لیژنەی لێکۆڵینەوەی حزبی و کەسانی سەر بە حزب تاوانێکی دیکەیە دەرهەق بە کاوەی گیانگەش دەکرێت

Tuesday, 10/12/2013, 12:00

2083 بینراوە


لێکۆڵینەوە لە تاوانی کوشتنی رۆژنامەنوسی ئازا کاوە گەرمیانی بەسەرپەرشتی عیماد ئەحمەد جیگەی سەرسوڕمانە. عیماد ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی، کە راستەوخۆ بەشدارە لە بەڕێوەبردنی سیاسەتی یەکێتی، ئێستا سەرپەرشتی لێکۆڵینەوە لە تاونێک دەکات کە یەکێتی تێیایدا بەتاوانبار دادەندرێت، هەروەکو کاوەی قوربانی لەلایەن بەرپرسانی یەکێتیەوە لە ناوچەی گەرمیان پێشتر هەڕەشەی لێکراوە.
ئەو کارە خۆی لەخۆیدا تاوانێکی دیکەیە دەرهەق بە کاوە گەرمیانی دەکرێت. چۆن دەکرێ لێکۆڵینەوە لەلایەن کەسێک و لایەنێکەوە بکرێت کە وەکو تاوانبار سەیر دەکرێن؟ چۆن دەکرێت حیزب و کەسانی سەر بە حیزب لێکۆڵینەوە لە تاوان بکەن؟ ئەدی دەزگا دادوەریەکان؟ ئەدی پۆلیسی کەتن؟
هەموو جیهان داوای لێكۆڵینەوەیەکی بێلایەن لە دەسەڵاتداران دەکەن، ئەوەش کاردانەوەی دەسەڵاتی یەکێتییە! وادیارە یەکێتی بەهەموو تێگەیشتن و لێکدانەوەی خۆی ئەو لیژنەیە بەبێلایەن تێ دەگات! لە راستیدا یەکێتی و بەرپرسانی یەکێتی هەر نابێ لە دوور و نزیکەوە توخنی لیژنەی لێکۆڵینەوە بکەون. یەکەم ئەوە کاری حیزب نییە، دووەم ئەوان لایەنن لە تاوانەکە هەروەکو راستەوخۆ تۆمەتی تاوانیان ئاراستە دەکرێت.
پێویستە لێرەدا ئەوە بگوترێت کە پارتی و یەکێتی لە هەموو ئەو لێکۆڵینەوە نەزۆک و حیزبیانەی کە لە مێژوویاندا لەگەڵ کەسانی نەیاریان یا لەسەر تاوانکاری کردوویانە و بڕیاریان لەو رێگەیەوە داوە، تاوانبارن و بەرپرسن لە ئەنجامی ساختە یا بڕیاری حزبیانەی تاوانکارانەدا. لێکۆڵینەوەکانی ئاسایش و زانیاری و پاراستن دەچنە خانەی لێكۆڵینەوە حزبیەکان چونکە ئەو دەزگایانە حزبین و بۆ پارتی دەسەڵاتدار کار دەکەن. هەروەها دەزگای ئاسایشی هەرێم کە هەردوو باڵەکەی زانیاری و پارستن لە دەڤەری سەوز و زەرد دەگرێتەخۆی، دەزگایەکی حزبییە و لاینەگیرە، هیچ گۆرانێک لە باری لایەنگیریی و حزبیبوونی دوو دەزگا سیخوریەکەی زانیاری و پاراستن ڕووینەداوە، ئەوە نەبێت بەشێوەیەکی سیمبۆلی کراونەتە یەک. هەموو ئەو دەزگا و دامەزراوانەی کە لەلایەن پارتی و یەکێتیەوە دروستکراون و ناوی نیشتیمانیان پێوەندراوە، هەموویان حزبین و لەبەرژەوەندی پارت و سەرۆکی دەسەڵاتداردا کار دەکەن، بۆیە جێگەی باوەر و متمانەی خەڵک نین.
پارت ئەگەر بڕوای بە پرەنسیپە دیموکراسیەکان هەبێت و لە دەسەڵاتی دیموکراسی گەیشتبێت، رێگە بەخۆی نادات تێکەڵی لێکٶلینەوە لە تاوان بێت یا دەستکاری ئەو جۆرە کارانە بکات، چونکە ئەوە کاری دادگا و دەزگا پەیوەستدارەکانی بواری تاوانکارییە. ئەو دەزگایانەش نابێ لەژێر کاریگەری سەرۆک و حیزبدا بن، ئەگەرنا لێکٶلێنەوە ناتوانێ ئەنجامی بێلایەن بداتە دەست.
لیژنەی لێکۆڵینەوە کە بەرپرسانی یەکێتی و ئاسایشی یەکێتی سەرپەرشتی دەکەن، لێکۆڵینەوەیەکی حزبی و لایەنگیر ئەنجام دەدات، هەروەکو بەرژەوەندیەکانی پارت و بەرپرسانی پارت لەبەرچاو دەگرێت. بەمجۆرە ئەگەری بەلاڕێدابردنی رەوشی لێکۆلێنەوەکە و ئەنجامەکەی زۆرە. هەروەکو لە دۆسیەی سەردەشت عوسماندا بینیمان کە چۆن پارتی سینارۆیەکی بۆ سەردەشت هەلبەست و وەکو هەواداری تیرۆریستان ناساندیان. دیارە ئێستاشی لەگەڵدابێت کەس باوەری بە ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکەی ئاسایش و پاراستنی پارتی نەکرد و لای خەڵک دۆسیەی سەردەشت بەکراوەیی ماوەتەوە.
دیارە ئێمە ئەوە دەزانین کە زۆر سەختە لە کوردستانی ئەمرۆدا لیژنەی سەربەخۆ پێکبهێندرێت و بتوانێت سەربەخۆ و ئازادنە لە تاوانەکە بکۆڵێتەوە، چونکە کۆمەلگە گەندەڵکراوە و بەحزبیکراوە، و بەرپرسەکانی پارت و مافیاکان بڕیاربەدەستن. لە کوردستاندا ئەو هەلومەرجانە نین کە بۆ لیژنە و لێکۆڵینەوەی بێلایەن پێویستن. بۆیە دەبێ بڵێین بەداخەوە گومانی زۆر لەوەدایە کە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە بتوانێ وەڵامی گونجاو بە پرسیارەکان بداتەوە و هەموو تاوانباران و راستیەکانی پشتی تیرۆکردنی رۆژنامەنوس کاوە گەرمیانی ئاشکرا بکرێن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە