رەفعەت هەڵەبجەیی

ئەندامی پێشووی ستافی کوردستانپۆست، رەفعەت هەڵەبجەیی سەر لە بەیانی رۆژی یەكشەممە، 07 / 06 /2020 بە نەخۆشی كۆرۆنا گیانی لەدەستدا.


بەداخەوە ئازارەکانمان درێژەیان دەبێت

Sunday, 03/03/2013, 12:00

1224 بینراوە







بەداخەوە ئەوەی کە چاو پێ ی بینایە دەست پێ ی کۆتایە (العین بسیره‌ والید قسیره‌) زۆر بەهیواو ئومێد بووم کەوا ڕاپەڕین و ڕاماڵینی ڕژێمی بەعس کۆتایی بە ژێر دەستەیی و زوڵم و ستەمی دەسەڵاتداران بهێنێت و کۆمەڵگا بەجۆرێك ئازاد ببێت کە هیچ هێزو دەسەڵاتێکی سیاسی نەتوانێت ئیرادەی سەلب بکات، بەلام سەد مەخابن لەغیابی دەسەڵاتێکی نیشتمانی و نەتەوەییداو لەغیابی هوشیاری سیاسی و ڕۆشنبیریدا کۆمەڵگای کوردی بۆتە لانکی جەهل و دواکەوتوویی.
ئەوەی کە ئەمڕۆ ئێمەی گیرۆدە کردووە وستەمێکی زوحاکی بەسەردا سەپاندووین نە دیکتاتۆریەونە چەک و هێزو جبەخانەیە. بەڵکو ئەوەی کەئێمەی بەدبەخت و گرفتار کردووە دوا کەوتوویی کۆمەڵگاکەمانە حاڵی نەبوونی جەماوەرە لە مافە نیشتمانی و سیاسی کۆمەڵایەتەکانی خۆی .نیو سەدە زیاترە گەلی باشوور بەناوی شۆڕشەوە گەمژەو چەواشە دەکرێت. شۆڕشی پێ هەڵدەگیرسێنن پرسی پێ ناکەن ئاشبەتاڵیشی پێ دەکەن هەر پرسی پێ ناکەن .ڕاپەڕینی پێ دەکەن دواتر جاش و موستەشاروپیاوانی ڕژێم بەرهەمەکەی دەخۆن. دەسەڵات ئێستاشی لەگەلدا بێت ناهێڵێت کۆمەڵگا ووشیار بێتەوەو بە مافەکانی ئاشنا ببێت خەڵکیش خۆی هەوڵی نەداوە کە سوود لە پێشکەوتنی سەردەم جیهانگیری وەربگرێت.
زۆرینەی خەڵکی کوردستان مافەکانی خۆیان تەنها لەبواری مادیدا دەبیننەوە ئەویش لە موچەیەکی سەرەتایی کە لەبنەڕەتدا قوتی خۆیانە وزیاتر نیە.
یەکێتی و پارتی کە بەخوێنی هەزاران شەهیدی شۆڕش و ئەنفال و کیمیاباران دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست نایانەوێت دەست بەرداری کورسیەکانیان ببن نایانەوێت کۆمەڵگا پێش بکەوێت نایانەوێت جەماوەر بە مافەکانی خۆیان ئاشنا ببن.
یەکێتی و پارتی لە ڕێگەی سەدان ڕاوێژکاری ئەمریکی و ئیسرائیلی و ئەوروپیەوە دراسەیەکی ووردی کۆمەڵگای کوردیان کردووەو دەزانن چۆن دەستەمۆیان دەکەن، هەرهەمووشیان بە پارەیەکی زۆر یان خاوەن کۆمپانیای گەورەو یان خاوەن پشکی نەوت لە لای هەردوو حیزبی بنەماڵە دامەرزێنراون. پارتی و یەکێتی بەدەیان ملیار دۆلاری بەشە بۆدجەی خەڵکی کوردستانیان بۆ خۆیان لاداوەو دزیوە هەر بەو پارەیە خەڵکی ڕەش و ڕوت و نەخوێندەوارو پیرو پەککەوتە بە پارەیەکی زۆر کەم یان خانەنشین دەکەن یاخود موچەیەکی سەد هەزاریان بۆ دەبڕنەوە دەیان کەن بە دەنگدەری خۆیان . ئەم دوو حیزبە بە سەدان هەزار خەڵکیان لە فەرمانگەو لە وەزارەتە ئەمنیەکان و لە وەزارەتی پێشمەرگە دامەرزاندووە تەنها بۆ کڕینی دەنگەکانیان لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا. پارتی لە شوێنانەی کە دەنگدەری زۆر کەمە واتە دەڤەری سۆران بە تایبەتی گەرمیان و هەڵبجەو قەزاکانی تر دەستی کردووە بە خەڵک خانەنشین کردن و خەڵک دامەرزاندن بەناوی پارتیەوە کەچی موچەکانیان لە سەر حکومەتە واتە بە پارەی خەڵکی ڕەش و ڕوت دەنگ بۆ خۆی دەکرێت. خەڵکی کوردستانیش بێجگە لە خەڵکە ڕۆشنبیرەکەی هەرهەمووی لە ئاستی موچەو پارەدا بێ ئیرادەو چاوچنۆکن بۆیە ئەمە مەترسیەکی گەورەیە لەسەر پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی و دەستاو دەستکردنی دەسەڵات لەکوردستاندا بەم پێ یە بڕوات لە ڕێگەی پارەو دەسەڵاتەوە ئەم دوو حیزبە بە دەیان ساڵی تر کورسی دەسەڵات بەرنادەن .ئەمڕۆ لەبەر نامەیەکی ڕاستەوخۆی کەی ئێن ئێن دا کچێك لەسلێمانی یەوە تەلیفۆنی کرد بۆ بەرنامەکە کە ڕاستەوخۆ بوو لەسەر ژینگەی کوردستان ئەو ووتی من پرسیارێکم لەسەر موچەی کەم ئەندامی هەیە پێشکەشکارەکەش دڵی نەشکاندوو ووتی فەرموو. ئەویش ووتی من پارتی موچەیەکی کەم ئەندامی بۆ بڕیومەتەوە کەچی ئێستا بڕیویانە پێم دەڵێن بڕۆ بۆ لای وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی لەو داوا بکە منیش نازانم چی بکەم. پێش کەش کارەکە لێ ی پرسی بۆچی تۆ کەم ئەندامیت و کەچی لەلای حیزب پارە وەردەگریت ئەی بۆ ناچیت لە ڕێگەی کۆمەڵەکەتانەوە داوا ناکەیت لەوەڵامدا وتی ئاخر من لەڕاستیدا کەم ئەندام نیم پارتی تەنها بۆ کاتی هەڵبژاردن بوو کردمیان بە کەم ئەندام و چەند مانگێك موچەیان دا پێم دوای دەنگدانەکە ئیتر بڕیان . خوێنەری خۆشەویست هیچ دوژمنێکی دیکتاتۆر هێندەی پارتی و یەکێتی خیانەت لەم میللەتە ناکەن و جەماوەر گەمژە ناکەن ئەمانە جەهل دە بەخشنەوە تاکەکانی کورد بە پارە بێ ئیرادە دەکەن و دەیان خەسێنن ئەگەر ئەم دیاردەیە نەوەستێنرێت و ڕێ ی پێ نەگیرێت هەموو کۆمەڵگای کوردی گەمژە دەکەن و ئیرادەیان دەکڕن ئێمەش ڕۆژ بەڕۆژ ڕێگەی خەباتمان سەخت ترو ماوەی گەیشتن بە ئامانجەکانمان دورتر دەبێت.
ئێستا ئەگەر بە قەزاو ناحیەو لادێکانی کوردستاندا بگەڕێین و سەرژمێریەک بکەین دەبینین کە بەهەزاران خەلکی پیرو نەخوێندەوار لەسەر میلاکی یەکێتی و پارتی و شیوعی حسك و بزوتنەوە و کۆمەڵی ئیسلامیەوە خانەنشین کراون بە پێشمەرگەی دێرین کەچی لە واقیعدائەو خەڵکانە تەنها بۆ کڕینی وەلاو ئیرادەو دەنگەکانیان کڕڕاون بۆ کاتی هەڵبژاردنەکان . بۆیە بەم پێ یە بڕوات ئازارەکانی جەماوەری کوردستان بەتایبەت خەڵکانی ووشیارو ئازادیخوازبەردەوام دەبن هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بەدی ناکرێت هەتاکو جەماوەری کوردستان بەئاگا نەێتەوەو خۆی ووشیار نەکاتەوە ئەوەیش شتێکی مەحاڵە لە غیابی ئۆپۆزیسیۆنێکی بوێرو چالاك کە بتوانێت جەماوەر بە مافەکانی ئاشنا بکات و شەقامی کوردی بجوڵێنێت و ڕابەرایەتیان بکات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە