مارکسیزم دوێنێ و ئەمڕۆ.....

Tuesday, 15/09/2009, 12:00

4350 بینراوە


مارکس لە وتارێکیدا لە مارتی 1850 دا کە بۆ کۆمۆنەی کۆمۆنیستی خوێندەوە ، دەڵێت ((لەبەرئەوەی ووردە بۆرژوازی دیموکرات هەوڵ دەدات هەرچی زووترە کۆتایی بەشۆڕش بهێنێت ، بۆیە ئەرکی ئێمەیە و لەبەرژەوەندی ئێمەیە درێژە بدەین بە شۆڕش بۆ ئەوەی کەم تا زۆر هەموو چینە دەسەڵاتدارەکان بکەونە ژێرەوەو پرۆلیتاریا دەسەڵاتی دەوڵەت بگرێتە دەست)) ، لێرەدا گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسی و دەوڵەت مەرجێکی گرنگە بەلای مارکسەوە ، بگرە چەقی قورسایی خەباتی چینایەتیشە . ئەمەش لەخۆیدا گیروگرفتێکە لەمەسەلەی تیۆری شۆڕشی کۆمەڵایەتیدا . ئەوەش بەلای مارکسەوە لەبەرئەوە بوو هەروەك کارڵ کۆرش دەڵێت ((مارکسیش وەکو بۆرژوازە لیبراڵەکانی سەردەمی خۆی دژە شۆڕشی بەساتێکی ناسروشتی هەڵدەسەنگاند لە ڕێڕەوی پەرەسەندنی کۆمەلگادا . بەڵام لەهەمانکاتدا مارکس بەتەوای بە پێچەوانەی ڕێبازە بۆرژواییە لیبراڵەکانەوە کە شۆڕش بەساتێکی ناسروشتی هەڵدەسەنگێنن . هەمیشە دووبارەی دەکردەوە کە شۆڕش سروشتیترین قۆناغی گەشەی کۆمەڵگایە)) . واتە مارکس نەك سیستەمی سەرمایەداری بەسیستمێکی ئاسایی هەڵنەدەسەنگاند ، بەڵکو هەمیشەش لەگەڵ هەڵگێڕانەوەیدا بوو ... هەمان سیستەم کە بۆرژوازییە لیبراڵییەکان بەسیستمێکی سروشتییان لە قەڵەم دەدا .
لەبەرئەوەی ماتریالیزمییەکەی مارکس لە ئایدیالیستەکەی هیگڵەوە پەرەی سەندووە ، کە ئەوەش گواستنەوەیەك بوو لە تیۆری شۆڕشی بۆرژوازییەوە بۆ تیۆری شۆڕشی پڕۆلیتاریا ، بۆیە کاریگەری ئەو تیۆرییە بۆرژوازییە هەبوو  لەسەر ئەو تیۆرییە نوێیە . ئەوەش بە ئاشکرا دەردەکەوێت کە کاریگەری شۆڕشی بۆرژوازی ساڵی 1848 هەبوو لەسەر مارکس . ئاشکراشە مارکس لەو کاتەدا تێڕوانینی کۆنکرێتی خۆی دەربارەی زاراوەی شۆڕش نەبووە ، بەڵکو یەکەمین پراکتیك کە مارکس لەسەر بنچینەیی ئەو تێڕوانینەکانی خۆی داڕشت بریتی بوو لە شۆڕشێکی بۆرژوازی . بۆیە ئەگەر کاراکتەرەکانی ئەو شۆڕشە بۆرژوازییەی ساڵی 1848 کاریگەری خۆی دانابێت لەسەر تێڕوانینەکانی مارکس بۆ شۆڕش ، ئەوا دیاریکردنی ئەو ئەرکەی پرۆلیتاریاش ، واتە گرتنە دەستی دەوڵەت و دەسەڵاتی سیاسی بێچەن و چوون ، پاشماوەی کاریگەری ئەو شۆڕشە بۆرژوازییە بوو . بەمانایەکیتر بۆرژوازی لەئاکامی شۆڕشەکەی خۆیدا ، گرتنەدەستی دەسەڵاتی دەوڵەتی وەك ئامانجێکی گرنگ لەبەردەم خۆیدا دانابوو ، واتە مەسەلەی سەنتەریزم یان دەوڵەتچێتی . بۆیە ئەوەش کەم تا زۆر لە مانیفێستی کۆمۆنیستیدا بەدیدەکرێت . وەك تێیدا هاتووە ((یەکەم هەنگاو لەشۆڕشدا بۆ چینی کرێکار ، بۆ سەرکەوتنی لەپێناوی دیموکراسیدا بوونە بەچینی دەسەڵاتدار . پرۆلیتاریا بەسودوەرگرتن لەدەسەڵاتی خۆی ، سەرمایە لە دەست بۆرژوازی دەسێنێتەوە ، هۆیەکانی بەرهەمهێنان سەنتەریزە دەکات و دەیخاتە ژێر چنگی دەوڵەتەوە)) .
ئەوەش بووە هۆی ئەوەی باس لە قەیرانی مارکسیزم بکرێت . بۆیە خراپ نییە گەر گوێ لەوانە بگرین کە هۆکارەکانی ئەم قیرانەمان بۆ باس دەکەن .. کۆمەڵێك دەڵێن ئەم جۆرە مارکسیزمەی ئەمڕۆ هیچ پەیوەندییەکی بە مارکسیزمی مارکس و ئەنجڵسەوە نییەو شێوێندراوە . ئەوانە داوای گەڕانەوە دەکەن بۆ دەقە ئەسڵییەکانی مارکس و ئەنگڵس و هۆی تێکشکاندن و سەرنەکەوتنی ڕاپەڕینەکانی پڕۆلیتاریا ، دەگێڕنەوە بۆ ڕیڤیژینست و خیانەتکارانی ناو بزوتنەوەی ناو کرێکاران . واتە ئەوانە عەوداڵی پاراستن و داڕشتنی ڕەسەنیەتی نووسینەکانی مارکس و ئەنگلسن لەقاڵبێکدا ، ئەوەش سنوودردارکردنی مارکسیزمە کە نابێت زیادو کەم بکرێت ، دەستکاری بکرێت ، ڕەخنەیان لێبگیرێت . ئەوانەش مارکسییە ئەرتۆدەکسییەکان یان ڕەسەنخوازەکان بوون .
کۆمەڵێکی تریش دەڵێن ئەم قیرانەی ئەمڕۆ بەدوور نییە لەتیۆرییەکانی مارکس و ئەنگڵس و دەبێت ڕەخنەیان لێبگیرێت ، چونکە جیهان لەهەموو بورەکاندا گۆڕانێکی گەورەی بەخۆیەوە دیوە . سیستماتیزەکردنی مارکسیزم دەبێتە هۆی داماڵینی ڕۆحی ڕەخنەگرانە لە مارکسیزمدا ، دەیکاتە سیستمێکی فەلسەفی ئایدیۆلۆژی و هێزو توانای مارکسیزم لەناو دەبات لەشیکردنەوەو ڕۆشنکردنەوەی هەلومەرجی گۆڕینی کۆمەڵ ، چونکە فاتالیستی (حەتمەن گەریەتی) دەکاتە بەر مارکسیزم بەوەی سەرمایەداری بە حەتمی دەگۆڕێت بۆ سۆشیالیزم ...
ئەو سیستماتیزەکردنی مارکسیزم لەسەرەتای ئینتەرناسیونالیزمی دووەمەوە دەستپێدەکات . لەو کەسانەی کە بەپلەی یەکەم دەستیان بەو کارەکرد ، کاوتسکی و بلیخانۆف بوون . ئەمان دەیانویست بیسەلمێنن کە مارکسیزم کامڵ و تەواوە و بریتیە لە سیستمێکی تەواو . ئەم سیستمە داخراوو کامڵ بووە لەلایەن چەند دەستەیەکەوە پەلامار درا . لەلایەك لینین و ڕۆزا لۆکسەمبۆرگ بەپلەی یەکەم ، لەلایەکی ترەوە لەلایەن ڕیفۆرمیستەکان وەك بەرنشتاینەوە . هیچ کام لەو دوو لایەنە نەیانتوانی مارکسیزم لەو بازنە داخراوە ڕزگار بکەن ، بەڵکو بوونە هۆی بە سیستماتیککردنی زیاتری مارکسیزم بە دوو شێوەی جیاواز . ناکۆکی و دژایەتی ئەو دوو شێوازە لەڕێبازی بیرکردنەوەدا ، گوێزرایەوە بۆ ناو ئینتەرناسیونالیستی سێیەم و سیستماتیککردنی مارکسیزم لەم ئینتەرناسیونالیزمەدا گەیشتە لوتکە . بەواتایەکیتر ئەو قیرانە بریتییە لە جیابوونەوەی تیوری لە پراکتیك . ئەرنست فینشەر دەڵێت ((ئەگەر تیورییەك لەپراکتیکدا شکست بخوات و پراکتیك نەك تەنیا بەشێوەیەکی کاتی ، بەڵکو بەشێوەیەکی بەردەوام بۆ ماوەیەکی درێژ دژ بە تیوریك بێت ، ئەو کاتە تیوری دەبێت خۆی ڕێکبخاتەوە)) . ڕیشەی ئەم قەیرانەش ، واتە دابڕانی تیوری لە پراکتیك ، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو تێڕوانینە جەبرگەرییە بۆ پڕۆسێسی گۆڕانی کۆمەڵایەتی ، واتە بەبێ کارو هاوبەشی مرۆڤ ، مێژوو قۆناغەکانی خۆی دەبڕێت . بەواتایەکیتر کاتێك کە قۆناغی کۆیلایەتی دەگۆڕێت بۆ دەرەبەگایەتی ، لەبەرئەوەیە کە هێزی بەرهەمهێنان ئیتر ناتوانێت لەچوارچێوەی شێوازی کۆنی کۆیلایەتیدا پەرە بسێنێت . ئەم تێڕوانینە هوشیاری مرۆڤ بەبەشێك لەهێزی بەرهەمهێنان نابینێت . ئەم ڕێبازە یاساو قانونە سروشتییەکانیان لە مارکسیزمدا دووبارە دەکردەوە ، بەوەش سیستماتیکی مارکسیزمیان دەکردو مارکسیزمی دوێنێ و ئەمڕۆیان لێدەکەوتەوە ، بەوەی مارکسیزم تیورییەکی جیهان بینییەو هەموو جیهان ، کۆمەڵ ، مرۆڤ و سروشت لەسەرەتاوە تاکو ئایندە ڕوون دەکاتەوە ، بەوەی مارکسیزم شاکلیلی مێژووە و وەڵامی بۆ هەموو پرسیارێك پێیە .
کارڵ کۆرش دەڵێت :- ((مارکس تەنیا بەلێکۆڵینەوەی دەربارەی یەك شێوازی دیاریکراوی بەرهەمهێنان ، کە سەرمایەدارییە لە ئەوروپا ، گەیشتە دەرئەنجامەکانی خۆی . ئاشکراشە لەو کارەشدا چەند بناغەو بنچینەیەکی داڕشت کەتا ئەمڕۆش بە هۆی ئەو بناغەو بنچینانەوەیە کەدەتوانرێت جیهانی ئەمڕۆی پێبخرێتە ژێر لێکۆڵینەوەوە)) .
مارکس خۆی ڕاستی ووتووە کە دەڵێت :- ((بەلای ئێمەوە کۆمۆنیزم حاڵەتێك نییە بۆ چەسپاندن و جێگیرکردنی هیچ شتێك ، بیرکردنەوەش نییە کە دەبێت واقیع خۆی لەگەڵ ئەودا بگونجێنێت ، بەڵکو بەلای ئێمەوە کۆمۆنیزم بریتییە لەو بزوتنەوە واقیعییەی کە هەلومەرجی مەوجود تێكدەشکێنێت)) ،هەر بۆیە کارڵ کۆرش دەڵێت :- ((مارکسیزم لەناو قەیرانێکی مێژوویی وتیوریدایە . ئەو قەیرانەی ئەمڕۆی مارکسیزم خۆی لەکۆتاییدا بریتییە لە قەیرانی تیورییەکانی مارکس و ئەنگڵس خۆیان)) ، هەروەها دەڵێت تەنانەت ئەو ڕێبازانەی کە هەوڵیاندا مارکسیزم بگۆڕن وەك ڕیفۆرمیزم و ئەرتودەکس ، ئەو رێبازەش کە هەوڵی پەرەسەندنی مارکسیزمی دابوو (لینین) ، هیچیان پەیوەندییەکی واقیعیانەی تیوری و پراکتیکیان نەهێنایە کایەوە . ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە هیچ کام لەو ڕێبازانە تیوری و پراکتیکی پرۆلیتاریا نیشان نادەن و نین .
بۆ ڕزگاربوون لە سیستماتیککردنی مارکسیزم ، واتە بۆ یەکگرتنەوەی تیوری و پراکتیك ، دەبێت خاڵی دەسپێکردنی مارکسیزم بریتی بێت لەمرۆڤ و لێکۆڵینەوە لەسەر هۆو چۆنیەتی کردارەکانی مرۆڤ . بەواتایەکیتر مرۆڤ لەپراکتیکدا هوشیاری بەدەست دەهێنێت و لەهەمانکاتیشدا لەهەوڵی ئەوەدایە هوشیاری خۆی لە پراکتیکدا بەکار بهێنێت . هەر بۆیە مارکسیزم بریتی نییە لەحەزو ئارەزووی کەسانی جیاواز لەکۆمەڵدا ، بەڵکو بریتیە لە چالاکی پراکتیکیانەی کۆمەڵایەتی . لەبەر ئەوەشە کە مێژوو لەسەر خواست و ئارەزووی ئەم یان ئەو جوڵەی نەکردووە ، بەڵكو کۆی چالاکی پراکتیکیانەی کۆمەڵایەتی ئەم یان ئەو ئاراستەکەی دیاری کرددوە ، بۆیە دەبێت تیوری زمانی پراکتیکی کۆمەڵایەتی بێت . لەبەر ئەوەشە ((سیستمی مەوجود لەسەر بنچینەی بیری بەند جێگیر بووە . بیری بەندیش لەسەر بنچینەی سیستمی مەوجود شێوە دەگرێت . بیرکردنەوەی بەند ڕەخنە هەڵناگرێت ، بێڕەخنەیش یارمەتیدەری بەهێزکردنی ئەم سیستمەیە ، بەڵام یاخی بوونی بیر وەك لێشاو هێزی خۆی نیشان دەدات و وەك چەکوشێکی پۆڵاین لە بناغەی ئەم سیستمە مەوجودە دەدات . بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە نیشانەی تیوریك و پڕاکتیکی شۆڕشگێڕانەیە .. مارکسیزم تیوری ڕەخنەیە ، ڕەخنەیەکی بەردەوامی کۆمەڵ ، بیرکردنەوەیەکە لەبەر ڕۆشنایی هەلومەرجی کۆمەڵ و لەسەر بنچینەی واقیعی کۆمەڵایەتی چۆنیەتی گۆڕینی ئەو هەلومەرجە ڕۆشندەکاتەوە)) .
* ستافی کارایی کوردستانپۆست.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە