هه‌نگاوێک بۆ یه‌کلابونه‌وه‌‌

Sunday, 01.18.2015, 12:00

1730 بینراوە


پیره‌مێردێک هه‌بوو ده‌یگوت: (ئه‌گه‌ر بتەوێ هەر مەجلیسەک خۆش بکەی، بۆ هەر وەڵامێک و قسەیەک بڵێ وانیه‌) بەڵام وا پێدەچێ ئەو دەردە بڵاوبوبێتەوە، ئێستاش رۆژانە خەڵک دەبینی هەر بۆ گەرمکردنی راگەیاندنەکانیان سەدای "ئەو وانیە" بە گوێچکەی خەڵکدا دەدەن، بۆیە هەست دەکەیت ئەو بارودۆخە هیچی لێ شین نابێ!
پێت سەیر نییە کە قسەکەرمان زۆرترە لە گوێگر؟ خۆشیەکە لەوەیە هەمووی باسی دنیایەک زاناو فەیلەسوف دەکات، لە ئەفلاتونەوە هەتا دەگاتە ئەوانەی دوایی، ناوەکانیشی باش لەبەرکردووە، بەڵام گەر بێتوو پێی رابگەیت چونکە لە قسەکردن زۆر خێرانە، ئەوە هەر ئەوەندەی لێ بپرسی ئازیزەکەم با باسی ئەفلاتۆن بکەین یەکێک لەو خاڵانەی لە پەروەردەی ئەفلاتون دەخوێندرێ ئەوە هونەری گوێگرتنەو بەدەستهێنانی زانیارییە لە ڕێگای پرسیارەوە نەک وەڵام، کەواتە ئەگەر گوێم لێنەگری ناتوانین قسە بکەین، باوەڕم وایە هەر لەبەرئەوەشە ئەو بەرنامانەی کە پێیان دەگوترێت چەلەحانە بازاڕی هێندە گەرمە چونکە لەو کەشە دەرونییە نزیکە کە پەروەردەی ئێمەی پێیدا دەڕوات!
لە کۆمەڵگەی پێشکەوتنخواز دژەکان پێکەوە دەژین، یەکێک لەو خاڵانەی کە لە هەندێک حاڵەت مرۆڤ توشی شۆک دەکات ئەویش هەر دەچێتە خانەی ئازادی تاکەوە، کە زۆر جار ئێمە بە سەیرەوە تێی دەڕوانین دەیدەینە بەر حوکمی لۆژیک، بەڵام لەبەرئەوەی تاڕادەیەکی باش یاسایەکی دادپەروەر هەیە لەو وڵاتانەو بەیەک چاو سەیری گشت دەکات ئەوە دادگە دەبێتە یەکلاکەرەوەی کێشەکان نەک بڕیاری تاک و گروپ و حیزب و رێکخراوەکان، ئەمن لە مێژە بڕوام وایە تاکی کورد دەبێت واز لە مێژوو بهێنێ و بۆ مێژوونوسانی لێگەڕێ، با ئەوان بە دواداچوونی بۆ بکەن، کێ باشەو کێ خراپە، دەبێ بگەینە ئەو ڕاستییە کە زۆربەی ئەو پاڵەوانانەی کە دەتانەوێ زیندوویان بکەنەوە بە کەڵک ئەم سەردەمە نایەن و مێشکی نەوەی نوێشیان پێ تێک مەدەن. باوی کۆمەڵگەی یەک نەتەوەو یەک ئایدۆلۆژیاو یەک دین و یەک حیزب نەما. قەیرانێک هەیە هەموو بوارەکانی ژیانی گرتۆتەوە هیچ بیروڕایەک بەتەنها ناتوانێ لەو قەیرانە دەرچێ دینیش بەگشتی دابڕاو نییەو لەمێژە لە زۆربەی بوارەکانی ژیاندا داڕمایە، ناتوانێ تاکی دەست پاک و راستگۆ بەرهەم بێنێ. هۆی ئەوە دەهێننەوە کە دەسەڵاتیان نەگرتۆتە دەست، بۆیە ئەمن تێناگەم ئەدی کاریگەری ئەو هەموو مزگەفتە چییە؟ ئەوە دەسەڵات نەبێ چی دەسەڵاتە؟ دەکرێ ئێمەش هەوڵدەین یاسایەک دابین بکەین بە یەکسانی کۆمان بکاتەوەو خۆشەویستی چڵکو قڕێژی ناخ و دارو دیوارەکانمان راماڵێ.
ئەمن بەرلەوەی قسە لەسەر داعش بکەم حەز دەکەم ئاماژە بە شتێک بکەم ئەویش ئەوەیە کە گەورەترین کێشەی دینی ئیسلام ئەوەیە کە ناتوانێ خۆی یەکلابکاتەوە، ئەمن وا هەست دەکەم دەیان کوشتارگەیتر بەدوای خۆی دادێنێ، کەس نازانێ کەی ئامادەیی تێدا دەبێت و خۆی یەکلابکاتەوە. جا ئایا وەک بیری کۆمەنیست تووشی داڕمان دەبێت و لەناو دەچێت؟ یاخود دەگەڕێتەوە سەر کارە سەرەکییەکەی خۆی کە دروست بوونی پەیوەندی مرۆڤ و خوایە، بێئەوەی تێکەڵ بەوانیتر بێ، مەبەستم ئەو بڕوایەی ئیسلامییەکانە کە دەڵێن خوا دادوەرەو هەر ئەو کاری خۆی باش دەزانێ واتە ئەوان تێکەڵی یاساکانی زەوی نابن. لەبەرئەوە هەست دەکەم ئیسلامییەکان ئەوانەی دژی سەلەفییەکان بیردەکەنەوە بەرپرسیارییەتی ئەوەیان بدرێتێ کە بێن بیروباوەڕەکەی خۆیان بپارێزن. پێویستە ئەوانەی وەک سەلەفی بیردەکەنەوە راکێشنە سەر مێزی گفتوگۆ، نەک خەڵکانیتر هۆیەکەشی دیارە کە بەیەک زمان قسە دەکەن و شارەزان لەو بوارە، ئەوەی من تێبینیم کردبێ ئەوانەی باوەڕیان بە دینی ئیسلام هەیەو ئەوانەی باوەڕیان پێنییە لەبەرئەوەی هەڵگری بڕیاری پێشوەختن بەداخەوە ناتوانن گفتوگۆ بکەن.
با ئەو قسەیەش بکەم ئەگەر کەمێک قورسیش بێت، ئەوەندەی کە لە دژە دین و دیندارەکانم خوێندیتەوە هەستم کردیە دژە دینەکان زیاتر خزمەتی دینیان کردیە وەک دژایەتی دیندارەکانیش زیاتر خزمەتی دژە دینەکانیان کردووە لەبەرئەوەی هەردووکیان لەجیاتی گەیاندنی زانیاری، پشت بە کولتوری قبوڵنەکردنی ئەویترو ناشیرنکردن دەبەستن.
ئەمن ناتوانم پێشنیار بکەم بۆ خەڵک، بەڵام لەبەرئەوەی لە گەڕان و خوێندنەوەی خۆم گەیشتوومەتە چەند دەرەنجامێک یەکێک لەوانە ئەوەیە بۆئەوەی کۆمەڵگایەکی ساغ و دروست پێکبێ وا باشە ئەو یاساو ڕێسایانە هەڵگری، ئەو تایبەتەمەندییە بن، با نزیکتر بکەومەوە لە باسەکە مەبەستم ئەوەیە ئیسلامییەکانی کوردستان بە جیا لە ئیسلامییەکانی وڵاتانیتر وەرگیرێن، دەزانم تا وڵاتی ئێمە خاوەن ئەو دەسەڵاتە نایەکسانی خوازە بێ و سەربەخۆ نەبێ لە بەڕێوەبردنی وڵات و تازە نیازی وابێ دامەزراوەی دەوڵەت بکات بە حیزب، ئەو پڕۆژانەشی قبوڵ نییە کە بەختەوەری خەڵكی تێدایە، بەتایبەتی پڕۆژەی پێکەوە ژیان.
تۆ بەس لەو ماوە کورتەی دوایی سەیر بکە بۆ خۆی باوەڕی بە ئیسلام و جەژن نییە کەچی شەنگال و کۆبانی دەکات بە بیانوو، خۆ دەتوانی ئاسانتر خۆت یەکلایی بکەیتەوە، بەس دیسان ئەگەر مرۆڤ ئارامتر بیربکاتەوە بۆ جەژن نەکرێ؟ ئایا زیانی بۆ کەس هەیە؟ باشە ئەدی ئێمە شەڕمان لەسەر ئەوە نییە کە ئەوانیتر ئاسوودە بن؟ کەواتە لێیان گەڕێن. ئەمنیش ئەو برادەرانەی کە دەیانناسم پێیان دەڵێم بەڕێزان جەژنتان پیرۆز بێ، بەڵام وەک تکایەک ئاژەڵ لەبەر چاوی منداڵەکانتان سەر مەبڕن چونکە نەک هەر حاڵەتەکی ناشارستانییە بەڵکو کاریگەری خراپیشی لەسەر دەرونی منداڵانی خۆتان و دەرو دراوسێ دەبێ، ئەو داوایەش مافێکی سەرەتایی ئازادی تاکە، کە رێزگرتنە لە ئازادی ئەوانیتر، ئەگەر دەشیانەوێ با بۆ سەربڕینی ئاژەڵ داوای شوێنێکی تایبەت بکەن، ئەوە مافێکی رەوای خۆیانەو دەبێ رێز لە داواکەیان بگیرێ.
کەمێک دوورتر دەکەوینەوە، چەندان ساڵە دەڵێین دەسەڵاتی تورک و فارس و عەرەب کەیفیان بە ئێمە نایێت؟ باشە ئەوە لەوان گەیشتین بەڵام تۆ چیت کردووە تا خۆتیان لێ بپارێزیت، لەو لایە ناوبژیوانیت ئێرانە، قۆڵت لێهەڵکردووە وا عێراقی بۆ دروست دەکەیتەوەو کۆبوونەوەی ئاشتەوایی لە هوتێلە پێنج ئەستێرەکانی خۆت بۆ دەکەیت، منداڵیش ئەوە دەزانێ بانک وەگەڕخستنی بازاڕە کەچی تۆ لەجیاتی پارەکە بخەیتە بانکەکانی خۆت و بازاڕی هەرێمەکەی خۆتی پێ ببوژێنیتەوە ئەوە پارەت خستۆتە بانکی تورکی، هەر دەستی دۆستایەتیشیان بۆ درێژ دەکەین بۆ؟ دەبێ قسەی ئەو کابرایەی موساد ڕاست بێ کە دەڵێ: کورد نایەوێ دڵی دوژمنەکانی لە خۆی بڕەنجێنێ. (بڕوانە موساد لە عێراق و ووڵاتانی دراوسێ)، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە دەسەڵات و حیزبەکان وا بیردەکەنەوە، ئەی بۆ ئێمە وەک تاک بۆ وا بیردەکەینەوە؟ ئەگەر چاو بە ڕاگەیاندنەکاندا بخشێنیت پڕ لەو جۆرە ڕەخنەو تێبینیانەیە کە چۆن دوژمنەکانمان پیلانمان بۆ دادەنێن و دەیانەوێ ئارامیمان لێ بشڵەژێنن، دەبێ دووبارە بەبیری بێنیەوە چاوەکەم ئەدی نەمانگووت ئەوان دوژمنمانن؟ ئەدی کاری دوژمن چییە؟ ئایا دەتەوێت دوژمن وڵاتت بۆ بکاتەوە؟ خواردن و کەلوپەلی چاکت بۆ بنێرێ؟ ئەوە تۆیت بە پاڕانەوە دەتەوێت دوژمنەکەت میهرەبان بێت و بەبەردەوامی لە جیاتی هێرش بردن کەچی بیر لە چۆنیەتی خۆپارێزتن دەکەیتەوە.
ئێمە زۆر دوور نەکەوینەوە، نمونە لە دنیا زۆرە، بەڵام کۆبانی بۆمن سەرنج ڕاکیشە کە ویستی گەل پیلانێکی جیهان تێکدەشکێنێ، ئەو مرۆڤە جوانانە بە دنیایان سەلماند ئەگەر ئێوە نیازتان نییە دان بە ماف و ئازادیمان دابنێن، ئەوە بە بەرگری و قوربانییەکانمان شەرمەزارتان دەکەین لە ئاست شەقامی خۆتان، بەڵام ئەوەی پرسیارە ئەوەیە ئایا دەسەڵاتی باشوور سوود لەو وانانە وەردەگرێت؟ بێگومان نەخێر، چونکە خاوەن بڕیاری سیاسی سەربەخۆ نین، ئەو دەسەڵاتانە کە لە دنیادا لە بڕیاری سیاسی سەربەخۆن هەمیشە چەندان پلانیان هەیە ئەو نا ئەوی دیکە، تۆ سەیری کەرکوک بکە ئەوەی سەرەتایی ئەلفو بێی سیاسەتی خوێندبێت لەوە دەگات کە ئەو شارە بۆتە قوربانی ئەو ناسەربەخۆییەی کە من باسی دەکەم دەنا چارەسەرکردنی زۆر ئاسانەو زۆرینەی خەڵکیش پلانی دوو، سێی هەیە، هاوڵاتییەکی کەرکوکی ئەوها بارودۆخ و چارەسەرەکەی بۆ باسکردم کە چۆن ئەو شارە دەپارێزرێ و لە دەرفەتێکی گونجاویش دەگەڕێندرێتەوە سەر هەرێم و چۆن پێگەی کوردیشی پێ بەهێز دەکرێ (دروستکردنی حیزبێکی تایبەت بە کەرکوک و بە بەرنامەیەکی کوردستانی، جا هەر ناوێک بێت تۆ بڵێ پارتی ئازادی کەرکوک، سەرکردایەتییەکی سەربەخۆی بۆ دابنێ و بارەگای حیزبەکانی دیکە لەو شارە دابخە، سوپایەکی یەکگرتوو، یاساو رێسایەک کە مافی گشت لایەک وەکو یەک بپارێزێ و مەجلیسی پارێزگا لە هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگاو هەتا دوایی، ئایا بارودۆخەکە ناگۆڕدرێ؟ ئایا ژیانی خەڵکەکە بەرەو باشتر ناڕوات؟ تۆ سەیر بکە هەموو ئەو شوێنانەی کە ململانێی حیزبی تێدایە توشی چ ماڵوێرانییەک بوینە. گەر بێتو لێم بپرسیت بۆ نابێت؟ دووبارە دەبێ پێت بڵێم ئەوانەی کە ئاواتەکانی ئەنقەرەو بەغدا دەهێننە دی ئەوە پاڵەوانەکانی پارتی و یەکێتین، کە رێگایەکیتریان نییە بۆ چارەسەرکردنی دۆزی کورد جگە لەوەی کە دوژمن بۆیان دادەنێن). هاوڵاتییە کەرکوکییەکە زۆر قسەیتریشی کرد کە دڵنیامە زۆربەی ئەو قسانەی گەیشتوونەتەوە ئەو دەسەڵاتە بەڵام بۆ کارێک ناکات ئەوە بۆ خۆتان وەڵامەکەی دەزانن، دەنا ئەو هەموو تەقینەوەو ماڵوێرانییەی ئەو شارە ویژدانی دەهەژاندن و هەنگاوێکیان دەنا بۆ راگرتنی ئەو هەموو خوێنە، دیارە پەشێو لەمێژە ئەو ئاسانکارییەی بۆ کردووین کە دەڵێ: "مرۆڤ کورد زەلیلە، باشترین نمونەش بۆ زەلیلی تاکی کورد، سەرکردەکانمانن".
خەڵک لە قسە سواوەکان بێزار دەبن و دەرئەنجامیان دەوێ، ئەو رۆژە لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی کە پێیان زۆر سەیربوو کە کۆمەڵەک گەنجی یەهودی لە ئیسرائیلەوە کۆچیان کردبوو بەرەو ئەڵمانیاو ئەوەی سەرنجی پێشکەشکارەکەی راکێشابوو بۆ بەرلینیان هەڵبژاردبوو؟ بەڵام ئەوەی کە گەنجەکانی لە وڵاتەکەیان بێزار کردبوو وشەی بارودۆخ بوو.
ئەمن دڵنیامە رۆژێک دادێ کە خەڵکی ئێمەش لەو قسە بێمانایانەی دەسەڵاتی سیاسی و هەندێک بەناو شیکاری سیاسی بێزار دەبن کە ئیرادەی گەل پشتگوێ دەخەن هەموو تاوانەکان دەخەنە مل تیۆری پیلانگێڕی، کە ئەگەر بە خۆداهاتنەوەیەک نەبێ ئەوە کاریگەرییەکی زۆر خراپی دەبێ، راستە تا ئێستا ئەوەی کە یارمەتی ئەو بارودۆخەی ئێمەی داوە نەزانی دوژمنەکانمانە کە شێوەی دژایەتی کردنیان زۆر کۆنە، دەنا بۆ نمونە ئەگەر وەک فەڕەنسییەکانیان بکردبا کە چۆن مامەڵەیان لەگەڵ تونس و جەزائیرو هەتا دوایی کرد ئەوە کوردیش خۆی لە ماڵی خۆی دوژمنەکانی دەدیتەوە بە ئازادی خۆی.
بەداخەوە ئەوانەی کە دژی دەسەڵاتیش دەنووسن ئەو بابەتانە دەوروژێنن کە دەسەڵات دەیەوێ قسەیان لەسەر بکرێ، بۆیە نەبوونی هاودەنگی نەبوونی دەرئەنجامە.
دەکرێ هەوڵی لێکتێگەیشتن بدەین و بە پرسیارە لاوەکییەکان خۆمان خەریک نەکەین، نەوەیەک دێ و وریایە ئەو بۆشاییە لە نێوان ئێمەو ئەقل دەبینێ.

تێبینی لە ڕۆژنامەی ڕۆژی گەل ژمارە ٢٥٤ بڵاوبویتەوە