تورکیا گەورەچەتەی ناوچەکەیەو پارتیش داردەستێکی ڕەزیل...!

Thursday, 09/10/2014, 12:00

2178 بینراوە






ئەم ئاگرە گەورەی لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەربووە، هێشتا گەورەو گەورەتر دەبێت و پتر خاک و مرۆڤ لەناو کڵپەی خۆیدا دەسووتێنێت و لاپەڕەیەکی تری خوێناوی و سەردەمێکی تری پڕ لەدڵڕەقی و بێڕەوشتی مرۆڤ بەرانبەر مرۆڤ بۆ دیرۆک ئامادە دەکات.
کاتێک هێرشە ئاسمانیەکانی ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانی بۆسەر داعش دەستیان پێکرد، زۆربەمان پێمانوابوو ژماردنی پێچەوانەی کۆتاییهاتنی داعش دەستی پێکردووەو زۆر بەزوویی ئارامی و سەقامگیری بۆناوچەکە دەگەڕێتەوە. بەڵام زۆر نیشانە پێچەوانەی ئەمەدەردەخەن. و یاریکەرە سەرەکییەکانی ناو ئەم گەمە خوێناویەی لەهەمبەر یەکتردا ڕاوەستاون بەهێزترن لەوەی وا بەئاسانی یەکێکیان پەکی ئەوی تریان بخات و لەناوی بەرێت. و ئەوەی دۆخەکەشی پتر ئاڵۆز کردووە لەلایەکەوە ئەمەیە، کە هێزەکان تەنیا بەسەر دوو بەرەدا دابەش نەبوون تا یەکێکیان سەرکەوێت و ئەوی تریان بیدۆڕیێنێت و تەواوبێت. بەواتایەکی تر بە لاوازبوون و تەنانەت لەناوچوونی لایەنێک و دووان، بەخودی داعشیشەوە لەگەڵ ئەمەدا کەبێ کاریگەریی گەورە نابێت بەڵام مەرج نییە کۆتایی کارەساتەکەبێت. لەلایەکی تریشەوە هەندێک لەم هێزانە لەیەک کاتدا لەگەڵ دوو هێزی دژ بەیەکدان. تورکیا ئەندامی ناتۆیەو هەموو پێشتیوانییەک لە ناتۆ وەردەگرێت، کەچی لەهەمان کاتدا هاوکاری داعشیشە. عێراق، هاوپەیمانێکی گەورەی ئێران و سوریایە، کەچی لەدژایەتیکردنی داعشدا هاوپەیمانی ئەمەریکاو خۆرئاواشە. و چەندان لایەنی تریش هەر بەم جۆرە.
لەم ناوەدا ئەوەی ڕاستەوڕاست کارییگەریی و مەترسی بۆسەر کورد دەبێت، خودی داعش نییە، بەقەدەر ئەو هێزانەی کەلەپشتی داعشەوەن، و لەپێشیانەوەش دەوڵەتی تورکیا.
تورکیا کەبەرەبەرە سیمای پرۆژە شەیتانییەکەی خۆی ئاشکرا دەکات، دەردەکەوێت چ دۆزەخکی بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و کورد ئامادەکردووە. کەلەئاستی یەکەمدا دەخوازێت دۆخی شپرزەو هەوکردووی سوریا بەجۆرێک بەکاربهێنێت کەلەئاکامدا هەمان پرۆژە شکەستخواردووەکەی ئیخوانولموسلیمین بژێنێتەوەو لەئاستی دووەمیشدا کورد وەک نەتەوە، نەک پارچەو لایەن، وەها لەتوپەت و شپرزە بکات، کەئیتر وەک نەتەوەیەکی خاوەن ئیرادەو هیزی ڕێکخستن لەسەر ئەم خاکە نەهێڵێت و بیگێڕێتەوە دۆخی دیلییەتی و پاشکۆو داردەست. بۆ ئەمەش پەنا بۆدوایین کارتی قومارە چەپەڵ و دژە مرۆییەکەی کە داعشە دەبات و وەک شانتاژێکی هەرە سوک و قێزەوەن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەکاری دینێت و بەجیهان دەڵێت: یان دەبێ بەقسەی من بکەن یان داعشتان لێ هارتر دەکەم..! بەڵام خۆشبەختانە ئەم کارتەی بەدست تورکیاوەیە سووتاوەو قومارەکەی مەحکوم بەدۆڕانە چونکە:
یەکەم/ گرەوکردن لەسەر داعش سەرەڕای لایەنە بێ ئەخلاقییەکەی، گرەوێکە شانسی بردنەوەی نییە. چونکە داعش دیاردەیەکی نامۆیە بەم سەردەمەو لەناوچوونی لەبەرژەوەندی هەموو مرۆڤایەتیدایە. و مانەوەی چەندە درێژە بکێشێت ئاکامی لەناوچوونە. و کوردیش لەدیرۆکی خۆیدا یەکەمجارە وەک کارەکتەرێکی سیاسیی چالاک و گرنگ هەڵدەسەنگێنرێت و جیهانی خاوەن بڕیاڕی کۆتایی لەگەڵ خۆیدا دەبینێت و ئەمەش نابێ تەنیا بە هاوکاری سەربازیی بۆمبارانی هەوایی (لەگەڵ ئەوەدا کە گەلێک گرنگیشە)، لێکبدرێتەوە. بەڵکو ئایندە ئاستی فراوانترو گرنگتر لەمڕووەوە بەخۆیەوە دەبینێت.
دووەم/ تورکیا بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیەی بەتەنیایەو، هیچ ئەگەرێک لەئارادانییە، کە جیهان مل بۆ خواستی تورکیا بدات. چونکە سەرەڕای ئەوەی پرۆژەکەی کۆتایی بەهیچ کێشەیەک ناهێنێت و قوڵتری دەکاتەوە، بەرژەوەندی هیچ کەس و لایەنێکیشی تێدانییە. و پرۆژەی ئیخوان پرۆژەی زیندووکردنەوەی خەلافەت و گێڕانەوەی جیهانە بۆ سەردەمی تاریکیی.
سێیەم/ لەگەڵ ئەمەدا کە زیانی گیانیی و ماڵی کورد لەشەڕی دژ بەداعشدا ڕەنگە گەلێک زۆر بن، بەڵام کوبانێ ئەم مژدەیەی بەئێمە دا کەئیتر سەردەمی چاوەڕوانی لەبەرانبەر قەدەردا بەسەرچوو. ڕەنگە کورد لەهەندێ قۆناغدا بەشێک لەشارو گوندەکانی خۆی لەدەست بدات، بەڵام وەک جاران نییە لەبەرانبەر کارەساتدا دەستەوەستان بێت و تەنیا لەپرسەی ئازیزانیدا فرمێسک بڕێژێت. کورد خاوەنی ڕێکخستنێکی پۆڵایینە، کەلەباکورو ڕۆژئاوای کوردستاندا بەرجەستە دەبێت و وەک تیشکی خۆرەتاوی گوڵان بەستەڵەکی دۆشدامان، و سەرشۆڕیی، و بودەڵەیی ناو کورد دەکاتە هەڵم و ئیرادەی خۆبەستنەوە بەخاک گەلێک بەرزترە لەپرۆژەکەی ئەردۆگان.
ئەم جەنگە گەورەیە کە بەهەموو پێوەرێک بۆ ئەم ناوچەی ئێمە، هاوشێوەی جەنگی جیهانی سێهەمە، گەلێک هەورازو نشێو بەخۆیەوە دەبینێت. وڕووداوەکان ئاڵۆزو پڕ لە ناکۆکیی و پارادۆکسن و ڕەنگە هەندێجار غافڵگیریش بین. هەرلایەک دەبێ پێشبینی شکەست و سەرکەوتن بکات. ئێمەش نەبەسەرکەوتنێک لەخۆ بایی بین و نەبەشکەستێک هیوابڕاوبین.
لەگەڵ ئەوەدا کەڕووداوەکان گەورەو مەترسیدارن، بەڵام کورد دەتوانێ خاوەن ئایندەیەکی باشتر بێت. ڕەفتارەکانی دەوڵەتی تورکیاو، هاوکاریی لەگەڵ داعشدا نیشانەی هیستێریای ئەم دەوڵەتە و بێهیواییەکی هەرە مەزنیشە لەئایندەی خۆیان. چونکە ئەوان نەخشەیەکی وایان داڕشتبوو، کە کوبانێ لە بیست و چوارسەعاتدا بکەوێت و پاشانیش یەکیەکی ناوچەکانی تری بەدوادا بێت و پرۆسەی ئاشتیش لەباکووری کوردستاندا بەهەمان شێواز بەرەو کۆتایی بەرن کە ئیسرائیل لەگەڵ فەلەستینییەکان کردی. واتا لەگوفتاردا ئاشتیخوازو لەڕەفتاردا شەڕخواز.
کوبانێ ئەمجارەیان کوردی لەدەروازەی قارەمانێتییەوە، خستەوە ناو مژارە سەرەکییەکانی جیهان. و ماسکە شەرمەزارییانەکەی لە ڕووی سیاسەتی دوو ڕوویی جیهان بەلکاندنی مۆرکی تێرۆریزم بە بزووتنەوە ئازادیخوازەیەوە ڕاماڵیی.
خۆڕاگریی کوبانێ ئامانجی مەزنی خۆی بەدەست خست. و لەمەلحەمەی دیرۆکیی خۆیدا خەونی هەموو ئەوانەی لەگۆڕنا کە گرەوی بەچۆکداهاتنی شەڕوانانی یەپەگەیان دەکرد لەبەرانبەر داعشدا. کۆبانێ ئیتر بەچ ئاکامێک بگات تامی شیرینی سەکەوتنی لە داعش و فاشستەکان حەرامکردو ترسێکی وای بۆ خوڵقاندن کە ئیتر لەئایندەدا بۆئەوان چەند جار ئاسانتربێت پەلاماری فیرقەو فەیلەقە پڕچەکە مۆدێرنەکان لە سوریاو عێراق بدەن نەک کیژۆڵە قارەمانەکانی یەپەگە، بە چەکی سوکەوە.
لەناو خودی کوردیشدا مێشکی نووستووی وا هەیە، کە چەند دەهە لە دوای ڕووداوەکانەوەیەو تا ئەم لەحزەیەش هەر لەبیری شکەستی پەکەکەو بەچۆکداهاتنی شۆڕشی شکۆمەندی ڕۆژئاوای کوردستاندایە و هێشتا دەرکی بەم جەنگە جیهانییە نەکردووە کە وڵاتی ئێمە ناوجەرگەکەیەتیی و لەخەمی باڵادەستی خۆیدایە.
بەرپرسانی پارتی ئەم ڕۆژانە هەر خەریکی سازدانی شانۆگەرین، بەڵام دەرهێنەرانی ئەم شانۆگەرییانەو ئەکتەرە سیاسییەکانیشیان، تادێ ڕووبەڕووی کورسی چۆڵی تەماشەکەران دەبنەوە، چونکە ئیتر شانۆگەرییەکانیان کۆن بووەو، ئەوانیش تا لەنواندنەکانیاندا ناشیترو گەمژەتر...
بەرپرسانی پارتی دەبێژن: ئەگەر پەیەدە بەقسەی ئێمەی بکردایە وای لێ بەسەر نەدەهات.!
ئەمانە هێشتا خەواڵوون و نازانن چی ڕوویداوەو چێ ڕوودەدات. ئەگەر شۆڕشی ڕۆژئاوا بەقسەی ئەوانی بکردایە نەک ئێستا بەڵکو دووساڵ پێش، تەواوی ئەم بەشەی کوردستان لەبن پۆستاڵی داعش و هاوشێوەکانیدا دەبوو، و مەگەر بەنۆکەرایەتی دەنا تاکە کوردێک لەو خاکەدا نەدەما.
ئەگەر بەقسەی ئەوانیان بکردایە، دەبووایە ببنە سووتەمەنی شەڕێک کە تەنیا دوژمنەکانمان سوودمەند دەبوون و چارەنووسی کوردیش بوون بە خۆڵەمێش.
ئەوان پێیانوایە ئەگەر کارەکە بەدەست ئەوان بووایە جۆرێکی تر دەبوو. ئەمەش لە باوەوڕبوون بەتورکیاوە هاتووە. بەو پێیەی ئەگەر بۆ نموونە کوبانێ لەدستی ئەوان یان حیزبۆکەکانی بندەستیاندا بووایە، ئەوە تورکیا داکۆکی لێدەکردن. بەڵام پێویستە خاوەنی ئەم بیرە ناتەواوانە وەڵامی ئەم پرسە ببیننەوە. کە چما کاتێک داعش شەنگالی گرت و ئەم کارەساتە گەورەی بەسەر خەڵکەکەیدا هێناو پاشانیش لەدەروازەی هەولێر نزیک کەوتەوەو تا ئەمڕۆشی لەگەڵ بێت، تورکیا بچووکترین کاردانەوی ئەرێنی نەبووە...؟
پارتی تا ئێستا، ئەمەی نەزانیوە کەتورکیا گەورەچەتەی ناوچەکەیەو ئەویش تەنیا داردەستێکی ڕەزیلە ، کە دەخوازرێ بەو دارە پشتی هەر کوردێکی ئازاییخوازی پێ بشکێنرێت. و هەرچییەکیشی تا ئێستا پێ بڕابێت کرێی ئەو ماهیەتەی بووەو هەر لەحزەیەکیش کەڵکی لێدانی پێوەنەما، نەک هەر کرێیەکەی دەبڕدرێت. بەڵکو فڕێدەدرێتە زبڵدانەوە.
٩/١٠/٢٠١٤




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە