زڕەلیبرالیزمیNRT

Saturday, 21/02/2015, 12:00

1891 بینراوە


کە NRT دیدارێکی لەگەڵ (مەلا کرێکار)دا کرد، هەروەها بەرنامەیەکی لەسەر ڕەفتاری هەڵەشە و توڕەیی چەند گەنجێکی کوردی کەرکوکی بڵاوکردەوە بەرامبەر بە جەستەی مرۆڤکوژێکی داعش لە گەرمەی هێرشەکانی داعش بۆ سەر باشوری کەرکوک، بئیتر بەمە شەپۆلێک لە ناڕەزایی و توڕەیی بەرامبەر بە NRT  لە ناو خەڵکدا بڵاوبووەوە، بەتایبەتی ئەو دیدارە، چونکە ڕابوردوی (مەلا کرێکار) ئەوەندە پرشنگدار و بێوەی و ئاشتیخوازانە نییە.
 بە بڵاوکردنەوەی ئەو دیدارە لەگەڵ مەلا کرێکار دەرفەتێکی زێڕینی بۆ ڕەخساند کە جارێکیتر بێتەوە ناو ماڵەکانمان، هەست و سۆزی گەنجانی کوردی ئیسلامیی پڕ جۆش و خرۆش و باوەڕمەند بە جیهاد و خۆکوژیی لە پێناوی ئیسلامدا، هوروژاند.
دیدارەکە بە ڕیکلام بۆ داعش تەواو بوو، چونکە (مەلا کرێکار) داعشی نەکافراند و سەرسامیی خۆی پیشاندا بەرامبەر بە ئوسامە بن لادن، ئەیمەن زەواهیری و زەرقاوی، لە بەرامبەردا هیچ هاوسۆزییەکی دەرنەبڕی بەرامبەر کوردانی ئێزدی شنگال و دەوروبەری، کە لە لایەن داعشەکانەوە ڕەشەکوژی کران و دەسدرێژی جنسی کرایە سەر سەدان ژن.
بۆ ڕوداوەکەی کەرکوکیش نەدەبوو NRT هەر باسی بکات، چونکە لەگەرمەی شەڕێکی ئاوا پڕ قوربانی و زۆر سەختدا تاقە ڕووداوێکی ئاوا هیچ سەیر و سەرسوڕهێن نییە، هەر زوو وەزارەتی پێشمەرگە و (کۆسرەت ڕەسول) ئەو ڕەفتارەیان ڕیسواکرد و هۆشدارییان دا بە هێزی پێشمەرگە، کە بە هیچ جۆرێک نابێت پێشمەرگە سوکایەتی بە دیل و جەستەی کوژراوانی داعش بکات.
لە شەڕی داعشدا پتر لە هەزار شەهید و چەند هەزار بریندارێکمان هەیە، هەروەها چەند سەد هەزارێک ئاوارە و چەند سەد ژن و کچێکی کوردی ئیزدی کە دەسدرێژیی جنسی کراوەتە سەریان، ئایا ئەو هەموو قوربانییە و کەس وکاریان بابەتی سەدان چیرۆک و ڕێپۆرتاج و فلیمی دۆکیومێنتاریان تیا نابێت؟
NRT تا ئێستا هیچ بابەتێکی تەلەفیزۆنی لە سەر ئەو کارەساتانە بەرهەمهێناوە و بڵاویکردۆتەوە؟
لە وتووێژێکی ڕاستەوخۆمدا لە گەڵ دوو کەسی سەر بە NRT دەربارەی ئەم دوو ڕەخنەیەی خەڵک، ئاوا بەرگرییان کرد:
- گوایە ئەوان لیبرالن و ئازادن چی و چۆن هەواڵ بڵاودەکەنەوە و لە گەڵ کێدا دیداردەکەن، گرنگ ئەوەیە لە چوارچێوەی یاسا پەیوەنددارەکانی حوکومەتی هەرێم دەرنەچوون.
زۆر سەیر بوو! ئەمانە دەیانویست بە ڕەخنە لە یەکێتی و پارتی (کە لە ژێر سایەی حوکمیاندا ئەمان دروستبوون) خۆیان لە هەڵەکان بدزنەوە. بەڕاستی وا قسەیان دەکرد دەتوت خەڵکی وڵاتێکی ترن و هیچ! هەر هیچ پەیوەندی و پابەندییەکی نیشتمانیی و هاوسۆزییان لەگەڵ خەڵکدا نییە.
 NRT سەر بە کۆمپانیایەکی سەرمایەدارییە بەناوی کۆمپانیای (نالیا)، ئەوەی گرنگە بۆی تەنها بڵاوکردنەوەی هەواڵی پڕجۆش و خرۆش و دیداری هوروژێنەری هەست و سۆزەکانە بۆ ئەوەی زۆرترین خەڵک سەیری بکات، بەمەش بازاڕی ڕیکلامکردن تێیدا گەرمتر بکات و سەرمایەی زۆرتر کەڵەکە بکات، یان لایەنی کەم کەنالەکە خۆی پێبژیێنێ!
دەبێت ئەوانەی نالیا و  NRT بەڕێوەدەبەن باش بزانن ئەو سەرمایەیەی، کەوا کەڵەکەیان کردوە لە خاکی کوردستان نەبوایە و، بەسەر شان و بازو و ورگی برسیی مرۆڤی کوردەوە نەبوایە، لە هەر کوێیەکی ئەم دونیایە بوونایە نەیاندەتوانی بەدەستی بهێنن، زۆر کوردی لەوان زاناتر و بەتواناتر لە ئەوروپا و ئەمەریکا سوپاسگوزاربوون ئەگەر لە چێشتخانەیەکی ماکدۆنالد بە ڕۆژانەی پەنجا دۆلارێک ئیشیان پێبکەن، ئەوە سیاسەتی حەکیمانەی ئابوریی پارتی و یەکێتی بو کە تازەسەرمایەدارەکانی دوای ڕوخانی سەدام لە کوردوستان وەک کوارگ هەڵتۆقاند و ئێستاش ئەنجامەکەی دەبینین کە قاسەی بەتاڵی حکومەت و سکی لە برسا گوشراوی کارمەندانی موچەخۆری کوردستانە، باجەکەی دەدەن.
ئەم هەرێمەمان بە قۆناغێکی زۆر سەخت و چارەنوسسازدا  تێدەپەڕێ، بۆیە دەبێت NRT بەرامبەر بە کێشەی نیشتمانیی گەلەکەمان، پابەندیی ئەخلاقی هەبێت. ئەو کۆمپانیایەکی ئاسایی سەرمایەداری وڵاتێکی ئەوروپی سەربەخۆ و ئازاد و لە نازونیعمەت ژیاو نییە، ئێن ئاڕ تیی  و هاوشێوەکانی لە دهۆک و هەولێر و سلەیمانی هەتا بینەقاقایان قەرزاری ئەم گەلەن، لە ڕاستیدا دەبێت هەر ڕۆژێک بێت ئەو قەرزانە بدەنەوە!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە