رۆژی "16"ی گوڵان؛لەنێوان رۆژی كۆمەڵكوژییەكەی هەولێری (1997) و رۆژی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی ئێراقدا

Wednesday, 27/05/2009, 12:00

12778 بینراوە


حكومەتی ئێستای ئێراق بەبڕیارێك رۆژی "16"ی گوڵان (ئایار)ی كردۆتە رۆژی "گۆڕە بەكۆمەڵەكان لەئێراقدا". ئەمەش لەوەوە هاتووە كە لەساڵی (2003)دا لەناوچەی "محاویل"ی رێگەى نێوان بەغدا و بابل گەورەترین گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزرایەوە كە تەرمى هەزاران كورد و شیعەی راپەڕیوی (1991) لەلایەن رژێمی دیكتاتۆری بەكۆمەڵ لەگۆڕە بەكۆمەڵەكاندا نێژراون. رێك لەرۆژێكی وەكو ئەو رۆژەدا و لە"16"ی گوڵانی (1997)دا هێزە چەكدارەكانی (پ د ك) لەشاری هەولێر لەیەككاتدا پەلاماری سەرجەم بارەگا و دامودەزگاكانی (یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستانYNDKــ رۆژنامەی "وڵات"، مەڵبەندی رۆشنبیری میزۆپۆتامیا، یەكێتی ئازادی ژنانی كوردستانYAJK و خستەخانەى گەریلا بریندارەكان(ی داو لەئاكامی شەڕ و پێكدادان و بەرخۆدانێكی مەزنەوە بەدەیان شۆڕشگێر و گەریلای بریندارو سیاسەتمەدار و رۆژنامەوان و هونەرمەند شەهید و بێ سەروشوێن و دەستگیركران. بێگومان ئەو پەلامار و شاڵاوەی (پ د ك) بەهاوكاری و رێككەوتن لەگەڵ رژێمی توركیا ئەنجامدرا. تا ئێستاش نازانرێت چارەنووسی ئەو دەیان كەسە چییان بەسەر هات، لەنێوان شەهید و بریندار و بێسەروشوێنكردندا تا ئێستا چارەنووسیان ونەو دیارنییە، ئەگەر شەهیدكراون لەكوێ و چۆن نێژراون؟ ئەگەر گیراون لەچ زیندانییەكی نهێنیدا گیریانخواردووە؟ چۆن شوێنبزركراون كەس نایزانێت، مەگەر تەنیا ئەو چەكدار و بەرپرسە باڵایانەى (پ د ك)كە لەهێرشەكە بەشداربوون بزانن چیان لەو دەیان كەسە كردووە، كەژمارەیان نزیكەی سەد كەسێك دەبێت.
من نازانم داخوا ئەمە تەنیا رێككەوتنێكە و بەس كە "رۆژی گۆڕەبەكۆمەڵەكان لەئێراقدا" رێككەوتی هەمان رۆژی كۆمەڵكوژییەكەی هەولێرە، كە لەساڵی (1997) بەدەستی هێزە چەكدارەكانی (پ د ك) ئەنجامدرا، یاخود ئەو رێككەوتەى نێوان ئەو دوو رووداوە مەغزایەكی شارەوەی خۆی هەیەو گوزارشت لەوەدەكات كە ئەوانەى ئەمڕۆ لەئێراق و باشووری كوردستاندا دەسەڵاتدارن ئەوانیش كۆمەڵكوژیان ئەنجامداوەو لەمەودواش ئەگەر پێویست بێت دیسان ئەنجامی دەدەنەوە، ئەمەش پێویستە وەك "رۆژێكی یادكردنەوە" لەزاكیرەو یادەوەری گەلانی ئێراقدا بچەسپێ و بمێنێتەوە؟!.
هەرچۆنێك بێت؛ هەم رۆژی "رۆژی گۆڕەبەكۆمەڵەكان لەئێراقدا" و هەمیش "رۆژی كۆمەڵكوژییەكەی (1997)ی هەولێر؛ كەهەردووكیان لە(16)ی گوڵان (ئایار)دا بەیاد دەهێنرێتەوە، لەناوەڕۆكدا یەك واتاو یەك مەغزایان هەیە، ئەو گۆڕە بەكۆمەڵانەى كەوا رژێمی بەعس لەدژی گەلانی ئازادیخوازی ئێراق بەبێ جیاوازی ئەنجامیدا و لەئاكامدا لە(16)ی گوڵانی (2003)دا گەورەترین گۆڕی بەكۆمەڵ لەناوچەی "مەحاویل" دۆزرایەوە، هەروەها ئەو كۆمەڵكوژییەی كەوا چەكدارەكانی (پ د ك)ش بەهاوكاری هێزە سەربازییەكان و دەزگا ئیستیخباراتی و بەكرێگیراوەكانی توركیا لەدژی شۆڕشگێران و برینداران و هەوادارانی پەكەكە و هونەرمەند و رۆژنامەوانان و چالاكڤانانی ژنان و لاوان و سیاسەتمەدارانی هەر چوار پارچەی كوردستان ئەنجامدرا، لەبنەڕەتدا هەردوو رووداوەكە بۆ یەك ئامانج ئەنجامدراون ئەویش دژایەتیكردنى ئازادیخوازانە. ئەو زیهنییەتەی هەموو خاكی ئێراقی كردە مەنزڵگای گۆڕەبەكۆمەڵەكان، هەر هەمان ئەو زیهنییەتەیە كە لەهەولێریشدا و لە(16)ی گوڵانی (1997)دا كۆمەڵكوژییەكی مەزنی ئەنجامدا، ئەو زیهنییەتەش زیهنییەتێكە بەشێوەیەكی رەها دژ بەئازادی و دیموكراسی و هەر گۆڕان وەرچەرخانێكە، جا چ چەكدارەكانی رژێمی بەعس بێت یان چەكدارەكانی (پارتی دیموكراتی كوردستان) ئەو تاوانەیان ئەنجامدابێت، ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی و گۆڕی بەكۆمەڵ سیفەتی هێزە دیكتاتۆر و هەمەجییەكانەو نموونەى ئەمە لەمێژوودا زۆرە.
ئەوەى جێی سەرنج بێت ئەوەیە؛ دوای رووخانی رژێمی بەعس شوێنی گۆڕەبەكۆمەڵەكان دۆزرانەوە، كەچی دوای تێپەڕبوونی 12ساڵ بەسەر كۆمەڵكوژییەكی (16)ی گوڵانی (1997)ی هەولێر تاكو ئێستاش نازانرێت قوربانیانی ئەو كۆمەڵكوژییە لەكوێ نێژراون؟ ئەگەر شوێبزریش كراون داخوا لەكوێ شوێنبزركراون؟! ئەمە سەرەڕاى ئەوەى بنەماڵەو كەسوكاری ئەو كەسانەى لەو كۆمەڵكوژییەى هەولێر چەندین جار بەكۆمەڵ یاداشتنامەیان داوەتە پەرلەمانى هەرێمى كوردستان و بەرپرسەباڵاكانى (پ د ك) بۆئەوەى چارەنووسی كچ وكوڕەكانیان پێبڵێن. كەچی هەر وەڵامیشیان نەداونەتەوەو خۆیان لێبێدەنگ كردووە..
تۆ بڵێی كەی چارەنووسی قوربانیانی هێرش و پەلامارەكەی (16)ی گوڵانی (1997)ی هەولێر ئاشكرا دەبێت؟ تۆ بڵێی كەسێك هەبێت ویژدانی بجوڵێت و دلێرانە چارەنووسی قوربانیانی كۆمەڵكوژییەكەى (16)ی گوڵانی (1997)ی هەولێر ئاشكرا بكات؟ تۆ بڵێی كەسانی بەویژدان لەنێو (پ د ك)دا هەبن و سەرەداوێكی چارەنووسی دەیان كەسی قوربانی كۆمەڵكوژییەكی هەولێر بدركێنێ؟ تۆ بڵێی...؟
من بەم بۆنەیەوە بانگەوازی لەسەرجەم رۆشنبیران و رۆژنامەوانان و رێكخراوە مەدەنییەكانى مافی مرۆڤ لەكوردستان و جیهان و بەتایبەتى رێكخراوى چاك(CHAK) دەكەم كە هەوڵێك لەپێناو ئاشكراكردنى چارەنووسی ئەو كەسانە بدەن كە لەكۆمەڵكوژییەكەى هەولێردا بێسەرو شوێن بوونە، تاكو دڵی دایك و باوك و كەسوكارەكانیان كەمێك، تەنیا كەمێك ئارام ببێتەوە....

[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە