هەرێمى كوردستانى بڕى. بە كورتى بە درێژایی ساڵى 2014 حكومەتى بەغدا بودجەى نەناردوەو بۆ ساڵى 2015 تا ئێستا بە هۆى كێَشەى نێوان هەرێم و بەغداوە بەشە بودجەى هەرێم نەنێرراوە. هەرچەندە دواى دەست بەكار بونى حەیدەر عەبادى وەكو سەرۆكى نوێی ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق هەوڵى هێوركردنەوەى بارو دۆخەكە دراو وەڤدى هەرێم و بەغدا سەردانى یەكتریان كرد و دواجار وا بڵاو كرایەوە كە هەردوولا ڕێك كەوتن لەسەر ئەوەى هەرێمى كوردستان 250 هەزار بەرمیل نەوتى هەرێمى كوردستان و 300 هەزار بەرمیل نەوتى كەركوك لە ڕێگاى بۆیەكانى هەرێمى كوردستانەوە هەناردەى دەرەوەى وڵات بكات و بخرێنە سەرحسابى كۆمپانیاى سۆمۆ و لە بەرامبەردا حكومەتى عێراق لە سەدا, 17 بودجەى عێراق بۆ هەرێم بنێرن.
بەڵام لە دواجار كە وەڤدى هەرێمى كوردستان چوو بۆ بەغدا, دەركەوت كە حكومەتى بەغدا لەو ڕێكەوتنە پەشیمان بۆتەوە كە پێشتر لەسەرى ێككەوتبون بە پاساوى ئەوەى حكومەتى هەرێم پابەندى ڕێكەوتنەكە نەبوەو ئەو ڕێژە نەوتەى نەناردوە كە لەسەرى ڕێك كەوتون و بەو هۆیەوە بەشە بودجەى هەرێم نانێرن. پڕۆسەى دەرهێنانى نەوت هەر لەسەرەتاوە هۆكارى تێكچونى پەیوەندییەكانى هەرێم و بەغدا بووە.
لە لایەكى ترەوە هەر لەسەرەتاوە گومان لەسەر ناشەفافبونى دەرهێنان و چۆنیەتى فرۆشتن و داهاتەكەى دروستبوو. ئەو گومانە هەر لە لایەن حكومەتى عێراقییەوە نەبوو, بەڵكو هاوڵاتیانى هەرێمى كوردستانیش هەمان گومانیان لە سەر چونیەتى فرۆشتنى نەوت و داهاتەكانى هەبوو. زۆر جار مالیكى بە یەكێتى و پارتى ئەوت قەیناكا ئەو داهاتە بۆ ئێمە مەنێرن بەڵامٍ بیدەن بە هاوڵاتیانى خۆتان, یان ئەیوت: قەیناكا با بۆ حیزبەكانى خۆتان بیت و بۆ ئیمەى مەنێرن. مەبەستى ئەوە بوو هەموو ئەو داهاتە تەنها بۆ دوو بنەماڵەیە و قسەكانیشى سەد دەر سەد ڕاست بوو.
لەو ڕۆژەوە گرێبەستى دەرهێنانى نەوت مۆركراوەو دەرهێنانى نەوت خرایە بوارى جێیەجێكردنەوە بە ملیارەها دۆلار شیرینى گرێبەستە نەوتییەكان وەرگیراوەو بایی ملیارەها دۆلار نەوت لە ڕێگاى تانكەرەوە هەناردەى توركیاو ئێران كراوەو ئەمڕۆشى پێوەبیت كە لە ڕێگاى بورییەوە نەوت هەناردە ئەكرێت و ئەفرۆشرێت, سەرتاپاى پڕۆسەكە شەفافیەتى تێدا نییەو هەموو هاوڵاتییەكى ئەم هەرێمە گومانى هەیە. هەر وەكو چۆن لە دواى جەنگى جیهانى دوەمەوە لكاندنى كوردستانى خوارو بە عێراقەوە بە هۆكارى نەوت بوو, لەو كاتەشەوە نەوت لە كوردستانى عێراق لە لایەن حكومەتە یەك لە دواى یەكەكانەوە دەر ئەهێنرێت, ئەدرێتە چەك و تەقەمەنى و لەسەرى كوردا تاقى ئەكرێنەوە, دواى ئەوەى نەوت لە لایەن كوردیش خۆیەوە دەر ئەهێنرێت, بۆتە مایەى سەرهێشەو دروستبونى گومان و بڕینى بەشە بودجەى هەرێم ٍلە لایەن بەغداوە.كەواتە هەتا ئەمڕۆ لە برى ئەوەى نەوت عامیلى خێر بێت بۆ كورد بۆتە مایەى نەگبەتى.
پڕۆسەى دەرهێنانى نەوت لە هەرێمى كوردستان, بە پلەى یەكەم پارتى لە پشتیەوە بوەو خاوەنى بڕیار بوە لەو كەیسەو وەزیرى سامانە سروشتییەكان كە ئاشتى هەورامییە ئەندازیارى ئەم كەیسە بوە و چەند ساڵێكیش هەر وەزارەتى نەبوەو هەموو وەزارەتەكەى بریتى بوە لە جانتاكەى دەستى و ڕێگاشى نەداوە كەس ئاگاى لە وردەكارى گرێبەستەكان بێت ولەو كاتەشەوە كە وەزارەتى بەناو سامانە سروشتییەكان بەڵام لە ڕاستیدا وەزارەتى تاڵانكردنى سامانە سروشتییەكانە دروست بووە ئێستاشى پێوە بێت هەر خۆى وەزیرى ئەو وەزارەتەیە . ٍ
لە راستیدا ئاشتى هەورامى وەزیرى حكومەتى هەرێمى كوردستان نییەو وەزیرى لایەنێكەو بەزۆر سەپێنراوە. ٍ ئاشتى هەورامى ئەندازیارێكى شارەزاى بوارى نەوتە بۆ چۆنیەتى تاڵانفرۆشى و فێركردن و دەرس دادانى بەرپرسانى باڵاى هەرێم سەبارەت بە چۆنیەتى دزینى سامانى نەوت ٍ. ئەوەى تا ئێستا رون و ئاشكرایە تا ئێستا هیچ پلانێكى ستراتیجى گرنگ نەبووە لە پشت پڕۆسەى دەرهێنان و فرۆشتنى نەوت كە لە بەرژەوەندى گشتى هەرێمى كوردستاندا بێت و هەرچى نەخشەو پلانێكى تا ئێستا هەبووە لەبەرژەوەندى بنەمالە دەسەڵاتدارەكانى هەرێمى كوردستاندا بووە.ٍ
كەواتە چۆن حكومەتى عێراقى گومانى نەبیت لە كەیسى نەوت, لە كاتێكدا هاوڵاتیانى كورد هەمویان گومانیان هەیە. زۆر جار كە كێشەو گرفت و قسەوباس لەسەر كەیسى نەوت و گومانى گەندەڵى ئەكرا, بۆ ئەوەى خەڵكى ئەوەى لەبیر بچێتەوە سەرۆكى هەرێم كە لە هەمان كاتیشدا سەرۆكى پارتییە لێدوانى ئەدا كە بەم زوانە دەوڵەتى كوردى ڕائەگەیەنێت و كورد پێویستى بە ئابورییەكى سەربەخۆ هەیە ٍ. ماوەیەك مێشكى هەندى كەسى نا هوشیاریان بەم باس و خواسانەوە مەشغوڵ ئەكرد.ٍ
هەرچەندە تا كابینەى حەوت یەكێتى و پارتى ڕێكەوتنى ستراتیجییان هەبوەو بەناو شەریك بوون لە دەسەڵاتدا پەنجا بە پەنجا. بەڵام كەیسى نەوت پارتى لێی بەرپرساربوەو بڕیار بەدەست بون و پرسە گورگانە بە یەكێتى كراوە, بۆیە بەردەوام گومانەكان لەسەر گەندەڵى و ناشەفافى پڕۆسەى نەوت و دەرهێنان و فرۆشتنى و داهاتەكەى لە زیادبوندابوە.ٍ لە كاتێكدا ماوەى یاسایی خولى سێیەمى پەڕلەمانى كوردستان تەواوببو, ماوەى یاساییى كابینەى حەوتیش تواو ببو, سٍەرۆكى حكومەت كە بەڕێز نێچیربارزانى بوو بەڕێزیان تەنها سەرۆك وەزیرێكى كار باڕێكەربوەو تەنها بۆى هەبووە كارى ڕۆژانە بەڕێبكات و بڕیارى مۆر كردنى گرێبەستى گەورەى نییە, ئەى بە چ حەقێك و بە پێی چ یاسایەك ئەچێ بۆ توركیاو گرێبەست بۆ ماوەى پەنجا ساڵ مۆر ئەكات بەبێ ِەزامەندى و ئاگادارى پەڕِلەمان و هاوڵاتیان ؟؟؟. تا ئێستا كەس نازانێت ئەم گرێبەستە چییەو ناوەرۆكەكەى چییە؟.
ئەڵێن نەوت لە ڕێگاى بۆرییەوە هەناردە ئەكرێت و ئەفرۆشرێت, بەڵام كەس هەیە جگە لە وەزیرى سامانە سروشتییەكان وردەكارى چۆنیەتى ئەو فرۆشتنە بزانێت ؟؟. ئەگەر كورد خۆى گومانى هەبێت, چۆن حكومەتى عێراق گومانى نابێت ؟؟؟. پارتى لەسەر عەقڵى ئاشتى هەورامى هات و هەموو هێلكەكانى خستە یەك سەبەتەوەو پێموایە سەبەتەكەش لەدەستیان كەوتە خوارەوەو هەموو هاوڵاتیانى مایە پوچ كرد . ئاخر چۆن كەسێك بڕیارى وا گرنگ و چارەنوسساز ئەدات و میللەتێك و روبەڕوى كارەسات ئەكاتەوە ؟؟؟. ئەمەتان بۆیە كرد گوایە ئابورى هەرێمى كوردستان سەربەخۆ ئەكەن, بەڵام ئێوە ئیفلاستان بە هەرێمى كوردستان كرد و هەموو هاوڵاتیانتان ڕوبە ڕوى قەیرانێكى گەورە كردەوە.
ئاشتى هەورامى ئەوەندە لە خۆى ڕازییە جارێكیان لە سەردانێكیدا بۆ لاى نەوشیروان مستەفا پێی ئەڵێت : ئێوە بە پەنجا ساڵ خەباتى چەكدارى نەتان توانى بەقەدەر من دەسكەوت بۆ ئەم میللەتە بەدەست بهێنن و ئەوەتا من توانیم بە هۆى نەوتەوە هەرێمى كوردستان بخەمە سەر نەخشەى وزەى جیهان . بەڵام ئەپرسم جەناب تۆ سامانى ئەم هەرێمەت بۆ خاترى چەند كەسێك هەڕاج كرد . ئەو قەیرانە دارایەى ئێستا هاوڵاتیانى توشى ئیفلاسبون كردوە , بەرهەمى كارەكەى تۆیە . ئەوەى ئێستا لە كوردستان ڕو ئەدات پێمان ئەڵێت سەرتاپاى پڕۆسەى نەوت لە خزمەتى چەند كەسێكى ئەم هەرێمەیە نەك لە بەرژەوەندى هاوڵاتیانە.لە كاتێكدا وەزیرى تاڵانكردنى سامانە سروشتییەكان لێدوانى لەو جۆرە ئەدات بە قسەى ئەوبێت خەڵكى كوردستان بە بۆرى نەوت و غازیان بۆ ئەچێت بەڵام ئەوەتا بە درێژایی ئەم ساڵە یەك بەرمیل نەوتى بۆ هاوڵاتیان دابین كردوە . كەواتە ئەمە ئەوەمان پێدەڵێت , خێرى نەوت بۆ چەند كەسێكە نەك میللەت .ٍ
ئەگەر مەبەستى گەندەڵى و دزیكردن نەبووە لە كەیسى نەوتدا , بۆچى هەمووى بەدزیەوە كراوەو ناوەرۆكى هەموو كەیسەكە تا ئێستا بە شارەوایی ماوەتەوە ؟؟؟.لە وڵاتى نەرویج حساباتى نەوت ڕۆژانە ئەخرێتە سەر لاپەڕەكانى ئینتەرنێت لەبەر ئەوەى داهاتى نەوت لەٍو وڵاتە بۆ هاوڵاتیانەو ئەبى َ هەموان بیزانن. بەڵام لە وڵاتى ئێمە حساباتى نەوت لەناو ژورە تاریكەكاندایە و نابى َ كەس بیزانێت چونكە بۆ هاوڵاتیان نییەو نابى َ بیزانن.

دواجار كە وەڤدى كوردى بە سەرۆكایەتى نێچیر بارزانى سەردانى بەغداى كردوو لەگەڵ بەپرسان لەسەر پرسى نەوت نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێك كاتێك كە بەدەستى بەتاڵ گەڕانەوە بۆ هەرێمى كوردستان , بەڕێز نێچیربارزانى لە كۆنگرەیەكى ڕۆژنامەوانیدا پاساو و بەهانەى بۆ شكستەكەی دەهێنایەوەو ئەیوت چى بكەین حكومەتى عێراقى پارەى نەماوەو خەزێنەكەى بەتاڵە. بەڵام ئەو ڕاستییەكان لە هاوڵاتیان ئەشارێتەوەو ناڵێت ئێمە پابەند نەبوین بە ناوەرۆكى ڕێكەوتنەكەى نێوانمان و ئەوانیش ئامادە نین بودجەى هەرێمى كوردستان بنێرن.ٍ
بەڵام لە ڕاستیدا حكومەتى بەغدا دەیان ملیار دۆلار و دەیان تەن ئاڵتونى یەدەگى هەیەو ئەوان بۆیە پارە بۆ هەرێم نانێرن لەبەر ئەوەى گومانیان هەیە لەسەر هەناردەى نەوت. كورت و كرمانجى كێشەكە ئەمەیە : بەناو حكومەتى هەرێمى كوردستان بەڵام لە ڕاستیدا پارتى نایەوێت پابەندبێت بە هەناردە كردنى ئەو بڕە نەوتەى لەسەرى ڕێك كەوتون و ئەیانەوێت بڕێك لە لایەن خۆیانەوە دوور لە چاوى عێراق و هاوڵاتیان هەناردە بكەن بۆ ئەوەى مەجالى قاچ و قوچ و گەندەڵى بەردەوام بمێنێت بۆیان.
كەواتە هۆكارى نەناردنى بودجە بۆ هەرێمى كوردستان , هیچ خەتایەكى عێرراقى تێدا نییەو ئەوەتا ئەندام پەرَلەمانەكانى كوردیش لە بەغدا ئەڵێن : ئەوە هەرێمى كوردستانە پابەند نییە بە ناوەرۆكى ڕێكەوتنەكەوە نەك عێراق. كەواتە بەرپرسانى هەرێمى كوردستان هۆكارن لەوەى هاوڵاتیان بێ موچە ببن ئەوەش لەبەر ئەوەیە ڕێگاى دزینى نەوتیان لێ نەگیرێت وٍ بەردەوامبن لە فرۆشتنى نەوت بە قاچاغ.
هەموو كەس حەقى خۆیەتى گومانى لەم دەسەڵاتەو لەم بەرپرسانە هەبێت كێ ئەزانێت چەند نەوت دەر ئەهێنرێت و چۆن ئەفرۆشرێت ؟؟؟ ئەى كێ ئاگاى لەو بڕە نەوتە هەیە كە بە پاڵاوگەكانى ناوخۆدا ساغ ئەكرێتەوە ؟؟؟. كێ خاوەنى پاڵاوگەكانى ناوخۆیە ؟؟؟. ئەى بۆچى حكومەت خاوەنى هیچ نییە ؟؟؟.
ئاخر چ ویژدانێكەو چ مانایەكى هەیە بێوە ژنێك خاوەنى كوڕێك بێت بچێتە بەرەكانى شەڕو سنگ بە گوللەوە بنێت , یان چ ویژدانێكە پیاوێك لە یەك كاتدا سێ جگەر گۆشەى بەیەكەوە لە بەرەكانى شەڕدا شەهید بكرێن و بەرپرسەكان سامانى ئەم وڵاتە بە تاڵان بەرن. ئاخر كام كۆمپانیا هەیە لە هەرێمى كوردستان بەر ٍپرسێك شەریكى نەبێت. لە ڕاگەیاندنى دەوڵەتى كوردى و سەربەخۆیی ئابورى هەرێمى كوردستان و خستنى هەرێمى كوردستان بۆسەر نەخشەى وزەى جیهان , شەرم ناكەن و ئەڵێن حكومەتى هەرێم 16 تڕلیۆن دینار قەرزدارە .
ئەى بۆمان نییە بپرسین بۆچى ٍ قەرزدارین و هەموو ئەو داهاتانەو پارەى فرۆشتنى نەوت و شیرینى گرێبەستە نەوتییەكان خرایە سەر حسابى كام بەرپرسى ئەم هەرێمە ؟؟؟. ئەگەر حاشا لەمە ئەكەن, ئەى چى ئەڵێن بەرامبەر بە سایتى ویكیلیكس كە سامانى بەشێك لە سەروك و دەوڵەمەندەكانى جیهانى بڵاو كردۆتەوە, كە ناوى چەندین بەرپرسى هەرێمى كوردستانى تێدایە ؟؟. ئیٍَستا ئەم بەرپرسانە هەرێمى كوردستانیان توشى ئیفلاسى كردوەو سیاسەتى نەوتى هەرێمى كوردستان توشى شكست هات و لە سایەى ئەوانیشەوە سەوزەش هاوردە ئەكرێت.
ئێستا سەرۆكى حكومەت بە یاوەرى شاندێك ڕوى كردەوە دۆستەكەى كە توركیایە بەڵام وەكو ئەڵین بۆ قەرز چوە. پێم وانییە سەرۆكى حكومەت بتوانێت بەقەرزو قۆڵە موچەى سەدان هەزار موچە خۆرى بندیوار بدات كە بە نایاسایی لەسەر حسابى گیرفانى هاوڵاتیانى هەرێمى كوردستان بە پلەى باڵاى سەربازى خانە نشینى كردون. ئەوەى ئێستا لە هەرێمى كوردستان ڕوئەدات و بە 3 مانگ جارێك موچەى هاوڵاتیان ئەدرێت ,بەرهەمى بڕیارەكانى سەرۆكى حكومەتە كە بە نوكە قەڵەمێك ئیمزاى لەسەر لیستێكى 254 كەسى سەربە حیزبەكەى ئەكرد كە بە پلەى بەڕێوەبەرى گشتى خانە نشین بكرێن .
دیارە باسى گەندەڵیەكانى ئەم بەرپرسانە تەواو نابێت و بەو هۆیەوە هەرێمى كوردستان چاوەڕوانى ئایندەیەكى دژوار ئەبێت. هەرێمى كوردستان هەر قەیرانى دارایی نییەو قەیرانى سیاسیشى هەیە. لە لایەك هێزى پێشمەرگە تا ئێستا سەر بە حیزبەكانە. لە لایەكى ترەوە دواى هەڵبژاردن و پێكهێنانى حكومەتى بنكە فراوان تا ئێستا پۆستەكانى حكومەت یەكلایی نەبونەوە بۆ حیزبە بەشداربوەكانى حكومەت و هەر دەستى دەستیان پێ ئەكەن و ئەمەش سیناریۆى پارتییە.
سیناریۆكە بەم شێوەیە : مانگى شەش ویلایەتى مەسعود بارزانى كۆتایی دێت و بە پێی یاسا بۆشى نییە خۆى هەڵبژێرێتەوە ئەگەر فرت و فێڵى یاسایی بۆ نەكەن. بۆیە ئەم پۆستانە یەكلایی ناكەنەوە بۆ ئەوەى مانگى 6 ئەم پۆستانەو پۆستى سەرۆكى هەرێم بكەنە یەك پاكیج و بڵێن با مەسعود بارزانى ببێـەوە بە سەرۆكى هەرێم و ئەم پۆستانەش بۆ ئێوە. واتە وەكو خێر ئەو پۆستاسە ئەداتە لایەنەكان. دیارە ئەم بنەماڵەیە تەنها خەمى خۆیانەو میللەت بەلایانەوە وەكو ئاژەڵ وایە و ئەوەتا بە هۆى كەیسى نەوتەوە هەرێمى كوردستانیان توشى ئیفلاسبون كردووە و ئێستاش لە پێناوى درێژە دان بە دەسەڵاتیان ڕێگا نادەن دەستو دەستكردنى بخرێتە بوالرى جێبەجێكردنەوە و بەربەستى بۆ دروست ئەكەن . كورتییەكەى هەموو سیاسەت و ستراتیج و نەخشەكانى پارتى بۆ هێشتنەوەى بنەماڵەى بارزانییە لە دەسەڵاتداو لەو پێناوەدا ئامادەن سازش لەسەر هەموو ناوچە دابڕێنراوەكان بكەن.
ئەگەر مەسعود بارزانى بەڕاستى خۆى بەسەرۆكى هەرێمى كوردستان ئەزانێت و ئەیەوێت ئەم هەرێمە لە ڕوى سیاسییەوە بەرەو پێشەوە بچێت و ئاسایشى وڵات بپارێزرێت و پڕۆسەى دێموكراسى گەشە بكات و ئابورى هەرێم بەرەو سەربەخۆبون بڕوات , ئەبێ خۆى بە سەرۆكى هەموان بزانێت بە ئۆپۆزسیۆنیشەوە . ئەبى ئەو ڕاستییە بزانێت هەرێمى كوردستان بە هەماهەنگى و هاوكارى هەموو لایەنەكان گەشە ئەكات و بەرەو سەركەوتن هەنگاو ئەنێت , بەڵام سەرۆكى هەرێم تەنها بیر لە سەركەوتنى خۆیی و حیزبەكەى ئەكاتەوە و هەموو بەرنامەكانى بۆ ئەو كارەیە .
ئەگەر سەرنج بدەى خۆی كە سەردانى دەرەوەى هەرێم ئەكات تەنها كوڕەكەى خۆیی و خزمە نزیكەكانى و كەسانى سەر بە حیزبەكەى یاوەرى ئەبن و وەكو ئەوە وایە بەدزیەوە بڕون و لە ڕاستیشدا هەر وایەو سەفەرەكانى زیاتر بۆ كارى شەخسییە . ئەگەر وانییە با جارێك وەڤدێكى هەمە لایەنە لە هەموو حیزبەكان پێك بهێنێت بۆ ئەوەى هەموو كەس بزانێت كە سەرۆكى هەرێم جیاوازى ناكات .
لە كۆتایی ئەم باسەدا ئەڵێم : ئەى بەرپرسانى نەزان هەر وەكو چۆن ئەڵێَن بەردێك نەزان بیخاتە گۆمێك ئاوەوە بەسەد زانا دەر نایەتەوە و ئەوەى ئێوە كردوتانە بە هەموو زانایانى جیهان دەر نایەتەوە. خۆ ئەگەر حكومەتى عێراقى بودجەش بنێرێت, موچەى 680 هەزار موچە خۆر ئەنێرێت. ئەى باشە چۆن موچەى باقیاتەكەى تر دابین ئەكەن. ئێستا لە هەرێمى كوردستان یەك ملیۆن و چوارسەد و پەنجا هەزار موچە خۆر هەیە؟؟؟.
بۆیە من دوو ڕێگا دەست نیشان ئەكەم بۆ حكومەتى هەرێمى كوردستان بۆئەوەى ئەم هەرێمە لەم قەیرانە دەرچێت یەكەم : وەكو چۆن مەلا بەختیار وتى با پارەى ژێر زەمینەكان ئاشكرا بكەن, پێم باشە ئەوە بخەنە بوارى كردارییەوەو ئاشكراى بكەن چونكە ئەوە ماڵى هاوڵاتیانە, لە لایەكى تریشەوە وەكو لە سایتى ویكیلیكس كە ناوى چەندین بەرپرسى باڵاى كورد هاتوە كە خاوەنى چەندین ملیار دۆلارن و گومانى تێدا نییە ئەوە پارەى هاوڵاتیانەو كاتى ئەوە هاتوە ئەو پارانە بهێننەوە. ئەى ناڵێن ماڵى سپى بۆ ڕۆژى ڕەش ؟؟؟. ئەى ڕۆژ لەمە ڕەشتر ئەبێت خەڵك هاوارى لێ هەستاوە. دووەم : لە هەرێمى كوردستان سەدان هەزار موچە خۆرى نایاسایی و حیزبى بندیوار هەیە, جگە لەوەى بە دەیان هەزار كەس لەسەر بنەماى حیزبى پلەیان بۆ بەرزكراوەتەوە و موچەى ناڕەواٍ وەر ئەگرن. بە هەزاران كەس لە وڵاتانى ئەوروپا لە لایەن پارتى و یەكێتییەوە بە نایاسایی لەسەر بودجەى گشتى هاوڵاتیان خانەنشین كراون.
پارتى بە تەنها زیاتر لە سەد هەزار خانە نشینى نایاسایی هەیە بەناوى یاوەرانى بارزانى و ئایلول و كڕینى خەڵك بۆ دەنگدان. ئەبى ئەم دەسەڵاتە موفلیسە بۆ ئەوەى تا زوە لەم قەیرانە ڕزگارى ببێت, موچەى نایاسایی هەموو ئەوانە ببرٍێت و بە یاسا ڕێكیان بخات. سەیركەن بۆ دزینى سامانى ئەم وڵاتە ناوى چۆنیان دۆزیوەتەوە وەكو یاوەرانى بارزانى و ئایلول و زۆر شتى تر كە نەوەى ئەمانەش پیربوەو هەرگیز نابێ پارە بدرێت بەوانە . كاتى ئەوەش هاتوە هاوڵاتیان بێ ترس و بوێرانە بێنە دەنگ و خۆپیشاندانى سەرانسەرى ئەنجام بدەن و داواى لێپێچینەوە لە بەرپرسان بكەن و داوا بكەن, كە ئەو پارانەى بە تاڵان براون بیانگیڕنەوەو موچەى هەموو خانە نشینە نایاسایەكان ببڕن و پێدا چونەوە بە چۆنیەتى خانە نشینەكانى تریشدا بكەنەوە كە بە پێی میزاج پلەو پایەیان بۆ داناون خانە نشینیان كردون.
داواش لە پەڕلەمانى كوردستان ئەكەم لە ڕێگاى لیژنەیەكەوە بە سەرجەم گرێبەستە نەوتییەكاندا بچنەوەو بزانن چەند شیرینى وەرگیراوە. كاتى ئەوەیە هەموو هاوڵاـیان بێنە دەنگ و داواى مافى خۆیان بكەن و داواى لێپرسینەوە لەو بەرپرسانە بكەن كە بونەتە هۆكارى ئەم قەیرانە. ئەو سیناریۆیەى ئێستا بەدەست بڕیار بەدەستەكانە گوایە پارە قەرز ئەكەن , سیناریۆیەكى ئاشكرایە . ئەگەر حكومەت پارە بۆ پێدانى موچە قەرز بكات , ماناى وایە ئیفلاسى كردووە . ئەى پارە بۆ خزمەت گوزاریەكان لە كوێ دابین ئەكات؟؟؟.
ئەم بەرپرسە باڵایانە كە چەندین ساڵە سامانى ئەم وڵاتە تاڵان ئەكەن و هەناردەى بانكەكانى دەرەوەیان كردووە , ئەیانەوێت بەشێكى ئەو پارەیە بهێننەوەو ناوى قەرزى لێ بنێن بۆ ئەوەى دوایی كە بارو دۆخى دارایی باشبوو , بڵێن كاتى ئەوە هاتوە قەرزەكان بدەینەوە . دیارە قەرزكردنى پارە سودى ئەچێتە سەرو ئەیانەوێ لەو سیناریۆ درۆیەشدا سود وەرگرن لەسەر گیرفانى هاوڵاتیان.ٍ

بەڕاشكاوى ئەڵێم : شورەییە بۆ میللەتێك دواى ئەو هەموو ساڵانەى خەبات تێكۆشان شەهیدكرانى سەدان هەزار هاوڵاتى كورد , سەركردەكانى خاوەنى دەیان ملیار دۆلاربن و خەڵك موچەى نەبێت و بێدەنگیش بن . ئەگەر میللەتێك ئەوە عەقڵ و هۆشى بێت , شایانى ئەوەیە لەوە خرابترى پێ بكرێت . میللەتێك كە بە گۆماو خوێنى دابێت و ئێستا كەسێكى وەكو ئاشتى هەورامى بێت و سامانى ئەم وڵاتە بخاتە ژێر دەستى خۆیەوەو ئیفلاس بە هەرێمێك بكات و كەس نقەى لێوە نەیەت , ئەم میللەتە هەر بۆ مردن باشە .
هەرچى بەسەر هەرێمى كوردستاندا هاتوە لە ڕوى ئیفلاسى ئابورییەوە , بەگشتى یەكێتى و پارتى لێی بەرپرسیارن و ئەوەشى ئەندازیارى سیناریۆى بە هەدەردانى سامانى هەرێمى كوردستانن بەكردەوە نێچیر بارزانى و ئاشتى هەورامین كە بەردەوام لە جەولەى مەكوكیدان بۆ توركیا . ئەو دوانە دواى ئەوەى هەمووشتێكیان لە پشتى پەردەوە بۆ مەرامى خۆیان ئەنجامداو ئێستا ئەم كارەساتەى لێكەوتۆتەوە , بۆ داپۆشینى شكستەكانیان ئێستا زۆر شەفافن و بە شاندى گەورەوە ئەچن بۆ ئەملاو ئەولا بەڵام ئەمجارەیان بۆ قەرزكردن .
بۆیەش ئەمە ئەكەن بۆ ئەوەى لایەنەكانى تریش بكەنە شەریكى شكستەكانى خۆیان . حەق وایە لێرە بەدواوە وەزیرى دارایی لەگەڵیان نەچێت و پێیان بڵێت چۆنتان خراپ كردووە , ئاواش چاكى بكەنەوە . ئەى بۆچى كە ئەچون بۆ توركیا گرێبەستتان بۆ ماوەى 50 ساڵ مۆر ئەكرد پرستان بەكەس نەدەكرد و بەدزیەوە ئەچون . یەكێك ئەمانە نەناسێت ئەڵێت سەیركەن لە ئەمەریكاو روسیا مهمترن و ئەوەتا ڕێكەوتنى 50 ساڵى مۆر ئەكەن .
ئاخر چۆن ئەم وڵاتە وێران نابێت كە نەزانێك ببێتە كوێخاى ؟؟ چۆن ئەم وڵاتە وێران نابێت هەموو سامانى نەوتى ئەم هەرێمە بخرێتە ژێردەستى كەسێك كە تا ئەم دوایە هەر لە كوردستان نەبوە , ئێستاش ئەو خاوەنى ملیارەها دۆلار بێت و پێشمەرگەش بە 3 مانگ جارێك موچە وەرگرێت . بۆیە ئەگەر چیتر بێدەنگ بن و دەست بە خۆپیشاندان و ڕاپەڕین نەكەن پیرۆزتان بێت ئەم بارودۆخەو چاوەڕوانى دواڕۆژێكى تاریك بكەن ٍ .ٍ
لە كۆتا قسەمدا ئەڵێم : لە كاتێكدا وەزیرى دارایی عێراق كوردەو بودجەمان بۆ نانێرن جگە لە چەندین بەپرسى ترو دەیان ئەندام پەرَلەمان كە بە حساب ئێمە شەریكین لە دەسەڵاتدا بۆچى داوا ناكەن بگەڕێنەوە هەرێمى كوردستان و چاوەڕوانى چى ئەكەن؟؟؟. ئەگەر هۆكارى كێشەكانیش لەگەڵ بەغدا هەرێمى كوردستانە , با ڕاستییەكان بۆ هاوڵاتیان ئەشكرابكرێت و لە پێناوى بەرژەوەندى كێدایە هەرێمى كوردستان لە بەشە بودجەى خۆى بێبەش بكرێت؟؟؟.ٍ
پێنج شەممە 19/2/2015
ٍ
ٍٍ




(دەنگدراوە: 0)