هۆشیاری ته‌ندروستی بۆ تاکی کورد به‌شی (20) شێوانی سێکسی

Sunday, 28/07/2013, 12:00

30863 بینراوە


شێوانی سێکسی بەگشتی و کێشەکا نی لە دوای ٥٠ ساڵییەوە

ئەم شێمایەی خوارەوە پیشانی دەدات کە چۆن هەستە سێکسێکان وەک بیستن وبینین و بۆنکردن وماچکردن و دەستهینان وشیوەی جل لەبەرکردن چۆن کاریگەری دەکاتە بەشەکانی ناو مێشک وەک ناوچەی مێشکی ناوەڕاست و هیۆپتاڵاموش لە وێشەوە بەڕێگای دەمار و سووڕی خوێنەوە بۆ کۆئەندامی نێرینە دەچێت، هەروەها پڕبوونی هەرسێ بەشە ئیسفنجێکەی چۆکی پیاوان بە خوێن واتە ڕەپبوون.
ئەگەر ئەو سێ بەشە ماسولکەئیسفنجێی چۆک (پێنیس)ی پیاوان کە لە خوارەوە بەوێنە پیشان دراوە بە خوێن پڕنەبێت ئەوا ئەندامی نێرینەی پیاوان بە سیسی دەمێنی و ڕەپ نابێت و کێشەکە دەقەومێ.


ناوەڕۆکی بابەت


.لە نیوەی دووەمی تەمەنی مرۆڤەوە سێکس بۆ جۆرایەتی ژیان فاکتۆرێکی گرنگە.
.شێوانی سێکسی زۆر بەربلاوە بەڵام کەم قسەی لەسەر دەکرێ و تەشخیس دەدرێ.
هۆکاری شێوانی سێکسی تەنها زیادبوونی تەمەن نییە بەڵکو زووربەی هۆکارەکان نەخۆشێکانی لەشن.
.ڕۆڵی پەیوەندی نێر و مێ، کاریگەریی لاوەکی هەندێک دەرمان و نەخۆشێ دەرونێکان(نەفسی) زۆر جار لەم بارەیەوە پشت گوێ دەخرێن یان بەکەم وەردەگیرێن.
.شێوە یان خۆشی و ناخۆشی ژیان ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێ لە شێوانی سێکسی تاکەکاندا.
. لەکاتی سەردانی نەخۆش یان گفتوگۆی دکتۆر ونەخۆش ئەم بابەتە پشت گوێ دەخرێ، گەرچی نەخۆش بەم هۆیەوە دەچێت بەڵام شەرم لە باس کردنی دەکات.
.شێوانی سێکسی لە دوای ٥٠ ساڵیشەوە چارەسەری هەیە و باشتر دەبیتەوە.
شێوانی سێکسی لە ٣٠ ساڵییەوە دێتە ئاراوە بەڵام بەرێژەیەکی کەمتر وەک لە دوای ٥٠ سالێ یەوە.


شێوانی سێکسی بە مانا پزیشکێکەی

.شیوانی حەز و ئارەزووی سێکسی، شێوانی جوڵاندنی کۆئەندامی سێکسی وەک ڕەپ نەبوونی نێرینە ولیچ نەبوون و تەڕنەبوونی مێینە ،شێوانی ڕەحەت بوون و فڕێدانی تۆ و هەروەها بەهۆی ترس لە ئازاری مومارەسەی سێکسی کە ئەمیش دەبێتە دوورکەوتنەوە لە جووت بوون و کرژبونی (تەشەنجی) کۆ ئەندامی مێیەنە.
کێشەی پیاوان زوو ڕەحەت بوون یان ڕەپ نەبوونی .
کێشەی ژنان کەمی ئارەزووی سێکسی، یان تەرنەبوون و لێج نەبوونیان، گرژبوونی ئاوانیان (ڤاگینزموس)، یاخۆت ڕەحەت نەبوونیان و ئازارپێگەیشتنیان لەکاتی کاری جنسی ، کە خەتەنەکردنی كچانیش هۆکارێکە بۆ ڕەحەت نەبوونیان لە کاتی ممارەسەی سێکسی لە هەندێ ووڵات و گەلانی ئاسیا و ئەفریقا.
بەڕێژەی 43% ژنانیش بەیەکێک لەو شێوانە تووشی شێوانی سێکسی دەبن.

ئایا شێوانی سێکسی دیاردەیەکی بەرزبوونەوەی تەمەنە ؟

ڕاستە لەگەڵ زیادبوونی تەمەن چالاکی سێکسی لە هەردوو ڕەگەز کەم دەبێتەوە، بەلام بەگشتیش لەگەڵ بەرزبوونەوەی تەمەنیش چالاکی سێکسی زیاد ناکات. بەپێچەوانەوە باری تەندوستی لەش پەیوەندیی و کاریگەری لە سەر چالاکی سێکسی زیاترە وەک لە زیادبوونی تەمەن. تەمەن تا ڕادەیەک پەیوەندی بەکێشەی ڕەپ بوونەوە زیاترە وەک لە زوو ڕەحەتبوونی پیاوان یان تەڕی و لیجبوونی ژنان.

‌هۆکارەکانی شێوانی سێکسی و ڕیسکە فاکتۆرەکانی




١. نەخۆشییە دەروونێکان وەک نەخۆشی خەمۆکی، شێوانی ترس، ئەلکهۆلیزم وفشاری (Stress) مادی وکار هەروەها کێشەکانی نێوان ژن ومێرد. ئەگەر هاتوو ئەو پیاوانەی کە شیوانی سێکسیان هەیە بە ڕۆژ و بەڵام شەوانە بەڕەپبوونی کۆئەندامی نێرینەیان خەبەریان دەبێتەوە کەواتە ئەوکەسانە زیاتر بە هۆکاری نەفسی توشبوون وەک فشاری کار و ژیانی ڕۆژانە نەک نەخۆشێکانی تری لەش.
٢. نەخۆشی سەرەتان، برینداربوون و نەشتەر گەری لە کۆ ئەندامی زاوزێ ومیزکردن هەروەها نەشتەرگەری پرۆستاتە و پشت.
٣. شێوانی هۆرمۆنەکان (Endokrinopathie) ،نەخۆشێکانی کە بەهۆی ممارەسی جنسیەوە دەگوێزرێنەوە یان کاریگەرێ لاوەکێکانی هەندێ دەرمانی دژ بە نەخۆشێکانی نەفسی.
٤. کۆبوونەوەی پاشماوە لە بەشەکانی هەڵسانی چۆکی پیاو کە وەک ئسفنج وایە یان ڕەقبوونی بەشی ڕەپبوون بەهۆی بەردەوامی وزۆری ڕەپبوونەوە.
٥. کێشەی هاوسەرێتی نێوان ژن و مێرد.
٦. هەندێ دەرمانەکانی وەک Antiepileptica, Antidepressiva, Beta-blocker
ڕیسکە فاکتۆرەکان
نەخۆشێکانی وەک بەرزبوونەوەی زەختی خوێن، نەخۆشی خوێن بەرو خوێن هێنەرەکانی خودی دڵ، بەرزبوونەوەی ڕێژەی کۆلیستەرۆڵ لە خوێنداو تەسک بوونەوەی دیواری خوێن بەرەکان، نەخۆشی شەکرە، سەکتەی دەماغ، نەخۆشی و گەورەبوونی پرۆستاتا، جگەرەکێشان، قەڵەوی و کەمی جوڵە.
لە ژنان دا نەخۆشییەکانی خوێن هێنەر و خوێن بەرەکان زیاتر وەک ریسکە فاکتۆر کە دەبێتە هۆی ووشک بوونی کۆئەندامی مێینە و دیسپارنۆی واتە (لێکدوورکەوتنەوە) و شێوانی سێکسی.

دیاریکردن وتەشخیس دانی

١.بەکارهێنانی سۆنۆگرافی بۆدۆزینەوەی برینداربوون لە چۆکی نێرینە.
٢.سەردانی دکتۆر وپرسیار و وەڵامی نێوان دکتۆر و تووشبۆکە وەک ئەوەی لە کەیەوە وای بەسەر هاتووە و ئایا دەرمان دەخوات بۆ نەخوشی تری لەش، هەروەها پرسیار و وەڵام لەسەر کێشە کۆمەڵایەتیکانی تووشبووەکە.
٣.فەحسی خوێن بۆ دۆزینەوەی هۆکاری هۆرمۆنی. ئەگەر هاتوو حەپەکانی ڕەپبوون کۆمەکی بە تووشبۆکە نەکرد. ئەوا دەبێت بەدوای شیوانی سووڕی خوێنی ئەندامی ڕەپبوونی نێرینە وزیان بەرکەوتنیدا بگەڕێین بەیارمەتی چەند ئامێرێکی تایبەتی پزیشکی یەوە کە بەداخەوە لێرەدا سەختە بۆ خوێنەری ڕوون بکەینەوە.

چارەسەری و پێشگیریی

زوربەی شێوانی سێکسی کان لە سەروی ٥٠ ساڵی یەوە چارەسەری هەیە و بەلایەنی کەمەوە دەتوانرێ بەشیوەیەکی باشتر چارەسەر بکرێت.
لەکاتی کێشەی نێوان ژن و مێردا کە هۆکارە بۆ شێوانی سێکسی دەتوانرێ بەجیا یان بەیەکەوە ئامۆژگاری و ڕێنمایان بۆ بکرێت.
چارەسەری کێشەی ڕەپبوون تەنها بەکارهێنانی دەرمانە.
کەمی کێشی لەش واتە وەزنێکی نۆرماڵ و زیادبوونی جوڵە و وەرزش ، وازهێنان لە جگەرەکێشان کەمکردنەوەی شترێسی ژیان وەک پێش گرتن لە شێوانی سێکسی.
باس کردنی لای دکتۆرەکەت و گفتوگۆ لەگەڵ دکتۆرەکەدا لەو بارەیەوە، تاکو هەڵسوکەوتی ژیان بگۆڕی و پەیوەنیدی نێوان ژن و مێرد باشتربکرێتەوە.
تەشخیس نەدانی شێوانی سێکسی یان چارەسەرنەکردنی دەبێتە نەخۆشی خەمۆکی وکەمبوونەوەی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی.
ئەو دەرمانانەی کە بۆکێشەی ڕەپبوونی نێرینە بەکار دەهێنرێن:
Viagra(25mg, 50mg ,100mg) نیو سەعات پێش چالاکی سێکسی دەخورێ کاریگەری هەیە بۆ ماوەی ٤ سەعات.
Levita(10mg, 20mg) ئەمیش نیو سەعات پێش کاری سێکسی دەخورێ و کاریگەری بۆ ماوەی ٤سەعات هەیە
Cilialis(5mg, 10 mg, 20mg) ئەمیش نیو سەعات پێش کاری سێکسی دەخورێ و کاریگەری بۆ ماوەی ٣٨ سەعات دەمێنێ بۆ کاری سیكسی.
Caverject(10mg, 20mg) ئەمەش بەشیوەی دەرزی لە کۆ ئەندامی ڕەپبوون دەدرێ و یەکسەر تاسیری خۆی دەکات.
یاخۆت Vacumpumpe واتە پەمپی لەهەوا خاڵی دەکری بەسەر زەکەری نێرینەدا و تاکوو ڕەپێ دەکات و ئینجا دەست بەچالاکی سیکسی دەکرێت.
ئەگەر ئەم دەرمانانەش کۆمەکیان بە تووشبۆکە نەکرد ئەوا دەبێت عملیات بۆ کۆئەندامی نێرینە تووشبۆکە بکرێت بۆ چاکبوونەوی دۆخی سووڕی خوێن لە خوێنهێنە ر و خوێنبەرەکانی کۆ ئەندامی نێرینە.

وتووێژ لەو بارەیەوە

لەگەڵ داکەوتن و بەکارهێنانی ڤیاگراوە لە ساڵی ١٩٩٨ دەتوانین بڵێن وەچەرخانێکی تازە لە چالاکی سێکسی دروست بوو،چونکە توانرا کێشەی ڕەپبوونی پیاوان کاریگەرانە چارەسەربکرێت.
لەم ڕێگەیەوە توانرا کێشەی هەزاران ساڵی پیاوان کە پەنایان دەبرد بۆ چەندین داودەرمانی وەک گژوگیا ودەرمانی تۆزاوی چینی و ئەفریقی خورافاتیاکانیان لەم ڕێگەیەشەوە زیاتر زیانیان بەتەندروستی خۆیان دەگەیاند.
پەیدابوونی ڤیاگرا ئەو بیرۆکەی بەدرۆخستەوە کە دەووترا هۆکاری شێوانی سێکسی ٩٠% نەفسییە و لە ١٠% ی هۆکاری ئۆرگانییە، ئێستاش پێچەوانەکەی ڕاستە.
ئێستاش زیاتر لێکۆڵینەوە دەکرێت بۆ دروست کردنی دەرمانی نوێ دژی شێوانی سێکسی هەم لەپیاون هەم لە ژنان. بەهەمان شێوەی دەرمانی چارەسەری سێکسی لە ڕێگەی حەپی ڤیاگراو جۆرەکانێوە بۆ پیاوان، ئێستا چەن لێکۆڵەرێکی زانستی هۆڵەندی کار دەکەن لەسەر دروست کردنی دەرمان بۆ چارەسەری شیوانی سێکسی لە ژناندا و پێشبینی دەکرێت لە ساڵی ٢٠١٦ دا بکەوێتە بازاڕەوە.
فاکتۆرە بایۆلۆجێکانی تەمەن بەرزبوونەوە دەتوانن هۆکار بن بۆ شێوانی سێکسی بەڵام مەرج نین.
لە هەرێ پێشەوە دەتوانرێ هۆکارە نەفسییەکان، هۆرمۆنییەکان و فاکتۆرە شەخسێکانی وەک ترس وفەشەل هێنان لە چالاکی سێکسی چارەسەر بکرێن.
زانیاری وهۆشیاری خەڵکی لەسەر شێوانی سێکسی هاندەرو یاریدەدەرێکە بۆچارەسەری یاخۆت نەهێشتن بە تووشبوونی شیوانی سێکسی لەڕێگەی گۆڕانی هەڵس وکەوتی کەسەکان یان کەم کردنەوەی تووش بوون بەم شێوانە جنسێ.
هیوادارم لەم بەشەدا توانیبێتم تا ڕادەیەک خزمەتم بەخوێنەری کورد کردبێت بە سەرکردە و بەرپرسەکانی کوردستانیشەوە.


دکتۆر ناسر سۆرانی
ستافی کوردستانپۆست
               و
پزیشکی گشتی و پزیشکی تایبەتمەندی چاو
ئەندامی یەکێتی دکتۆران لە سویسرا FMH
www.augenarzt-birsfelden.ch

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە