((جان پۆل سارتەر)) فەیلەسوفى ئازادى.

Friday, 22/10/2010, 12:00

9572 بینراوە


 بەختیارعەلی دەلێ:(هەندێ فەیلەسوف هەن هى قۆناغێكى ژیانن هەندێكیتر فەیلەسوفی هەمیشین)گەربە پێی ئەم پۆلێن بەندییە فەیلەسوفەكان دابەش بكەین ئەوا بێ ئەملاو ئەولا (جان پۆل سارتەر)ى فەرەنسى سەر بە جۆرى دوەمیانە.بنەڕەتى فەلسەفەى سارتەر ئازادییە،ئەو دەڵێت: مرۆڤ نەك هەر ئازادە،بەڵكو مەحكومە بەئازادى.دیارە ئەم وتەیەش هاو واتاى ئەوە نیەبلێین:(مرۆڤ بە ئازادى لەدایك بوە)وەك لە جارنامەى گەردونى مافى مرۆڤدا هاتوە،چونكە ئێمە دەزانین،كە مرۆڤ بە خواستى خۆى نەهاتۆتە دنیاوە،بەڵكو وەك (مارتن هایدگەر)دەلێ:(ئێمە فڕێدراوینەتە ژیانەوە!)بێ ئەوەى پرسمان پێ كرابێ.ڕاستە مرۆڤ دەتوانێ كۆتای بەژیانى بهێنێ و ژیان ڕەتبكاتەوە،بەڵام ناتوانێ مەرگ رەتكاتەوەو نەمرى هەلبژێرێت.بەمەش بونى مرۆڤ دەكەوێتە نێوان دووجۆر لەمەحكوم بون.لەلایەك مەحكومین بەوەى هاتوینەتە ژیانەوە،لەڵایەكیتر مەحكومین بەوەى بونمان بەفەنابون تێكئەشكێ،بەمجۆرە ئازادیشمان دەكەوێتە نێوان ئەم دوو شێوەیە لەمەحكوم بون.واتائێمە تەنها لەژیاندا ئازادین .ئازادى مەسافەى نێوان لەدایكبوون ومەرگ پێكدەهێنێ.لەڕوانگەى سارتەرەوە ئازادى ناوەرۆك و ماهیەتى مرۆڤ نیە.بەڵكو شتێكە بەدەست دەهێنرێت.جا مادام مرۆڤ ناتوانێ دەستبەردارى ئازادى بێت،مادام ئازادى ئاواتى هەموو كەسێكە،هى هەموو سەردەمێكە كەواتا (ژان پۆل سارتەر)فەیلەسوفێكى هەمیشەییەو هى هەموو كاتێكە.وەكچۆن سەرتاپاى فەلسەفەى سارتەر بەدەورى بیرۆكەى ئازادیدا دەخوڵێتەوە،ئاوهاش تێڕوانینى سارتەر جیایە لەهەر بیرۆكەیەكى پێشتر سەبارەت بەچەمكى ئازادى.بێگومان جیاوازییەكەش پەیوەندى بەوێناكردنى سارتەرەوە هەیە بۆ بونى مرۆڤ,ئەو ئازادییەى سارتەر باسى دەكات ئازادییەكى ئانارشیستانەنیەچونكە پابەندى بەرپرسیارێتییە.(ئازادى بونگەرایی) ئەو ئازادییە نیە،كە سیستمى سەرمایەداری بانگەشەى بۆدەكات،وەكچۆن جیایشە لەوئازادییەى كە لەماڕكسیزمدا هاتوەو داوادەكات: تاك وازلە ئازادى خۆى بهێنێ لەپێناوى ڕزگارى كۆمەلگادا،چونكە بیرمان نەچێ لەنێوانى ئازادى تاك وكۆدا سارتەر بەڵاى ئازادى تاكدا دەیشكێنێتەوە،بەڵام كە دەشڵێت:(دۆزەخ ئەوانی دیكەن)وەك(سیمۆن دى بوڤوار)یش.دەلێ: مەبەستى ئەوە نەبوە بلێ ئەوانیتر شیاوى تێكشكاندنن.بەڵكو مەبەستى ئەوە بوە سنورى ئازادى" تاك" فراوانتربكرێ.بەم شێوەیە ئەو ئازادیەى سارتەر باسى دەكات،هیچ یەكێك لەو فۆڕمانەى ئازادى نیە.. ئازادى سارتەر ئازادى (ئێكزیستیانتالیزمى_بونگەرایی)ە.لەدیدوبۆچونى سارتەردا مرۆڤ تاكەبونەوەرێكە،كەبونى پێش(ماهیەت_چیەتى) كەوتوە هەر ئەمەشە وایكردوە،كە ئازاد بێت،چونكەبونى مرۆڤ بە پێچەوانەى بونى شتەكان وجیهانى ماتریال ووشكهەلاتو نییە،بەڵكو ئەزمونێكى پڕجوڵەیە،دۆخێكى مرۆڤانەى بزواو وپەرەسەندووە،ڕێك بەپێچەوانەى سروشتەوە،كەبونێكى پڕو بەكۆتا هاتوەوگۆڕانكارى لە خۆیدا نیە.جا ئەم پێشهاتنى "بون" بەسەر "ماهیەت"دا.وایكردووە مرۆڤ ئازاد بێت. ئەم ئازادییەش هیچ نیە. جگە لەئازادى دیاریكردنى ماهیەت وئەدگارەكانى، بەو شێوەیەى كە" تاك "خۆى دەیەوێت بەسەربەستیەكى ڕەهاوە كەناچێتە دەرەوەى پێكهاتەى خۆیەوە بەواتایەكیترو بۆزیاتر ڕونكردنەوەى پێشهاتنى" بون "بەسەر" ماهیەت "دا. دەلێین:مرۆڤ سەرەتا هەیە.یان (هەبوو_الموجود)ێكە.كەخاوەنى هیچ نیە. جگە لەبایۆلۆژیایەكى پەتى دواتر لەپڕۆسەیەكى دوورودرێژى پەروەردەیى وكۆمەلایەتى دەكەوێتە دروستكردنى ماهیەتى خۆى،دوور لەكۆتوبەند، هەرلەبەر ئەمەش بووە سارتەر گوتویەتى:(بوون پڕۆژەیەكە،لەپێناوى دیاریكردنى ماهیەتدا)یان لەپێناو گەیاندنى "بوون" بە" ماهیەت" .ئەوەش كارێكە مرۆڤ خۆى هەلدەستێ بەئەنجامدانى،هەرخۆیشى بەرپرسیار دەبێت بەرامبەر بەئاكامەكانى.ئەو ئاكامەى كە دیارنیە پۆزەتیڤ دەبێت یان نێگەتیڤ،بەڵكو پابەندى چۆنیەتى حوكمدان وهەلبژاردنەكانى" تاكەكەس"خۆیەتى.بۆنمونە پیاوى ترسنۆك خۆى بەرپرسیارى ترسنۆكیەكەیەتى،چونكە خۆى ئەو تایبەتمەندییەى بۆخۆى هەلبژاردووە.ناكرێ بڵێین ئەوخۆى لەبنەڕەتدا ترسنۆك بوە،چونكە لە لایەك داننانە بەوەى "ماهییەت" پێش "بوون" كەوتوە. لەلایەكیتریش مەعقول نییە،چونكە ئەویش وەك مرۆڤە ئازاكان خاوەنى جەستەیەكە،كە لەخوێن وگۆشت وئێسك پێكهاتوە .بەواتایەكیتر دەتوانین بلێین بۆ ترسنۆكیەكەى هیچ فاكتەرێكى بۆماوەیی یان سایكۆ لۆجى یان بایلۆجى نییە،كەسیش بە ترسنۆكى یان بە ئازایەتى لە دایك نابێت. كەواتا ترسنۆكییەكەى ئەو هیچیتر نیەجگە لەوەى خۆى بریارى داوە،كە ترسنۆك بێت وهەر كاتێكیش بیەوێَ دەتوانێ بەجۆرێكیتر وێناى خۆى بكات و بڕیاربدات لەجیاتى" ترسنۆكى" "ئازایەتى "هەلبژێرێ بەبێ هیچ كێشەیەك ،بەمجۆرە ئازادى ڕوبەڕوبونەوەیە لە گەل ئەگەرەكاندا.بەجۆرێك مرۆڤ بۆ هەلبژاردنى هەریەك لەم ئەگەرانە سارتەر وای دەبینى،كە هیچ بڕیاردانێكى پێشوەختەى لەسەرنیە.ئەم ئازادییەش لەهەلبژاردنەكاندا وایكردوە،كە مرۆڤ نەچێتە ژێر هیچ پێناسەیەكەوە,واتا ناتوانین مرۆڤ پێناسە بكەین،چونكە بە هۆى ئەو ئازادییەى،كە هەیەتى لەهەر چركەساتێك بێت،دەتوانێ ماهیەتى خۆى بگۆرێ،بەمەش پێناسەیەكى نەگۆڕ،كەبۆ هەمیشە بڵكێت بەمرۆڤەوە لەئارادانییە,ئەمەش ئازادبوونى مرۆڤ دەگەیەنێ.بەمجۆرە فەلسەفەى سارتەر،كەفەلسەفەى ئازادییە بۆ ئێمەى كورد شیاوی زیاتر قسە لەسەركردنە،ئەمەش بەهۆى ئەونرخاندن وگرنگیدانە زۆرەى كەبە ئازادى " تاكەكەس"دەدات.ئەو" تاكەكەس" ەى،كەبەهۆى بارودۆخى كوردستان وخەباتى رزگارى نەتەوەیی وپێكهاتەى كۆمەلگاى كوردى كەپێكهاتەیەكى خێلەكى وپاتریاركى بوە،نەیتوانیوە ئازاد بێت.بێگومان هەموو ئەم فاكتەرانە زۆر جاریش ناهوشیارى مرۆڤى كورد یاریدەدەر بونە،كە"تاك"ى .كوردى دەستبەردارى ئازادى خۆى ببێت وهەمیشە ببێتە بەشێك لەمێگەلەكە!!!

جان پۆل سارتەر سارتەر و سیمۆن


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە