عوقدەی نەقێو دونیەت لە لای ئەحمەد میرە .

Saturday, 10/07/2010, 12:00

2152 بینراوە


گۆڤاری لڤین لە دەرچونی یەكەم ژمارەوە، كە مۆری رەسمی رێكخراوی گەشەپێدانی یەكگرتوی ئیسلامی لەسەر بووە، ئێستاشی لەسەر بێت، عوقدەی سەربەخۆیی هەیە. عوقدەیەك كە نە مانشێتو نە هەواڵو نە راپۆرتو نە ووتار لە سەر یەكگرتوی ئیسلامی كوردستانو ئەمیندارو ئەندامانی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە فریای نەكەوت، عوقدەكەی كاڵ نەكردەوە،دەردەكەی تیمار نەكردن.

هۆكاری شۆڕبونەوەی ئەم گرێ دەرونییە لە یەكەم ژمارەوە تا دوا ژمارەی ئەم گۆڤارە زۆر سادەو ساكارە: مێژووەكەی لە سەرەتای دەرچونی گۆڤاركە دەستپێدەكاتو تا ئەمرۆش ئەو تارماییە بەسەر لاپەڕەكانییەوە دیارە.

لڤین بە پارەی جەلال تاڵەبانی، سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، دەستیان پێكرد. پارەیەك كە سەڵاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەكگرتوو، لەو حزبەی وەگرتو رێكخراوی لاوانو قوتابیانی پێ بەهێز كرد. بڕوانە سەرەتاكانی دەرچونی ئەم گۆڤارە دەزانن بۆ كێو لە پێناوی كێو بەرژوەندی كێ ئەم گۆڤارە هاتە بەر دیدی خوێنەرانی. ئەو كۆمەكەی تاڵەبانی ئەوسا بۆ رۆژنامەنوسانی لڤین حەڵاڵ بوو چونكە لە دەستی پاكی ئیخوانەوە بۆ ئیخوان بوو. موشكیلە نییە كە سەرچاوە داراییەیەكەی لە میزانییەی گشتی حكومەتەكەی یەكێتییەوە بوبێت.

پارەكەی سكرتێری گشتی یەكێتی، كە گۆڤاری لڤینی پێدەركرا، ئەگەر بێتو بە زمانی هەواڵسازەكانی ئەحمەد میرەو ئەو گۆڤارە گوزارشتی لێبكەین، ئەوە پارەی هەژاران و رەش و رووتانی ئەم وڵاتەیە كە بۆ راگەیاندنی حزبی سەرفكرا لڤینی پێهاتە ناو خێزانی رۆژنامەگەری كوردی. پارەی خەڵك بوو كرا بە قوڕگی مشەخۆرانی راگەیاندنی حزبیو ئێستا ئەحمەد میرە، سەرنوسەر، و هاوڕێكانی قەشمەری دەكەن كە پارەی خەڵك دەخۆن. بودجەی كچانو كوڕانی ئەنفالكراوی ئەم وڵاتە بوو كرا بە پرۆژەی ئاهەنگی دەرچوونی گۆڤاری لڤین و ئێستا برادەرانی ئەو گۆڤارە موزایەدەی گەندەڵی بەسەر كۆمەڵگەی كوردییە پێدەكەن.

سەردەمی زێڕینی لڤین سەرنوسەرە ناقسەكەی ئەو كاتەبوو كە ویستیان لەژێر كاریگەری عوقدەی وابەستەییان بە یەكگرتووی ئیسلامی دەرچن. هەڵپەی سەربەخۆیییان كردو بۆ ئەوەی بێنە ژێر دەوارەكەی رۆژنامەی هاوڵاتیو ئاوێنە. بەڵام هەر ئەوكاتە كەوتنە داوی عوقدەی خۆبەكەمزانین (دونییەت). تەماشاكەن بەردەوام خۆیان بە رۆژنامەی ئاوێنەو هاوڵاتی دەبەستنەوە، ناتوانن ناوی خۆیان بەرن بە بێ ناوهێنانی ئاوێنەو هاوڵاتی وەك پاسپۆرت بۆ وەهمی سەربەخۆییان. وەلێ ئەمەشیان تارمایی یەكگرتوی لەسەر سیاسەتی گۆڤارەكە كاڵنەكردەوە.

عوقدەی هەستكردن بە دونیەتو نەقێی سەربەخۆییو گرێَ دەرونییەكانی میرە، گۆڤاری لڤین خستۆتە قۆناغێكی تازەوە ئەویش كەمی فرۆشێتی. سەردەمێك فرۆشی ئەو گۆڤارە لە 20 هەزار تێپەڕی كرد.بەڵام بەپێی هەندێ سەرچاوە، ئێستا فرۆشی گۆڤارەكە لەخوار نیوەیە.

كەمی فرۆشی ئەو گۆڤارە لەچاو قۆناغی ڕابردوو هەڵگیرسانی ناكۆكیو شەڕی ئەو گۆڤارە لەگەڵ هەندێ رۆژنامەو وزارەتو وەزیری خوێندنی باڵا بەرهەمهێنا، بێ ئەوەی بپرسن ئەم شەڕە لە بەرژوەندی كێ ئەكەن؟ ئەم جوهدو تاقەتە بۆ كێ سەفدەكەن.

گۆڤارێك بەم هەموو گرێ دەرونیەوە، كە بە عوقدەكانی دونیەتو نەقێی سەربەخۆییو شۆڕبێتەوە بۆ عوقدەی كەمی فرۆش، شایەنی بەزەییە، ئەوەندەمان لە دەستدێت دوعای خێری بۆ بكەین.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە