پرسەنامە، بۆ باڤێل و قوباد بەبۆنەی کۆچی دوایی باوکیان

Sunday, 02/02/2014, 12:00

5901 بینراوە








بەرێزان...
ئەوەی راستی بێت زۆر دەمێکە دەزانم باوکتان  مردوە، چەند جاریکیش ئاماژەم پێداوە، بۆیە ببوورن لە سەرەخۆشی درەنگ وەخت، ئەویش بەهۆی ئەوە بووە، کە دەمزانی خۆتان لە مردنی باوکتان دەدزنەوە و بە سەرەخۆشی قەڵس دەبن! لە پاڵ ئەوەیشدا دەزانم و دڵنیام لەوەی کە خەڵکیش وەکو من دەزانن، بەڵام ئەوەندەی من لێی حاڵیم، کە خەڵک ناوێرن سەرەخۆشیتان لێبکەن، بۆیە بریارم داو بە باشم زانی، من یەکەم کەس بم چوارچێوەی ترس بشکێنم، بچمە ئەودیوی سنوری ترسەوە و سەرخۆشیتان لێبکەم.
بەچاکی دەزانم، کە من لەو بۆنەیەدا ئەوەتان بە یاد بهێنمەوە، دڵنیاشم لەوەی کە ئێوە هەردوکتان نایزانن و پێتان نەوتراوە، کە باوکی من و باوکی ئێوە لە ساڵی شەستەکان پێشمەرگەی شۆرشی ئەیلول بوون، بێگومان یەکتریشیان ناسیووە، بەڵام خۆشبەختانە هاورێ نەبوون. ئەو کات باوک و باپیری ئێوە ئەندامی بەرزی پارتی دیموکراتی کوردستان بوونە، بەڵام باوکی من رازی نەبووە ببێ بە ئەندامی ئەو پارتە، پێی وابووە کوردایەتی کردن گەورە ترە لە بە ئەندام بوون لە پارتێکی لەو جۆرە.

بەرێزان...
هەرچەند ئەوە کاتی ئەوە نییە، بەڵام با راستییەکتان پێ بڵێم، کە باوکی من زۆر بە ناڕەوا لە کەمێنێکدا لە گوندی مەرگە شەهید کرا، ئەو کەمینە کەمینی حکومەتی بەغدا نەبوو! بەڵکو کەمینی ناوخۆی هێزی پێشمەرگە بوو، کە لە ئەنجامی ناکۆکییەکانی ناوەخۆ بە تەگبیر ریکخرابوو، با بۆتان کورت بکەمەوە: هەروەکو ناکۆکییەکانی ئەمڕۆی ناو رێزەکانی یەکێتی، ئینجا با زۆر بە پێچو پەنا نەبم لەگەڵتاندا، لەراستیدا ناوی باوکی ئێوە یەکێکە لەو کەسانەی، کە زۆرانێک باسی لێوە دەکەن تاوەکو ئەورۆش کە دەستی هەبووە لە تیرۆرکردنی باوکی من و دانانی ئەو کەمینە.
با سەرتان نەهیشیێنم و بۆ ئەوەی بە ئاسانی تێبگەن با نمونەیەکی زیندووتان بۆ بهێنمەوە، ئەویش هەروەکو کەیسەکەی کاوە گەرمیانی و پاسەوانەکەی باوکتان، کە لە چەند مانگی رابردوودا شەهیدکران!
گومانم لەوە نییە کە باوک مردن ئاسان نییە، بەڵام تکام وایە لەو کارەساتە گەورەتر بن و خەم مەخۆن، دڵتان تەنگ نەبێ، لەبەر ئەوەی لایەنی کەم، ئێوە بە تێر و تەسەلی باوکی خۆتان دیت، لە سێبەری ئەودا بوون بەخاوەنی پۆست و پلە، کۆشک و تەلار، پارەیەکی زۆری نەوتی هەژارانی خستۆتە بەردەستان، دەزگای جاسوسی، دژە تێرۆر، سوپا، ئاسایش، مافیا، کۆمەڵی چەقۆچێشی پیاو کوژی ناوبانگ زڕاو ناخۆشەویست و نەویست، لە شکرێک لە جنێوفڕۆش، بۆیە دەڵێم تکایە خەم مەخۆن!! ئەی بە من و منداڵەکەی کاوە گەرمیانی چی دەڵێن؟! خۆ ئێمە باوکی خۆمان هەر نەدیوە! بۆیەش زۆر دڵتان بەخۆتان نەسوتێت!
با ئەوەشتان پێ بڵێم: باوکی ئێوە بە خۆشبەختی مرد، چونکە هەر وەک هەردووکتان دەیزانن، باوکتان لە شارێکی گەورەی وەکو بەغدا لەسەر کورسیەکەی کەوتە خوارەوە و ئاگای لە خۆی نەما و لە زمان کەوت، ئەو شوێنەی کە بەدریژایی ژیانی خەونی پێوە دەبینی و ئارەزووی ئەوە بوو بگاتە ئەو شوێنە، نەک کوردستان. خوای گەورە خۆشیویست بۆیە عەرەبستانی کرد بە دوا مەنزەڵی، لەمەیاندا گلەیم نییە، باوکی من خۆشبەخت بوو، چونکە لە ناو دڵی خاکی کوردستانندا  لە(گوندی مەرگە) گیانی بە خاک سپارد و شەهید بوو.
باوکی ئێوە سەرەرای بوونی ئەو هەموو توانا مادییە لە نەخۆشخانەکانی ئەڵمانیا زۆر ئازاری چێشت و بە ئامادە بوونی هەردووکتان لە ژێر ئامرازی هەناسەی دەستکرددا دانرا، دوایش لە ساردخانەکانی ئەو وڵاتە بۆ ماوەیەک بەجیهێڵترا، بۆیە لەمەشیاندا گلەیی ناکەم، چونکە لەگەڵ ئەوەی باوکی ئێمە هیج پارە و پولی نەبوو، هیچ کەسوکاری لەگەڵ نەبوو، بەڵام بە گەرم و گورییی و دەستوبردکردنی جوتیاران و هەژارەکانی خەڵکی ناوچەکە بە سەربڵندی و بە کەرامەتەوە بە خاك راسپێردرا. بە ئامانەت!  دوایش پاش بیستوشەش ساڵ خەڵکی هەولێر باوشیان بۆ کردەوە لە گوندی "گردەرەشە"  لە هەولێر تەسلیم بە خاکیان کردەوە دووبارە. باوکی من دوو جار خاکی کوردستان باوەشی بۆ کردەوە، بەڵام باوکی ئێوە .!!!؟

هەواڵی شە‌هید بونی باوکی ئێمە مەبەستم لە باوکی خۆم و کوڕەکەی کاوە گەرمیانییە، نەک باوکی ئێوە!  دڵی هەموو کەسێکی بەویژدانی پاک و خاوەن هەڵوێستی تەزاند، بەڵام هەواڵی مردنی  باوکی ئێوە، دڵی کۆمەڵێک خەڵکی بەرژەوەندیپەرست، هەلپەرست، بێویژدان دەتەزینێ بۆیە لەمەیاندا من و مندالەکەی کاوە گەرمیانی لە هەردوکتان خۆشبەختترین.

بافێل و قوباد......
بۆ بەردەوام بوون و مانەوەی خۆی، باوکتان سیاسەت و سەودا و مامەڵەی بە هەموو شتێکەوە دەکرد، سەری هەژاران، خوێنی لاوی ئازا، پەیوەندیی هاورێیەتی، پەیوەندیی ناپاکانە، هەڵوێست فرۆشتن وەکو بوون بە جاش و جاسوس، شەقهەڵدان لە ئاڵای کوردستان، بەکارهێنانی کەسایەتیی و تاکەکان و تێکبەردانیان لە یەکتر، داڵدەدانی فایلدار و پیاوە خۆفرۆشەکان، بەکارهێنانی پارە و پۆست، یاریکردن لە سەر هەزار پەت، وا ئەمرۆش ئێوە لەگەڵ دایک و کەسە نزیکەکانی باوکتان پەیرەوی هەمان رێبازی باوکتان دەکەن، ئێوەش بۆ بەردەوام بوون و مانەوەتان لە سەر کورسی خیانەت، سیاسەت بە هەموو شتیکەوە دەکەن، هەتا بە مردن و تەرم و روفاتی تاڵەبانی باوکیشتانەوە!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە