ئۆپۆزۆتسیونێکی دەستەمۆ، هەر بۆیە بەردەری سەرا لەبار برا....!!!

Friday, 27/05/2011, 12:00

2200 بینراوە





لەسێدارە دانی مێژوو ، هەر بە پەتی سێدارەدانی مەرگی نا سپێردرێت بە خاک ،تەنانەت بەناو زڕاندی یان لە بار بردنی ئەشێت لە پیرۆزییەکانی بێبەری بکرێت یان لکەدار بکرێت. یەکێک لە خەسڵەتە نەتەوەیی و مێژووییەکانی ئەم شارەی کە هەردەم منداڵدانی بەرخوردان بووە(حەزرەتی شێخ ڕەزا دەڵێ: لـەبیرم دێ‌ ســلێمانی كـە دارولموڵـكـی بـابـان بــوو نەمەحكوومی عەجەم نە سوخرەكێشی ئالی عوسمان بوو، وە نە مەیدانی عەرەبی میسری و توونسیش بوو ، دیسان بۆ یەكەمین جار لە بەردەركی سەرای سلێمانییەوە حكومەت بۆ كورد دروستكرا و لەوێدا بانگی ئازادی بەرزكرایەوە. هەر لەبەردەركی سەراوە, شەڕی بەردەركی سەرا لە ٦ ی ئەیلوولی ١٩٣٠ دا, بەرامبەر بە داگیركەران بەرپابوو. گۆرانی شاعیر, لە هۆنراوەكەیدا بە ناونیشانی "شەهید" بۆ بەردەركی سەرای سلێمانییە دەڵێ, : هەزارو نۆ ێەد و سی بوو, شەشی ئەیلوول كە ڕۆژ هەڵهات غریوی ویســتنی حەق كەوتە ناو شــاری ســـلێمانی هەڵۆ بەگ ئەو جوانەی بڕ دڵی بوو بۆ وەتەن ئاوات لە پێش جەمعێكەوە, تا بەر ســەرا, ڕووی هەڵمەتـی هانی لەگەڵ یارانی ئەیوت: ئەی حكومەت! تا نەكەی تەسبیت حوقووقی كوردەواری, نایەوێ‌ كورد ئینتیخاباتت. ئەمڕۆ گەلی کورد ،بە بەراورد لەگەڵ ئەو هەموو پارت، ڕێکخراو ،کۆمەڵە،گروپ ،دەستەو سەکۆیانەی هەیەتی(کە بەشی چوار نەتەوە دەکات) ،نەیتوانیوە ببێت بە ئۆپۆزۆتسیونی کوردوستانی سەرتاسەری ، واتە لۆکالیزمی سروشت و کلتووری سیاسی نەزۆکی بووە ، تا دەنگی زوڵاڵی زیاد لە گەورەیی خۆی بتاسێندرێت و کاریگەرییەکانی خپ بکرێت. دەستەمۆیی ئۆپۆزۆتسیونی بەرامبەر دەسەڵات ،گرژییەکی دەروونی و ئەتمۆسفێرێکی سەرخۆشکەرانەی خولقاندووە بۆ بازاری سیاسی گۆڕانخوازی یان سەرچڵی بەرامبەر بە دەسەڵات. من خۆم وەک چاودێر بووم (لە سلێمانی) بەرامبەر ڕووداوەکان وە دەسکەوتەکانی هەر بۆیە بەشدار بوونم لەم ئاشەبەتەنوورێییەیدا هەڵپەسارد وە ڕۆژانە بە تیللەی نەک چاو بەڵکوو ڕۆح ،نیگام ئامێزی بووم. ئەوانەی دەستی کاریگەرانەیان هەبوو لەم ڕووداوانە ،تەنها خواستیان ڕاخستنی پشتی لاوانی کوردی سلێمانی بوو وەک پرد بۆ دەسکەوتی پێگەی سیاسی چەور تر(کە بوودجەکەی لێیان بڕابوو وەریانگرتەوە بێدەنگیان هەڵبژارد). گەر عەولەسیس لەشەڕەکەی بەردەرکی سەرادا گەر بۆ سەربەخۆیی و ئازادی نەتەوەیی بوو ،ئەی ئەم لاوانەی بەخاک سپێردران لەم سەرای تەحریرەی ئۆپۆزۆتسیۆن بۆ چی بوو ،ئەوانەی یاری بە خوێنی لاوی کورد دەکەن ،گەورەترین ئەرکی ئەخلاقی مێژوو دەگرنە ئەستۆیان. گۆڕان بزووتنەوەیەکی خۆڕسکی بێ خاوەن بوو ، هەر لە یەکەم ساتی سەرهەڵدانی بەردەرکی سەرا هەڵوێستی خۆی ساخ کردەوە ،وە نەفرەتی تێ سرەواند، بەڵام سات بە سات کە بازاڕی سیاسی گەرم بوو ،هەوڵی ئەوەیدا ببێت بە ڕێبەری بەڵام نەیتوانی و بگرە دابەزی بۆ خزمەت و پاشکۆیی ئیسلامی سیاسی . بزوتنەوەی گۆڕان لە سەرەتای دروست بوونی لە ناو یەکێتیداوەک کۆدێتایەک بەسەر مێژوودا خۆی فەرزکرد وەک بزووتنەوەیەکی لۆکالی (ئەم ناوچەگەرێتییە هەردەم لەمپەڕ بووە بۆ گۆڕینکارییە سەرتاسەرییەکان وە نەیتوانیوە کێشکەکان بەیەکەوە بدورێتەوە) ، هەر بۆیە نەیتوانی پڕ بە پڕی جێی خۆی بکاتەوە لە گۆڕینکارییە مێژووییەکاندا (گۆڕان لەهەموو ژیانی بەردەرکی سەرایدا کە گەوەترین تاقیکردنەوەی مێژووی بوو بۆی ، یەک پەیڤ یان خۆی نەکرد بە خاوەنی یەک دروشمی نەتەوەیی ، بگرە لەبەر خاتری ئیسلامی سیاسی ،بزووتنەوەکەی بەردەرکی سەرای کرد بە عێڕاقی یان وەک خۆیان دەڵێن جەماهیری ،واتە دوور لە خواست و ڕەوشتی نەتەوەیی و کلتووری بەردەرکی سەرادا، هەموو سەرهەڵدانەکانی سلێمانی وە بەتایبەتی بەردەرکی سەرا ،نەتەوەیی بووون لەساڵی ١٧٨٤ تا ١٧ی شووباتی ٢٠١١. باڵی دوومی ئۆپۆزۆتسیۆن کە ئیسلامی سیاسیە وە خۆی کردبوو بەشادەماری مانگرتنەکە گەر خۆشی بێبەری بکات لە پاشکۆیی بۆ کلتووری عەرەبی وە بە عەرەبکردنی کوردوستان(کە پاساو هێنانەوەی وەک زمانی ئاخافتنیان وایە ، لای ئەوان مانەوە لە ژیان وەک ماسی و ئاو وایە،هەر بۆیە بێ بوونی کلتوور و شەرعی عەرەبی ناژین ،ئەمانە سەرچاوە دەگرێت لە بوونیاندا و لە سروشتی ڕۆژانەیاندا)، وە هەموو تاوانەکانی تری وەک بە شەریکردنی عەرەب لە نیشمانەکەمان بەڵام لەم ١٤٠٠ساڵەی بەسەرچوو لە دروست بوونی ئیسلامدا نەیانتوانیوە بۆ یەک ساتیش دوور لە هزی داگیرکەر بیربکەنەوە. هەر بۆیە بەردەرکی سەرا لایان بازاڕی عەکاز بوو. ئەو هەموو لاوە جوانانەی کران بە خاوەنی گۆڕی تاریک بە پلانی داڕێژراوی ئەوان ، هەر ئەوانن ئەبێت دادگایی بکرێن وەک ئەوانەی لقی٤ گەر بوێرانە ڕاڤەبکەین بە دوائەنجامی ڕووداوەکانی بەردەرکی سەرا. لە شەرەکەی بەردەرکی سەرادا (ئەختەری خێزانی ڕەشۆڵ و تێیدا شەهیدکرا ،وە ئەو خوێنە بوو بو سومبوولی کوردایەتی وە مێژوو بە شانازییەوە خۆی کردووە بە خاوەنی بەڵام ئەمجارەیان کۆدێتایەکە شکستی خوارد چونکە زادە و هەڵقوڵاوی هزری نەتەوایەتی و ڕزگاریخوازی نە بوو ، من بۆ سەدەهەمجار دەڵێم ئەوەی ببێت بە ڕابەری سەربەخۆی کوردوستان ، دەبێت بە خاوەنی شانازی مێژوو ، وە بە پێچەوانەوە مێژوو هەڵیدەداتە زبڵخانەکەیەوە، چونکە مێژوو سروشتی وایە رەحم بە کەس ناکات.
.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە