تایبەت مەندى هەرێمى كوردستان لە چەند دێڕێكداٍ

Saturday, 03.07.2015, 12:00

1464 بینراوە






لە ئێستادا هەرێمى كوردستان هەموو بنەماكانى بە دەوڵەتبونى تێدایە و قەوارەیەكى سیاسى قانونییە بەڵام سەروەرى دەرەكى كەمى هەیە . واتە دەوڵەت نییە و پارەى تایبەت بە خۆشى نییە ٍ. بەڵام سەروەرییەكى بەرچاوى ناوەكى هەیە . هەرێمى كوردستان خاوەنى سەرۆكایەتى هەرێمە كە لە بەرامبەر سەرۆكایتى كۆمار هەژمار ئەكرێت . خاوەنى پەرَلەمانى هەڵبژێراوى خۆیەتى لەگەڵ حكومەتى تایبەت بە خۆى . دام و دەزگاى حكومەت و دادگاى تایبەتى بە خۆى هەیە .
لەبرى زانكۆیەك دەیان زانكۆ لە هەرێمى كوردستان هەیە . خاوەنى هێزێكى چەكدارى تۆكمەیەو لە ئێستادا ئەو هێزە زۆر لە سوپاى عێراق بە توانا ترە بە شاهیدى هێزە هاو پەیمانەكان .
ٍهەرێمى كوردستان گرێبەستى لەگەڵ كۆمپانیا گەورەكانى جیهان بۆ دەرهێنانى نەوت مۆركردوەو ئێستا لە هەرێمى كوردستان نەوت دەر ئەهێنرێت و لە ڕێگاى بۆریشەوە هەناردەى وڵاتانى دەرەوە ئەكرێت و ئەفرۆشرێت . هەرێمى كوردستان خاوەنى ئاڵاى تایبەت بە خۆیەتى و لەسەر هەموو دام و دەزگاكانى هەرێمى كوردستان بەرزكراوەتەوە .لە برى چەند بانكێك دەیان بانك هەیە
پەیوەندى لەگەڵ وڵاتان هەیەو لە زوربەى وڵاتاندا نوێنەرایەتى تایبەت بە هەرێمى كوردستان هەیە . لە كاتى سەفەرەكانى سەرۆكى هەرێم و سەرۆكى حكومەت و سەرۆكى پەڕلەمان , بە شێوازێكى زۆر جوان پێشوازییان لى ئەكرێت كە نزیكە لە پێشوازى سەرۆكەكانى دنیاوە.
دەیان دەوڵەتى گەورەو بچوك لە هەرێمى كوردستان قونسولخانەیان كردۆتەوە و نوێنەرایەتى وڵاتانى خۆیان ئەكەن . بە شێوەیەكى گشتى لە ئێستادا دەسەڵاتەكانى هەرێمى كوردستان لە بوارى حوكمڕانیدا لە فیدڕاڵیەت زۆرترە و هەر ئەوە ماوە لە لایەن دەوڵەتانى جیهانەوە دانى پێدا بنرێت وەكو دەوڵەتێكى سەربەخۆ و خاوەنى پارەى تایبەت بە خۆى بێت . بەم پێو دانگە بێت ئەبێ لێكچونى گەورە هەبێت لە نێوان شێوازى بەڕێوەبردنى حوكمڕانى یان دەوڵەتدارى لە هەرێمى كوردستان و دەوڵەتانى ترى جیهاندا . بەڵام لە ڕوى بەڕێوەبردنەوە یان بە مانایەكى تر دەوڵەت دارییەوە تا ئێستا هەرێمى كوردستان بە شێوەى هەڕەمەكى بەڕیوە ئەبرێـت لە لایەن حیزب و بنەماڵو كەسانى ناو بنەماڵەوە سیاسەتى هەرێم بڕیارى لى ئىدرێت و یاسا سەرەوە نییەو گەندەڵییەكى یەكجار بەرچاو ئەكەوێت و لێپرسینەوەش لە كەس ناكرێت . بە گشتى جیاوازیەكانى نێوان دەوڵەتانى تر و هەرێمى كوردستان لە ڕوى دەوڵەت دارییەوە لەم خاڵانەى خوارەوەدا خۆى ئەبینێتەوە:ٍ
یەكەم : لە هەموو وڵاتاندا سوپاو هێزەچەكدارەكان , نیزامى و حكومین و لە ژێرفەرماندەیی وەزارەتى بەرگریدان و بە فەرمانى ئەو وەزارەتە جوڵەیان پێ ئەكرێت . بەڵام لە هەرێمى كوردستان هێزەچەكدارەكان موڵكى حیزبى تایبەتن و بە فەرمانى كەسانى حیزبى جوڵەیان پێ ئەكرێت .
دووەم: لە وڵاتانى دنیادا بانكەكەن یان سەر بحكومەتن یان لە شێوازى كۆمپانیاى پشكدارن و هەموو كاتێك پڕن لە پارەو جێگەى متمانەى هاوڵاتیانن و كەس پارە لاى خۆى هەڵناگرێت و لە بانكەكان داى ئەنێن . لە هەرێمى كوردستان بانكەكان موڵكى حیزبەكانن یان كەسانى سەر بەحیزبەكانن و تا ڕادەیەك پارەشیان تێدایەو جێگەى متمانەى هاوڵاتیانن .
ئەگەر حكومەت خاوەنى بانكى تایبەتیش بێت , بەردەوام بەتاڵن و پارەیان تێدا نییەو جێگەى متمانە نین و كەس پارە ناخاتە بانكەكانى حكومەتەوە چونكە كە ویستت پارە دەرێنى ئەڵین بانق پارەى تێدا نییەو بەتاڵە . ئەگەر حكومەت پارەى نەما لە بانكەكانى حیزب یان لە بانكەكانى بەرپرسانى حیزب پارە قەرز ئەكەن . بۆیە لە هەرێمى كوردستان بەردەوام حكومەت قەرزدارى حیزبەكانە .
سێیەم: لە وڵاتانى دنیا دەستور بۆ بەرژەوەندى هاوڵاتیان هەموار ئەكرێت . بەڵام لە هەرێمى كوردستان دەستور بۆ حیزبێكى تایبەت یان بنەماڵەیەكى تایبەت هەموار ئەكرێت . بۆیە هەرێمى كوردستان تا ئێستا خاوەنى دەستورى خۆى نییە و رێكەوتنى لەسەر نەكراوە .
چوارەم : لە وڵاتانى دنیا زانكۆكان و ناوەندەكانى خوێندن سەر بەخۆن و بودجەى تایبەتى خۆیان هەیەو كەسیش ناتوانێت دەست بخاتە كارو باریانەوە . ئەو ناوەندانە نەوەى دوا ڕۆژپێ ئەگەیەنن و زانكۆى ئەو وڵاتانە بونەتە ناوەندى توێژینەوەى زۆر گرنگ و وڵات بەرەو پێشەوە ئەبەن .
لە هەرێمى كوردستان زانكۆكان و ناوەندەكانى خوێندن سەربەخۆ نین و لە لایەن كادیرانى حیزبەوە بەڕێوە ئەچن و بەرپرسى حیزبى ئەتوانێت تەمەڵترین خوێندكار بۆ خوێندنى ماستەرو دكتۆرا بنێرێت و بەو هۆیەوە ئاستى خوێندن زۆر دابەزیوەو ئەوەى لە ئێستادا ئەچێتە زانكۆ هەر بۆ وەرگرتنى بڕوانامەى بێ ناوەرۆكەو هیچ فێر نابێت . بۆیە لە هەرێمى كوردستان هیچ ناوەندێكى توێژینەوە نییە و ئاستى زانستى زۆر لە دوایە.ٍ
پێنجەم: پەیوەندى نێوان وڵاتان لەسەر ئاستێكى دبلۆماسى باڵایەو ئەو كەسەى بە نوێنەرایەتى لە وڵاتێك دا ئەنرێت , دەبێتە نوێنەرى ڕاستەقینەى ئەو وڵاتە. نوێنەرى هەرێمى كوردستان لە وڵاتانى تر لەسەر ئاستى حكومى نییەو ئەوە حیزبەكانن كە نوێنەرى خۆیان هەیە .
شەشەم : لە وڵاتانى جیهاندا ئەگەر سەرۆكەكەى نیازى هەبوو سەردانى وڵاتێك بكات پیش وەخت باسى ئەكەن و ڕۆژى سەفەر دیارى ئەكرێت و وەڤدى یاوەرى سەرۆك دیارى ئەكرێن و ئەمانە هەموو بە نوینەرایەتى حكومەت ئەو سەفەرە ئەكەن و مەبستى سەفەرەكەش باس ئەكرێت و شتى شارەوەى تێدا نابێت .
لە هەرێمى كوردستان كە سەرۆكى هەرێم یان حكومەت سەفەر ئەكەن زۆر جار هەر باسیشى ناكەن و وەڤدى یاوەریش هەموو ئەندامانى حیزبى سەرۆك ئەبێت و زۆر جار كەسیش نازانێت بۆچى ئەچن . سەرۆكى وڵاتان ئەگەر لە گەشتابوو لە وڵاتەكەى ڕوداوێك یان پێشهاتێك هاتە پێشەوە , خیِرا كۆتایی بە گەشتەكەى دێنێت و ئەگەڕێتەوە بۆ وڵات بۆ ئەوەى لە نزیكەوە ئاگادارى ڕوداوەكان بێت . بەڵام سەرۆكەكانى ئێمە لە گەرمەى شەڕو ڕوداوەكاندا خۆیان ون ئەكەن , بۆ ئەوەى كەس نەزانێت بۆ كوێ ئەچن و بۆ چى ئەچن . چونكە ئەمانە بۆ كارى تایبەتى خۆیان ئەچن نەك میللەت..
حەوتەم: لە وڵاتانى دنیادا كە هەڵبژاردن ئەنجامدرا هەتا حكومەتى نوێ دەست نیشان ئەكرێت حكومەتى پێشو حكومەتى كاربەڕێكەر ئەبێت . واتە كارى ڕۆژانە ئەكات و كار بە ڕێ ئەكات و بە پێی یاسا بۆى نییە گریێبەستێك لەگەڵ هیچ كۆمپانیایەك یان دەوڵەتێك مۆر بكات.
بەڵام لە هەرێمى كوردستان جیاوازى حكومەتى هەڵبژێراو كار بەڕێكەر نییەو ئەى بە چاوى خۆتانٍ نەتاندى كاتێك هەڵبژاردن كرا , هێشتا حكومەتى كابینەى هەشت پێك نەهێنرابوو , بەڕێز نێچیر بارزانى سەرۆكى حكومەتى كاربەڕێكەرى كابینەى حەوت بوو , خۆی و ئاشتى هەورامى چون بۆ توركیا گرێبەستیان بۆ پەنجا ساڵ مۆركرد كە مەگەر ئەو دوانەو خوا بزانێت چیان كردووە؟؟ هەتا ئێستاش پەرَلەمانى كوردستان وردەكارى ئەو گرێبەستە نازانێت .
هەشتەم : لە ولاِتانى دنایادا بانگهیشتى سەرۆكى وڵات یان سەرۆكى حكومەت بۆ لێپرسنەوە كارێكى ئاسایی و یاساییە . بەڵام لە هەرێمى كوردستان نەك ئاساییە بەڵكو كوفرەو یاسایش نییە چونكە سەرۆك لە سەروى یاساوەیە . ئەوەتا كە باسى هەموار كردنەوەى دەستور ئەكرێت , سەرۆكى هەرێم ڕازى نییە چونكە نابى دەستورەكە بە شێوەیەك بێت كە ڕێگا بدرێت سەرۆك لێپرسنەوەى لەگەڵ بكرێت . لە ماوەى پێشودا هەندێك لە ئەندام پەڕلەمانەكان داوایان كردبوو سەرۆكى حكومەت بانگهیشتى پەڕلەمان بكرێت و هەندى پرسیارى ئاراستە بكرێت كە ئەمە زۆر ئاساییەو دنیا وێران نابێت , بەڵام سەرۆكى فراكسۆنى پارتى وتبوى ئەوانەى داواى ئامادەبونى سەرۆكى حكومەتیان كردوە بۆ پەڕلەمان تەنها بۆ موزایەدەى سیاسییە .
واتە سەرۆكى حكومەت پیاوى ئەوە نییە لێپرسینەوەى لەگەڵ بكرێت و ئەوانەشى ئەو داوایەیان كردووە هەر بۆ موزایەدەیەو خۆیان ئەزانن نابێـت سەرۆكى حكومەت لێپرسینەوەى لگەڵ بكرێت چونكە ئەو مەعسومە . سەیركەن سەرۆكى فڕاكسیۆنێكى حیزبێكى گەورەى ئەم كوردستانە كە بەناو زۆرینەى دەنگەكانى هێناوە چۆن بیر ئەكاتەوە ؟؟ ئەبى تا چەند ساڵى تر بتوانرێت عەقلیەتى ئەمانە بگورٍێت . كوردیش چاوەڕوانى ئەم حیزبەیە كە سەرۆكى فِراكسیۆنەكەى ئاوا بیر ئەكاتەوە . حكومەتى كوردى ڕاگەیەنێت .
یەعنى كاكم هەڕگیز ڕازى نابێت پرسینەوە لە گەڵ سەرۆكى حكومەت بكرێت دەربارەى وردەكارى گریًبەستى پەنجا ساڵە لەگەڵ توركیادا . بەڕاستى ئەوەیە ئەندام پەڕلەمان .
نۆیەم : لە هەرێمى كوردستان نابێت حكومەت فرۆكەخانەى هەبێت بەڵام حیزبێك ئەیەوێت 1000 دۆنم زەوى ئەم وڵاتە بۆخۆى داگیر بكات بۆ ئەوەى بیكاتە فڕۆكەخانە بە عەقد بۆ پەنجا ساڵى بچكۆلەو ساڵى بە برَى 25000 دۆلار . دیارە ئەم حیزبە ئەیەوێت حكومەت بۆردومان بكات لە كاتێكدا حكومەت بە قسەى حیزبى نەكرد . بەڕاستى تا ئێستا حەوت شتى سەرسوڕهێنەر لە دنیادا هەبٍون بەڵام پێ ئەچێت حكومەتەكەى ئێمە ببێتە هەشتەمین . چونكە لە جیهاندا حكومەتەكەى ئێمە وێنەى نییە.
دەیەم : لە هەموو دنیادا لە كاتى دامەزراندن لە دام و دەزگاكانى حكومەتدا یان كەرتى تایبەت هەوڵ ئەدرێت كەسى شیاو لە شوێنى شیاو دانرێت بە واتایەكەكى تر باشترین كەسى شارەزاز لێزان و پیسپۆر دەست نیشان بكرێن بۆ ئەوەى بتوانن بە باشترین شێوە كارەكانى خۆیان ڕێك بخەن و وڵات بەرەو پێشەوە بەرن.
ٍ بەڵام لە وڵاتى ئێمە كەسى شیاو یەعنى كادیرى حیزب . لە فەلسەفەى حكومەتى هەرێمى كوردستاندا شیاوترین كەسى شیاو بۆ شوێنى شیاو ئەو كادیرە حیزبییەیە كە فەرمانەكانى حیزب جێبەجێ ئەكات ٍ ,خواى ئەكرد سەرە واوێكى لە مێشكدا نەدەبوو . گرنگ ئەوەیە كار بۆ حیزب بكات و كارمەندەكان بكاتە كۆیلەى حیزب , بۆیە وڵاتەكەمان ئاوا پێشكەوتوەو بەو حاڵەشى ئێستا سوریا هەیەتى , سەوزەو میوەمان لە وێوە بۆ دێت لە سایەى حیزبەوە.
یانزەیەم: لە وڵاتانى دنیادا كە هەڵبژاردن كرا , زۆر بە ئاسانى دەستاو دەستكردنى دەسەڵات ئەنجام ئەدرێت . بۆ نمونە : سەرۆكى پەرَلەمانى كۆن هەموو ئەرشیفى پەرَلەمان ڕادەستى سەرۆكى پەڕلەمانى تازە هەڵبژێراو ئەكات و هیواى سەر كەوتنى بۆ ئەخوازێت و خواحافیزى لێ ئەكات بە هەمان شێوەش بۆ سەرۆكى حكومەتى كۆن . بەڵام لە هەرێمى كوردستان بینیمان كە كەمال كەركوكى دەورەكەى خۆى تەواو كرد , هەرچى پارەى مابوو داى بەقەرز بە كارمەنەكان و پلەى زۆرینەیانى بەرز كردەوەو بەشى كڕینى گاز بۆ موەلیدەكان پارە نەمابوو . ئەرشیفەكەش ئێوە خۆش . بە هەمان شێوەش ئەرسەڵان بایز كە دەورەكەى تەواو كرد وەك پێش خۆى كردوو ئەرشیفى پەڕلەمانى شاردەوە . دیارە ئەم ماستە بێ موو نییە. سەرۆكى حكومەتیش كە دەورەكەى تەواو ئەبێت لە برى دەورو تەسلیم . ژورى سەرۆكى ئەنجومەنى وەزیران قفڵ ئەدات و ئەڕوات , با سەرۆك وەزیرى تازەش ئازابى َ ژوور بۆ خۆى پەیدا بكات .
ئەگەر لێی بپرسى بۆچى ژوورەكە قفڵ ئەدەى و تەسلیمى دواى خۆتى ناكەى ., ئەڵێت دواى چوار ساڵى ترخۆم دێمەو ئەمە ژوورى خۆمە . یەعنى ئەم حكومەتەو ئەم وڵاتە بە نەوتەوە هەر هى خۆمە.ٍ
دوانزەیەم : لە ولاِتانى دنیادا حكومەت خاوەنداریەتى هەندى خانوى تایبەتى هەیە بۆ سەرۆكى وڵات و سەرۆكى ئەنجومەنى وەزیران و پارێزگارەكان و چەندین بەرپرسى ترى پلە باڵاى دەوڵەت . كاتێك یەكێك پۆستێك وەر ئەگرێـت ئەچێتە ئەو خانوەوەو كەى لە پۆستەكەى لابرا چۆڵى ئەكات لەسەردەمى حكومەتە یەك لەدواى یەكەكانى عێراقیش هەر وابوە .
حكومەت خانوى بۆ پارێزگار دروست كردوەو هەركەسێك پارێزگارى ئەو شارە بوبێت خانوەكەى بەكار هێناوەو كەى لابرابێت چۆَڵى كردووە . بەڵام دواى ڕاپەڕین هەردوو حیزبى دەسەڵاتدار هەرچى خانوى حكومەت هەبون دابەشیان كردن بەسەر ئەندامەكانى خۆیاندا . خانوى پارێزگارەكان قایمقامەكان , مەجلیسى تەشریعى و تەنفیزى لە هەولێر .
ئێستا كە كەسێك ئەبێتە پارێزگارى شارێك ئەبێ باشترین خانوى بۆ بگیرێت لەسەرگیرفانى هاوڵاتیان . ئەوەتا وەزیرى ناوخۆى هەرێمى كوردستان نوسراوێكى ئاراستەى ئەنجومەنى وەزیران كردوەو داوا ئەكات خانویەكى شایستە لە گوندى ئەڵمانى بۆ پارێزگارى نوێی سلێمانى بەكرێ بگرن . ئەمە لە كاتێكدایە پێشتر خانوى تایبەت بە پارێزگار هەبوەو ئێستا لە لایەن بەرپرسێكى حیزبییەوە داگیر كراوە .ئەمەش جیاوازییەكى ترى حكومەتى هەرێمى كوردستان لەگەڵ وڵاتانى تردا.
سیانزەیەم: یەكیك لە ڕەگەزە گرنگەكانى پێهێنانى دەوڵەت بۆ هەر نەتەوەیەك زمانە . ئەو دەوڵەتانەى كە لە جیهاندا هەن و هاوڵاتیانى زیاتر لە یەك زمانى قسەكردن و نوسینیان هەیە زۆر كەمن . یەك لەو دەوڵەتانە سویسڕایە و ئەویش تایبەتمەندى خۆى هەیە . بەڵام ئەگەر سەرنج بدەى لە سەدا نەوەدو نۆ و زیاترى وڵاتانى دنیا یەك زمانى یەكگرتویان هەیە .
لەبەر ئەوەى كوردستانى گەورە بەسەر چوار وڵاتى وەكو توركیاو ئێران و سوریاو عێراقدا دابەشكراوە , خاوەنى یەك زمانى یەكگرتوى خۆیان نەبون و تەنها كوردى عێراق شانسیان هەبوە كە بە زمانى كوردى بخوێنن و لە دامەزراندنى دەوڵەتى عێراقییەوە كوردەكان بە زمانى كوردى و بە زاراوەى سۆرانى خوێندویانە و هەر ئەوەش بۆتە هۆكارى ئەوەى ڕوحى شۆِرشگێرى لە كوردستانى عێراقدا لە پێش هەموو پارچەكانى ترى كوردستان چەكەرەى كردبێ.
زوربەى شاعیرانى كورد بەسۆرانى هۆنراوەیان ووتوە . بە هەزران كتێب لە هەمو بوارەكاندا بەو زاراوەیە نوسراوە . ئەگەر ویست هەبوایە لە لایەن بەرپرسانى حكومەتەوە , ئەكرا ئەم زاراوەیە بكرێتە بەردى بناغەى پێكهێنانى زمانێكى كوردى یەكگرتوو . ئەگەر چى زاراوەى بادینانى كوردى زۆرتر قسەى پێ ئەكەن بەڵام لە ئێستادا زاراوەى سۆرانى لە پێشترەو شانسى زیاترە بكرێـتە زمانى یەكگرتوى كوردستانى گەورە . یان هیچ نەبوایە با زاراوەى سۆرانى لەكوردستانى عێراق بكرایە بە زمانى نوسین و قسەكرن و لە هەمووقوتابخانەكاندا بخوێنرایەو لە هەموو دام و دەزگاكانى حكومەتدا كارى پێبكرایا , تا ئەو كاتەى چارەنوسى بەشەكانى ترى كوردستانى گەورە بەلایەكدا ئەكەوت .
لە كاتێكدا لە زەمانى حكومەتى سەددامیشدا لە قوتابخەنەكاندا خوێندن و نوسین بە زارەوەى سۆرانیدا بووە. , بەڵام لە سەردەمى جكومەتى هەرێمى كوردستاندا و لەسەر دەستى پارتى هاتن ئەو دەسكەوتەشیان لەدەستداو , ئێستا لە قوتابخاەكانى دەڤەرى بادینان بە زاراوەى بادینانى ئەخوێندرێ و لە دەم و دەزگاكانى حكومەتیشدا هەر زاراوەى بادینانى بەكار دێت . بەڕاى من ئەم كارە وەكو تاوانێكى گەورە وایە . خۆ ئەگەر لەوە پێش خوێندن و نوسین بە زاراوەى بادینانى بوبێت و ئێستا لە هەندى شوێنى تردا بكرایە بە زاراوەى سۆرانى ,ئەوەش تاوان ئەبوو بەلاى منەوە ٍ
ئەگەر لە 23 ساڵى حوكمڕانى كوردا خوێندن بە زاراوەى سۆرانى بوایا , ئێستا هەموو كوردانى كوردستانى باشوور , زۆر بەباشى بە سۆرانى قسەیان ئەكرد. ئەگەر ئەوە بكرایا , شانسى تێكەڵاوبونیش زیاتر ئەبوو , كە ئێستا ئاسان نییە هەموومان بە باشى لەو دوو زاراوەیە تێبگەین و بە داخەوە هەلێكى زێرێنمان لەدەست دا .
كەواتە ئەمەش كارێكى نەخوازراوى بەرپرسانى ئەم حكومەتەیە كە لەبرى ئەوەى زمانى كوردى بكەن بە یەك یان لانى كەم دوو زارەوە بكەن بە یەك ئێستا , دەلاقەیەكى گەورەیان خستە نێوانیانەوە . گریمان ئێستا كوردستانى گەورە ئەبێتە دەوڵەت و ئەبێ بڕیار لەسەر دروستكردنى یەك زمانى یەكگرتوو بدرێت , لە كاتێكدا لەناو هەموو كوردستانى گەورەدا دەیان زاراوەى جیاواز هەیە . خۆناكرێ هەموویان تێكەڵ بكرێن و هەر ئەبى َ زاراوەیەك كە زۆرترین شانسى هەبى و پێشتر زەمینەى خویندن و نوسینى بۆ ڕەخسابێ , بكرێتە زمانى یەكگرتوى هەموان . لە هەموو دونیاشدا ئەمە هەر وابووە. میللەتى كورد چ زیانێكى ئەكرد , ئەگەر زاراوەى سۆرانى كە پێشتر چەكەرەى كردوەو زەمینەى بۆ ڕەخساوە بكرێتە زمانى یەكگرتوى كوردى.ٍ
چواردەیەم: لە ولاِتێكى وەكو سویددا دوو كەناڵى تەلەفزیۆنى خەبەرى و چەن ڕوژنامەو هەفتە نامەى دیاریكراو هەیە كە ژمارەیان لە ژمارەى پەنجەكانى دەست تێناپەڕن. بەڵام لە هەرێمى كوردستاندا كە تەنها 3 پاڕێزگاى هەیە دەیان كەناڵى تەلەفزیۆن و دەیان ڕۆژنامەو هەفتەنامە هەیە . حیزبى وا هەیە بە تەنها چەندین كەنالى تەلەفزیۆنى هەیە . بەڵام ئەوەى زۆر سەیرەو لە دنیادا وێنەى نییە ئەوەیە حكومەت خاوەنى هیچ كەناڵێكى تەلەفزیۆنى نیەو هیچ ڕۆژنامەیەككیشى نییە .
ئەم كەناڵە تەلفزیۆنانەو ڕۆژنامانانە كە چەند دانەیەكیان نەبێت گوایە سەر بەخۆن ئەوانى تر هەمویان حیزبین یان سیبەرى حیزبن و كەوتونەتە موزایەدەكردن لەسەر یەكترى هەر یەكەیان بە ئارەزوى شەن و كەوى سیاسەت ئەكەن لە هەرێمى كوردستان . هەواڵى بەرەكانى شەر ئەگوێزنەوەو زوربەى جار زیان بە بەرژەوەندى وڵات ئەگەیەنن . ئەبینى لەسەر هاتن و پێدانى موچە دەیان لێدوانى دژ بەیەك هەیە . یەكیان ئەڵى موچەى فڵانە مانگ هات . یەكێكى تر ئەڵى دواكەوت . ئەوى تر ئەڵى كاتەكەى دیارى نەكراوە . دواجار وەزیرى دارایی لێدوان ئەدات و سەیر ئەكەى هەموو هەواڵەكانى پێشوو دوور بون لە ڕاستییەوە .
ئە میدیایانەى هەرێمى كوردستان كە كە كەس نازانێت لەسەر چ بنەمایەك و بە پێی چ یاسایەك كار ئەكەن , جۆرێك لە پاشا گەردانى و پشێوى و بێ متمانەییان لەناو هاوڵاتیاندا دروست كردوەو كەس بڕواى پێیان نەماوە ئەگەر هەواڵى ڕاستیش بڵاو بكەنەوە .ٍ ئاخر چ مانایەكى هەیە حكومەت كەناڵێكى تەلەفزیۆنیى و ڕۆژ نامەیەكى خۆى نەبێت بۆ ئەوەى بڕیارەكان و هەواڵەكانى خۆى تێدا بڵاو نەكاتەوە ؟؟. لە هەموو ئەوانەش سەیرتر هەموو كارمەندانى ئەو كەناڵانەو رَۆژنامەو هەفتەنامەكان , پارە لە حكومەت وەر ئەگرن ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ. بزانن و پرسیار بكەن حكومەتى لەم جورەى ئێمە لە جیهاندا وێنەى هەیە؟؟.
پانزەیەم: بە دەیان و سەدان كارگەى گەورەو بچوك لەم هەرێمە هەیەو ٍ زۆرینەى ئەم كارگانە لە لایەن حیزبەكان و كەسانى سەر بە حیزبەكانەوە خاوەندارێتى ئەكرێن و بەشێكیشیان كەرتى تایبەت . بەڵام بە قودرەتى قادر حكومەت خاوەنى یەك كارگەو كۆمپانیا نییە . ئەو كارگەو كۆمپانیاینەى لە زەمانى سەددامیشدا , حكومەت خاوەنیان بوبێ یان هەڵوەشێنراون یان كراون بە موڵكى حیزبەكان . تەنانەت حكومەت خاوەنى ئاسمانى كوردستانیش نییەو ئەوەش لە لایەن كور ەك تەلیكۆم و ئاسیا سێڵەوە قۆرخ كراون .
شانزەیەم:ٍ لە وڵاتە دێموكرات و پێشكەوتوەكانى دنیا نەبێت , لە وڵاتانى جیهانى سیێەم و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست وێنەى سەرۆكى وڵات لە هەموو دام و دەزگاكانى حكومەتدا هەڵداوەسرێ . بەڵام كە ئەو سەروكە نەماو یەكێكى تر ئەو پۆستەى وەرگرت بە هەر شێوازێك بێت , وێنەى سەرۆكى پێشو لا ئەبرێت و وێنەى سەرۆكى نوێ ئەخرێتە شوێنى .ئەگەر سەیرى ئەم هەرێمەى ئێمەبكەى تەواو لە هەموو دنیا جیاوازە . هەتا بەڕێز مامجەلال سەرۆكى كۆمار بوو وێنەكانى زۆر بەكەمى لە ئەمارەتى زەردى بادینان ئەبینراو بە زۆرى لە ئەمارەتى سەوزى سۆران وێنەكانى سەرۆكى وڵات هەبون.
ئێستا كە بەڕێز مامجەلال نەخۆشەو سەرۆكى كۆماریش نەماوە و كەسێكى تر بۆتە سەرۆكى كۆمار , تا ئێستاش وێنەكانى بەڕێز مامجەلال لە شوێنەكانى خۆیان ماون و وێنەى سەرۆكى تازەش بڕواناكەم لەم هەرێمى كوردستانە هەبێت . مامجەلال نەخۆشەو لە قسەكردن كەوتوە . بەڵام لە ڕێگاى لافیتەوە قسە بۆ هاوڵاتیان ئەكات.
لە برى ئەو لیدوان ئەدەن . كەمردیش بە ناوى ئەوەوە لێدووان ئەدەن بۆ بەرژەوەندى خۆیان . ئاخر ئەگەر گاڵتە جارى نەبى چۆن ئەبى تا ئێستا وێنەى مامجەلال لە دام و دەزگاكانى حكومەتدا بمێنى , لە كاتێكدا ئەو سەرۆك كۆمار نەماوە . بە پێی یاساو دەستور ڕێگا پێدراو نییە . ئەمەى سەرەوە پێمان ئەڵێت : ئەم هەرێمە كراوەتە دوو ئەمارەتى تایبەت بە دوو بنەماڵە .
كورت و كرمانجى لەم شیكاریەوە بۆمان دەر ئەكەوێت , نەك بەرنامەو خواست هەیە بۆ یەكگرتنەوەى كوردستانى گەورە , ئەوەتا هەوڵى پارچە پارچەكردنى زیاتریشى ئەدەن . سەرۆكى هەرێم زۆر جار بۆ بابى موزایەدە ئەڵى حكومەتى كوردى ڕائەگەیەنم. بەڵام لەو هەرێمەى ئەو سەرۆكیەتى دوو زاراوەى جیاواز لە قوتابخانەو دام و دەزگاكانى حكومەتدا بەكار ئەهێنرێن . منیش ئەڵێم جارى ئەم هەرێمە لە ڕوى كردارییەوە بكە بەیەك و بڕیار بدە یەك زاراوەى زمانى كوردى بكرێتە زمانى خوێندن و نوسین ئەو كات باسى ڕاگەیاندنى دەوڵەتى كوردى بكە .ٍ