بۆچی پەسەندكردنی دەستوور ڕەتبكەینەوە؟

Tuesday, 16/06/2009, 12:00

2151 بینراوە


هەرایەك لە ئارایە بۆ ڕەتكردنەوەی پەسەندكردنی دەستوور لە لایەن پارلەمانەوە,بە بیانووی ئەوەی تەمەنی پارلەمان بەسەر چووە و مافی ئەوەی نییە دەستوور پەسەند بكات.
دەسەڵاتی كوردی 18 ساڵە فەڕمانڕەوایی كوردستانە كات بە بێ دەستوور ,ئێستا دنیای لێهاتۆتە یەك و دەیەوێت لە ماوەی 18 ڕۆژی داهاتووی تەمەنی ئەم خولەی پارلەماندا دەستوور پەسەند بكات,وەك ئەوەی نەتوانێت نەفەس بدات بێ دەستوور,پڕۆژەی دەستورەكەش چەندین ساڵە قسە و باسی لەسەرە كرێت,ئەوەندە بە دیارییەوە دانیشتن ئاوی چاومان داهات و هەر نەهات و لە دایك نەبوو تا هەموو لە بیرمان چووەوە.
هەفتەی ڕابردوو 25 پارلەمانتاری بەڕێز لە نامەیەكدا بۆ سەرۆكایەتی پارلەمان داوایانكرد ,دەستوور پەسەند نەكرێت لەم خولەی پارلەماندا ,دیارە هەموو ئەم لایەن و بەڕێزانە لە خاڵێكدا هاوبەشن ئەویش ئەوەیە دەستوور پەسەند نەكرێت,وەلێ پێمان ناڵێن بۆچی پەسەند نەكرێت؟,ئەو بڕگە و فەقەرە و خاڵانە چین لەناو دەستوورەكەدا خراپن ؟,ئایا هەموو لایەكیان تەبان لەسەر هەڵوێست وەرگرتن لە بارەی بڕگە و خاڵ و دیباجەی دەستوورەوە بۆیەوە پێكەوە ئەم كەمپینە بەڕێوە دەبەن؟,یاخود هەر یەكەیان لە ئاراستەیەكەوە ڕەتی دەكەنەوە و بۆ خۆشیان تەبا نین لە نێوان خۆیان لەسەر داڕشتنەوەی ناوەڕۆكی دەستوورەكە لە دوای ڕەتكردنەوە,تەباییان تەنها لەسەر ڕەتكردنەوەیەتی نەك داڕشتنەوە,وەك بینیمان لە كاتی گفتوگۆكان بە دوو ئاراستە عەلمانی و ئیسلامی ڕەخنە بەڕێخرا و كەمپین سازكرا بۆ هەمووار كردنی پڕۆژەكە.
هیوادارین نەیارانی پەسەندكردنی دەستوور بچنە ناو وردە كارییەكانەوە, بەرچاومان ڕۆشن بكەنەوە لە بارەی ناوەڕۆكی دەستووری ئاماژە پێدراو ئەو خاڵانەش دیاریبكەن ئەوان ڕەتی دەكەنەوەو ئالتەرناتیفەكانیشیان دیاریبكەن؟.
هەرچەندە دەسەڵات بە نیازە پاش پەسەندكردنی بیخاتە بەردەم جەماوەر بۆ دەنگ لەسەردانی,ئەمەیان كایەكە بەرینتر دەكاتەوە و تۆپەكە دەخاتە ناو گۆڕەپانی جەماوەرەوە,دیارە ڕیفراندۆم پرۆسەیەكی دیموكراسییە وەلێ بۆ دەنگدان لەسەر دەستوور كە خەڵك هوشیاری یاساییان لاوازە سەركەوتوو نییە,بگرە زۆرجار دژ بە قازانجی پێشكەوتنخوازیش كۆتایی دێت .
گرنگ ئەوەیە ئاگادار بین كە ئەم دەستوورە ڕەتە كرێتەوە ,كام دەستوور و چۆن دەستوورێكمان بۆ كوردستا دەوێت؟,من بۆخۆم هەواداری دەستوورێكی عەلمانیم مافی مرۆڤ و ئازادی بێقەیدوشەرتی سیاسی و یەكسانی مرۆڤەكان مسۆگەر بكات لە كۆمەڵگەی كوردستان,ئەگەر هێزەكانی ڕەتكەرەوە گرنتیمان دەدنێ داكۆكی لەم پرنسیبانە بكەن ئەوا بژی بەرەی ڕەتكەرەوانی دەستوور.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە