زانیاری گرینگ و سەرنج ڕاکێش لەسەر زیندانی کورد لەئێران

Friday, 28/09/2012, 12:00

2174 بینراوە


راپۆرتێک لە سەر باروودۆخی زیندانیانی سیاسی PJAK لە ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان
کۆماری ئیسلامی ئێران وەکوو رژیمێکی تۆتالیتەر و دژی ئازادیەکانی مەدەنی، لە سەرەتای ھاتنە سەرکاریەوە ھەتا ئەمڕو ھەمیشە پێداگری کردووە لە سەر سەرکوت کردنی ئازادیخوازان و بنەبڕ کردنی رامانی ئازادانە ژیان کردن. ھەمیشە ھوڵدانی بۆ ئەوە کردووە کە بچووکترین خۆ راپساندن لە کوت و زنجیرەکانی بە نامرۆڤانەترین شێوە وڵام بداتەوە. چالاکی و خەباتی ئازادیخوازانەی گەلانی ئێران وەکوو ھەوڵدان لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی و جووداخوازی نیشان دەدات و بە توندترین شێوە لە بەرامبەریدا کاردانەوە نیشان دەدات. لە کاتی سەرکەوتنی شۆرشی ئیسلامی ئێران بە لانیکەم ٤٥٠٠ کەسی کورد لە شارە جیاجیاکانی رۆژھەڵاتی کوردستان بە فەرمانی خومەینی و لە بن بەرپرسیارێتی خەڵخاڵی دا(سەرۆکی دادگای شۆڕشی ئیسلامی ئەوکاتە) بە بێ ھیچ دادگاھی و مەحکەمەیەکی فەرمی لەسێدارە دران. ئێستاش لە دوای سی و چوار ساڵ، زیندانەکانی ئێران پڕە لە کەسایەتی رۆژنامەوان، سیاسەتمەدار، ھونەرمند، خوێندەوانانی زانکۆ، چالاکانی مدەنی و کەسانی ئازادیخواز کە تەنیا تاوانیان ئازادانە ژیان کردن و تێکۆشان بۆ ھێمنی کۆمەڵگایە. ئێران کە ئەندامی ٥ پەیماننامە لە ٩ پەیماننامەی نێونەتەوەییە لە بواری مافی مرۆڤە، کە لە لایەنی حقوقییەوە مەجبوور بە لەبەرچاو گرتنی خاڵەکانییە. بەڵام سەرەڕای ئەوەش لە بواری پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە جیھاندا یەکێک لە وەڵاتە پلەدارەکانەی سەرەوەی ریزبندییە. بە بەرچاو گرتنی ئەو رەفتارەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەرحەق بە زیندانیانی سیاسی بەتایبەت و گشتی زیندانیانی دیکە، دەردەکەوێت کە کۆماری ئیسلامی ئێران ھیچ پایبەندیەکی ئەخلاقی و حقوقی بە جاڕنامەی مافی مرۆڤ و تەنانەت ھێندی لە خاڵەکانی یاسای بنەڕەتی خۆیشی دا نییە. وەکوو نموونە: خاڵی ٢٣ی یاسای ئێران دەڵێت: "لێپرسینی باوەری و عەقیدە لە ئێران قەدەخەیە و نابێ بە ھۆی باوەڕی جیاواز کەسێک تۆمەتبار یان تاوانبار بکرێ". بەڵام بە پێچەوانە ھەبوونی زیندانیگەلێک وەکوو زەینەب جەلالیان کە تەنیا بە ھۆی بیرو ڕایەکی جیاوازو بەھرەمەندی لە کەسایەتی ژنێکی ئازادی کورد کە پێچەوانەوەی عەقلییەتی دواکەوتوو و دژەدێمۆکراتیکی سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، لە لایەن ئەو رژیمەوە حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە. ئازادی رادەڕبڕین و باوەڕی لە ئێراندا یانی دووبارە کردنەوەی باوەرییەکانی رژیم و ھەڵگوتن و مەدحی زیاتریان. ھەروەھا دێمۆکراسی و مافی مرۆڤ بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران بریتین لە جوڵانەوە لە چوارچێوەی جەبرێکی کە شەریعەت دیاری دەکا. رەخنە گرتن لە سیستەمی ئێران ھاوکاتە لە گەڵ گرتن، ئەشکەنجە، زیندان و سێدارە و حوکمی وەک، شەڕ لە ھەمبەری خوا و خستنە مەترسی ئاسایشی وڵات و ھەوڵدان بۆ لە رووخاندنی رژیم.
ھەروەھا خاڵی ٣٢ کە دەڵێ " ھیچ کەس نابێ بێ‌بەڵگە و بێ‌حوکم یاسایی بگیردرێت؛ لە ئەگەری گرتنیشی تاوانی ئەو کەسە چییە دەبێت بە شێوازی فەرمی بە تاوانباری رابگەیەنن و لە ٢٤ کاتژمێردا پەروەندەکەی بەڕێی دادگا بکەن و زووترین کاتدا بە کاروباری دۆسییەکەی رابگەن." ھەروەھا ئەسڵی ٣٥ دەڵێ " لە ھەموو دادگاکان ھەرکەس مافی ئەوەی ھەیە کە پارێزوانێک بۆ خۆی دیار بکات و تەنانەت لە ئەگەری دەسکورتی کەسی گیراو دەبێت دەولەت بۆ خۆی ئەو ئەرکە بگرێتە ئەستۆ." خاڵی ٣٨ ئاماژە دەکا بە ئەوەی کە" ھەر چەشنە ئەشکەنجە بۆ گرتنی ئیعتراف و ئاگاھی قەدەخەیە؛ مەجبوور کردنی زیندانی بۆ شایەتی دان، سوێند خواردن و ئیعتراف روا نیە و ئەگەر بەو جۆرە بەڵگەیەکیش وەدەست بخرێ بێ‌بایەخە." ئەسڵی ٣٩ دەڵێت کە بێ حۆرمەتی یا ھەر چەشنە تەھدید بە دەستدرێژی لە سەر زیندانی قەدەخەیە و ئەگەریش ھەبێت، تاوانی ھە یە." بەڵام بە خۆێندنەوەی نامەکانی شەھیدانی زیندان، مامۆستا فەرزاد کەمانگەر، شیرین عەلەم ھوولی و ھەروەھا ئەوانەی کە ئێستاکە لە زیندان دان وەک حەبیب اللە گوڵپەری پوور بۆمان دەردەکەوێت کە ھەموو ئەم خاڵانە جگە لە نووسراوەیەکی فۆڕماڵیتەی سەر پەل شتێکی دیکە نییە. ئەو زیندانیانە ھەر لە رۆژی دەستپێکەوە بێ ھەبوونی بەڵگە لە لایەن ھێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەسبەسەر کران، بۆ ماوەی چەندین مانگ لە ژێر ئەشکەنجەدا بوون. ھەموو پێوەندێکیان بە دوونیای دەرەوە پچڕاوە. بێ ھەبوونی پارێزەر و مافی خۆپاراستن لەخۆبەرگری کردن لە دادگایەکی چەند خولەکیدا بە سێدارە مەحکووم کران و بەبێ ئاگاداری بنەماڵە حوکمی ھێندی لەوان جێبەجێ کراوە و تا ئەمڕوکەش تەرمی ئەو کەسانە رادەستی بنەماڵەکانیان نەکراوەتەوە. ھەروەھا ئەمڕو زۆر لەو زیندانیانەی کە لە حەبسی ئێران دان بۆ گرتنی ئیعتراف تەھدید بە دەستدرێژی کراون و زۆر کەسیش بەتایبەت ژنان دەستدرێژی و بێ رێزییان پێ‌کراوە. لە گەڵ ئەوەش بە سەدان زیندانی بۆ گرتنی ئیعتراف لە ژێر ئەشکەنجە، یا گیانیان لە دەست داوە، یا تووشی نەخۆشی جیاوازی جەستەیی و دەروونی بوونەتەوە. کە ئەم شتانە بۆ خۆی شاھەدێکی بەرچاوە بۆ ئەوەی کە رادەی دژە مرۆڤ بوونی حوکمەتی ئێران نیشان بدا. 
لەم چوارچێوەیەدا کۆماری ئیسلامی ئێران ھەمیشە ھەوڵی داوە کە بە ھەموو شێوازیک ھەر چەشنە ئازادی ڕادەربڕین و ئاسانکاریەکانی خەباتی مەدەنی بنبڕبکا تا ئەو جییەی کە مەودا دەدا کومەڵگا بێ‌رێبازی خۆپاراستن بھێڵێتەوە. لەم چوارچێوەدا زیندان ئامرازێکە بۆ بێ ئێرادە کردن، ڕاھێنان، ئامادە کردن و درووست کردنی مرۆڤێک بە پێ بەرژەوەندی سیاسەتی دەسەڵاتخوازان. ئەمەش لە پێناو بێ‌ئێرادە کردن و چاوترسێن کردنی کۆمەڵگا دایە. ھەڵبەت پەرەپێدان بە سیاسەتێکی کە لە تەک ئەخلاق و پێوانەکانی ئازادیدا ئاوێتەیە بووە، ھەروەھا پێشخستنی کلتووری رێزدانان بۆ مافی مرۆڤ و ژیانی کۆمەڵگا و ئازادی رادەربڕین و رێز لێنان لە دێمۆکراسی بۆ سەقامگیر کردنی ئەمنیەت و ئاشتێکی مایەندە لە ئێران و رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا خاوەن گرینگییەکی بەرچاوە. ھاوکات بۆ ئامادە کردنی زەمینەێکی دێمۆکراسی لە ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان بە سەدان لاوی کورد ئەمڕو لە زیندانەکانی ئێران و شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان وەکوو ئۆرمیە، سنە، مەھاباد، ماکۆ، کرماشان،... ھێڵی خۆڕاگریان ھەڵبژاردووە و درێژە بە تێکۆشانی ئازادیخوازیان دەدەن. بە گەشە کردنی خەباتی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(PJAK) زەخت و گوشاری لە سەر زیندانیانی سیاسی پەرەی سەندوە. ھەوڵدان بۆ شکاندنی ئیرادەی جەوانانی کورد کە لە کەسایەتی زیندانیانی سیاسی دا، ئامانجی سەرەکی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، تا ئێستا بە خۆڕاگری بێ‌وێنەی رۆڵەکانی گەلەکەمان بێ‌ئاکام ماوەتەوە. 
ــــ ئێستاکە چەندین ئەندام و وەڵاتپارێزی کورد کە لە سەر دۆزی PJAK بە تۆمەتی موحاربە(شەڕی دژی خودا) و تێکدانی ئاسایشی وڵات و ھەوڵدان بۆ لەناو بردنی حوکمەتی ئیسلامی ئێران بە ئیعدام مەحکووم کراون و ھەرکات ئەگەری جێبەجێ کردنی حۆکمی ئەوان لە ئارادایە. 
١. حبیب اللە گوڵپەری پوور 
حبیب اللە گولپەریپوور لە دایک بووی ١٣٦٣ شاری سنە. لە بەرواری ٥ رەزبەری ساڵی ١٣٨٨ لە کاتی دەرکەوتن لە مەھابادوە بۆ ئۆرمیە (بە پێ بەڵگەنامەی تاوانباری ئیتلاعاتی ئێران) لەگەڵ ھێندێ کتێب و لە چاپدراوی گرێدراوی پژاک لە لایەن ھێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای مەھابادەوە گیرا. چەند مانگ لە ژێر لێپرسینەوەو ئەشکەنجەی کاربەدەستانی ئیتلاعاتی شارەکانی مەھاباد، ئۆرمیە و سنە ماوەتەوە. 
حەبیب لە نامەیەکی خۆی دا ئاماژە بە ئەشکەنجەی رۆحی و جەستەیی خۆی دەکات و ئەڵێ:"سەرەڕای لێپرسینەوەی درێژخایەن و ئەشکەنجەی جەستەی و رۆحی منیان ھەتا ئاستی مردن برد. شکایەتی ئەوەشم بەردەوام دەھەناردە داموو دەزگاکانی دەوڵەتی، بەڵام لەم وەڵاتەدا دەنگی ئێمە حۆجرەکانی زیندانیش تێناپەرێنێ، ھەتاکوو بیسەری ھەبێت." حبیب لە ٢٤ رەشەمەی ١٣٨٨ لە دادگای شۆرشی مەھاباد بە بەرپرسیارێتی قازی خۆدادادی لە ناو چەند خولەک بە تاوانی ئەندام بوون لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان مەحکوومی لەسێدارەدان بوو. حۆکمەشی لە لایەن دادگای باڵای وەڵاتەوە پەسەند کراوە و ئێستاش ھەر کات لە مەترسی لەسێدارەدان دایە.
حەبیب وەکوو زیندانیانی سیاسی دیکە لە زیندانی ئورمیە لە ناو ساڵانی رابردوودا بە چەندین جار لە لایەن رایەدارانی زیندان و ئیتلاعاتی شاری ئورمیەوە لە گەڵ چەند زیندانی سیاسی دیکە کەوتۆتە حوجرەی تاکەکەسی و بۆ وەرگرتنی دانپێدانان تەلەویزیونی زەختی زۆریان لە سەر داناوە و لە ئەگەری ھاوکاری نەکردن دا تەھدیدی پێک ھێنانی حوکمەکەیان کردووە. حەبیب لە ھاوینی ١٣٩١ لە ئورمیە راگوێزی سمنان کرا. 
٢ـ حبیب اللە لەتیفی 
حبیب اللە لەتیفی لە دایک بووی ١ خاکەلێوەی ساڵی ١٣٦١(١٩٨٢) شاری سنە، خوێندکاری ئەندازیاری سەنایعی زانکۆی پەیام نووری ئیلام بووە. لە بەرواری ١ خەزەڵوەری ساڵی ١٣٨٦ لە شاری سنە لە لایەن ھێزەکانی ئیتلاعاتەوە گیرا. ٤ مانگ لە حوجرەی لێپرسینی ئیتلاعاتی سنە ماوەتەوە و لەم ماوەیەشدا ئەشکەنجەی زۆر کراوە کە بۆتە ھۆی خوێنرێژی گورچیلە و شکانی سەری، لە دوای ئەوەش گۆازراوەتەوە زیندانی سنە. حبیب اللە لەتیفی لە بەرواری ١٠ پووشپەری ساڵی ١٣٨٧ لە دادگای سنە بە بەرپرسیارێتی قازی بابایی بە تاوانی موحاریبە و ئەندام بوون لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان دادگایی کراوە و سەرەرای پارێزوانی وەکێلی ئەو یانی نیکبەخت و نعمت ئەحمەدی لە ئاکام دا حۆکمی سێدارەی پێ درا. لە دوای ئەرێ کردنی لە لایەنی دادگای باڵای وەڵات، لە بەرواری ١٦ رەشەمەی ساڵی ١٣٨٨ ئەم حوکمە بە پارێزوانەکەی راگەێندرا. 
حوکمی لەسێدارەدانی حەبیب کە بڕیار بوو لە ٥ بەفرانباری ١٣٨٩ لە زیندانی سنە پێکبێت، رووبەڕووی نارەزایەتی گەلی کورد و رێکخراوە مەدەنیەکان و چالاکانی مافی مرۆڤ لە ھەر چوار بەشی کوردستان بۆوە، بۆیەش بە فەرمانی دادستانی سنە بە شێوازێکی کاتی راوەستا. حەبیب ئێستا لە زیندانی سنەیە و بە ھۆی قەتعی بوون حوکمەکەی ھەر کات مەترسی پێک ھێنانی ھەیە. 
٣. سیروان نژاوی
سیروان نژاوی خەڵکی شاری سەردەشت لە بەرواری ١٤ی پووشپەری ١٣٩١ لە لایەن ھێزەکانی ئیتلاعاتەوە لە شاری کەرەج دەستگیرکرا و بۆ لێپرسین گۆازرایەوە ئورمیە و بۆ ماوەی یەک مانگ و نیو لەوێ ماوە. لە دوای ئەوە دەربازی زیندانی مەھاباد کراوە و لە لایەن دادگای شۆڕشی مەھابادەوە بە تاوانی ھاوکاری کردنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێنرا. پاشانیش لە زیندانی مەھابادەوە بۆ زیندانی ئۆرمیە گۆازراوەتەوە. دۆسییەکەی بۆ پێداچوونەوەی دووبارە نێردراوەتە دادگا و ئێستاش چاوەڕوانی حۆکمی دواییە. 
٤. ئیبراھیم عیسی‌پور
ئیبراھیم خەڵکی شاری سەردەشتە و لە ساڵی ١٣٩١ لە لایەن ئیتلاعاتەوە گیرا و بۆ لێپرسینەوە دەربازی شاری ئورمیە کرا. لە دوای یک مانگ و نیو مانەوە لە حوجرەی تاکەکەسیدا بەرێی زیندانی مەھاباد کرا. ئیبراھیم لە پەروەندەیەکی ھاوبەش لە گەڵ سیروان نژاوی لە بەرواری ٢٣ خاکەلێوەی ٩١ لە لایەن دادگای شۆرشی مەھابادەوە بە تاوانی ھاوکاری لە گەڵ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێنرا. ئێستا لە زیندانی ئورمیەیە و چاوەڕوانی بەرێوەچونی حوکمەکەی دەکا.
٥. رەزا ئیسماعیلی
رەزا ئیسماعیلی (مامەدی) ٣٤ ساڵە و خەڵکی شاری سەڵماس کە لە پاییزی ساڵی ١٣٩٠ لە لایەن ھێزەکانی ئیتلاعاتی سەڵماسەوە گیرا. ئەو لە دوای چەند مانگ کە لە ژێر لێپرسینەوەی ئیتلاعاتی شاری سەڵماسدا مایەوە و ئەشکەنجە کرا، لە لایەن دادگای شۆرشی شاری خۆی بە تاوانی ھاوکاری لە گەڵ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان حوکمی سێدارەی پێدرا. ئەم بەرێزە ئێستا لە زیندانی سەڵماس دایە و لە دوای نارەزایەتی لە حوکمەکەی بۆ دووبارە پێداچوونەوە ناردراوەتە دادگای گشتی ئەیالەتی ئازەبایجانی رۆژئاوا.
ھاوکات دەرەوەی زیندانیانی سیاسی دۆزی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (PJAK)، ئەندامانی پارتێ کوردیەکانی دیکەش حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە. کەسانی وەکوو لوقمان و زانیار مۆرادی و شێرکۆ مەعاریفی سەزای سێدارەیان ھەیە و مەترسی پێک ھێنانی سەزاکەیان ھەیە. 
دیسان زۆر زیندانی سیاسی ھەن کە بە ھۆی ئەشکەنجەی لە رادە بەدەر و بێ بەرپرسیارێتی کاردارانی زیندان لە دەرمان کردنیان دا ئێستا باروودۆخی تەندرووستیان نالەبارە و مەترسی گیانیان لە سەرە. زەینەب جەلالیان یەک لەو کەسانەیە، کە ئێستا لە زیندانی دیزل ئابادی کرماشانە. زەینەب جەلالیان لە دایک بووی ساڵی ١٩٨٢ گۆندی دێم قشڵاقی سەر بە شاری ماکۆیە. کە لە ساڵی ٢٠٠٨ لە کاتی چوونی لە کامیارانەوە بۆ کرماشان گیرا و بە تاوانی ئەندامێتی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان و چالاکی چەکداری، کە ھیچ کات ئەم تاوانەی قەبووڵ نەکرد لە دادگایەکی چەند خۆلەکیدا بەبێ ھەبوونی پارێزەر حۆکمی ئیعدامی بە سەردا سەپێندرا. لە ماوەی لێپرسینەوەی لە ژێر ئەشکەنجەی رۆحی و جەستەیی ھێزەکانی ئیتلاعاتی ماوەتەوە و لە ئەنجامی ئەم ئەشکەنجانە زەربەی گران لە سەری دەکەوێ و خوێنرێژی زۆر دەکات بەڵام بەرپرسانی زیندان تەنیا دەرمانی سەرپێی دەکەن و بۆ چارەسەری و دەرمانی زیاتر ھەوڵدانێک ناکری. دیسان لە ئەنجامی ئەم ئەشکەنجانەدا لاشی تووشی عوفوونەتی جیدی بووە، بە تایبەت ریخۆڵەکانی برینی ھەڵگرتووە. ھەروەھا سۆمای چاوی کەم بۆتەوە. بەڵام ھەتا ئێستا بەرپرسانی زیندان ئامادە نەبوونە لە دەرەوەی دەرمانگای ناو زیندان چاەرسەری نەخۆشییەکانی بۆ بکەن. بۆیە مەترسی لە دەس چوونی بینایی ھەیە. زۆر جار لە بەر برین و عوفوونەتی دەروونی ناتوانێ خواردن بخوات و لە بەر ئازاری سەر ناتوانێ پشوو بدات. 
زەینەب چەندین جار لە ژێر زەختی ئەوەدا بووە کە پێویستە لە بەر کامێرا دان بە تاوانەکانی کە قەت نەیکردووە دانێ، ھەتاکوو حۆکمەکەی بۆ کەمکەنەوە یان بیگۆرن. بۆ ئەوەی دان بە تاوانی سەپێنراو دا بنێ ئەشکەنجە کراوە و لە گەڵ بنەماڵەی بۆ رازی کردنی گفتوگۆ کراوە و... بەڵام زەینەب بە ھیچ شێوازێک ئەمە قەبووڵ ناکات. بە ھەوڵدانێکی نیونەتەوەیی لە لایەن دام و دەزگاکانی مافی مرۆڤ چالاکانی مەدەنی حوکمەکەی گۆرا، بەڵام سەرەڕای راوەستانی حۆکمی سێدارە دیسان رووبەڕووی مەترسی گیانیە. 
دیسان رەمەزان موحەممەد موسلیم کە خەڵکی شاری کووبانێی رۆژئاوای کوردستانە، لە ساڵی ١٣٨٥ بە تاوانی ئەندامێتی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان گیرا. لە کاتی گرتنی دا بە ھۆی پێھەڵچوونی لە گەڵ ھێزەکانی سوپای پاسداران، دەستی بریندار دەبێت. ھاوکات لە گەڵ ئەوەش بە ھۆی ئەشکەنجەی ھێزەکانی ئیتلاعاتەوە برینەکەی چڵک دەکات و باروودۆخی تەندرووستی دەکەوێتە مەترسییەوە. بەڵام بە ھۆی بێ بەرپرسیاریەتی رایدارانی زیندان ھەتا ئێستا برینەکانی چارەسەر نەبووە و برینەکەی تەشەنەی کردووە و ئەگەری بڕینەوەی دەستی زۆرە.
بێھرووز ئاڵاخانی لە دایک بووی ١٣٦٤ شاری سەڵماسە کە لە رێبەندانی ساڵی ١٣٨٨ لە لایەن ھێزەکانی ئیتلاعاتی سەڵماسەوە گیرا و بۆ ماوەی ١٩ مانگ لە ژێر لێپرسینەوەدا بووە. لە ئیتلاعاتی شارەکانی خۆی و ئورمیەدا، لە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و رۆحی دا ماوەتەوە. ئەم ئەشکەنجانە بۆتە ھۆی ئەوە کە ئێستا لە بواری رۆحی و دەروونی تووشی نەخۆشی ببێت و باروودۆخی تەندرووستی باش نیە. لە سەرەتا دا بە تاوانی ھاوکاری لە گەڵ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان تاوانبار کرا بەڵام لە دوای چەند جار لێپرسین، بەشداری لە کۆشتنی دادستانی خۆی لە سەر پەروەندەکەی زیاد کرا. بەڵام ناوبراو ئەوتاوانە رەت دەکاتەوە. لە ٢٣ رەزبەری ساڵی ١٣٩٠ لە دادگای شاری ئورمیە بە بەرپرسیارێتی قازی چابوک حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپێنرا. ھەروەھا بە تاوانی ھەڵگرتنی چەک کاتی دەستگیر کردنی، ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە. بێھرووز مافی چاوپێکەوتنی لە گەڵ بنەماڵەی تەنیا مانگێ جارێک، ئەویش بە ئامادە بوونی بەرپرسانی زیندان ھەیە. ئێستاکەش باروودۆخی بێھرووز باش نیە و لە بەر حەساسیەتی پەروەندەکەی بەرپرسانی زیندان ئامادە نیین لە نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان چارەسەری نەخۆشینەکەی بکەن. پەروەندەکەی لە پاش رادەست کردنی بۆ دادگای باڵای ئێران، ھاو کات لە گەڵ سەید سامی حۆسەینی و سەید جەماڵ مۆحەمەدی حۆکمەکەیان شکا و بوو بە زیندانی ھەتاھەتایی.
لە گەڵ ئەوەش بە سەدان زیندانی سیاسی لە زیندانەکانی ئێران بە ھۆی ھاوکاری یا ئەندامێتی لە گەڵ پژاک سەزای زیندانی درێژخایەنیان ھەیە یا چارەنووسیان نادیارە. 


کۆمیتەی زیندانیانی سیاسی (PJAK)
٢٧،٠٩،٢٠١٢

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە