ئایا پەکەکە لەپشت تێرۆرکردنی سێ ئەندامەکەیەتی؟

Saturday, 12/01/2013, 12:00

1579 بینراوە


لە تیرۆرکردنی سێ ئەندامەکەی پەکەکە لە پاریس، پەنجەی تاوان بۆ چەندین ھێز درێژدەکرێت. ئەوەی جێی سەرنجە، ھێزێکی توندڕەوەی ناو پەکەکە تۆمەتباردەکرێت بە تیرۆرکردنی سێ ئەندامەکەی وەک ھەوڵێک بۆ شکتپێھێنانی گفتوگۆکانی ئاشتیی نێوان بەڕێز ئۆجەلان و دەوڵەتی تورکیا.


میدیای تورکیی، بە نمونە رۆژنامەی زەمانی فەتحوڵا گولەن، زو رایگەیاند کە باھۆز ئەرداڵ سەرکردەی پێشوی ھێزی پاراستنی گەل و یەکێک لە قوتبە بەھێز و سەربازییەکانی ناو پەکەکە- لەپشت تیرۆرکردنەوەکەیە. ئەردۆغان و زۆرێک لە سیاسەتمەدار و رۆژنامەنوسی تورکییش پەنجەی تاوان بۆ 'ململانێ ناوخۆیی'ە ھەستپێنەکراوەکانی ناو پەکەکە رادەکێشن. ئەوان پێیان وایە 'ھێڵێکی توندڕەو' لەناو پەکەکە ھەیە و بە گفتوگۆکانی ئاشتی رازیی نییە. بێگومان، لەوە زیاتر چاوەڕێی میدیای تورکیی و سیاسەتمەدارەکانیان ناکرێ. ئەوەی سەیرە، ھەندێک راگەیاندنۆکە و رۆژنامەنوسی باشوری کوردستانن کە ھەمان گوتەکانی میدیای تورکیی کاوێژدەکەن.

من ھەوڵئەدەم لێرە بەکورتی باس لەوە بکەم کە بۆچی ناکرێت پەکەکە لەپشت تیرۆرکردنی سێ ئەندامەکەیەوە بێت؟

ھەمو ئەو گومانانە، لەوە سەرچاوەیان گرتوە کە لە ئێستادا، پەکەکە بەسەر چەند بەرەیەک دابەشبوە. بێگومان بەرەکان ھەمویان یەک سەرچاوەن بەڵام شێوازی کارکردنیان تاڕادەیەک جیاوازە.

سەرچاوەی بڕیاری پەکەکە ئەم بەرانەن: ئیمڕالی، بەدەپە، ئەوروپا و قەندیل.

ھەر یەک لەوانە، شێوازی کارکردنیان بە جۆرێکە و ھەموانیش سەرۆکایەتیی بەڕیز ئۆجەلانیان لا قبوڵە. ھیچ کامێکیش لەوانە نە لە رابردودا، نە لە ئێستادا و نە لە داھاتوشدا، نە توانیویانە، نە دەشتوانن لە چوارچێوەی سیاسەتی گشتیی داڕێژراوی پەکەکە دەربچن.

ئینشیقاقی عوسمان ئۆجەلان و ھاوڕێکانی، لەناو پەکەکەدا، وەک یەکێک لە خیانەتەکان تەماشای کرا. ئەگەر عوسمان ئۆجەلان برای عەبدوڵا ئۆجەلان نەبوایە، ئەوا پەکەکە لەوانەبو رێی توندتر بگرێتە بەر دژی بەو پێیەی دوای رۆییشتنی چەندینجار دژایەتیی پەکەکەی کرد و زۆرێک لە نھێنییەکان لەوانەیە زۆریشیان ھەڵبەستراو بن- ئاشکراکرد.

با زۆر دور نەڕۆین، ھەر بۆ نمونە، لە ماوەی رابردو، ژنە پارلەمانتار و سیاسەتمەداری ناسراو لەیلا زانا لەگەل ئەردۆغانی سەرۆک وەزیران دانیشت. دواتر چەند لێدوانێکی دا و ئەوەی راگەیاند کە ئەردۆغان دەتوانێت کێشەی کورد چارەسەربکات. ئەو ھەوڵەی لەیلا زانا، لەناوخۆی پەکەکە و بەدەپە پێشوازییەکی ئەوتۆی لێنەکرا. ھەربۆیە لەیلا زانا ئاستی جەماوەریشی لەناو کوردەکانی باکورد دابەزی. کەواتە، لادان لە پرەنسیپ و دیسیپلینی پەکەکە، زو ناووبانگ و کەسایەتیی سیاسیی ھەریەکەێک لە باکور دەخاتە ژێر پرسیارەوە. بۆیەشە ھیچ سیاسەتمەدارێک تا ئێستا نەیتوانیوە لەو چوارچێوەیە لابدات کە پەکەکە دیاریکردوە.

لەبەرئەوە، کاتێک لەیلا زانا ویستی وەک لایەنی گفتوگۆ لەگەڵ تورکیا دابنیشێت، زو بەرپەرچی درایەوە و ھەوڵەکانی راگیران و تاڕادەیەکیش لەلایەن پەکەکەوە پەراوێزخرا، چونکە ھەمو بەرەکان لەسەر ئۆجەلان کۆکن.

لە یەکەم رۆژی دامەزراندنی پەکەکەوە، تورکیا بە خەیاڵی ئینشیقاق بوە لەناو ریزەکانی پەکەکە. شکستی ھەمو بزوتنەوە کوردییەکانیش زیاتر ئینشیقاقی ناوخۆیی بوە، بۆیە تورکیا ئەو راستییە دەزانێت. تا ئێستا تورکیا نەیتوانیوە ئەم خەیاڵەی بێنێتەدی. لەکاتی جیابونەوەی عوسمان ئۆجەلانی برای ئۆجەلان و ھاوڕێکانیشی، زو لەلایەن گەل و پەکەکەوە بە خائین دانران.

ھەمو بەرەکانی پەکەکە کۆکن لەسەر ئەوەی بەڕێز ئۆجەلان لایەنی کوردی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا دابنیشێت. نە ئەوروپا، نە قەندیل و نە بەدەپەش تا ئێستا بە لێدوانێکی سادەش ھیچ دژایەتییەکیان رانەگەیاندوە. شکستپێھێنانی ھەوڵەکانی لەیلا زانا، بەڵگەی بەھێزن بۆ ئەو قسانە. ئەگەر ھەر لایەنێکی ناو پەکەکە، یان ئەوروپا و بەدەپە بیانەوێت گفتوگۆکان بوەستێنن، رێکاری دیکە ھەن بگرنە بەر. ئەو رێکارانەی دی دەکرێت ھیچ زیانێک لە داھاتوی خۆیان نەدات و بەڵکو وەک پاڵەوان لە گەمەکە بێنە دەرەوە.

گریمان باھۆز ئەرداڵ دەیەوێت گفتوگۆکان شکستپێبێنێت. ئەو ھەوڵی کوشتنی ھیچ لە گەریلاکان و ئەندامانی پەکەکە نادات، بەڵکو دەتوانێت ھێرشێکی پارتیزانیی بەھێز بۆ سەر یەکێک لە بنکە سەربازییەکانی دەوڵەتی تورکیا بکات یان ھەوڵبدات تەقینەوەیەک لەناو ئەستەنبۆڵ یان ئەنکەرە بکات. لەوکاتدا، ھێزە نەژادپەرستەکانی تورکیا ئاکەپەش تا رادەیەک- و رای گشتیی تورکیاش دژ بە گفتوگۆکان دەوەستانەوە. ئەوکات گفتوگۆکان دەوەستان.

ھەمو لێکدانەوەی ئەوانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لایەنێکی ناو پەکەکە لەپشتی تیرۆری سێ ئەندامەکەی پەکەکەیە لەوەوە سەرچاوەی گرتوە کە ئەو لایەنە بە گفتوگۆکان رازیی نییە. ئەو شیکەرەوانە بێئاگان لەوەی پەکەکە لە دیبەیتێکی قوڵ دابوە تا ھەمو لایەنەکان گەیشتونەتە رێککەوتنێک بۆئەوەی ھەموان رازی بن بە گفتوگۆکان.

لەڕاستیدا، پەکەکەی ئەمڕۆ، پەکەکەیەکی گەورەترە لە پەکەکەی دوێنێ. دروستکردنی بڕیاری گەورەش تێیدا، پڕۆسەیەکی ئاسان نییە. پەکەکەی ئەوروپا لەڕوی ئابوریی و میدیاییەوە، بەدەپە لەڕوی جەماوەری و سیاسییەوە پشتیوانیی پەکەکەی قەندیلن. ھەرسێکیشیان عەبدوڵا ئۆجەلان وەک سەرۆکی رەھای خۆیان دەبینن. پەکەکەی ئەوروپا و بەدەپەش ناوێک نین بێ پەکەکەی قەندیل.

گومانکردن لەوەی پەکەکە لەپشت تیرۆرکردنەکەوە بێت، گومانێکی دروستکراوی تورکییە. کاوێژکردنی ئەو گومانە لای راگەیاندنەکان و رۆژنامەنوسەکانی لای خۆمان، یان ھەژاریی ھەبونی زانیارییە لەسەر پەکەکە و تورکیا، یان ئەوانە کۆمەڵێکن پێشتر بڕیاریان داوە دژی بزوتنەوەی رزگاریخوازیی کورد بن لە باکور و برا بچوک و دەھۆڵژەنی ئەردۆغان و فەتحوڵا گولەن بن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە