گەرم کردنەوەی گۆرانییە کۆنەکان و تێکدانیان

Wednesday, 13/02/2013, 12:00

4914 بینراوە


دەمێکە بە دوای دەرفەتێکدا دەگەڕێم کە ناخی خۆم وەکو گوێگرێکی گۆرانی کوردی هەڵڕێژم و ئەم باسە بوروژێنم. دەمێکە چاوەڕێم کە کەسانێکی هونەرمەند و پسپۆڕ لە بواری گۆرانی و مۆزیکدا ئامەژەیەک،باسێک یان سەرنجێک لە سەر ئەم دیاردەیە پێشکەش بکەن بەڵام مەخابن هەمووی بێ دەنگیان هەڵبژاردووەو بگرە لە هەندێ جێشدا دەستخۆشی لێ دەکەن. بواری هونەری گۆرانی و موزیکی کوردی وەکو سەرجەم بوارەکانی تری کۆمەڵگای کوردی تووشی جۆرەها نەخۆشی کوشندە بووە. گەرم کردنەکەوەی یان تێکدانی گۆرانی یە کۆنەکان لە لایەن" کەسانێک" یەکێکە لەو نەخۆشیانە. من حەز ناکەم ناوی کەس بێنم چونکە مەبەست لەم نووسینەمدا تەنیا سەرنجێکی خۆمەو وەکوو زەنگێک دەیدەم بە گوێ ی ئەوانەی کە ئەم کارە ئەکەن، بەڵکو هاندەرێک بێت بۆ ئەوەی زۆر لە خۆیان بکەن یان هەوڵی زیاتر بدەن بۆ داهێنانی تازە و واز لە بەرهەمە ڕەسەنەکان بێنن با لە بەر چاو و دڵی گوێگر و بینەران نەکەون.
ماوەیەکە لە سەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک کەسانێک کەوتوونەتە ڕیکلام بۆ خۆیان و بە ناو" بەرهەمە تازەکانیان" کە سەرجەم بەرهەمەکانیان بەرهەمی کۆنی هونەرمەندانێکی ڕەسەن و نەمرن. بەوەشەوە نەوەستاون ئەرکێکی زۆریان کێشاوە هەر لە ماستاو خەست کردنەوە و دەست پان کردنەوە لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن تا ئەم داهێنانەیان بۆ بکرێتە کلیپ و خەڵکی کوردستان لێ ی بێ بەش نەبن. من ڕووی خۆم ئەکەمە ئەوانەی ئەم کارە ئەکەن و ئەڵێم ئەگەر ئێوە شتێکتان پێ یە بۆ کاری لە سەر ناکەن و بڵاوی ناکەنەوە؟ ئاخر یەکێک لە شاکارە جوانەکانی ماملێ (لالە بە دەستان) چی پێویستی بە گەرم کردنەوەیە؟ یان بەرهەمێکی جوانی خالقی کە هێشتا خۆی لە ژیاندا ماوە، چی پێویستی بە دووبارە کردنەوەیە؟ ئێوە ئەگەر ئەتانەوێ داهێنان بکەن بۆ ناچن هۆنراوەیەکی نوێ بێنن و ئاوازێکی جوانی بە بەردا ناکەن؟ یان هیچتان پێ نییە و لە هەمان کاتیشدا" حەزی خۆدەرخستنتان" خەریکە بتان کوژێ بۆیە هەڵئەستن گۆرانی یەکی ڕەسەنمان بە کاڵ و کرچی ئەدەن بە گوێدا و ئەڵێن فەرموون بەرهەمی تازە. ئێوە وا ئەزانن ئەو خەڵکە لە گوێ ی گادا نووستووە و نازانێ کە ئەم گۆرانی یانە لە کوێ وە هاتوون.
خۆشبەختانە بە هۆی خەتی ئینتەرنێت و جیهانی تەکنەلۆژیای سەردەمەوە خەڵک زۆر وشیارو بە ئاگایە و ئەزانێ کە ئێوە هیچتان لە باردا نی یە و بەرهەمەکانیشتان پاش ماوەیەک دەچنە تەنەکەی خۆڵەوە. من خۆم تا بتوانم گوێ لە ماملێ ئەگرم نەک کەسێک لاسایی ئەو بکاتەوە یان خالقی بەهەمان شێوە.جێگای داخە کە کەسانێک هەن هیچ ئاست و زانیاری یەکیان نی یە لە سەر هونەری گۆرانی و موزیکی کوردی ، ئەکەونە ستایش کردن و دەستخۆشی کردن لەم لاسایی کەرەوانە و بە شێوەیەک هەڵیان ئەدەن تا ملیان ئەشکێنن. هەر بۆ نموونە کەناڵێکی وەکوو کوردسات چۆن دێت بەرهەمێکی وا کاڵ و کرچ و ناخۆش دەکاتە کلیپ ئەگەر پەیوەندی تایبەتی و مەسەلەی ماستاوەکەو زۆر شتی تریش نەبێت؟
هیوادارم بە چەند دێڕە پەیامەکەم گەشتبێت و ئەو کەسانەی کە چالاکن لە لاسایی کردنەوە و گەرم کردنەوەی گۆرانی یە ڕەسەنەکان ، واز لەم کارەیان بێنن و هەنگاوێکی بوێر بنێن و هەوڵ بدەن ببنە خاوەنی هەست و نەستی خۆیان. ئەو کاتە هەرچی یەکمان پێشکەش بکەن بە داهێنان هەژمار دەکرێت چونکە شتێکی تازەو هەڵقوڵاوی ناخی خۆیانەو پێشتر نە بیستراوە و نەبینراوە، خۆ ئەگەر ناتوانن ئەمە بکەن، توو گۆڕی ماملێ و عەلی مەردان وخاڵە تایەر و زیرەک وهتد ئیتر گۆرانی مەڵێن؟






نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە