ئێران به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌ گه‌ڵ حکوومه‌تی هه‌رێم، کوردستان تۆپباران ده‌کات

Wednesday, 05.27.2009, 12:00

3968 بینراوە


به‌رپرسی کۆنسولگه‌ری ئێران له‌ هه‌ولێر "عه‌لی په‌ناهی" له‌ چاوپێکه‌وتنێکدا که‌ رۆژنامه‌ی ئاوێنه‌ سازی داوه‌ و له‌ ژماره‌ 174 رۆژی سێشه‌ممه‌ 2009-05-26 دا بڵاوبۆته‌وه‌ باسی ئامانجه‌کانی سه‌ردانه‌که‌ی خامه‌نه‌یی بۆ کوردستانی کردووه‌ و هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌ ئه‌وه‌ش ده‌کا که‌ تۆپبارانکردنی سنووره‌کان به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی هه‌رێم ئه‌نجام دراوه‌.
سه‌فه‌ره‌که‌ی خامه‌نه‌یی بۆ کوردستان هه‌ڵگری گه‌لێک پیلان و به‌رنامه‌ی تازه‌ی کۆماری ئیسلامی ئێران بوو بۆ پته‌وکردنی پایه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و راکێشانی سه‌رنج و ده‌نگی خه‌ڵکی کوردستان بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگ به‌ کاندیدی جێی په‌سندی خامه‌نه‌یی بده‌ن که‌ ئه‌ویش سه‌رۆککۆماری ئێستای ئێران و یه‌کێک له‌ چوار کاندیده‌که‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆککۆماری ئێران "مه‌حموود ئه‌حمه‌دینه‌ژاد"ه‌. عه‌لی په‌ناهی کاتێک باس له‌ ئامانجی سه‌ردانه‌که‌ی خامه‌نه‌یی ده‌کا زۆر راشکاوانه‌ سه‌ره‌کیترین ئامانجی ئه‌م سه‌ردانه به‌‌ نیشاندانی هێز و ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی له‌ کوردستان له‌قه‌ڵه‌مده‌دا. ناوبراو ده‌ڵێ:"دیاره‌ هه‌ندێک پڕۆپاگه‌نده‌ هه‌یه‌ که‌ کوردستانی ئێران ره‌خنه‌ی له‌ کۆماری ئیسلامی هه‌یه‌ یان کوردستانی ئێران وه‌ک بێگانه‌ ته‌ماشای حکوومه‌تی ئێران ده‌کات، هه‌روه‌ها پڕۆپاگه‌نده‌ هه‌یه‌ که‌ ئۆپۆزیسیۆنی کوردی تیایه‌. ئه‌م گه‌شته‌ ده‌یسه‌لمێنێ که‌ کۆماری ئیسلامی چه‌ند به‌هێزه‌ له‌ کوردستان و ناوچه‌کانی سه‌ر سنوور دا." عه‌لی په‌ناهی نایشارێته‌وه‌ که‌ خه‌بات و چالاکیه‌کانی پژاک کاربه‌ده‌ستانی رژیمی وه‌ دڵه‌ڕاوکێ خستووه‌ و خامه‌نه‌یی بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگاچاره‌یه‌ک له‌مه‌ڕ به‌ربه‌ست کردنی پژاک چه‌ندین کۆبوونه‌وه‌ی جۆراوجۆری پێکهێناوه‌ و وه‌ها ده‌دوێ:"هه‌روه‌ها مه‌قامی موعه‌زه‌می ره‌هبه‌ری له‌ گه‌شته‌که‌ی دا چه‌ندین کاربه‌ده‌ستی پایه‌بڵند و وه‌زیر و به‌رپرسی سه‌ربازی و ئابووری هاوڕێیه‌تیان ده‌کرد که‌ له‌وێ کۆبوونه‌وه‌یان کرد بۆ ئه‌وه‌ی بڕیار بده‌ن که‌ چۆن بتوانن خزمه‌ت به‌ خه‌ڵک بکه‌ن و به‌رامبه‌ر ئه‌و تیرۆریستانه‌ بوه‌ستن که‌ له‌ عێڕاقه‌وه‌ هێرش ده‌که‌نه‌ سه‌ر ئێران و پیلانه‌کانیان پووچه‌ڵ بکه‌نه‌وه، ئه‌مانه‌ ئامانجی سه‌ردانه‌که‌ی بوو."
به‌رپرسی کۆنسولگه‌ری ئێران له‌ هه‌ولێر ئه‌وه‌ ره‌تده‌کاته‌وه‌ که‌ له‌ ئێران شتێک به‌ نێوی کێشه‌ی کورد هه‌بێ و ده‌ڵێ:"کێشه‌ی کورد! کۆماری ئیسلامی ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ قبووڵ ناکات." ناوبراو کێشه‌ی کورد و مژاری هاووڵاتی پله‌ دوو ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می رژیمی شای په‌هله‌وی و بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌کا که‌ به‌ هاتنه‌ سه‌رکاری کۆماری ئیسلامی ئیتر کێشه‌ی کوردیش نه‌ماوه‌. هه‌روه‌ها خه‌بات و تێکۆشانی کورد له‌ ساڵانی سه‌ره‌تای ته‌مه‌نی رژیم دا و ئۆپۆزیسیۆنی کوردی به‌ ئه‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌کا که‌ له‌ پاڵ رژیمی سه‌ددام دا شه‌ڕی کۆماری ئیسلامییان کردووه‌ و "رێگه‌ ناده‌ین بێن به‌شداری له‌ پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن(هه‌ڵبژاردنه‌کانی پاڕله‌مان) دا بکه‌ن." هه‌روه‌ها ناوبراو له‌ وڵامی پرسیارێک دا ئه‌وه‌ ره‌تده‌کاته‌وه‌ که‌ ئه‌وان گونده‌کانی باشووری کوردستانیان تۆپباران کردبێ و ده‌ڵێ که‌ ته‌نیا سنووره‌کانیان تۆپباران کردووه‌. سه‌باره‌ت به‌ بۆردوومانی سنووری پێنجوێنیش بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه‌ به‌ ره‌شه‌کوژیه‌کانی هێزه‌کانی رژیم له‌ سه‌ر سنووره‌کان بکا، هۆکاره‌که‌ی گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ که‌سانێکی تیرۆریست ئاژاوه‌ ده‌نێنه‌وه‌ و ته‌گه‌ره‌ ده‌خه‌نه‌ به‌رده‌م کاری بازرگانی. عه‌لی په‌ناهی به‌رپرسی کۆنسولگه‌ری ئێران له‌ هه‌ولێر ئه‌وه‌ش ئاشکرا ده‌کا که‌ حکوومه‌تی هه‌رێم ئاگاداری ئه‌م په‌لاماره‌ بووه‌ و ده‌ڵێ:"ئه‌وه‌ش له‌ رێگه‌ی هه‌ماهه‌نگی ته‌واوی نێوان هێزه‌کانی کۆماری ئیسلامی له‌ گه‌ڵ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ بوو، به‌رپرسانی هه‌رێم لێی ئاگادارن." ناوبراو له‌ وڵامی ئه‌و پرسیاره‌ دا که‌ بۆچی کێشه‌کانتان له‌ گه‌ڵ پژاک به‌ گفتگۆ و به‌ شێوه‌یه‌کی ئاشتیانه‌ چاره‌سه‌ر ناکه‌ن، ده‌ڵێ که‌ ئه‌وان گرووپی پژاک ناناسن و ئه‌وانه‌ی ئه‌و کارانه‌ش ده‌که‌ن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی خۆیان ده‌یکه‌ن.
‌شیاوی باسه‌ که‌ رژیمی ئێران ئێستاش به‌رده‌وامه‌ له‌ سه‌ر تۆپبارانکردنی گوند و ناوچه‌ سنوورییه‌کانی باشووری کوردستان و ته‌نانه‌ت ماوه‌یه‌ک له‌مه‌و به‌ر گوندێکی سه‌ر به‌ شه‌مزینانی باکووری کوردستانی تۆپباران کرد. حکوومه‌تی هه‌رێم تا ئێستا هیچ هه‌وڵ و هه‌ڵوێستێکی جددی بۆ به‌رگرتن له‌ تۆپبارانه‌کانی ئێران و تورکیه‌ نیشان نه‌داوه‌ و دوای تۆپبارانه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی رژیمی ئێران، یه‌که‌م کاردانه‌وه‌ی پاڕله‌مانی هه‌رێمی کوردستان مه‌حکووم کردنی پژاک بوو.