كەس بەزەیى پێمدا نەیەتەوە من خۆم ئەو ژیانەم هەڵبژاردووە

Saturday, 31/10/2009, 12:00

2450 بینراوە


ئەو ڕستەیە فەرمودەى مامۆستا هێمنى شاعیرە كەزۆرجاران گوتومەتەوە ، ساڵى 1994 دەستم لەحیزبایەتى بەردا بەتەواوى دەستم كرد بەكارو خەباتى نەتەوایەتى لەگەڵ كرێكارى كردندا وەك خانو دروست كردن بیر هەڵكەندن نیسك و نۆك و گەنم و جۆو گیا دورین و بنێشت كردن و كنگرو ڕێواس و دۆرێ و گیاى چیایى ترو كۆڵە دار هێنان زۆرجاران هەتا ساڵى 2000 ڕووم كردۆتە ڕۆژهەڵاتى كوردستان كرێكارى و شوانى گاوانیم زۆر كردووە ،لەساڵى 1985 لەگەڵ جوڵانەوەى ڕۆژهەڵاتى كوردستاندا هەتا ساڵى 2005 پەیوەندیەكى هاوخەباتى نەتەوەییم هەبووە ، لەساڵى 1991 2005 هەمان پەیوەندیشم لەگەڵ جوڵانەوەى باكورى كوردستاندا هەبووە وەك پەكەكە بەتایبەتى ، لەساڵى 1992 هەتا 1996 لەگەڵ ڕێكخراوى كاوەو پارتى سۆشیالیستى كوردستان ڕێبەرایەتى كاك كەمال بورقاى دەیان هاوڕێى كۆمەڵەو سەدان لەجەماوەر هاوكارم بوون لەدژى شەڕى كورد كوژانە و دوور خستنەوەى هەزاران كورد لەو بێ ئابڕوییە نەتەوەیى و نیشتیمانیە بەرنامەى كارمان ڕەتاندن و خەساندن و خنكاندنى ئەمن و ئیستخبارات و مخابەرات و ئیتڵاعات و میت و ژیتەم و ئەرگەنەكۆن بوو وەك پاراستنى ئاسایشى نەتەوەیى ، جیا لەو كرێكارى كردنە بۆ ژیانى ڕۆژانە لەساڵى 1995 هەتا 2003 بە پچڕ پچڕى لەناو هێزى پێشمەرگەى یەكێتیدا هەمان كرێكاریم كردووە وەك خواردن دروست كردن چای لێنان قاپ و كەوچك و مەنجەڵ و قابلەمە شردن واش سەرانى چەتەگەرى یەكێتى دەستیان لەدوژمنایەتى كوێرانەى بێ ئابڕوویى خێڵەكیانەیان هەڵنەگرت لەدژمان بەتایبەتى لەساڵى 1997 2009 تەواو بێ تامیان كرد بەڵام گورزى هێندە كاریگەریشم پێیانداداوە كە كەس نەیوێراوە وەكو من لوتى بەرزى لەخۆ بایى سەرانى چەتەگەر بشكێنێ ، زۆر لە لەرپرسانى بەڕێزى یەكێتیش هاوكارى زۆریان كردووم بۆ هەژارانى بنەماڵەى شەهیدان پێشمەرگە دێرینەكان زیندانیانى سیاسى كەمئەندامان كرێكارانى هەژارو پێشمەرگەى كەم موچە وەك (كاك مستەفا سەید قادر ، كاك دكتۆر خەسرەو مام قادر ، دكتۆر كاوسێن بابەكر ، كاك بەكر ئەحمەد یەعقوب ، ناسراو بە (بەكرە سور هەولێرى) كەئێستا بەرپرسى مەڵبەندى قەرەچوخى یەكێتیە لەهەولێر ، كاك بەكرە سور لەساڵى 1999 هەتا 2002 جێنشینى (قائیمقام)ى ڕانیە بوو ئەوانەو زۆر بەڕێزى تریش هەبوون ئەو گیانە هاوكاریەیان تێدابووە بەڵام سەرانى چەتەگەرى هاوڕێچكەى ئەو بەڕێزانە زۆر زۆرپێچەوانەبوو ، ئەو هاوكاریە بچكۆلانە زۆر كەمەشیان بەڕەواى ڕەنج و تەمەن و خوێن و گیان بەخشیوان نەدەزانى كەخۆ پڕكەرو گەڵ قڕكەرى گەورە بوون ، حەیران ساڵح سلێمان ناسراو بە (مام حەیران بادینى) تێكۆشەرى بێ پسانەوەو دانەبڕاوى ساڵى 1961 2009 لەپارتى و یەكێتیدا ساڵى 1999 هەتا 2004 باوك و كوڕ بووین ئینجا سەرانى چەتەگەر بابو كوڕایەتیەكەیان تێكداین ، زۆرجار بەرپرسانى بەڕێز خواردن و چایەكەمیان نەخواردووە هەمیشە گوتیان بێ ئابڕوییەكى گەورەیە پێشمەرگەیەكى دێرین بنەماڵەى خۆى و شەهیدانى بەو كوێرەوەریە بەخێو بكات چۆن ڕومان دێت خواردنى دەستى بخۆین و چاى دەستى بخۆینەوە ، ساڵى 2000 شەڕێ كوردكوژانەى یەكێتى و پەكەكە دەستى پێكرد سەرەڕاى نەخشى بەرچاومان لەدوور خستنەوەى سەدان تێكۆشەرى هەردووك لا لەو شەڕە بێ ئابروییە (مام حەیران) فەرمووى : بڕۆ بۆ شارۆچكەى سەنگەسەر بۆ خزمەت كاك (تۆفیق كانى وەتمانى) لەبارەگاكەیدا خواردن دروست بكە ، (مام حەیران) ئەوكارەى منى زۆر پێ ناخۆش بوو وەك زۆر بەڕێزى تر بەبێ ڕێزیان دەزانى بە سەروەریەكانى ئێمە بەڵام من بەشانازیەكى گەورەم دەزانى دروشمەكەم ئەوەبوو وەكو كورد فەرمویەتى (هەژارى شورەیى نیە ، دزى و حیزى شورەییە) دواى سێ ڕۆژ دەست بەكاربوونم (كاك تۆفیق) هاتە بارەگاكەى فەرمووى : ئەوە كێ ئەو خواردن و چایە خۆشەى دروست كردووە پێشمەرگەیەك گوتى كوڕى مام حەیرانى برادەرتە ، كاك تۆفیق فەرماندەیەكى دێرینى كۆمەڵەو یەكێـتى بوو توندو سەر ڕەق بەئاشكرا دۆستایەتى و دوژمنایەتى بەرامبەرەكەى دەكرد چونكە ئەو شەڕە براكوژیەشى نەكردبوو زۆرم پێ پیاو بوو ، كاك بەكرە سوریشم لەسەر ئەو ناموسە بەرزە زۆر خۆشویست كە لەهەموو شەڕە بێ ئابڕوییەكاندا خۆى دوورە پەرێز دەگرت بەپێودانگى سەرانى چەتەگەرى بێ ئابڕوى كورد كوژ ئەو هەڵوێستە جوانە ترسنۆكى و بەزین بوو ، كاك تۆفیق فەرمووى : كوڕى مام حەیران ناوت چیە ؟ گوتم باپیر گوتى بۆ بەبادینى قسە ناكەى ، گوتم خەڵكى گوندى دۆڵەگۆمى چیاى ئاسۆسم كە بەرامبەرتە ، فەرمووى شاعیرێكى زۆر بەشەرەفتان هەیە دەیناسى ؟ گوتم زۆر شاعیر لەوێ هەن وەك (كاك لوقمان) كە دەرچووى كۆلێژى یاساو ڕامیاریە بەرپرسى مافى مرۆڤ و ئاوارەو ئەنفالە لەڕانیە (كاك مستەفا و كاك هەژار) كوڕانى شەهیدى فەرماندەى شۆڕشى ئەیلول و یەكێتى (محەمەدى حاجى ڕەسوڵى دۆڵەگۆمن) كەساڵى 1977 لەناو گوندى دۆڵەگۆمدا شەهید بووە ئەو سێ كەسە شاعیرو نوسەرى چاكن ، (هەژار) هونەرمەندى شانۆشە لە 1997 بۆ ئێستا لە ئەڵمانیا دەژى ، مستەفاش ڕابەرى سیاسیە لەناو هێزى پێشمەرگەى یەكێتیدا ، (كاك تۆفیق) فەرمووى درۆ دەكەى خەڵكى دۆڵەگۆم نیت من ناوى ئەوانەم نەبیستووە كاك (ڕەنجدەر دۆڵەگۆمى) دەڵێم ، گوتم ناوەكەم وەپێش خۆم كەوتووە ڕەنجدەر منم ، زۆر تێكچوو فەرمووى تۆ زۆر لەوە پیاوترى ئەوە كاری تۆ نییە، گوتم من بۆخۆم ئەو ژیانەم هەڵبژاردووە، فەرمووی هەتا دەسەڵاتم هەبێت (750) دینارت هەیە، بڕۆ كاری خۆت بكە، (8) مانگ ئەو موچەیەم هەبوو، دوای ئەوە مام جەلال زۆری موچەكانی بڕی، چونكە براكوژی لەگەڵ پەكەكە نەكردبوو، ساڵی 2003 كڵاوێكی زۆر گەورەى لەسەرم نا، فەرمووی ناسنامەى خۆتو شەهیدەكانت بێنە، لەگەڵ ژنو منداڵەكان، دوو وێنەى خۆشت، لە كۆمپانیایەك دات دەمەزرێنم، لەلای كەسێكی بەڕێزی كۆمەڵە، مێژووی خەباتەكەشت دەنوسم منیش وتم (1983) بوومە كۆمەڵە وەك رێكخستنی ناوشار (1/6/1988) لە كەرتی (5)ی تیپی (63)ی جوتیاران بوومە پێشمەرگە، دوای ڕاپەڕینیش حزبایەتیم نەكردووە، فەرموی (7) رۆژی كە وەرەوە، كە چوومەوە فەرمووی ئەوە ناسنامەكەت، وتم كەى دەست بەكار بم، فەرمووی پلەت سەرتیپەو خانەنشینی وەك پێشمەرگەى دێرین، وتم مەمنون دەبم، ئەو كارەم ناوێت، فەرموی نا لەسەری مەڕۆ، هەتا ئێستاش برادەرایەتیمان خۆشە، زۆر جار دەچمە خزمەتی كە ئەدەب دۆستە پەرتووكی داستان بۆی دەبەم، هەمو جارێ دەڵێم پیاوی بچكۆلە كاری بچكۆلەو دیاری بچكۆلەى لەدەست دێت، كە دەچمە خزمەتی زۆر بەڕێزەوە پێشوازیم لێ دەكات، كە ئێستا بەرپرسی دووەمی لیستی گۆڕانە لە ڕانیە، كاك بەكرە سورو كاك مستەفا سەید قادرو كاك عەبدوڵای برای كاك مستەفاو دكتۆر كاوسێنو زۆر بەڕێزی تریش هەن كە دۆستایەتیمان هەیە، بەڵام تەنیا كاك عەبدوڵڵاو كاك دكتۆر كاوسێن زۆر جاران هاتونەتە سەردانی بنەماڵەى ئێمە، كەسی تر نەهاتووە، بەرپرسە بەڕێزەكان لەڕویان نەهات هەر بڵێن دەنگی خۆتو بنەماڵەى شەهیدەكانیشت بدە بە لیستەكەمان، فەرمویان لەبەر ئەو كەسانەى كەتۆ پێیان دەڵێی چەتەگەر هاوڕێچكەی ئێمەن لەڕومان نایە هەتا بڵێین دەنگی خۆشتمان پێبدە، ناشكرێ وەكو تۆ خۆمان دوچاری ئەو هەموو كوێرەوەریو ژیانە سەختە دژواریە بكەین، چونكە پێمان ناكرێ، هەر چوار منداڵەكەى شەهید عەلى نەخۆشی دەرونیو نائارامی مێشكو قورگو لوتو گوێو چاویان هەیە، لە ساڵی (1997)ەوە بۆ ئێستا یەك جار لەگەڵمدا هاتون بۆ سەیرانی ناوجەماوەر، چونكە هێرشو پەلامارو گەمارۆی ئابوریو دەرونیو دورخستنەوەى جەماوەری لەلایەن سەرانی چەتەگەرەوە دوچاری ترسو دڵًەراوكێو گۆشەگیری كردوون، بەڵام نەمهێشتووە بێناز ببن، هەتا ئێستاش لەلای خەڵكی دەڵێن كوڕو كچی رەنجدەر دۆڵەگۆمین، زۆر كەم دەڵێن كوڕو كچی شەهید (عەلیە سورەیین) بەڵێ لە كوردستاندا پەپولە باڵكێشراوەكانی وەكو ئەو چوار پەپولە هەتیو كراوە زۆرن، كە لە مافە سەرەتاییەكانی منداڵیان بێبەشن، سەرانی چەتەگەر بەوەندەش رازی نەبوون كە هەر باوكیان بكوژن، بەڵكو دەستیان لە بیناقاقاشیان ناوە، هەتا بیان خنكێنن، بەو شێوەیە پاداشتی بنەماڵەى رەنجو تەمەنو خوێنو گیان بەخشیوان بە كوردو كوردستانیان داوەتەوە.

رەنجدەر دۆڵەگۆمی
25/10/2009
رانیە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە