بەیاننامەی گروپی شۆڕشی نێرگز لەفەیسبوک، سەبارەت بە یادی ڕاپەڕینی خەلک و ئازادکردنی شاری کەرکوک

Monday, 21/03/2011, 12:00

1940 بینراوە



جەماوەری بەشەرەفی کوردستان، ئەی خەڵکی بەشمەینەتی کەرکوک
ئەمڕۆ هەمو گەل یادی ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١ دەکەنەوە، ڕاپەڕینی پڕ شکۆی جەماوەر و پێشمەرگە. یادی هەڵکوتانە سەر دام و دەزگاکانی بەعسی ڕەفتار فاشی و چڵکاوخۆرەکان لە کەرکوکی بریندار. ئەم یادەی ئەمڕۆ لە مێژوی نوێی نەتەوەکەماندا بەوشەی زێڕین و خوێنی بە نا‌هەق ڕژاوی لاوەکانمان نەخشێنراوە.
شاری کەرکوک ئەگەرچی بەپێی دۆکیومەنتە جیهانییەکان بەشێکە لە کوردستانی داگیرکراو و دابەشکراو، بەڵام لە دوای شەڕی جیهانی یەکەمەوە، دوای دابەشکردنی کوردستان بەسەر چوار ووڵاتدا، کەرکوک لکێندرا بە دەوڵەتی عێراقەوە. بەوپێیەی شارێکی نەوتییەو لە ڕووی ئابورییەوە ئەهمییەتێکی وای پێدرا لە لایەن بەریتانییەکانەوە کە ئەو کاتە داگیرکەری عێراق بون، کە شوڤێنییە عەرەبەکان و تورکەکان هەردەم لە ململانێ و ناکۆکی تونددا بون لە پێناوی دەست بەسەردا گرتنی شاری کەرکوک. شۆڕشی کورد زۆر هەوڵیان دا لە کاتی گفتوگۆکانیاندا لە گەڵ ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق کە ئەم شارە بگەڕێننەوە سەر نەخشەی کوردستان. بەڵام هیچ کام لە حیزب و سەرکردەکانی کورد لەم بوارەدا دەسکەوتنیان بە دەست نەهێنا، بەهۆی لاوازییان لە مەجالی ئاراستەکردنی ململانییکان و تێنەگەیشتن لە سیاسەتی ئەوکاتەی بەریتانییەکان کە هەوڵی زۆریان ئەدا لە پێناوی بەهێزکردنی نەتەوەی عەرەب و پەراوێزخستنی نەتەوەی کورد لە عێراقدا.
سەرکردەکانی ئێستاش تاڵەبانی و بەرزانی هەر لە دوای پرۆسەی ئازادییەوە، بە ئامادەبونی بۆڵ برێمەر، حاکمی ئەو کاتەی عێراق نامەی سپییان ئیمزاکردوە کە ڕازین بەو سنورەی کە پێش ٢٠٠٣ بە دەستتیانەوە بووە، واتە کەرکوک لە سنوری کوردستاندا نییە. لە دەستوری عێراقدا بڕگەی ١٤٠ هاتوە کە چارەسەری کێشەی کەرکوک و دەوروبەری بکرێت، بەڵام ئەمە تەنها کوردی پێ خەڵەتێنراوە. ئەمە ئەوە دەگەێنێ کەتائەمرۆش لەو هەموو هەلەی بۆ کورد رەخسا، شتێکی ئەوتۆ بۆ کەرکوک نەکراوەو، ئەمەش بەهۆی نەزانی و کەمتەرخەمی و بێدەسەڵاتی سەرکردەکانی کوردەوە بووە.
ئەی خەڵکی بەش مەینەتی کەرکوک ئەوەتا خوشک و براکانتان لە سلێمانی و شاروشارۆچکەکاندا دژی زوڵم و ستەمی ئەم سەرکردە و حیزبە بنەماڵانە ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و داوای دادپەروەری کۆمەڵایەتی و سەروەری یاساو نەهێشتنی گەندەڵی دەکەن، داوای ڕوخانی حکومەتە شەق و شڕەکەی بەرهەم ساڵح و بەناو سەرۆکایەتیەکەتی هەرێم دەکەن. خەڵک داوای گۆرینی ئەم سیستەمە گەندەڵە دەکەن. بۆیە پێویستە ئێوەش دەوری کوردانەی خۆتان ببینن و ئەم تاوانبارانە ڕیسوا بکەن، چیدی بروا بەپرپاگەندەکانیان نەکەن، چیدی بروا بە بەڵێن و قسەکانیان نەکەن. ئەمانە گروپێکن، تەنها بەرژەوەندی خۆیان دەپارێزن و مافیاکانی خۆیان لەکەکوک دەوڵەمەند دەکەن، ئەگینا ئەوەی لەبیریان نییە، رزگارکردنی کەرکوکە. ئەوان نەک تەنها کارئاسانیان بۆ کەرکوک نەکردووە، بەڵکو سەروەتو سامەنەکەشیان دەدزن و ئەوەتە بەپێش چاوی هەموومانەوە نەوتەکەی لەلایەن چەند مافیایەکی حیزبییەوە بەقاچاخ دەدزرێ و دەفرۆشرێ و زەویەکانیشی بەسەر مەسئولەکاندا دابەش دەکرێ.
ئێووە دەبێت فشارەکانتان لەسەر ئەم حیزبانە زیاد بکەن، بۆ گەرانەوەی کەرکوک بۆ باوەشی هەرێم، بۆ ژیانێکی باشترو دادپەروەری کۆمەڵایەتی، بۆ خزمەتگوزاریەکی باشتر لەشارەکەدا، بۆ نەهێشتنی گەندەڵی.
بەرەو سەرکەوتن
http://www.facebook.com/home.php?sk=group_154282511292864&ap=1
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە