بۆ باراک حوسێن ئۆباما و...

Friday, 19/04/2013, 12:00

1497 بینراوە







...بۆ باراک هیجری و باراک عەزیزی،
هەڵبژاردنەکانی ئامریکا کۆتایی پی هات و باراک حوسێن ئۆباما، کێنیایی-ئامریکایی توانی زۆرینەی دەنگەکان بە دەست بێنێ و بۆ جاری دووهەم وەکی سەرۆک کۆماری ئامریکا درێژە بە ئەرکەکانی بدا. لە ماوەی چەند رۆژی هەڵبژاردن ئەو کابرایە زۆر زیرەکانە ئاخاڤت و کاتێک بە فڕۆکە دەچوو پارێزگایێکی دیکە بە هەلینگدان هەنگاوی داوێشت و بۆ ئەوەی بڵێ ماندوو نیم و دەتوانم 4 ساڵی داهاتوو کار بکەم. پیرۆزبایی لە خۆی و "میت رۆمنی" و دەمودەزگای بەڕێوەبەری ئامریکا و هەمو گەلی ئامریکای کرد و گوتی:
"من و بەرێز "میت رۆمنی" پێکەوە وڵات بەرەو پێش کەوتن دەبەین، پیرۆزبایی بە خەڵکی ئامریکا دەڵێم و موبارەکیان بێ".
لە هەمان حاڵدا بە کاک حوسێن ئۆباما دەڵێم ئامریکا بە گشتی و لە چوار ساڵ سەرۆک کۆماری جەنابت دا هیچ قازانجی بۆ منی کوردستانی نەبووە. هەر چی کردوتانە بۆ بەرژەوەندی خۆتان بووە (کوردساڵی 1975ی زایینیت لە بیرە کە چتان لە ئێمە کرد و چۆن پشتو تێ کردین؟). بەڵام ئەوەندەت عەرز دەکەم زۆر لە خۆت مەفشە و لە خۆت بایی مەبە. ئەگەر تۆ بۆ چوار ساڵی دیکە بوویەوە سەرۆک کۆمار من پێم شک دێ 33 ساڵە لە کۆی سەنجەق و زڕگوێزەڵە سەرۆک مستەفا هیجری و سەرۆک خالید عەزیزی بە هەڵبژاردنێکی لێوالێو لە دیموکراسی دەبنەوە سەرۆک کۆماری چادران و برایانە لە وێ رۆژهەڵاتی وڵات بەرێوە دەبەن. ئاخردونیای ئازاد و پێشکەوتو رێگای پێ داون لە دوورە و بەو پارەیەی کە مانگانە لە دەسەڵات پێدراوی هەولێر وەردەگرن بە باشی ئەرکی وڵاتپارێزی خۆیان ئەنجام بدەن. جەنابی باراک هوسێن ئۆباما ئێوە لە نزیکەی 70 وڵاتیدونیا دا بنکە و بارەگای نیزامیتان هەیە، ئێمە لە کۆی سەنجەق زیاتر شک با بەین و بۆ پاراستنی ئەزمونی باشوری وڵات قەت لە جێگەی خۆمان ناجووڵێین.
لە کۆتایی نامەکەماندا هەر ئەوەندەت عەرز دەکەین: لە 4 ساڵی رابوردووی ئەرکەکانت دا شەو و رۆژ چاومان لە ئاسمان بو کەی فڕۆکەکانی ئامریکا و ئیسراییل تارانمان بۆ دەڕوخێنن و کۆماری ئیسلامی لادەبەن هەتا ئێمەش وەکی ساڵی 1975ی زایینی شۆڕ ببئنەوە و وەکی قارەمان پێشوازیمان لێ بکەن. تۆ سەری بابت چی دی درۆمان لەگەڵ مەکە و هیچ شەرمی ناوێ هەرکات پوڵ و پارەت پێویست بوو لە رێگای لۆبیەکانی خۆمان ئاگادارمان بکەوە لەسەر چاومان داخوازیت قەبوڵ دەکەین بە بێ ئەوەی لێت وەرگرینەوە!...
جەعفەر کەریمی
فەنلاند / تورکو
١٩/٤/٢٠١٣

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە