پڕۆژەی کۆنفیدڕالیزمی دیموکراتیکی پژاک و پێگەی زمان و ئاین و مەزهەب گەرایی تێدا.

Saturday, 10/12/2011, 12:00

5765 بینراوە


کاتێک لە گۆڕانکاری یەکانی ئەم دوایی یانەی ناوچەو شەپۆلی شۆڕشی گەلان بڕوانین، ئەبینین کە دەستی دەستێوەردان تێدەکۆشێت بۆ بەلاڕێدا بردنی ڕەوشەکە و لەهەوڵداندایە،ئەم دەستە ئەمجارەیان لە قۆڵی ئیسلامی یە میانڕەوەکانەوە دێتە دەرێ، بۆئەوەی بەهاری ئازادی گەلان بکاتە زستانی دیکتاتۆری، جێگەی داخە تەنانەت ئەو تەڤگەرانەی ناوچەکە کە بەبڕوای خۆیان، سکۆلارن فریوی ئەم گەمە یەیان خواردوە، پارتی داد و گەشە پێدانی تورکیا بەتەواوی هێزی خۆی لە لایەن هێزی دەستوەردەری ڕۆژئاوا، پشتیوانی دەکرێت و تەنیا ئامانجی بوون بە شێوازێکی نوێی دەوڵەتی لە ناوچەکە دایە، ئەو دەخوازێت خۆی بە ڕزگاریخواز و جێگرەوە پیشان بدات. لە کاتێکدا دیکتاتۆریەتی نەرمی ئەم پارتە هەموو تورکیەی کۆڵەوار کوردووە، دارو دەستەی فتح اللە گولەن بە قیافەیەکی ڕیاکارانەی دینی خۆی بە تەواو هێزەوە تێدەکۆشێت، بە کوشت و بڕ پێش بە تەڤگەری پێشڕەوی دیموکراتیکی کورد بگرێت، ئەم ئیسلامگەراییە میانەڕەوە تێدەکۆشێت هەتا بە گورزی دینی سیاسی، شۆڕشی گەلان بۆ لای خۆی بخزێنێت و پێشەنگایەتی ڕاستەقینەی دیموکراتیزاسیۆنی ناوچە، واتە کوردان بۆ سەدەیەکی تر بە کرداری لە شانۆی سیاسی و تەنانەت کولتوری بسڕێتەوە، لە ئیران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دینی سیاسی و دەوڵەتی بەردەوام هەر وەک سیلاحێ دژ بە خەڵک بە کار هاتووە. دەوڵەتانی حاکم لە سەر ئێران ساڵانێک و بگرەچەندین سەدەیە تێدەکۆشن هەتا بە ئاخنینی ئایدیۆلۆژی و دینی ڕەسمی، بنەمای باوەڕییەکان وبڕوا و ڕێچکە مەزهەبییەکان، فەلسەفەو وئایینی بەرخودانخوازی کۆمەڵگا لە یەک دابڕێ، ئەو توێژانەی ئیستە لە بەرامبەر دەوڵەت دا وەک ئۆپۆزسیۆن، هەرکامەیان لە ڕوانگەی تایبەتی خۆیانەوە لە گەل پرسی دین، مەزهەب، ئایین و بڕوای خەڵک هەڵس و کەوت دەکەن. دەستەیە کە خۆیان بە سکۆلار دەناسێنن، بە هۆی بێبەری بوون لە فەلسەفەیەک و ئایدیۆلۆژییەکی گونجاو لە گەل کولتوری ناوچەکە، بە لاسایی کردنەوەی نزامی مودڕنیتەی سەرمایەداری کە بە شێوەی جیهانی لێ هاتووە کیفایەت دەکەن، ئەمانە کردارییەن بە هۆی هۆکارە پیرۆزەکان و بڕوای کۆمەڵگا کە" جۆرێ ناسینی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا لە پێناسەی خودی کۆمەڵگایە"، ڕێچکە بۆ ڕێبازە ڕادیکاڵە دینی و توند و تیژخوازەکان دەکاتەوە. کاتێ لە کوردستان پرسەکە تاوتوێ دەکەین دەبینین سیاسەتی کلاسیکی کوردی، هەم پرسی زمان و زاراوەی کردۆتە هۆی ناوچەگەرایی و لە یەک دابڕان لە بەرەی خەباتی کوردی و هەم پرسی مەزهەبیش. بەم ئاراستەیە کورد بەردەوام لە یەکێتی و بەرەیەکی بەهێزبێ بەش ماوە. بەلا کشانی سکۆلاریستی ئەمانە وڕوانگەیان بۆدین، تەنانەت لە دینخوازە ڕادیکاڵ و دەمارگرژەکان دەمارگرژئامیزترە. دەستەیەکی تریش کە خوێندنەوە و ڕوانینی تەسکیان لە دین هەیە، بە ڕەد کردنەوەی جۆراوجۆری ئایینی لە کوردستان بە کرداری بەشێک لە کۆمەڵگای کوردی لە ڕێبازی تێکۆشانی دیموکراتیکی خەڵکی دەخاتە لاوە. بە باوەڕییەوە دەتوانین بڵێین ئەم نزیکایەتییە یەکێکە لە هۆکارەکانی بێ هیوایی کوردانی کرماشان، ئیلام، لورستان و خوراسان لە سیاسەتی کلاسیکی کوردی. بە هەمان ئەندازە کە تێڕوانینی فاشیستی دینی کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر کوردانی سوننی و یارسان بۆتە هۆی زۆرترین سەرکوت و نابەرامبەری لە کوردستان، تێڕوانینی ئینکاریانەی سیاسەتی کلاسیکی کوردی لە بەرامبەر کوردانی شێعە ، بە سیاسەتی دەوڵەت خزمەت دەکات.

لەم نێوەندەدا ڕەنگ بێ زۆرێک بپرسن چارەسەری لە چیدایە؟ دەبێ لە سیستەمێکی دیموکراتیک دا بۆ وڵامەکە بگەڕێی کە بتوانێ ئەم هەموو جۆراوجۆری زاراوە، ڕێچکە و ئایینە کە لە کوردستان دا دەیناسین، لە خۆیدا جێ بکاتەوە. ئەم سیستمە بێ گومان سیستمی کونفدڕاڵیزمی دیموکراتیکە کە پژاک ئەمەی وەک پڕۆژەی چارەسەری بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێش خستووە و لە ڕێگای ئەودا تێکۆشان و خەبات دەکات. کونفدڕاڵیزمی دیموکراتیک گەرەنتی یەکێتی هەموو جیاوازییە زاراوەیی، هزری و باوەڕییەکانی کوردستانە. کونفدڕاڵیزمی دیموکراتیک تەواوی پێکهاتە کولتورییەکانی گەل لە خۆیدا قبووڵ دەکات. وە لە بەرامبەر دا پێکهاتەی دەوڵەتی بوون، لە خۆ بێگانەبوو و دەسەڵاتخوازانە کە لە گەل کولتوری خەڵکدا نایەتەوە، دەخاتە لاوە. دین و مەزهەبی دەوڵەتی، لە کونفدڕاڵیزمی دیموکراتیک دا جێگایان نییە. نە شێعەی تێر و تەسەل بە تیرۆریزمی سپای پاسداران و نە سوننەی ڕادیکاڵیزمی بەرچاو کە لاوانی کورد قوربانی دەکات هیج کامەیان لەم سیستەمەدا جێگایان نییە. سوننەی فتح اللە گولەنی وشێعەی ولایەت فەقیهی هیچ کامەیان پێگەیەکیان لە سیستەمی کونفدڕاڵیزمی دیموکراتیک دا نییە. چوونکە ئەمانە دین و مەزهەبی دەسەڵاتخوازانە و سیستەمی کونفدڕاڵیزمی دیموکراتیک سیستەمێکی دژە دەسەڵات و زۆردارییە. جێگە دان بە جۆراوجۆری مەزهەبی لە کونفدڕاڵیزمی دیموکراتیک جۆرێ سیاسەت کردن لە سەر بنەمای دینی سیاسی یان خەڵک فریودان نییە. چوونکە کونفدڕاڵیزمی دیموکراتیک سیستەمی خودی خەڵکە نە سیستەمی توێژێکی پاوانخواز کە دەیانهەوێت کۆمەڵگا بچەوسێننەوە. ئەوەی لە کونفدڕاڵیزمی دیموکراتیک دا بنەمایە بوونەکانی خودی خەڵکە نە ئەوەی کە دەوڵەت بە مێشکی ئەوانی دەئاخنێت. عەلەوی بون، یارسان بوون، شێعە بوون، سوننە بوون، ئیزەدی بوون و مەسیحی بوون هیچ دژایەتییەکی لە گەل کورد بوون دا نییە، بەڵام بە مەرجێ لە بەرەی خەڵک دا بێت نەک گرێدراو بە دام و دەزگای ئیدئۆلۆژیک و خڵەتێنەرانەی دەوڵەت. ئەم دەستوورە بە چاکی لە کونفدڕاڵیزمی دیموکراتیک دا جێگیر کراوە، بەڵام لە لاکێشە سیاسییە هەییەکانی کوردستان بەردەوام لایەنێ قوربانی لایەنێکی تر بووە (کورد بوون وجۆری مەزهەب)کەلهوڕەکان، لەکەکان، فەیلییەکان و لوڕەکان قوربانی ئەم جۆرە لاکێشانە بوون. ئەوانە لە بەر جیاوازی بەردەوام تۆمەتیان لێ دراوە و بێ ڕێزییان پێکراوە. کەواتە لە دوایی دا دەوڵەت لەم بۆشاییە کەڵکی خراپی وەرگرتووە و دەستی داوەتە خڵەتاندن و تواندنەوەی هەرچی زۆرتری کۆمەڵگای کوردی ئەو ناوچانە لە ناو خۆی دا. هێشتا لایەنگرانی ناسیۆناڵیزمی سەرەتایی و دێرینی کورد، بە سانایی کورد بوونی زۆرێک لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گاڵتە دەگرن چوونکە کورد بوون لە ڕوانگەی ئەمانەوە تەنیاکوردی سوننە مەزهەبی زاراوە سۆرانییە. ئەمانە دەزگای ئۆتۆماتیکی بێ ڕێزی کردن وئینکارکردنی گەلی کوردە کە زهنیەتی ناوەندگەرای پاوانخوازی دەوڵەت خستویەتیە گەڕ. هەر لەم دواییانەدا بووکە سەرانی ئەوان، کرماشان و ئیلامیان بە هۆی ئەوەی کە خەڵكی ئەو ناوچانە شێعەن و زاراوەیان کەلهوڕییە خستیانە سەودا و مامەڵە لە بەر هەندێ وەعدە کە پێیان درابوو بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، لە سەر مێزی ئاخافتن فرۆشتیان، بەڵام سیستەمی کونفدڕاڵیزمی دیموکراتیک، تۆمەت و تاوان لە کەس نادات، بێ ڕێزی ناکات و جیاوازی دانانێت؛ هەموو ناوچەکانی کوردستان بەبێ تێکهەڵچوون لە گەل سنووردانانە سیاسییەکانی دەوڵەت لە ڕێخستنەکانی خۆی دا بەشدار دەکات، جیاوازییەکان جوان دەبینێ و ڕێزی لێ دەگرێت، بەڵام لە گەل هەرشتێ کە بە هۆی ئاخنینی ئایدیۆلۆژیکی دەوڵەت بە کۆمەڵگای گەیاندووە دژایەتی دەکات. بۆ وێنە لە گەل مزگەوتی خەڵک کە شوێنی ڕاپرسی و هاوکاری خەڵکە بۆ چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتییەکان دژایەتی نییە، بەڵام مزگەوتی دەوڵەتی کە مینبەری درۆ کردنی دژ بە گەل و جوڵانەوەی خەڵکییە شایستەی هەبوون لە ناو خەڵکی وڵاتپارێز و باوە دار نابینێت لە گەل نوێژ و ڕۆژوو شەڕی نییە بەڵام نوێژ و ڕۆژوویەک کە بەکرێگیراوان بانگەشەی بۆ دەکەن و بەس بۆ ڕیاکاری و ماستاوچێتی بەڕێوە دەچێت، لە گەل ئیسلامی ڕاستەقینە دژبەر دەبینێت. بە بەرتەسک کردنەوەی دین بە" پرسەو ماتەمین، پاڕانەوەی تایبەتی و دوورلە ڕۆچوون و بەرپرسیارەتی" کە دەوڵەت لە کۆمەڵگا بانگەشەی دەکات دژە، بەڵام تایبەتمەندییە دیموکراتیکییە کانی دین وەک ئەوەی لە ڕێ وڕەسمی کولکتیڤی ئیزەدییەکان یان یارسانەکان کە ئەخلاقی و پڕ واتایە ڕێز لێ دەگرێت. تایبەتمەندی دژە ستەمی عەلەوییەت و شێعەی خەڵکی و ڕاستەقینە بە بایەخدار دەبینێ، بەڵام لە گەل عەلەویەت و شێعەگەرییەک کە لە خزمەت دەوڵەتانی ئێران و تورکیە دان و وەک کەرەسەیەک دژ بە خودی کوردان بەکار دەهێنرێت، دژایەتی دەکات. لە فەلسەفەی کونفدڕاڵیزمی دیموکراتیک کوردێکی شێعە و عەلەوی کە عەشقی بە وڵاتی کوردستان هەبێت و بۆ ئازادی و پێشکەوتنی تێدەکۆشێت بەهادارە و بە هەمان ڕادە کوردێکی شێعە و عەلەوی کە لە خزمەت سیستەمی ولایەت فەقیه یان ئۆردوغاندان بێناوەرۆک وچەپەڵە. پێوەر لەم سیستەمە کۆمەڵایەتییە، خۆناسین و ئازادبوونی کەسایەتییە. ئێستا بە کامە زاراوە بئاخفێ یان ڕێ و ڕەسمی ئایینی خۆی بە کام مەزهەب و ئایین ئەنجام بدات جیاوازییەک نییە. بەو ڕادەیەی کە دژی تاک گەرایی کە لە سیستەمی سەرمایەداری سەری هەڵداوە تێدەکۆشێت بۆ سەرلە نوێ خوڵقاندنی کەسایەتییە کۆنەکان و سەردەمی کردنەوەیان تێدەکۆشێت. هەروەها کە ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت" ڕۆژهەڵاتی ناوین بە خوداوەندە هەڵکەوتووەکانی ژن، موسا، عیسا، محمد، سەنت پول، مانی، وەیس القەرەنی، منسور حەلاج، سۆهرەوەردی، یۆنس ئەمرە و[ژۆردانۆ] برۆنۆئیەکان پێویستی هەیە کە سەردەمی بکرێتەوە. شۆڕشی ڕاستەقینە بەبێ هەبوونی میراتی پێشینیان ناتوانی بە ئەنجام بگەیەنیت، دیرۆکیان کە کۆنە نابن بەڵام سەردەمی دەکرێنەوە. شۆڕشەکان و شۆڕشگێڕان نامرن، تەنیا دەیسەلمێنن کە بە پارێزگاری میراتەکانیان دەتوانن لە ژیان دا بمێنن."

کونفدڕاڵیزمی دیموکراتیک سیستەمێکی کۆنەپەرست نییە، بەڵام بە هیچ جۆرێ دژی دینیش نییە و بایەخە ئەخلاقییەکانی کۆمەڵگا کە لە بوارێکی بەربڵاودا لە دینەوە هەڵدەقوڵێت وەلا نانێت. هرشتێ دەبێتە هۆی ئەستووری کۆڵەکە ئەخلاقییەکان، یەکێتی و بەرز ڕاگرتنی کۆمەڵگا بایەخی پێدەدات، چ فەلسەفەیەکی جوان بێت، چ هونەریکی جوان و باوەڕییەک کە جوانی و ڕاستی بپارێزێت. کونفدڕاڵیزمی دیموکراتیک چارەسەری تەواوی دەمەقاڵە و کۆتایی هێنانە بە خوێن ڕشتنەکان کە دەوڵەتان لە ژێر دەمامکی مەزهەب لە ناو کۆمەڵگا دا ڕێی دەخەن. چوونکە لە کونفدڕاڵیزمی دیموکراتیک دا ئەساس ڕێز گرتن و چاودێری مافی ئەوانی دییە نە پاوانخوازی و بێ دادوەری. لە ڕاستیدا کونفدڕاڵیزمی دیموکراتیک ئەوەی هەیی گەل بیت دەیداتەوە بە گەل بۆ وینە خەڵکی کرماشان و ئیلام شێعەی دەوڵەتییان ناهەوێت، شێعەی خەڵکی و ڕاهاتووی خۆیان کە هیچ پێوەندییەکی بە دەوڵەت و دام و دەزگاکانییەوە نییە دەوێت. کورد بوونی ئەوان لە گەل ئەم شوناسە مەزهەبییە تێکەڵاو بووە و کەس بۆی نییە ئەوان لەم شوناسە داببڕێت(قەدەغە کردن و سوکایەتی و حاشا لێکردن تەنیا دژە دیموکراسی بوون دەگەیەنێت). ئەوان هەر بەم شوناسەی خۆیان لە ناو کونفدڕاڵیزمی دیموکراتیک دا جێدەگرن و کەس زەختیان لێ ناکات کە خۆیان بە شێوازێکی تر پیشان بدەن هەتا بینە پەسەند کردن. خەڵکی سوننی مەزهەبی سنە و ئورومیە و مەهاباد و مەریوان ناخوازن بڕۆنە ژێر ڕکێفی ئایدیۆلۆژی کۆماری ئیسلامی و دەخوازن بە ئایین و کولتوری خۆیان بژین، بەڵام بە هەمان ڕادە پێداگرن لە سەر یەکێتی هاوڕەچەڵەکە شێعەکانیان. ئەگەر ڕێخراوە کوردییەکان لەم ڕاستییە تێنەگەن و بەردەوام دەهۆڵی ناکۆکی لێ بدەن کەواتە بە بۆچوونی ئەوان دەبێت فیکری یەکێتی کورد لە سەر بهێنرێتە دەرێ و تەسلیمی سیاسەتە دژی کوردییەکان بین. پژاک پیشانی داوە لەم یەکێتی و یەکپارچەییە پێداگری دەکات و تەسلیمی سیاسەتی دژە کورد نابێت. کونفدڕاڵیزمی دیموکراتیکی مەبەستی ئێمەش گەرەنتی پیادە کردنیەتی .

فەلسەفەی خەباتی پژاک لە سەر بنەڕەتی دیموکراتیک و ئەخلاق ڕاوەستاوە. لەم ڕووەوە پژاک بەردەوام بە تێڕوانینێکی بەڕێزانەبۆ تەواوی جۆراو جۆری مەزهەبی و زاراوەیی لە کوردستان دەڕوانێت. بەداخەوە بڕێ کینەیی کە نانیان لە ڕێگەی دووبەرەکی نانەوەلە ناو گەل دا بەدەست دەهێنن ئەم تێروانینە نوێ و دیموکراتیکەی پژاک زۆر بۆیان ناخۆشە و پێیان قبووڵ ناکریت. لە پژاک ئیراد دەگرن بۆچی گرنگی بە یارسانەکان دەدات بۆ پژاکییەکان بوونەتە یارسان؟! بۆچی پژاک لە ڕیزەکانی خۆی دا مرۆڤە دین دارەکان و باوەڕییەکان جیدەکاتەوە؟! بۆچی پژاک بە بۆنەی مەردنی کەسایەتییەکی دینی یان ئایینی کە لە لایەن خەڵکە وە ڕێزی لێ دەگیرێت، ڕاگەیاندن دەدات؟ بۆچی پژاک وەک ئێمە سەردەمی و ڕۆژئاواییانە نییە و جلکی ئەخلاق لەبەر دەرناهێنێت؟ بۆچی پژاک باس لە دیموکراسی گەل دەکات و وەک ئێمە بە دوای دەسەڵات ناکەوێت؟ بۆچی پژاک وەک ئێمە خەبات (!!!) ناکات و بەرگری ڕەوا دەکات؟ بۆچی پژاک خۆی بە ناوچەیەکەوە بەرتەسک ناکاتەوە و لە ناوچەی سوننە نشین بگرە هەتا یارسان وشێعە تێکۆشانی هەیە؟ بۆچی ڕابوردوویی دەڕووخێنێت و پانتایی کولتوری- سیاسی و جوگرافیایی کوردستان بەو چەند ناوچەیەی کە دەوڵەت بە ناوی کوردستان دیاری کردووە تەسک ناکاتەوە؟ دەبێت بڵێی ئەمانە هیچ جیاوازییەکیان لە گەل لایەنگرانی فاشیزمی مەزهەبی و زمانیدا نییەچوونکە بنەڕەتی ئەمانیش لە سەر ڕەد و حاشا و سوکایەتی کردن و سەرکوتی خەڵکانی تر(بەشێ لە هاو نیشتمانییانی خۆیان) دامەزراندووە. ئەگەر دەتانهەوێت بزانن بۆچی کۆمەڵگای ئێمە ساڵانێکە لە ژێر چەکمەی پاسدارەکاندایە و بەردەوام دەستدرێژی دەکرێتە سەری، بۆچی جەستەی کوردستان لەت لەت کراوە و شیرازەی کۆمەڵگای کوردستان بە هەموو جۆرە سەرکوت وداگیرکاری و سیاسەتی دژە کۆمەڵگا لە یەک دادەبڕن دەبێت بڵێی هۆی یەکەم دەوڵەتانی حاکم بە سەر کوردستانن کە بە دوای قازانج و دەسەڵاتی چەپەڵی خۆیانن؛ وە هۆی دووهەم هەرئەم زهنییەتیە نادیموکراتیک وبەرچاو تەسکەیە کە هەتا مێشکی ئێسقانی کینەییەکان ڕۆچووە.

لە بەرامبەر ئەم ڕەوشە نگریسەدا سەپاوەدا، پژاک بووەتە پارتی تەوای خەلکی کوردستان. پژاک خاڵی کۆتاییە بۆ ئاژاوە و دابڕان و پەل و پۆ هاوێژتن. ئەگەر لاوێکی داڵاهۆیی، کرماشانی یان ئیلامی ئەمڕۆ دەتوانێت شان بەشانی لاوێکی سنەیی یان مەهابادی گەریلا بێت و هاوڕێیانە و لە خۆ بردوو بۆ ئازادی وڵاتی خەبات دەکات پیشاندەری ئەوەیە کە پژاک هەم سیاسەتە دووبەرەکی نانەوەییەکانی کۆماری ئیسلامی تێک شکاندووە و هەم زهنیەتی ڕزیو و بە هیچ نەگەیشتووی ناسیۆنالیزمی سەرەتایی کورد. کینە وەرزانێک کە بۆ پژاک و ڕوانگە دیموکراتیکەکەی پژاک لە بەرامبەر دین و مەزهەب هێرشیان دەهێنا، ئەگەرچی بە ڕواڵەت بەرهەڵستکاری دژایەتی لە گەل فاشیزمی مەزهەبی کۆماری ئیسلامییان هەیە، بەڵام وەها لە بەرامبەر ناسیۆنالیزمی ئێرانی، خۆیان بچووک دەبینن کە ناتوانن بڕوا بە خەڵک و کولتور و مێژووی خۆیان بهێنن. ئەوان لە بەرامبەر دینی نەتەوەگەرای ئێرانی تەلیسم کراون. تەنیا ناوی ئێرانیان لە گەل وشەی کورد گۆڕیوەتەوە و ئەگینا هەوێنەکەی هەر ئەوە. هەم ناسیۆنالیزمی سەرەتاییان لاسایی کردنەوەیەکە لە ناسیۆنالیزمی ئێرانی وە هەم دژایەتی کردنی دین و سکۆلار بوونە کەشیان لە قۆڵی بە ناو مودێڕنی ئەوان کوپی کراوە. بەرهەمەکەشی هەر ئەو ڕوانگەی وەک ناسیۆنالیستەکانی ئێرانە کە سوکایەتی بە کورد بوونی کرماشان و ئیلام دەکات. ناسیۆنالیستە سەرەتاییەکانی کوردیش کە خۆیان بە سکۆلار دەزانن سوکایەتی بە تایبەتمەندییە کولتوری و مەزهەبیەکانی کرماشان و ئیلام وشوێنەکانی تری کوردستان دەکەن.

ئێستە لە کۆتایی بابەتەکەی خۆمدا بەشێکی کەم لە بەرگرینامەکەی ڕێبەری گەلی کورد، ڕێبەر ئاپۆ دێنمەوە کە بە شێوازێکی پەروەردەیی کرۆکی پرسی کونفدڕاڵیسم پیشان دەدات:

کونفدڕاڵیزمی دیموکراتیک ئیمکانی چارەسەرییەکە بۆ لە نێو بردنی شەڕەکان، تێک هەڵچوونەکان و ئاڵٶزییە زۆرانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین هێشتا درێژەی هەیە و لە نا دادپەروەرییە مێژووییە- کۆمەڵایەتییەکان سەرچاوەی گرتووە. کۆسپە لە بەرامبەر مودڕنیتەی کاپیتاڵیستی و دەوڵەت- نەتەوە کە بەرپرسی ئەساسی(پرسەکانی باسکراو). ڕێگا چارەی کونفدڕاڵیزمی دیموکراتیک ڕێگای ئاشتی، دادپەروەری و ئازادییە. لەم چوارچێوەیەدا خاڵی گرنگ ئەوەیەکە پێش هەر شتێ بۆ ڕاگرتنی شەڕ و تێکهەڵچوون، بە لاوە نانی ئاڵۆزی و بێ مافی مێژوویی، تێبکۆشین. دەبێ بە خێرایی ڕێگا چارە دیموکراتیکەکان کە بنەڕەت و هەوڵەکانی دەوڵەت-نەتەوە بە بنەمای کار دانانێت، بخرێتە بەر باس. بۆ پرسی ئەرمەنیان، تەنیا کردنەوەی سنوورەکان بەس نییە؛ ئەرمەنیان دەبێت شوێنی نیشتەجێ بوونی کوموناڵی دیموکراتیکیشیان هەبێت. بۆ ئەم کارە دەبێ ئاسان کارییان بۆ بکرێت. هەمان بنەڕەت و بەگەڕ خراو بۆ ئاشووریان، عەلەویان، ڕۆمیان، تورکان، کوردان، عەرەب و جولەکە و گاوریش بنەمای کار دابنرێت. تا ئەو کاتەی کە بە ڕونگەیەکی دەوڵەت- نەتەوەگەرا پێداگری بکرێت، درێژەی شەڕەکان لە ئیسرائیل-فەلەستین، کورد- شێعە- سوننی لە عیراق، کشمیر، بەڕبەڕ، پاکستان-ئەفغانستان، بەلوچستان، کوردستان، لوبنان، سودان وزۆرێ لە شوێنەکانی دەرچوونی لێ نابێت. هەر بەم هۆیەشەوە پێویستییەکی خێرایی هەیە بە دروستکراوەکانی کونفدراتیوی دیموکراتیک. ڕێگا چارەی دیموکراتیک کە لە هەر شوێنێکی شەڕ سەقامگیر بێت، توانای ئەوەی هەیە لە هەموو بوارەکانی تریش زنجیرەیی پەرەی پێ بدرێت کە پرس دروست کەرە. بەم هۆیە داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوین، لە کونفدڕاڵیزمی دیموکراتیک دایە.

وەرگێرانی لە فارسیەوە : خاکان ڕۆژهەڵاتی

تایپ وپیت چنین: بەهرۆز حسێن

نوسینی : هەڤاڵ ڕێوار ئاودانان

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە