هەستی خود- هەستی ئەویتر- ئازادی.. بەشی سێهەم - زەمانی ڕابردو.

Monday, 12/05/2014, 12:00

4265 بینراوە






لە درێژەی ئەم لێکۆڵینەوە فەلسەفیە دا، بڕیارمان دا کە " زەمانی ڕابردو " شی بکەینەوە. ولەم بۆارەدا، لە وەزعیەتی " هەستی خود " و "هەستی ئەویترەوە" بە نیسبەتی ئازادیەوە، بنووسین.
وتەو تاریفی ئێمە لە زەمان ئەوە بو کە، زەمان پێکهاتووە لە بێنەهایەتی " ساتە کان ". کە هەر ساتێك جێگەی خۆی دەدات بە ساتێکیترو خۆی دەکەوێتە بەرەی " ڕابردو " و ئەم ڕوداوە بەردەوام درێژەی هەیە. و وتمان کە ئێمە دەتوانین، لە سەر زانین و ناسینی ڕوداوەکان، لە زەمانی ئێستە (زەمانی حاڵ) فیکر کەینەوە و لێکۆڵینەوەمان هەبێت و بە نیسبەتی داهاتوەوە، تەنیا ئەتوانین لە زەمانی ئێستەدا، حەدس یان گۆمانمان بۆ چۆنیەتی ڕوداوی فینۆمنەکان هەبێت.
ژان پۆل سارتێر دەڵێت: {بەم فەرزەوە کە ڕابردو، بوونی نیە، یانێ ڕابردو ڕۆێشتوتە نێو نەبوندا، گۆمانێکمان نیە. بەڵام لە کاتێکدا کە دەبینین بیرەوەری(بە یاد هاوردنی ڕوداوەکانی ڕابردو)بە هەبونی ئەو درێژە دەدات، دەبێت ڕابردو بە زەمانی ئێستە گۆڕابێت وبە مانایەکی دیکە ئەم بیرەوەری ڕابردوە، کاریگەری و نیشانەیەکی خۆی لە ڕەگەکانی مێشکی ئێمە، بە جێ هێشتوە}.
لەەم بۆارەدا دەبێت ئیشارە کەین بەوەی کە تەنیا ئەوە نیە ودەتوانین لە زۆر شٶێنیتردا، ئاماژە بە پێوەندی نێوان ڕابردو وهەروەها زەمانی ئێستە بکەین. بۆ میسال چاوکۆفسکی بڕوای هەیە کە، منداڵ پێش بە دونیا هاتنی، تەواوی سازمان و دەزگای یەك ڕێزمانی هەیە، بە دوای بە دونیا هاتنی وردە وردە، ئەو ڕێزمانەی وە بیر دێتەوە وکەڵکی لێ وەردەگرێ! ئەمە لە ناو خۆێدا من دەخاتە فیکری تیزی دوهەمی ئەفلاتون بە ناوی" تەزەکار" (بە یاد هاوردن). لێرەدا ئەم تێزە فەلسەفیە شی ناکەمەوە، چونکە لە باسەکە دورمان دەخاتەوە. ئەو فیکر وبۆچونەی چاوکۆفسکی دەرخەری ئەوەیە کە منداڵێك لە سکی دایکی، چۆنیەتی وشەکانی بیستوە وبە جۆرێك لە جۆران فێری بووە. ئەم خاڵە دورلە فیکری عیلمی و فەلسەفی نیە، چونکە دەزانین کە منداڵ لە سکی دایکی، ئاگای لە چونیەتی وەزعیەتی دەرونی و جۆری حیسی دایکی هەیە و دەتوانێت بۆ میسال لە شیوەی نەفەس کێشانی دایکی، خەم یان جۆش و خرۆشی دایکی فام بکات. لە بیر نەکەین کە ئەم دوفینۆمنە یانی دایك ومنداڵەکەی ناو سکی، پێکەوە پێوەندیەکی زۆر تایبەت وچەسپاویان هەیە! لە زمانی کوردی سنە و دەوروبەری بە ژنێك کە منداڵێکی لە سکدایە دەڵێن : " دوگیان " ! و ئەمە ڕاسته چونکە دو" گیان "(دو فینۆمن)، لە لەشێکدا(یەك فینۆمن) جێگیر بووگن...
دەتوانین بەمەش ئاماژە بکەین کە تەنانەت، گۆڵەکان وەها بونەوەرێکن کە دەتوانن گٶێ لە موسیقا بگرن و ئەم باسە پێشتر بە ئەزمون سەلمێندراوە _ جارێ هەر ئەم خاڵەش دەرخەری پێوەندی نێوان فینۆمنەکانە _ لێرەدا فینۆمنی نۆتی موسیقایی و فینۆمنی گۆڵێك. یان منداڵێك لە سکی دایك وخۆدی دایکی وەکو فینۆمنێکی مۆستەقیل _ هاوکات پێکەوە بوونان هەیە، بەڵام هاوکاتیش وەکو دوفینۆمنی تایبەت وجێواز‼
بەهەر کات کۆی خاڵەکە لەوێدایە کە فێر بونی زمان بۆ ئەو کۆرپەیە لە سکی دایکیدا، وەکو ئەزمونێکی ڕابردویی، لە کاتی ئیستەدا بە کار دەهێندرێت. واتە ڕابردو، سەر لە زەمانی حال یان ئێستە دەردێنێت _ یان بڵێن ڕابردو، لە زەمانی حاڵدا، بونی هەیە! جێا لە هەموی ئەمانە بابەتی " ئەزمون _ تەجرۆبە "، بە ڕابردوەوە پێوەندی هەبوە ولە ڕابردودا، شتێك بە ئەزمون دەر هاتوە، بەڵام لە زەمانی حاڵیشدا مانا پەیدا دەکات وبە کار دێت. ئایا ئەمە نیشانەی هەبونی " ڕابردو " لە کاتی " حاڵ " دایە؟!
ژان پۆل سارتێر لە بەیان و لێکۆڵینەوەی " ڕابردودا "، لە کتێبی Being and Nothingness دەڵیت: هەرواکە " ماڵرۆکس " وتویەتی: کارەساتترین بابەتی مەرگ ئەوەیە کە مەرگ بە سەرنوێشت(داهات) دەگۆڕدرێت. و لەم بابەتەوە وای تێدەگەین کە مەرگی" هەستی خود" بە " هەستی بۆ ئەویتر " لە ناوەڕۆکەوە دەگۆڕدرێت. من تەنیا بەرپرسی مەرگی پیەر(Pear)م. واتە مردوەکان کە ناتوانن بڕۆنە نێو ڕابردوی کەسێکی تایبەتەوە کە بەدونیا دێت، واتە لە ڕابردودا نین، بەڵام هەم خۆیان و هەم ڕابردویان لە بەین چووە. یانێ ئەمە زیندوەکانن کە خاوەنی ڕابردوون. دواتر ئەڕواتە سەر میسالێك و دەڵێت: ئێمە ناتوانین کاتێك کە دەبین بە ساحیبی ئەسبێك یان ئۆتۆمۆبیلێك، ڕابردوی ئەوانەمان وە دەست کەوێ بەم مانایە کە " ڕابردو " ناتوانێت بە مڵکی کەسێك دەر بێت ولە زەمانی حاڵدا ببێتە خاوەنی، لە حاڵێکدا کە ئەم ڕابردویە کەوتوتە دەرەوەی ئەوەوە. ئەم پێوەندیەی دەرەوە چاڵێکی قوڵی لە نێوان زەمانی حاڵ و ڕابردودا پێك هێناوە کە لە چەند بابەتی تایبەتدا وەکو دو فینۆمنی دژی یەك کار دەکەن ولە تەك یەکتردا پێوەندیان نیە. زەمانی ڕابردو دەتوانێت گۆمانی زەمانی حاڵ نیشان بدات بەڵام ناتوانێت خۆی ببێتە زەمانی حاڵ، واتە ئەمە زەمانی حاڵە کە قسە لە ڕابردو دەکات.
قسەکانی سارتێرزۆر بە دڵ دەنیشێتەوە بەڵام لاموایە کەچەند نۆکتەی زۆر گرینگ لەم بابەتەوە کەوتوتە پەراوێزەوە. بە پێچەوانەی ئەوەی کە سارتێر دەڵێت، ئەوە زیندوەکانن کە خاوەنی ڕابردوون _ ڕویشتوەکان یان مردوەکانیش لە شەرایەتێکی تایبەتدا زیندوون! بەڵام بۆچی و چۆن وەها دەبێت؟
ژان پۆل سارتێر نوسەری کتێبی "هەستی و نا- هەستی"، لە دەیان ساڵی پێشدا مردووە.! و لە بابەتی سروشتی یان فیزیکی، گۆڕانێکی زۆری بە سەردا هاتووە، کە لە بۆاری حیساب و عیلمی فیزیکدا دەتوانرێت بژمێردرێت و بپێوێت وبەیان بکرێت. بەمواتەیە ئەو لە بابەتی سروشتیەوە توشی گۆڕانکاری بوە و گرینگتر ئەوەی کە بەهۆی ئەو گۆڕانکاریەدا، " کاریگەری " خۆی لە دەست داوە وئیتر ناتوانێت کتێبیکیتربنووسێت! بەڵام گۆمانی ئەومان هەیە کە بە هۆی تەسیر وکاریگەری نوسراوەکانی وهەموی ئەو وشانە لە کتێبەکانیدا، لە سەر نوسەرێکی دیکە_ هەر ئەو بیر و بڕوایانە بە شیوازی ئەو نوسەرە تازەیەی کە بە دوای سارتێردا هاتوەتە دونیاوە، درێژە پەیدا بکات. ئەمە بەس لە بابەتی تایبەتی سروشتی و فیزیکی سارتێرەوە. لە بابەتی فینۆمنی فیکری وبۆچونەکان، خودی سارتێرلە ڕیگای فینۆمنی " وشەکان "ەوە _ لە ڕابردوجێا بوەتەوە و گەشتوەتە حاڵی ئیستە! چونکە ڕێك هەر ئێستە، ئێمە لە بارەی سارتێرەوە دەنوسین و فیکر دەکەینەوە و دێرەکان تەك بیرەوەری و چۆنیەتی فیکری ئەودا، پێوەندیەکی زۆر تایبەتی هەیە. بەمواتەیە ڕابردوی سارتێر لە ژیانی کەسێکیتردا، درێژەی هەیە! واتە دەسکەوتی باسەکە دەبێت بەوەی کە " سارتێر زیندووە ". هیچ بە دوری نازانم کە ئەم بە زاهیر مردوە و لە "رابردو" نیشتەجێ بوە، لە کاتی ئیستەوە بەرەو داهاتو بڕوات‼ کە لاموایە بە هۆی خودی ئەم نوسراوە کە من هەر ئێستە دەێنوسم و تۆی خۆێنەر لە داهاتودا دەێخوێنیەوە، بازەم ئیسباتی هەبونی سارتێرە. چونکە هەردوکمان لە جیهانی فیکرەوە، خەریکین بابەتێکی تایبەتی ئەو، لێك ئەدەینەوە. ئایا ئەمە بەڕاستی نیشانەی زیندو بونی سارتێر نیە؟ ئەگەر ورد بڕوانین، بە جۆرێك لە جۆران ئێمە لەم لێکدوانە " مەرگ " مان خستە ئەولاوەوبە جێ " ژیان " مان، هێنایە ئاراوە‼
ئێوەلاتان وایە کە گیان بەخت کردوان" کاوە گرمیانی " یان سەردەشت عوسمان، مردوون؟ من لاموایە کە نا، زیندون. چ لە بابەتی جیهانی وشەکان کە بە قەڵەمی ئەوان نوسراون_ چ لە بابەتی کاریگەریەك کە لە" هەستی ئەویتر " دا هەبویانە و هەیانە. لانی کەم لە ئەم دوبۆارەدا، ئەم دوساحیب قەڵەمە زیندوون.
خاڵکیتری وەتەکەی ژان پۆل سارتێر لە سەر" مڵك و مەلیکیەت " یان خاوەن داری بوو. ئەو بڕوای وا بو کە " ڕابردو " ، ناتوانێت بە مڵکی کەسێك دەر بێت. بەڵام من لاموایە کە ڕابردوی فینۆمنێك کە فرۆشراوە و ئیستە کەسێکیتر خاوەنیەتی، بە شێوازێکی تایبەت سەر لە زەمانی " حاڵ " دەر دێنێ! سارتێر لە ئەسپێك میسالی هێنا و ئێمە دەڕۆینە سەر هەر ئەو میسالە. فەرز دەکەین و دەڵین ئەو ئەسپە لە ڕابردودا، جۆرێکی شیتی هەبوە یان لە شۆێنێکی دیاریکراوی تایبەت دا کە بیرەوەریەکی لێ هەبوە، وێستاوە یان ڕمی کردوە. هەرکات گەیشتوتە ئەو جێگایە رئاکشنێکی تایبەتی لە خۆی نیشان داوە_ ئەم شتە بوەتە ڕیفلێکسێك لەو ئەسپەدا. ساحیبە پێشوەکەی بەم بەسەرهاتە و بیرەوەریە وئەزمونە، ئاشنا بوە و دەیزانی کە لەو شۆێنەدا چی ڕو دەدا!
ئێستە ساحیبە تازەکەی، قەد ئاگای لەم " ڕابردوە " نیە. بەڵام ئەسپەکەێ کڕیوە و بوەتە خاوەنی. سارتێر دەڵێت کە ساحیبی ئێستەی ئەسپەکە، نابێتە خاوەنی ڕابردوی ئەسپەکە! من لاموایە پێچەوانەی ئەم بابەتە دروستە. بۆچی و چۆن؟
ئەگەر ئەم خاوەنە تازە، سوار ئەسپەکەی بێت و سەر لە ئەو جێگا تایبەتەی کە باسمان کرد، بێنێ. ئەسپەکە ڕابردو، دوپات دەکاتەوە و ڕم دەکات. بەمجۆرە ئاشکرا دەبێت کە " ڕابردو "ی ئەو ئەسپە لە تەکیا هاتوە تاکو زەمانی " حا ڵ ". بەڵام بۆ هەوەڵجارە کە ساحیبە تازەکەی، وەها ئەزمونێكی ڕابردویی، ئەزمون دەکات و توشی ئەو وەزعیەتە دەبێت. واتە ساحیبە تازەکە، خاوەنی ' ڕابردوی ' ئەسپەکەیە! چونکە ئەو ڕابردوە بە شیوەیەکی نهێنی لە بیرەوەری ئەسپەکەدا هەبوە و تاکو زەمانی ' حاڵ ' ڕاکێشراوە و هەر لە زەمانی حاڵدا، بە ئەزمون دەرهاتووە!
ئەمبابەتە دەرخەری ئەوەیە کە لە بواری کات یان زەماندا، ئیمکانی ئەوە هەیە کە ڕابردو بەرەو زەمانی حاڵ و هەر وەها بەرەو داهاتو، بڕوات. بۆیە لە بەشەکانی پێشوی ئەم باسە فەلسەفیەدا ئاماژەم بەوە کرد کە" ئیمکانات " لە زەماندا، کاریگەری تایبەتی خۆیان هەیە. ئیستە لاموایە گەیشتوینەتە ئەمخاڵ و نۆقتەیە کە بڵین، ئینسان لە زەمانی ئێستەدا دەتوانێت زۆرگرینگ بێت و لە ڕابردو و هەروەها داهاتو، کاریگەریەکی سەیری هەبێت. لە سەدان ساڵی پێش مەسەلەن کورد چی بووە؟ ڕەنگە هێندە گرینگ نەبێت، بەڵام هەر ئێستە خەریکی چیە وچۆن لە داهاتو کاریگەری دەکات، گرینگترینە. ئێمە هەر ئێستە دەتوانین ژیانی ئازاد یان کۆیلایەتی خۆمان دابین بکەین! هەر ئیستە دەتوانین بڕیار بدەین کە ژیانی ئیمە، بە نیسبەتی " ئازادی " دەبێ چۆن بێت؟ ئایا دەمانەوی ئازاد بژین یان هەر لە ژێر دەسەڵاتی چەن چڵکاوخۆری زلهێزی دور لە فامەکانی" ئینسانیەت "دا بین؟! کە هەمو کات دەیانەوی چۆنیەتی حاڵ و داهاتوی ئێمە دابین بکەن‼ مەگەر ئێمە خاوەنی" هەستی خود " نین؟ مەگەر ئێمە موستەقیل وخاوەنی تایبەتمەندی خۆمان نین و حەقی ژیانێکی ئازادمان نیە؟ دەبێ کەسێکیتر، بە فامێکیترەوە بۆمان بڕیار بدات کە چۆن بژین؟ ئایا ئەمە دژی هەستی و هەبونی ئێگۆ یان کۆمەڵگەی ئێمەوە نیە؟ من وەکو کوردێك خاوەنی خاکی خۆمم_ لەو خاکەدا گەوهەر ونەوت هەیە یان نا ئەسڵەن لەو خاکەدا هیچ نیە جێا لە ئازاروزەحمەت. ئەمە منم کە دەبێ چۆنیەتی ژیانی خۆم" ئازادانە "دابین بکەم. ئەوە کام کاڵفامە کە پەڕۆی ئەم و ئەو بەرز دەکاتەوە و بێ شەرمانە دەڵێت: من نۆێنەری تۆم! من دەڵیم وەها بژی_ وەها بڕو_ وەها بکە_ وەها مەکە_ وەها بیر کەرەوە_ بەمجۆرە بیر مەکەوە_ ئەمە بە قازانجتە_ ئەوە خراپە_ ئەمە باشە؟‼!
ئامانە یانێ چی؟ ئایا منی خاوەنی شۆێنی ژینگە وشارو لادێم کە دەبێ چۆنایەتی ژیانم دابین بکەم و چۆنایەتی بیر و فیکرم دەرببڕم، یان ئەویترکە هەستیەکی تایبەتی خۆی هەیە و دەیەوی چۆنیەتی هەبونی من بخاتە سەر قانون و کاغەز و بڕیار؟؟!ئەویش دروست و تەنیا لە بەر ئامانج و بەرژەوەندی هەستی خۆێدا؟!
نا. منی کورد وریام و دەمەوی بە وریایی و بە " ئازادی " ژیانم بە سەر بەرم و بە تەواوی هەبوونمەوە، ڕقم لە کۆیلە بوونە. و لەکۆمەڵگەی کۆیلایەتی دەڕشێمەوە وئەم ڕشانەوە، دەکەمە ناو چاو ئەوەوە کە دەیهەوێت چۆنیەتی حاڵ و داهاتوی من دابین بکات. من هەرچەند لە چەندبۆاردا توشی هەڵەم، بەڵام تێدەکۆشم هەڵەکانی بە ئەزمون کراوەی ڕابردوم، چاک یان ڕاست کەمەوە وبە تەواوی وجودمەوە " ئازاد " بژیم. نەك لە ژێرپەڕۆ و پەرچەمی کاڵفامێکی خۆ بە گەورەزان کە رەفتار و کردەوەی، بە تەواوی دژی ئینسان و کۆمەڵگەیە بچەوسێمەوە یان خەسێندراوم کەن! نا من ئەو ئێگۆیەم کە ئیتر وریام وئاگام لە زەمانی " حاڵ " ی خۆم وڕابردوم و داهاتوم هەیە. من هەم ولە "کردەوە"ی مندا، تۆی کاڵفامی ناڕسیست، بۆت دەر دەکەوی کە ناتوانی درێژە بدەی بەم هەموە ئەستەمەی کە لە زاتی تۆدا نێشتەجێیە!
بەمجۆرە " هەستی خود "ی من لە " هەستی ئەویتر " _ هەستی تۆی دەرەوە لە بازنەی ژیانی من، کاریگەری دەبێت. ڕاستی و ڕەسەنی ئەم فەلسەفەیە و ئەم بۆچونە کە لە زەمانی حاڵدا لە مندایە، لە داهاتودا دەر دەکەوی! ئێنجا هەردولامان دەتوانین لە سەری داکۆکی کەین. واتە بهێڵین با کات(زەمان)بڕوات. کە ئەمڕۆیشتنەش لە دەستی هیچ لایەکماندا نیە وزەمان کاری خۆی دەکات.
بینەوە سەر ناخی باسەکەمان. گرینگ ئەوەیە کە ئاگادارین لە هەر حاڵەتی زەمانیدا، شتێك بە ناوی " گەڕان و گۆڕان " ڕودەدا. پێشتر ئاماژەم بەوە کردبو کە ئەگەر ئەم گەڕان و گۆڕانە لە گەردون نەبێت یان لاچێت، ئیتر گەردون مانای ڕەسەنی خۆی لە دەست دەدا. منیش وەکو فینۆمنێك یان هەستەندەیەك لەم گەردونە پان و بەرینە دەژیم و بونم هەیە. لەم بونەشدا، بە هۆی زاتی خۆدی گەردون و هەبونی گەڕان، دەگۆڕدرێم! ئەمخاڵە زۆر گرینگە کە بۆمان ئاشکرابێت کە من ئەوە نیم کە لە رابردودا بووم. ئەوەش نیم کە لە داهاتودا دەبم‼ ڕەنگە ئێستە کۆیلە بم!و ژیانم لە ژێر پەڕو پەرچەمی ' هەستی ئەویتردا ' بە ڕێوە بچێت. ئەمە خۆی یەك هەستیە_ یەك بونەوەرە. بەڵام نامەوەی لەژێر ئەم پەڕۆە کۆنەوە بمێنمەوە(زەمانی حاڵ و ویستی ئێستەم وایە). واتە من دەبم بەو هەستیە کە دەمەوی بم و تێدەکۆشم کە خۆم بگۆڕم_ هەرچەند چەندین گۆڕان لە مندا، ڕو دەدا. بەڵام لە بابەتی هەبونی داهاتوم، دەمەوی شتێکیتر غەیری ئەوە بم کە ئێستەم! بە مانایەکی ڕێكتروڕاشکاوانەتر، ئەو بونەوەرەی داهاتوی من ئیتر کۆیلە نیە و تێدەکۆشم کە کۆیلە نەبێت! واتا " هەستی خود "ی من لە تەك ئەو هەستیەی داهاتودا فەرق و جێاوازی دەبێت. چۆن؟ بۆچی؟
چونکە ویستی من لە کاتی ئێستەدا ئەوەیە کە پێشتر باسمان کرد_ ناچارەن ئەم بونەوەرە ناتوانێت لە داهاتوشدا هەر کۆیلە بمێنێتەوە. من دەمەوێ لە داهاتودا " ئازاد " بژیم ولەم زنجیرانەی دەست و پێم ڕزگار بوبێتم. بەمواتە کۆیلایەتی ئێستەم لە تەك ژیانی ئازادی داهاتودا، ناتوانێت یەکجۆر بێت! هەر وا کە ڕابردوم شتێك بووە. بەڵام ئێستە لە ڕابردو جێام وژیانێکی تایبەتی خۆمم هەیە و خاوەنی بیر و هەستی ئێستەی خۆمم . بەم مانایە ناتوانێت ڕابردوی من، ڕێك وەکو داهاتوی من بێت. بۆمیسال: لە ڕابردودا، کەسێکی دی بۆ من بڕیاری داوە کە چی بکەم و چۆن بژیم! ئەو ژیانە بەوناوەڕۆکەوە تاکو ئێستە هاتووە_ بەڵام چۆن ئێستە(زەمانی حاڵ) خۆم بەهۆی وریابونەوەدا وناسینی بە ئەزمون دەر هاتوی ڕابردو، بەو قەناعەتە گەیشتوم کە ئیتر بەس ! نامەوی کۆیلە بمێنمەوە _ هەستی داهاتوی من دەبێت ئەوەبێ کە خۆم ویستومە و ئەو هەستیە کە لە داهاتودا دێتە ئاراوە، بە تەواوی لە حاڵ و رابردوی من جێایە ولە هەمو بۆارەکاندا لە بابەتی فینۆمنۆلۆژیکیەوە، تایبەتمەندی خۆی هەیە. ئەمە وەکو ئیمکانێکە کە ڕێك هەر " ئێستە " بڕیارم بۆی داوە وئەو ئیمکانە لە چۆنیەتی ژیانی داهاتوی من قسە دەکات و نیشانەکانی خۆی دەر ئەخات. بەڵام چۆن؟
مەگەر نەمانگۆت کە زەمان بریتیە لە درێژەی ناتەواوی ساتەکان کە هەرکامیان بە توندی جێگای یەکتر دەگرن؟! وبۆمان دەر نەکەوت کە هەر لەم گۆڕانی ساتەکان یان وردترین ئەندازەی کاتی و زەمانی، شتێك بە ناوی گۆڕان و گەڕیان، ڕو دەدات؟ و بۆمان ئاشکرا نەبو کە منیش وەکو بونەوەرێك یان فێنۆمنێك لەم گەردونەدا، توشی گۆڕانم؟ واتە ناتوانم و نابێت و ناکرێت کە لە زەمانی حاڵدا مابێتمەوە وحەتمەن خۆم و تەنانەت شۆێنی ژینگەم، گۆڕاوە. هەموی ئەمانە یانی ئەوەی کە هیچ شتێك لە جێگای خۆی نەماوەتەوە و ئەم پڕۆسەیە هەرگیز ناوەستێ! ئەوەشمان سەلماند و ئیسباتمان کرد کە من ئەو بۆنەوەرەی ٣٢ ساڵی ڕابردو نیم! ئێنجا بەم ئەزمونەوە چۆن دەبێ کە ئەگەر ژیان بۆ من درێژەی هەبێ، لە ٣٢ ساڵی داهاتودا، هەر وا بم کە ئێستە هەم؟!
گرینگترین خاڵی بابەتەکەو خواستی من شتێکە بە ناوی " ئازادی ". بۆم وەها ئاشکرا بوە کە پێشتر ئازاد نەژیاوم و ئێستەش توشی زۆر زنجیری دەست و پی خۆمم.! بۆچی؟ چونکە هەستی ئەویتربە تایبەتی وەکو دیاردەی" سیستەمێك " لە هەمو بۆارەکانی ژیانمدا، خەریکە من کۆنترۆڵ دەکات. ئەم سیستەمەیە کە " ڕاێ " خۆی بە من دەسەلمێنێت ولە من کۆیلەیەك ساز دەکات کە خۆی پێویستیەتی. ئێنجا ئەو هەستیە کە لە سەرەوە دانیشتوە، بێ گەران وکار و ژیان و هەستی من، لە بابەتی هەستیەوە، لە مانا خاڵیە‼! وهەبونی منە کە دەبێت بە هۆی هەبونی ئەو! ئەگەر من نەبم، ئەو چۆن دەتوانێ درێژە بە ژیانی خۆی بدا؟ ئەگەر من کار نەکەم وبایاخی ئیزافەی کارەکەم نەدزێت، چۆن ئەو دەبێتە خاوەنی ژیانێکی وەها شاناز و ئاسان؟ بەڵام بە پێچەوانەوە، ژیانی من، چرکە بە چرکە و ڕۆژ لە ڕۆژ، وەها دەمێنێتەوە؟ من کار دەکەم_ من جیهانی دەوروبەر دەڕەخسێنم، بەڵام ئاکام و بەرهەمی ڕەنجی من دەڕواتە گیرفانی" ئەویترەوە "! کەچی؟ جیهانی من بریتیە لە کۆیلایەتی و هەژاری و هەزاران سەخڵەتی_ ژیانی ئەویترلەو ئاستە دایە کە بە خەونی کەس نایەت! ئەم دوفاقیە لە ژیانی ئازادی ئەو و ژیانی کۆیلایەتی من، ڕێك لە چیدا کۆ هاتوتەوە؟ هۆی بناخەیی ئەم کارەساتە چیە؟
بەڵێ شتێك بە ناوی " هێز ". بەڵام ئەوەش لای من ئاشکرا بوە کە ئەو هێزە لە راستیدا خودی خۆمم کە هێناومەتە ئاراوە. ئەو هێزە لە منەوە سەرچاوە دەگرێت. واتە بۆم دەر دەکەوێت کە ئەمە خۆمم، لە " خود "ی ڕاستەقینەم جێا بومەتەوە و لە من ئەم کۆیلەیانە ساز کردوە کە ئەویتری زاڵم، وەکو سیستەمێك، بە منی کۆیلە هەر بەم تایبەتمەندی کۆیلایەتیە، پێویستیەتی!
لیرەدا دەبینین کە " ئازادی " لە مانای رەسەنی خۆی بە نیسبەتی منەوە و بە هۆی کردەوەی پێشو و ڕابردوی منەوە، لە دەست چووە. بۆم دەر دەکەوێت کە ئازاد نەژیاوم و هەستی ئەویتر، پێ خۆش نیە و نایهەوێت کە من ' ئازاد ' بژیم. بۆیە لە هەزاران ڕێگەوە، دێتە سەر ڕیگەم. ئەو وەکو سیستەمێك خاوەنی زۆر سیستەمی ورد وردی دیکەیە، وەکو تەواوی ڕۆژنامە گشتیەکان_ تەلەفیزیۆنەکان و کاناڵەکان_ سیستەمی دادوەری یان قەزایی _ پۆلیسی _ تەنانەت سیستەمی ئیداری وتەندرووستی! واتا تەواوی ئەم هەموە بەشە چکۆلانە کە هەیکەلی سیستەمی گەورەی سەرەوە پێك دێنن، خەریکی تەنیا یەك شتن _ خەسێندن وکۆنترۆڵ کردنی ژیان و هەستی من!!
دور کردنی من لە ماناو فام و ناوەڕۆکی " ئازادی "وژیانێکی ئازاد. چ وەکو تاکەکەس_ چ وەکو تەواوی کۆمەڵگە. ئەمە هەستی ئەویترە وەکو سیستەمێکی زۆر ئاڵۆزو لێك پێچراوە، خەریکە من دەخاتە ڕێگایەکەوە کە خۆی لە سەر ئەو ڕێگایە کاری قورسی کردوە و منی کردوە بە ڕێڕەوی ئەو ڕێگایە کە هەمو ئاکامەکان و خاڵەکانی بە تەواوی دژی " من "ە_ دژی ئازادیە_ دژی ئێگۆیە_ دژی هەستی کۆمەڵگەیە. بەڵام یەك پرسیار. ئایا تەواوی ئەم چیڕۆکە لێرەدا بە ئاخر گەیشتووە؟
نەخەیر. نا . بە ئاخر نەگەیشتووین. چونکە لەو جێگایە کە " هێز " (Power) بونی هەیە _ شتێك بە ناوی " بەرگیری "(Resistance)، بە تەواوی توانایەوە بونی هەیە! کاتێك بە ئۆتۆمۆبیلێك دەڕۆی، هەر لەم ڕۆیشتنەدا و لە نێوماشینەکە وتەنانەت خۆیشت، دو دیاردەی هێز و بەرگیری، بە هۆی ئەو پێوەندیە کە لە نێوانیاندا هەبونی هەیە، خەریکی بەربەرەکانین_ لە بەرانبەر یەکدا وێستاون. سەدان چەرخی نێو مۆتۆڕەکە لە گەڕانی خۆیاندا، و لە هەر ساتێکدا خەریکی بەرگیرین. بەڵی هێز کاری خۆی دەکات، بەڵام بەرگیریش لە سەدان شێوازدا، خۆی دەنوێنێ. ڕۆیشتنی سەیارەکە وەکو فینۆمنێکی تەکنۆلۆژیایی، بێ گیر کردن لە بەرانبەربەرگیری کێشەی زەوی، ناتوانێت دیاردەی ' ڕۆیشتن ' بە دی بکات یان پێك بێنێت. تەنانەت لە نەفەس کێشانی گیانلەبەرەکاندا، هیچ هەناسەیەك نیە کە لە بەرانبەریدا، "بەرگیری" خۆی نەنوێنێ. جا فیکر لەوە بکەینەوە کە "مەرگ" ئەگەرجۆرێك بەرگیری لە "ژیان" بێت، ئەم شەڕە لە هەر ساتە وەختێکدا درێژەی هەبوە و درێژەی هەیە! رێك لەو کاتەدا کە منداڵێك بە دونیا دێت، یان بڵین ژیانێك پێك دێت- ڕێك هەر لەو ساتەوختەدا، هەڕەشەێ مەرگیش، خۆی نیشان دەدات. ئەمە یانی چی؟ یانێ هێز و بەرگیری لە بەرانبەر یەکدا بونیان هەیە!
ئیستە بینە سەر ئەم خاڵە گرینگە کە" هەستی خود " لە بابەتی " ئازادی " دا، توشی چ وەزعیەتێکە؟ من پێشتر ئاماژەم بە چەند بابەت هەر لەم بۆارەدا کرد و لاموایە کە خۆێنەر، خۆی مەبەست وخاڵی سەرەکی بابەتەکانی وەرگرتووە. بۆیە بە پەلە دەڕۆمە سەر فینۆمنی" فەرا ئینسانی نیچە"یی.
ئێمە دەزانین کە سیستەمەکان لە تەواوی جیهاندا، خەریکی ئەوەن کە" هەستی خود " بکەن بە کۆیلەوتاکو ئەم ساتە وەختەش، سەرکەوتوون. دەتوانم بە هەزار، هۆ بێنمەوە سەر ئەم بابەتە. بەس ئیشارە دەکەم بەوەی کە وردە سیستەمەکان کە بە گشتی تەواوکەری فینۆمنی یەك سیستەمن،(وەکوڕۆژنامەکانی سیستەم- تەلەفیزیۆنەکانیان- سیستەمی پۆلیسی- تەبلێغەکانیان- ئامانجەکانیان- وە بە تایبەتی قانونەکانیان، هتد...)هان لە بەرژەوەندی خودی ئەو سیستەمە. ورد بونەوە لە تەواوی ئەم سیستەمانە و فام کردنی چۆنیەتی کاریگەریان لە سەر ئینسان یان ئێگۆ یان بە تەواوی فینۆمنی کۆمەڵگە، دەرخەری یەك خاڵی سەر سوڕهێنەرە! ئەویش بە کۆیلە کردنی تاکە کەس و بە گشتی کۆمەڵگەیە. کە وتمان لە سەراسەری جیهاندا تاکو ئەم ساتە وەختە، سەرکەوتوون.
قانونی ئەم سیستەمە جیهانیە، لە هەر گۆشەیەکدا کە دەیبینین، بە زاهیر و ڕۆاڵەت، ها لە بەرژەوەندی تاکەکەس و بە گشتی کۆمەڵگە و وەهاش نوسراوە و هەر وەهاش ئیدەعا دەکرێت! بەڵام ئەوەی کە بە ڕونی ئاشکراو دیارە، ئەم وەزعیەتەی " ئێستە یە" کە من لە دەیان نامیلکەو و نوسراوە و کۆنفەرانسدا ناوم ناوە" کۆیلایەتی نۆێ ". لێرا دەمەوی ئەم خاڵە ڕون کەمەوە کە " فەرا ئینسانی نیچە " بە پێچەوانەی تەواوی کۆمەڵگەوە، قانونی خۆی هەیە. باش زانیوەیەتی کە ڕابردوی پڕە لە کۆیلایەتی وکاتی ئێستەی دابڕانە و تێکۆشانە لە بەرگیری کردن لە ئەم کارەساتانە چ بەرانبەر بە تاکەکەس، چ بەرانبەر بە تەواوی فینۆمنئ کۆمەڵگەوە. ئەمە یانێ چی؟
ماناێ ئەم وتارە ئەوەیە کە وەها ئینسانێکی ورد بین ووشیار، ناچارە بەرانبەر بە قانونی دژی ئینسانی سیستەم و فەرهەنگی کۆمەڵگەی جیهانیدا، قانونی خۆی دامەزرێنێ! ئەو باش دەزانێ کە قانونەکان ، تەنیا بە ڕۆاڵەت ،لە بەرژەوەندی تاکەکەسەوە دامەزراون و ئاکامی کارەکانیان ڕێك پێچەوانەی وتەو ئیدەعاکانیانە. خۆدی قانونەکانیش دەڵێن کە ئێمە دیفاع لە هەستی و ژیانی تاکەکەسی لاواز و زەعیف دەکەین‼ جاری هەر لەم خاڵەدا یەك پرسیار دێتە ئاراوە. ئەوەی کە ئەگەر وایە، بۆچی ئەم هەمو زڵم و زۆرەملیە و ئەستەمە لە تاکەکەس دەکرێت وکۆمەڵگە لە تەواوی جیهاندا، لە بایەخەکانی ڕەسەنی خۆی وەکو " ئینسان " و " ئینسانیەت " بەتاڵ بوەتەوە؟ و بە گشتی دەبینین کە کۆمەڵگەی جیهانی ئینسانی خەسێندراوە؟! لاموایە هیچ وەڵامێکیان لێرەدا نیە.
ئێستە ' فەرا ئینسانی ' نیچە چی دەکات؟ تایبەتمەندی ئەو چیە کە لە خەڵکیتر جێاوازە؟
ئەوەڵین تایبەتمەندی وەها ئینسانێك ئەوەیە کە ناخ و هۆی کارەساتەکان دەناسیت _ ئێنجا پشت ملی خۆی دەگرێت (گۆی خۆی دەکێشێت)و خۆی ناچار دەکات کە لە " لاواز " بون ڕزگار بێت. مانای قسەکە ئەوەیە کە فەرا ئینسانی نیچە، بونەوەرێکی بەهێزە. وەها بونەوەرێك، چۆن ئاگای لە تەواوی ڕابردو و حاڵەتی حاڵی تاکەکەسی ئێستە هەیە، ئەو ئیزنە بە خۆی نادات کە دەست بدات بە زڵم کردن لە تاکە کەسی دیکە_ ئێنجا تێدەکۆشێت کە خەڵکیتر(هەستی ئەویتر) وشیار بکاتەوە لەوەی کە بە سەریاندا دێت. ئەمە خۆی لە ناو خۆێدا شەڕێکە کە نابێت بە ئاسانی تەواشای لێ بکرێت. چونکە فەرا ئینسانی نیچەیی، بە هۆی خاوەن بونی قانونی خۆی_ قانونی دیکەی سیستەمەکان ڕەت دەکاتەوە! هەر لەم شەڕ و ڕەت کردنەوەدایە کە شتێك بە ناوی " بایەخەکانی ڕەسەنی ئینسان " دێتە ئاراوە. بۆیە زۆر جار بینراوە و بەدی دەکرێت کە فەرا ئینسانەکان، لە پێناوی ئەو شۆڕشە قوڵ و قۆرسە، گیانی خۆیان بەخت دەکەن.
لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا، دەتوانم بۆ نمونە ئیشارە بکەم بە ناوی ناوداری" کاوە گەرمیانی ". کە وەکو فەرا ئینسانی نیچەیی کردەوەی هەبووە. سیستەم هەر چەند بە ڕۆاڵەت توانیویەتی گیانی سروشتی ئەو بستێنێ_ بەڵام هەرگیز نەێتوانیوە و ناتوانێ لە ئاکامی کردەوەی کاوە و کاوەکان، لە زەمانی حاڵدا و لە داهاتودا، بەرگیری بکات. بێ وتن دیارەکە وەها ئینسانێك لە مانای فینۆمنۆلۆژی ئیدمۆند هۆسرڵ و قوڵایی فامی ڕەسەنایەتی ئینسان و ژیان و ئازادی، هەرگیز نەمردوە و ناشمرێت! کاریگەری وەها ئینسانێك دەبێتە هۆی ئەوەی کە هەزارانیتر، وریا بنەوە ودەقێقتر و وردبینتربڕواننە دەوروبەریان وژیانیان.
خاڵێکیتری گرینگ لەم باسەدا ئەوەیە کە فەرا ئینسانیکی وەها، ناتوانێت بێ " ئازادی " ژیان بە سەر بەرێت. واتە ئازادی و ژیانی ئازاد بۆ ئەو، ئەوەندە گرینگە کە حازرە هەموی هەستی خۆی لە دەست بدات، بەڵام نەبێت بە کۆیلە. لێرەدا بە جوانی دەر دەکەوێت کە ئەم بونەوەرە، چەندە خاوەنی قانون وهێزی خۆێە! فام کردنی ئەم دوفاقیانەی نێوان هێزی سیستەم و هێزی فەرائینسانەکان، دەرخەری زۆر بابەتی دیکەیە کە ناتوانێت لەم نوسراوە کۆرتەدا جێگیر بێتەوە. ئەمجۆرە ئینسانگەلە، بە باشی ناخ وناوەڕۆکی " هەستی خود "دەناسن وبە مانایەکی تەواوڕەسەن، لە بایەخی " خود بوون " شارەزائیان هەیە. و جوان دەزانن کە لە " خود " خاڵی بون و لەویترپڕ بونەوە، چەندە کارەساتی بەدواوەیە!
لیرەدا بەشی سێهەمی " هەستی خۆد_ هەستی ئەویتر_ ئازادی_ ڕابردو، تەواو دەکەم و بەڵین ئەدەم کە لە بەشی چوارەمدا، لە سەر " داهاتو " بنوسم. ئێنجا بزانین " هەستی خۆد " لە بابەتی " ئازادی " ولە بۆاری " زەمانی داهاتو "دا، خاوەنی چ وەزعیەتێکە؟
١٢مانگی مای ٢٠١٤


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە