كاوه‌ گه‌رميانى نوێنه‌ری رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له‌سه‌ر سندوقه‌كان ده‌ستگیرده‌كرێت

Thursday, 12.02.2010, 12:00

689 بینراوە


به‌هۆی ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی به‌و پێشێلكارییانه‌ی له‌ پرۆسه‌ی ده‌نگدان له‌ كه‌لار كرا، نوێنه‌ری رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ ده‌ستگیر‌و دواتر ئازاد ده‌كرێت.
سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مرۆ له‌ كاتی به‌رێوه‌چوونی پرۆسه‌ی ده‌نگدان له‌ قوتابخانه‌ی له‌یلا قاسم له‌گه‌رمیان، به‌هۆی ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی به‌و "خروقاتانه‌"ی كه‌ ئه‌نجامداروه‌، نوێنه‌ری رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له‌وبنكه‌یه‌، كاوه‌ گه‌رمیانی ده‌ستگیركرا‌و پاش ماوه‌یه‌ك ئازادكرا.
كاوه‌ گه‌رمیانی كه‌ له‌هه‌مانكاتدا وه‌ك په‌یامنێری ئاوێنه‌ له‌ شوێنه‌كه‌ ئاماده‌ببوو، له‌ لێدوانێكدا بۆ سایتی ئاوێنه‌ وتی "یه‌كێك له‌و خروقانانه‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌هه‌ر كه‌سێك پشتگیرییه‌كی په‌روه‌رده‌‌و قوتابخانه‌كانی پێبوایه‌ ده‌هات ده‌نگی ده‌دا به‌جۆرێك ژماره‌ی ده‌نگه‌كان زۆر زیاتر بوو له‌وه‌ی كه‌ ده‌بوایه‌ له‌و بنكه‌یه‌ ده‌نگ بده‌ن، هه‌ربۆیه‌ چه‌ندین جار به‌رپرسی بنكه‌كه‌م ئاگادار كرده‌وه‌ كه‌ با قه‌ره‌باڵغی دروست نه‌بێت به‌ شێوه‌ی یاسایی ده‌نگ بدرێت. تا دواتر بووه‌ ده‌مه‌قاڵێ‌و له‌لایه‌ن جێگری لقی كه‌لاری یه‌كێتی مامۆستایان، ئه‌حمه‌د سابیر تۆمه‌تی ئه‌وه‌م لێدرا كه‌ باجه‌كه‌ی من وه‌ك نوێنه‌ری رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ساخته‌یه‌‌و پۆلیسان ئاگادار كرده‌وه‌". 
وتیشی: دواتر هێزه‌كانی پۆلیسی كه‌لار هاتن ده‌ستگیریان كردم‌و به‌ شێوه‌یه‌كی ناشیرین ره‌وانه‌ی بنكه‌ی پۆلیسی كه‌لاریان كردم، به‌ڵام دواتر له‌ بنكه‌ی پۆلیسی پاش داوای لێبوردن ئازادیان كردم.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا من له‌و تۆمه‌ت‌و ناوزڕاندنه‌ی ئه‌حمه‌د سابیر خۆش نابم‌و سكاڵای له‌سه‌رتۆمار ده‌كه‌م.
هه‌رله‌م په‌یوه‌نده‌دا‌و سه‌باره‌ت به‌و پێشێلكارییانه‌ی له‌ بنكه‌ی له‌یلاقاسم له‌كه‌لار كرا، چاودێری لیستی سه‌رده‌م، م. دیار عه‌لی یاوه‌ر به‌سایتی ئاوێنه‌ی راگه‌یاند " له‌م بنكه‌یه‌دا ده‌بوایه‌ كه‌س ده‌نگی بدایه‌ كه‌چی تا ئێستا 930 ده‌نگ دراوه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌و كه‌سانه‌وه‌ بوو كه‌ به‌لێشاو ده‌هاتن‌و به‌ هه‌ر پشتگیری نامه‌یه‌ك كه‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌كه‌ ده‌هاتن ده‌نگیان ده‌دا یانی به‌ هه‌رشتێك كه‌ له‌ لایه‌ن په‌روه‌رده‌وه‌ كه‌ بیسه‌لمێنیت كه‌ تۆ مامۆستای ده‌هاتن‌و ده‌نگیان ده‌دا".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد "زۆربه‌ری به‌ڕێوه‌به‌ره‌كان له‌به‌رده‌م بنكه‌كه‌ وه‌ستابوون‌و پشتگیری مامۆستاكانیان ده‌كرد‌و ده‌یاننارده‌ ژووره‌وه‌ بۆ ده‌نگ دان كه‌ هیچ حبر‌و په‌نجه‌مۆرێك بوونی نه‌بوو، من خۆم مامۆستا ده‌ناسم‌و به‌ڵگه‌‌و به‌ناو له‌لامه‌ دووجار ده‌نگی داوه‌".
وتیشی "وه‌ك یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان هیچ ئاماده‌كارییه‌ك بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ نه‌كرابوو".
گه‌رمیان، ئاوێنه‌