بۆ هەڵبژاردنەكانى عێراق :سیستەمى یەك بازنەیی یا فرەبازنەیی باشترە؟

Saturday, 12/10/2013, 12:00

1647 بینراوە






ڕۆژ بەڕۆژ لێرە و لەوێ دژ بەگەلە ستەم دیدەكەمان لەلایەن دەستەیەكى خودان دەستڕۆیشتووى بڕیاردەری حكومەتى شیعەى عێراقی و ئەوانیترەوە كار بۆ پەكخستن و سڕكردن و لاوازكردنى دەسەڵاتەكانى هەرێم دادەڕێژێ و ئەوەندەى بۆیان بڕوات و وابزانن بەئاسانى ئەو هەوڵانەى دەیدەن بۆیان دەچێتە سەر و لێیان تێدەپەڕێ، ئەوا بێ دوو دڵی پلانى بۆ دادەنێن و ئامادەن دەیان دانیشتنى لەبارەوە گرێ بدەن.

چڕ كردنەوەى هەوڵەكانیشیان لە دوو خاڵ كۆ دەبێتەوە:

(یەكەم) یا ئەوەتە پێیان وایە ناوماڵی كورد شڕوپڕ و پەرتەوازە و كەس بێ كەسیە و ئەوەش دەرفەتە بۆ ئەوەى هەرچیەك بكەن بۆیان مەیسەر دەبێ.

(دووەم) یاخود هەر نیازی گڵاویان وادەخوازێ هەمیشە لەبیری پیلانگێڕیدا پەنا بۆ هەموو ئەگەرەكان و ئەو ئامرازانە ببەن لەكاتێكدا سووڕ بزانن هەر دەبێ ئەوان لەم مەملەكەتەدا حوكمى حاكمبن و ئەوەى هەیە و نیە دەبێ لەژێر ڕكیفی ئەواندا بڕیار لەهەمبەر وەربگیرێ و ئێمەمانانیش دەستەوئەژنۆ جێبەجێكاری هەر فەرمانێكبین كە ئەوان پێیان باش و پەسندە و دەبێ بێ لام و جیم ملكەچی ئیرادەیانبین.

ماوەیەكە دەنگودۆی بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنەكانى داهاتووى عێراق هاتۆتە ئاراوە و لە گۆڕەپانەكەیشدا مشت و مڕێكى زۆری ڕەگەڵ خۆیدا هێناوە كە دەرهەق بە پیادەكردنى پرۆسەكان نەخاسمە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەران بەشێوەى فرە بازەنەیی لەڕووى پشتگیری كۆمەڵێك و ڕەتكردنەوەى لەلایەن كۆمەڵێكى دیكەوە بووەتە بابەتى گەرمى ڕۆژگار، كە بێ شك پڕیشكى ئەو بەربژێرییە نەك ئەولا، بەڵكو حزبە كوردیەكانى لەمەڕ خۆیشمانى گرتۆتەوە و هەموانى بەجۆرێ سەرقاڵ كردووە تا ئەو ئاڕاستەى دژ بەیك لێداوان بدەن و دەستەى تۆمەت بۆ یەك درێژ بكەن.

بەواتایەكى دیكە لەو گەمەیەدا هەندێ پاڵپشتى پرۆسەكە لە سیستەمى فرە بازنەیی دەكەن و هێندێكى دیكەیش ڕەتى دەكەنەوە، ئەو دوو دەستەواژە دژ بەیەكە هانیدام سەرپێیانە قسەى خۆمى لەبارەوە بكەم كە مەبەستم لێی زیاتر بزافتى هەستى نیشتیمانى و نەتەوەییە تا ئەو بابەتە بەپێی دید و تێڕوانین و خوێندنەوەم بۆ ئەو سیستەمە بەلایەكدا بخەم و دوا قسەیش بۆ حزبەكان جێ بێڵم.

سیستەمى یەك بازنەیی: لەسەر تێكڕای ژمارەى دانیشتوانى عێراق بە كوردستانەوە سەرچاوە دەگرێ، لەوەشدا بەپێی كورسیەكانى پەرلەمانى عێراق ڕێژەى دەنگەكان بۆ هەر كورسیەك دیاری دەكرێ و لەو ڕوانگەوە بۆ بردنەوەى كورد لەو هاوكێشەیەدا ئەگەر بەپێی رێكەوتنێكى پێش وەختە بەیەك لیست و یەك هاوبەندى و هاوپەیمانى بەشداری پرۆسەكە نەكەن ئەوا دەنگە زیادەكانى هەر لیستێك بەزیایە دەچێ و بۆ لیستێكى دیكەى نزیك لەدەرچوون دەڕوات، ئەوەش زیان بەو كورسیانە دەگەیەنێ كە كورد دەیەوێ لەبەغدا بەدەستى بێنێ.

سیستەمى فرە بازنەیی: لەو سیستەمەیشدا هەمدیس لەسەر حیسابی دابەشكردنى كورسیەكانى عێراق بۆ هەر پارێزگارێك كە كاری لەسەر دەكرێ كە چەند كورسی بەر دەكەوێ، لەوەیشدا ئەگەرچی بێ ڕاڕایی شانسی كورد لە پارێزگا كوردیەكان تەواو مسۆگەر و زامن دەكات، وەلێ دەبێ لەتەكدا دەست لەهەموو ئەو دەنگانە بشوات كە لە ناوچە و شوێن و شارەكانى تری عێراق وەك دەنگى كورد هەیەتى، ئەوەش بەزیانى حزبێ یان چەند حزبێ تەواو دەبێت لەكاتێكدا ئەوان لەو شوێنانەدا پێگەى جەماوەریان هەبێ.

بەبۆچوونى من یەك بازنەیی خراپ نییە ئەگەر لەدەنگى شارەكانى باكور و باشووری عێراق دڵنیابین، وەئەگینە فرە بازنەیی دەبێتە دووەم هەڵبژاردن بۆ ئەوەى ئەو سیستەمە قەبوڵ بكەین.

لەهەڵبژاردنى سیستەمى یەك بازنەیی و فرە بازنەیدا پێویستە سەركردایەتى سیاسی و تەواوى پێكهاتە و لایەنەكانی كوردى خوێندنەوەیەكى عاقڵانە بۆ ئەو پرسە چارەنووسسازە بكەن و بەو روحیەتەوە لەیەكلایی بوونەوەیدا بەگژ ئەو پێشنیارانەدا بچنەوە كە دژ بەو خواست و ئەو هەڵوێستەیە كە هەموو كورد پێی ڕازییە و پەسندى كردووە، ئەو بەشداریەش بەهەردوو دیوەكەى ڕاپرسیەك نییە تاوەكو تێكڕای كۆمەڵانى خەڵكى كوردستان بەشداری تێدا بكەن و هەڵویستى خۆیانى لەبارەوە بدەن، بەڵكو زیاتر بابەتێكە لە هەڵبژاردن و ڕەتكردنەوەیدا دەبێ هەموو لایەنەكان بە هەڵسەنگاندن و بەرچاوڕوونى ئەنجامە كۆتاییەكان بگەنە پڕۆژە بڕیارێك كە خزمەت بە كورد و كوردستان بگەیەنێ.

بە یەكڕیزى و یەكگرتوویی هەموومان ئایندەیەكى گەش بۆ هەرێمەكەمان مسۆگەر دەكەین و بەرژوەندى گشتى دەبێ لەسەرووى هەر بەرژوەندییەكى تەسكى حزبی دانێین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە