بۆ قەرەبۆكردنەوەیان:دوای دوو ساڵ، كەس خۆی بەخاوەنى گوندەكانی كوردستان نازانێ

Monday, 04/11/2013, 12:00

1662 بینراوە






سەركردەكانمان كاتێ قافی قسەیان دێت بۆ ئەوەى فلاشباگێك بۆ ڕابردووى خۆیان بكەن، بەو پەڕی لەخۆبردوییەوە باس لە ڕۆڵی جوامێری گوندنشینەكان دەكەن و گوندەكان بە لانكى شۆِڕش ناوزەد دەكەن، لەوەیشدا هەقبێژن چونكە بەدەگمەن وەئەگینە هیچ گوندێ نییە خزمەتى پێشمەرگە و شۆڕشی نەكردبێ و بەهۆی حەوانەوە و داڵدەدانیانەوە بەدەیان كەسیان لێ بەند و بەدەی دیكەیان لێ شەهید نەكرابێ كە چارەنووسی دوماهیشیان بە كوێركردنەوەى سەرچاوەكانى ئاو و تەقاندنەوەى قوتابخانە و مزگەوت و خاپوركردنى خانووەكان بێت كە لەتەك دەستڕۆیشتووى بەعسیزمدا هەرچیەكى بەرچنگیان كەوتبێ لەشاڵاوەكاندا بەتاڵانیان بردووە تا ڕادەى بێسەروشوێنكردنى سەد و هەشتاو دوو هەزار كەس لە ژن و پیاو ومنداڵی كورد لەپرۆسەیەكدا كە ناوی نابوو ئەنفال.

دیمەنەكان هێندە گورچكبڕن، تڕاژیدیای مەرگەساتى ئەم میللەتە بێ خاوەنە هێندە پڕ ناسۆر و دژوارە، هەرچیەكى بۆ بكرێ ناكاتە ئەو خۆڕاگری و قوربانیانەى بەناوى حەوانەوە و ناندانی پێشمەرگە و داڵدەدانیان كردیان كە گوندی وامان هەیە بەهۆكاری جۆراو جۆرەوە زیاتر لە پێنج شەش جار خاپوور و ڕووخاوە و سوتاوە.

وا بەرەو دوو ساڵی ڕەبەق دەڕوات لە ڕاگەیەندراوێكدا حكومەتى هەرێمى ئەوەى بەگوێی هاوڵاتیان چرپاند كە لە بەغداوە كاریان لەسەر ئەوە كردووە هەموو ئەو گوندانەى هەرێمى كوردستان بەهۆی توند و تیژی و سەركێشی و پەلامارەكانى ڕژێمە یەك لەدوا یەكەكانەوە هات، لەچوار چێوەى پڕۆژە یاساییەكدا وەكو مادەى 140 بەڵام ئەوەیان لە قاڵب و قاوغی قەرەبووى گوندەكاندا هەر خێزانێك10000000دە ملیۆن دیناریان پێ بدەن، لەو ڕوانگەوە لە تەواوى پارێزگاكانى هەرێم بە قەزا و ناحیەكانەوە لیژنە پێكهێندرا و ڕێو ڕەسمى مامەڵەكان بۆ ڕادەستكردنى بە یەكە ئیدارییەكان نزیكەى پێنج شەش مانگێكى خایاند و هەموو گوندەكانی گرتەوە كە سەڕەڕای مەسرەف و ماندووبون و پڕكردنەوەى فۆڕی تایبەت بەو مەسەلەیە و ڕاستاڵ(تێدیق)كردنى لە باری كەسێتى ناوەندەكان بۆ دڵنیابوون لەوەى ئاخۆ: ئەو خێزانانە ناویان لە تۆماری ساڵی 57هەیە یان نا و پشتگیری كردن لە سەر ڕاست و دروستى ناوەكان، ئەوجا فایلەكانیان لێ وەردەگیرا تا لە ئەنجامی كۆتایی كارەكاندا هەموو فایلەكان بردرانە پارێزگاكان و لەوێشەوە بەرەو بەغدا بەڕێكران و لەدوای تەواو بوونى پرۆسەكەیشدا هەواڵەكە بەهەموو لایەك بڵاوبۆوە كە هەموو فایلەكان پێچراونەتەوە و بەرەو بەغدا بەڕێ كراون.

خەڵكى كوردستان وا بەرەو دوو ساڵ دەڕوات بە پەرۆشەوە دەڕواننە ئاكامەكان و لە چاوەڕوانى ئەوەدان ئایا دەبێ كەی ناوەكانیان بگەڕێنەوە و دە ملیۆن دینارەكە وەربگرن؟ وەلێ سەرەڕای چەند فراكسیۆنێكى كوردی لە بەغدا و لیژنەى هەماهەنگى نێوان هەرێم و بەغدا و پەیوەندییەكان، كەچی تا ئێستا هیچ لایەنێ خەمخۆری و پەرۆشی خۆی بۆ تاقە جارێك دەرهەق بەو مامەڵانە دەرنەبڕیوە بەوەى ئەو كارە بۆ چەواشەكاری خەڵك و سەرقاڵكردنیان بووە یاخود هەر پڕۆژەییەكى لەو جۆرە لە ئارادابوە؟ كە بەداخەوە تا ئێستا بەرپرسانى حكومەتى هەرێم بۆ تاقە جارێ لێدوانێكى وایان نەداوە تا دڵی ئەو خەڵكە زۆرە(لانكى شۆڕشگێڕان) ئەهوەن بكەنەوە و هەناسەییەكى پڕ لە خەنى و خۆشی دوای دەیان ساڵ كولەمەرگى و نەهامەتى هەڵبمژن، ئەوەش ئەوەمان لەلادا دروست دەكات كە بەرپرسان ئەوەندەى لەخەمى خۆیاندان نیو هێندە بەتەنگ ئەوەوە نین خۆیان لەسەر ئەو خەڵكە ڕەش و ڕووتە خراپ بكەن لەكاتێكدا سەروەرییە بۆ ئەوانەى بتوانن هەواڵێكى خۆش ڕابگەیەنن، وەلێ لەنەبوونى هیچ سەرەداوێك بۆ ئەو هەزار هەزار فایلەى ئەو خەڵكانەى هەمیشە لەچاوەڕوانى وەڵامدانەوە و گەیشتنن بە ئاكامێك، خەڵكەكە هێندەى دیكە ئاه و حەسرەت بكێشن و پشت لەوە بكەنەوە و لەوە پەشیمان ببنەوە كە ڕۆژێك لەڕۆژان خزمەتى پێشمەرگە و كوردیان كرد و ئامادەبوون لەپێناو سەربەخۆیی كوردستان هەموو قوربانییەك بدەن و وا بەم شێوەییە پاداشت دەكرێن و بەو شێوەیە ئاوڕیان لێ دەدرێتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە