ماستاوچیەكانى سەردەم

Sunday, 08/06/2014, 12:00

1484 بینراوە



ماستاوچیەكان لەهەموو ڕۆژێگارێك هەر ماستاوچین، بۆ پاروویەكى چەور، بۆ ئافەرینێك ئامادەن قیری ڕەش بكەنە سپی و بەماست بڵێن ڕەشە، لەوەشدا گرینگ نیە خەڵك زەرەر دەكات و سەری بەقوڕ دادەچێ، ئەوەش حاڵەتێكە ئەوە ماستاوچیەكانن ڕاستیەكان لە بەرپرسان دەشارنەوە و هەقیقەتى شتەكانیان تێ ناگەیەنن.

قسە كردن لەسەر ماستاوچیەكان ئەوەندە هەڵدەگرێ لەسەری بوەستین، وەلێ لێرەدا لەخانەى ژیانى ئاژەڵانەوە بۆ گوزارشت لەو كەسانە دەیان چیڕۆكى منداڵانم نووسیوە و لێرەدا یەك لەو چیڕۆكانەتان پێشكەش دەكەم كە هەوێنی ڕووى ڕاستەقینەى بیری ستەمكاری و ماستاوچێتى كەسە نەفەس نزمەكانە، با بەیەكەوە گوێی بۆ ڕادێرین.

شێرێكى ستەمكار و ڕێویەكى ماستاوچی
شێرێك كەللە پووچ و قسە ڕەق هەبوو، لەهەموو شت تەنها قسەى خۆی هەموو شت بوو، گوێی لەدەوروبەرەكەى ڕانەدەگرت، سێ وەزیری هەبوون تەنها خزمەتیان دەكرد، ئەویش بەشەو و بەڕۆژ لەسەر كورسیەكەى دانیشتبوو تەنها دەیخوارد و دەخەوت و قسەى زل زلی دەكرد.. وەزیرەكانى گورگ و چەقەڵ و كەمتیار بوو.

ڕۆژێكیان هەموویان لەسەربانى كۆشكى پاداشا دانیشتبوون، ڕێوییەكى سوورە هات تا سكاڵای گیانلەبەرانى دارستان بەشێرپادشا بگەیەنێ، بەڵام سەیری كرد پێش ئەو كەروێشكێكى بەتەمەن بەرەو لایان دەچوو، ئەویش بەدواییەوە ڕۆیشت، چوو دوای سەلام و كەلام، بە ملكەچیەوە لەتەك كەروێشكە بەتەمەنەكە ڕۆنیشت، سەری خۆی داگرتبوو لەچاوەڕوانى ئەوەدابوو پێی بڵێن: ئەوە بۆ هاتووى؟ چیت دەوێ؟بەڵام كەسیان قسەى نەكرد.

شێرپادشا بەرلەوەى پرسیار لەهاتنى ڕێوییەكە بكات، ڕووى كردە كەروێشكەكە و گوتى: هااااا كەروێشكى زیرەك خێرە ڕێت بزرت كردووە وا هاتوویتەتە ئێرە؟

كەروێشكەكە ڕووى تێ كردو گوتى: گەورەم گیانلەبەران لەم بارودۆخەی ئێستا ناڕازین، ئەگەر پێت ناخۆش نەبێ بەڕاستى گلەییەكە زۆر لەتۆ دەكەن بۆچی ئاوڕێ لەژیانیان نادەیتەوە؟ هەمووان دەڵێن شێر و دارو دەستەكەى تێرن كام خواردنى چەوری ئەم دارستانە هەیە هەمووی بەئاشكرا و بەبەر چاویانەوە دەبەن و دەیخۆن، لەهیچتان كەم نیە كەچی تا ڕانەپەڕن و مانگرتن نەكردن ئێوە بەئاگا نایەنەوە، بۆیە پێم باشە ئەگەر پێتان ناخۆشبێ ئێوە ئەوەندەى دەیبەن و دەیشارنەوە بیبەن بەڵام بایی ئەوەندەش بێننە دەرەوە و بیدەنە ئەو حەشاماتە كەمەى كە ئەوەندە زۆر نییە، بۆیە....

شێرپادشا نەیهێشت قسەكانى تەواو بكات، یەكسەر نەڕاندى و گوتى: دەى هەر ئێستا ئەو كەروێشكە ناپاكەم بۆ لەت و پەت بكەن بەهەموو ئەقڵێكیەوە دەیەوێ گیانلەبەرانم لێ هانبدات بڕژێنە سەر شەقام و خۆپیشاندان لەدژم بەرپا بكەن، دەى خێرا بیكوژن.

هەر دەم و دەست گورگ و چەقەڵ پەلاماریاندا و خنكاندیان.

ڕێوییە سوورەكە لەدەروونەوە بەخۆی گوت: باشبوو ئەو قسانەى كەروێشكە بەتەمەنەكە كردی من نەمكرد و سەرەتا ئەو پرسیارەیان لێ نەكردم، واباشە یان دەست بەكڵاومەوە بگرم با نەیبات یان لێرە جێم نابێتەوە دەبێ بەرەو دارستانێكى تر بڕۆم.

شێر پادشا ڕووى تێكردن و گوتى: من كەڕم هیچ نابیستم، لاڵم هیچم بۆ دەرنابڕدرێ و كوێریشم هیچ نابینم تێدەگەن مەبەستم لەو قسانە چیە؟

ڕێویە سوورەكە بێ ئەوەى كەس ڕووى لێ بنێ لەجێوە هەستا و داهاتەوە گوتى: قوربان پێویستە ئەو قسانەت لەئاوی زێڕ بنووسرێتەوە.

شێرپادشا كەیفی بەو قسەیە هات، پرسی: تۆ دەتوانى ماناكەیم بۆ لێك بدەیتەوە؟

ڕێوییەكە بەدەم زەردەخەنەیەكەوە گوتى: بێگومان...بێگومان، تۆ سەرداری ئەم مەملەكەتەى لێرە بەدواوە ئەگەر ڕووكەشانە گوێت لەم و لەو گرتووە، لەمەودوا قسەى تۆ بڕیار و فەرمانە كەس بۆی نییە جگە لەقسەى تۆ هیچ قسەیەكى زیاد بكات چونكە تۆ هەر كەسێك هاتە لات و داوای بەرزەیی كرد نەگوێی لێ دەگری نە دەیبینى تا بەزیت بەحاڵیدا بێتەوە و نە ئامادەشی گوێ لەهیچ كەسێكى ڕەش و ڕووت بگری، بەكورتیەكەى دەبێ هەموومان ببینە خزمەتكاری بەڕێزتان و خزمەتت بكەین.

شێرپادشا نەختێ سەری بۆ لەقاند و گوتى: تۆ ڕێوییەكى زیرەكى، من سوودت لێ دەبینم تۆ دەتوانى لێرە بمێنیەوە.

كاتێك ورچێك لەدوورەوە بەرەو ئەو دەروبەرە داهات، شێرپادشا ڕووى كردە چەقەڵ و گوتى: هااااا چەقەڵەفەندی ئەو ڕەشاییە چیە؟

چەقەڵ گوتى: گەورەم بەگەورەییەكەى شێوەى لە ورچ دەچێ.

شێرپادشا گوتى: من دەڵێم ورچ نیە، قەلە ڕەشە.

چەقەڵ گوتى: گەورەم ئێوە هەڵەن، قەڵەڕەش چ خۆی هەیە تا بەو شێوەیە بەگەورەیی دەربكەوێ، نەخێر ئەوە ورچە.

شێرپادشا بەو وەڵامە نیگەران بوو، كاتێك ڕووى كردە گورگەكە و گوتى: ئەى تۆ گورگە گیان دەڵێی چی؟

گورگەكە گوتى: من چاوم كەمحوكم بووە بەجوانى شت نابینم، منیش هەر لەگەڵ قسەكەى تۆدام.

شێرپادشا بەو قسەیە دڵخۆشبوو، ویستى ڕێوییە سوورەكە تاقی بكاتەوە گوتى: ئەى تۆ چی دەڵێی ؟

ڕێوییەكە بە پێكەنینەوە گوتى: گەورەم قسەیەك تۆ بیكەى لەسەدا سەد ڕاستە و هیچ لێكدانەوەیەك هەڵناگرێ، ئەو ڕەشاییە ئەگەر بەقەد چیایەك بەرزبێ هەر ئەو قەلە ڕەشەیە كە تۆ باسی دەكەى، من لەگەڵ قسەكەى تۆدام.

شێرپادشا گوتى: چەقەڵ ئێستاش هەر لەسەر قسەكەى خۆت سووڕی.

چەقەل گوتى: ئاخر گەورەم قەڵ توانای ئەو ڕۆیشتنە زۆرەى لەسەر زەوى نیە بڕوات و زۆریش بچووكە بۆیە دەڵێم ئەوە ورچە، چونكە....

شێرپادشا نەهێشت قسەكانى تەواو بكات بەتوندی نەڕاندی و پەلاماریدا یەكسەر خنكاندى، ئەوجا ڕووی كردە ڕێویە سوورەكە و گوتى: تۆ بەكەسێكى دڵسۆزی خۆم دەزانم، لەئێستاوە تۆ وەزیری و لەهەموو شتەكانى ئێرە بەشت دەدەم، بەڵام حەز دەكەم ئەوەت لێ بپرسم: تۆ چۆن بەو شێوەیە وەڵامت دامەوە لەكاتێكدا ڕەنگە باشیش بزانی ئەوەى وا بەرەو ئێرە دێت قەلەڕەش نیە و ورچە، ئەو زیرەكیە لەكوێ فێربووى؟

ڕێوییە سوورەكە بە زەردەخەنەیەكەوە وەڵامى دایەوە گوتى: ئەو شتە لەو چەقەڵە و لە كەروێشكە بەتەمەنەكە فێر بووم.

كە لێی پرسی: تۆ لەقسەكانم تێ دەگەى؟

ڕێوییە سوور گوتى: هەى بێ قەزابن گەورەم، چما كەس هەیە خۆی لەبەر تووڕەیی بەڕێزتان بگرێ، قسەیەك ئێوە بیكەن نابێ قسەى لەسەر بكرێ و هەر دەبێ قسە قسەى ئێوەبێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە