یەكێتی خەریكە بە دەردی حیزبەكەی قادرعەزیز ئەچێت

Wednesday, 22/08/2012, 12:00

1379 بینراوە







حیزبی زەحمەت كێشانی كوردستان یەكێك بوو لەو حیزبە كوردیانەی كوردستانی باشور كە قادر عەزیز سەرۆكایەتی ئەكرد، ئەم حیزبە خنجیلانەیە لەدوای 31 ی ئاب كە لەلای كوردان بە خیانەتی مەزنی نێو مێژووی بنەماڵەی بارزانی هەژمار دەكرێت ،بارەگای سەرەكی لەشاری سلێمانی جێگیركرد هەرچەندە دواتر بارەگاكانی لە هەولێرو بادیناندا كردەوە بەڵام نەیتوانی وەك سەرەتا كۆنترۆڵی كادیرانی لەو ناوچانەدا بكات ، هۆكارەكەیشی ئەوە بوو كە شەیتانە ڕوخسار زەردەكان لەو ناوچانەدا چووبونە بنكڵیشەی كادیرانی زەحمەت كێشان وبە زەبری هێزو پارە هەڤاڵانی ئەو حیزبەیان لەخشتە برد، تاوەكو كار گەیشتە ئەوەی كادیرانی زەحمەت كێشان لە هەولێرو بادینان بوون بە چڵكاوخۆری ئەوان وقادر عەزیزی سەركردەشیان پەڕاوێز خست و بە پەڕۆیەكی پیس فڕێیان دایە دەرەوەی حیزبەكەیان، تەنانەت ناونیشانی حیزبەكەشیان پێ ڕەوانەبینی .
ئەوەبوو پارتی بەتاكتیكی خۆی ناونیشانی حیزبی زەحمەت كێشانی كوردستانی لەدادگای پارتی بەناو هەرێمدا بەخشیە پەڕاگەندە كاسە لێسەكانی زەحمەتكێشان لە هەولێر و قادر عەزیزیزیش بەناچاری ناونیشانێكی تازەی بۆ حیزبەكەی دانا بە ناوی ئایندە .
پێشتریش پارتی حیزبەكەی كاكە حەمەی بەو دەردە بردبوو ، سەرجەم كادیرانی حیزبی سوسیالستی كوردستانی لەهەولێرو بادینان بەپارە كڕی و لە كاكەحەمەی هەڵگێڕانەوە بەڵام لەبەر ئەوەی حسك هەڵقوڵاوی كەسانی شارەزور و سلێمانی بوون بەمەش ناونیشانی حیزبی سوسیالستی كوردستان بۆ كاكەحەمە مایەوە.
ئێستاش نۆرەی یەكێتییە ،بەپێی سەرچاوەیەكی حیزبی باوەڕپێكراو لەناو یەكێتیدا لەهەولێر پارتی سەرگەرمی هەمان سیاسەتە و ئەیەوێت كادیرانی یەكێتی لەناوچەكانی ژێردەسەڵاتی خۆی كۆنترۆڵ بكات و بەهەر نرخێك بێت لە یەكێتیان بترازێنێت یان یەكێتییەكی كارتۆنیان لێ دروست بكات ،سەرەتای ئەو سیاسەتی كڕینی مەبدەئەیشی لە كادرە بچوكەكانەوە دەست پێكردووە .
لەدواین كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا كە بەسەرۆكایەتی كۆسرەت ڕەسول سازكرا، باس لە چارەنوسی یەكێتی كرا لە دوای مردنی تاڵەبانی لەو كۆبونەوەیەدا لوتبەرزی كۆسرەتیەكان واتەكادیرە هەلێریەكان بەئاشكرا دیاربووە و ڕایانگەیاندووە كە ئێستا قورسایی هێزی یەكێتی لەدەستی كادیرە هەلێریەكاندایە ،بەوەی كە یەكێتی زۆربەی كادیران و جەماوەرەكەی لە سلێمانی لە دەستداوە و چونەتە پاڵ گۆڕان.
ئەمە بۆخۆی ئاماژەیەكە ،هەر وەك چۆن هەڕەشەیەكیشە بۆسەر یەكێتی بەوەی كە كۆسرەتیەكان داوای باڵادەستی ئەكەن لە یەكێتیدا ،دەنا گەر وانەبێت ئەوا ئەگەری جیابونەوەیان ئەبێت لە یەكێتی دوریش نییە كە لە دادگاكەی پارتیدا لە هەولێر ناونیشانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە بەرژەوەندی كۆسرەتدا یەكلایی بكاتەوە
جائەوكات هێرۆ ئیبراهیم مەگەر حیزبەكەی ناوبنێت یەكێتی دوو هەروەك چۆن هەندێك فیلمی سینەمایی بەشی یەك و دووی هەیە.





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە