ئایا ڕاستە بەڕێوبەرایەتی باشور هەرەسی هێناوە؟ (بەشی یەکەم) / سیاسەتی وزە

Friday, 14/03/2014, 12:00

1743 بینراوە


لەم بەشەدا دەمهەوێت تیشک بخەمە سەر بازرگانی وزە و بە تایبەتی نەوت و بەرهەمەکانی لە دوای ڕاپەڕینی کوردەکان لە باکوری عێراق، ساتێک لە دەرنجامی شەڕێکی گوماناوی و پەلاماردانی ووڵاتی کوێت لە لایەن عێراقەوە و بە ئاگاداری هاوپەیمانە گرینگەکەی ئەمریکا ! جەنگی عێراق دژی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا دەستی پێکرد وتێکشکانی سوپای عێراق و ڕاپەڕینی کوردەکان و شیعەکانی بە دوای خۆیدا هێنا. بەشێکی ووڵاتی کوردان لە باشوری کوردستانی گەورە ئازادی بەدەست هێنا و ئەوجار پارتە کوردیەکان کە بنچینەکەیان لەسەر ناوچەگەرای دروست و ڕێکخراوە، هەریەکەیان کەوتنە باڵادەستی لەو ناوچانەی لایەنگری زۆرینەیان تیا هەبوو. لەو بەینەدا دەروازەی بەینی ووڵاتی عێراق و توران کەوتە دەستی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی ماڵی مەلامستەفا، کە کوڕەکەی مەسعود بارزانی لە پاش وەفاتکردنی باوکیەوە لە ساڵی ١٩٧٩ تا ئەمڕۆ سەرۆکایەتی ئەم پارتە دەکات. ئێدی ئەوکاتی دەوڵاتی عێراق لە شەڕی کویتدا شکستی خوارد و بە تێکشکاوی لە ناو سنورە دەستکردەکەی بەجێ هێڵدرا، ئابڵۆقەیەکی توندی بەرفراوانی بە تایبەتی ئابوری بەسەردا سەپێندرا. ئەم ڕژێمە کورد کوژە باری ئابوری تادەهات تێک دەچوو، ئیدی کەوتە فرۆشتنی نەوت لە بازاڕی ڕەشدا و بەوهۆیەوە لەگەڵ ماڵی مەلامستەفا و پارتەکەیان ڕێککەوت بۆ ناردنی نەوت بە تەنکەر لە رێگای دەروازەی فیشخاپورەوە بۆ توران و دراوسێکانی. لێرەدا شتێکی سەیردروست بوو، ئەویش فرۆشتنی نەوت کەوتە دەستی دوو خێزانەوە کە لای ڕژێمەوە کوڕەکانی سەدام حسێن، عودە و قوسەی سەدام و لەلایەن کوردە شۆڕشگێڕەکانەوە کوڕو کوڕەزاکانی بارزانی بەیەکەوە بازرگانی نەوتیان دەکرد، هەرچەندە لایەنی کوردە شۆڕشگیڕەکان ڕشوەی تێپەڕبوونیان وردەگرت و ماڵی سەدام حوسێن داهاتەکەیان دەبرد بۆخۆیان.. بە داخێکی زۆر بۆ کوردەکانی باشور و شەرمەزاریەکی زۆرەوە بۆ ئەم خێزانە، ئەم دەستخستە ناودەستەیان تا ساڵی ٢٠٠٣ درێژەی کێشا. لەپاش ساڵی ٢٠٠٣ و ڕوخاندنی ڕژێمی بەعسەوە خێزانی جەلال تاڵەبانیش لەگەڵیان کەوتنە تاڵانکردن و بە ڕەشفرۆشتنی نەوت و لەم بێبەرپرسیارەتیەیان بەردەوامن لەم هەرێمەدا تا ئەمڕۆ. کە ئەمە هیچی کەمترمان لەوە پێناڵێت کە ئەم دوو خیزانە و پارتەکانیان لە ڕووی سیاسی و بەرپرسایەتیەوە بە گشتی خاوەنی هیچ ئەخلاقێکی ئەوتۆ نین و زۆر بێئابڕوانە بە نوێژی نیوەڕۆ تانکەری نەوتە بێشەرمەکانیان سەر ڕێدەخەن بۆ لای شەریکەکانیان. لە سەرەتای ٢٠٠٣ وە ئەودەمان کە بە بەهانەی چەکی کۆمەڵکوژی کیمیاویەوە ووڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا پەلاماری عێراقی دا و تۆمەتی خستەنەپاڵی پشتیوانی توندڕەو مرۆڤکوژەکانی هێزی ئەلقاعیدە و تاڵەبانی خستە پاڵ ڕژێمی بەعسی فاشیست، ئیدی کۆتای بە بازرگانی نەوت لە نێوان خێزانی سەدام حسێن و خێزانی بارزانی هات و سەردەمێکی نوێی بازرگانی و بە تاڵانبردن، لەپاڵ ڕەشفرۆشتندا دەستی پێکرد کە تا ئەمڕۆ بەردەوامە و ناوی > سیاستی نەوتی < لێندراوە. بەڕیوبەرایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێناسەی سیاستی نەوت بەم شێوەی خوارەوە دەکەن. یەکەمیان ئاشکرایە و بە ڕۆژی نیوەڕۆ دەیان ساڵە بە سەدان تەنکەری نەوت بە نادەستوری بە ڕەشفرۆشی دەکرێت و ئەم دوو پارتە بە ئاشکرا بوون بە قاچاخچی و تاڵانکەری نەوت. دوهەمیان هاتون بە دەیان بازرگانی نەوتی ووڵاتانی دراوسێ و کارخانەی نەوتی ناوچەی و نێودەوڵەتیان لە سامانی نەتەوەیی نەوت و گازی ژیرزەوی کوردستان بەرداوە و گرێبەستی هاوبەش و نرخی نزمیان پێشکەش دەکەن بۆ ئەوەی بۆخۆیان سودێکی کەمیان لێدەست بکەوێت و کارخانە نەوتیەکانیش سامانی نەتەوەیەک بە نرخێکی کەم دەبەن بۆ خۆیان و لە بازاڕی وزەدا بە چەندین بەرابەر دەبفرۆشنەوە. ئێدی کار گەیشتۆتە ئەوەی نازناوی بەهەشتی بازرگانی نەوت بەم هەرێمە لەلایەن بازرگانانی نەوتەوە ببەخشرێت کە لە پاشاگەردانیەک دەچێ بەرەو کۆتای بڕوات ! هەروەک و لە باسی سامانی نەتەوەیەک لە سێبەری بەرژوەندیەکاندا بە کورتی لە ڕابردودا باسمان کرد، هەڵێنجان و فرۆشتنی سامانی نەتەوەی کاری دەوڵەتی نیشتیمانیە و تا ئێستە لە مێژووی سیستەمی فدرالیدا نەبووە کە هەرێمێک لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی فیدراڵی خاوەن سەروەریدا مافی مۆرکردنی گرێبەست و فرۆشتنی بە کۆمپانیای دەرەکی هەبێت بە بێ گەڕانەوە بۆ دەوڵەتی فیدڕالی. لەگەڵ ئەوەشدا فرۆشتنەکەی نادیار و داهاتەکەی لە دەرەوی وڵات هەڵبگرێت، بە تایبەتی لە ووڵاتی داگیرکەری تورکەکان کە تا ئێستاش نەک دان بە مافی کوردا نانێت، بەڵکو دژایەتی بەردەوامی دەکەن و بە هەزاران کوردی لە سەر زێدی باوباپیرانی کوشتوە و لە زیندان توند کردوە تا ئەمڕۆ. سێهەم دەیان هەوێت لەو ڕێگەیەوە مانەوەی خۆیان لەسەر ئاستی ناوچەکە و دەوروبەریان دروست بکەن و بەتایبەتی دڵی دراوسێکانیان و تورانەکان لە خۆیان ڕازی بکەن و ناراستەوخۆ جڵەوی بەرهەمهێنان و تێپەڕین و فرۆشتنی وزەی نەوت و گازیان بخەنە دەست، هەروەکوو دەبینین بە دەیان کۆمپانیای نەوت وگازی تورکی گەورەو بچوک لەم هەرێمە بازرگانی دەکەن و سودێکی زۆر بەدەست دەهێنن. چوارهەم ئەم دووخێزانە و بەڕێوبەرایەتیەکەیان تەواوی پێداویستی ژیانی کۆمەڵگاو مرۆڤەکانی لەهەموو ڕووەکانیەوە لە دەرەوی دەسەڵاتەکەیان دەهێنن و تەنها شتێک کە هەیان بێت کە بە دەرەوەی بفرۆشنەوە نەوت و گازی ژێر زەوی کوردستانە، ئەمە جێگەی شەرمێکی گەورەیە بۆ ئەم بەڕێوبەرایەتیە و لە ڕووی ئابوری و داهاتەوە مایەی بێتوانایەکی ژیری بەڕیوبەرایەتیە کە سنوری نەزانی سیاسەتی ئابوری تێپەراندوە. سیاسەتی بە ناو نەوتی هەرێمی کوردستان شکستێکی گەورەی ئەم بەڕێوبەرایەتیەیە کە لەم رۆژانەدا بەرەو هەرەسهێنان دەڕوات. لە ساڵی ٢٠٠٣ وە سەرۆک و سەرکردە هەمیشەیەکانی باشور فێڵ و خۆڵ دەرخواردی کوردەکانی باشور دەدەن و پێیان دەڵێن، ئێمە مافی دەر‌هێنان و فرۆشتنی نەوتمان هەیە و یاسای بنچینەی عێراق ئەو مافەی داوە بە هەرێمەکان و هەروەکو سەرۆک لەو ماوەی پێشودا گوتی، ئێمە دەیان کارگێڕی دەستوری و یاسایمان لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی لەپشتە و لەبەر ئەوە ئەم کارە دەکەین. ئەم وتەیە دوو شتمان پێدەڵێت، یەکەم ئەم سەرۆکە و دارودەستەکەی گەر مافی نەتەوەی کوردیان لە دەستوری هەمیشەی عێراقدا بە بەڕێوبردنی نەوت و گازیشەوە نوسیوەتەوە و چەسپاندوە، بۆ دەچن لە واشنتۆن و لەندەن و هتد پرسیار دەکەن، ئاخۆ دەستوری عێراق ئەومافەی پێداون یان نا. دوهەم ئەگەر ئەومافە دراوە و ئێستا دەوڵەتی فیدڕاڵی ڕازی نیە، بۆ سەرۆکە مەزنەکان کە هەردەم یاساو ڕێسای هەمیشەیی عێراق لەسەر دەمیانە، رێوشوینی یاسای ناگرنە بەر تا کۆتای بەم کێشەیە بێت، گەر یاساو نۆڕمی هەمیشەی عێراق پەیڕەوی لێناکرێ و ‌هیچ دادگاو دەستگایەکیش نیە لێپرسینەوەی لێبکات، کەواتە چەسپاندنی مافەکان کورد لە دەستوری هەمیشەی عێراقدا هیچ بەهاو نرخێکی نیە و تەنها بۆ فریودان وهەڵخەڵەتاندنی میلەتی داماوو ستەمدیدەیی کوردە! وە لەولاشەوە نەزانی و بێهۆشی خۆیانی پێئاشکرا دەکەن. لە کۆی گشتیدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت بەڕیوبەرایەتی باشور زۆر نەشارەزایە لە ڕووی ڕێکخستنەوە و بڕگەکانی یاسای هەمیشەی عێراق دەربارەی کوردستان کە بە دەستکەوتێکی مەزنیان دەفرۆشتەوە بە میلەت بۆ خۆیان نەیان نوسیوە و بەڵکو کۆمەڵێک هەلپەرست بۆئەوان و کوردی عێراقیان نوسیوەتەوە. ئێدی دەبینین لە ساڵی ٢٠٠٣ وە ئەم بەڕێوبەرایەتیە سیاسەتێکی چەوتی بێستراتیجی نەوتی گرتۆتە بەر، بێئەوەی هیچ پلانێکی هەبێ بۆ داهاتو، چۆن ڕەفتار دەکات گەر لەگەڵ دەوڵەتی فدراڵیدا نەگەیشتە ڕێککەوتن. ڕویەکی تری ئەم شکستە لەوێدا دەردەکەوێت کە سیاسەتی نەوتی ئەم بەڕێوبەرایەتیە زۆر ناڕون و نا شەفافە و ئەم بەڕیوبەرایەتیە نەیتوانیوە تا ئەمڕۆ بە شێوەیەکی دروست و ڕوون ڕەفتار بکات کە لانی کەم لە هەڵسوکەوتی دەوڵەتداری و بەرپرسایەتی نزیک ببێتەوە. چەندکەسێک بە ئارەزوی خۆیان بە سامانی نەتەوەیەکەوە بازرگانی و تاڵانچێتی دەکەن، بێئەوەی هیچ یاسایەک و دەستگا و پەرلەمانێک بتوانێ لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات. بەدەر لەم چەندکەسە هیچ هاوڵاتیەکی کورد نازانێت لەگەڵ کێ بازرگانی نەوت دەکرێت بە تەواوی، چەند نەوت بەرهەم دە‌هێندەرێت و بە چەند دەفرۆشرێت و دواجار پارەی ئەو بەرهەمە فرۆشراوە لە کوێیە چی بەسەر دێت. ئیدی وا لەم ڕۆژانەدا دەرەنجامی ئەم شکستە پڕشەرماویە دەچنینەوە، کە هیچی کەمترمان پێناڵێت لە وەی کەم ئەم خێزانانە و پارتەکانیان و بەڕێوبەرایەتیەکەیان زۆر نەشارەزان و نەزانن، ئەو هەموو کێشە و ماڵوێرانیەیان هێنا بەسەر کوردا و ئێستاش دەبینین هەمووی بێبنەما و بێدەرەنجام دەرچوو، خۆشبەختانە دەبێت بڵێین گەرنا بە تاڵان و ڕەشفرۆشتنی نەوت گاز بەردەوام دەبوو. بەڵام هەروەکوو لە باسی سامانی نەتەوەیەک لە سێبەری بەرژەوەندیەکاندا پێشبینیمان کرد بە گشتی هەروا هاتە پێش، ئەوا دەبینین دەوڵەتی هەرێمی کوردستان نە لەسەر ئاستی دەوڵەتی فیدڕاڵی و نەلەسەر ئاستی ناوچەی و نێودەوڵەتی پشتیوانی لێناکرێ سەربەخۆ نەوت و گاز بفرۆشێت و سنوری دەوڵەتی فیدرراڵی ببەزینێت. مەجبور دەکرێت لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتی فیدڕاڵیدا ئەم کارە بکات لە ڕووی یاسایشەوە هەر دەبێت بەو ئاڕاستەیەدا بڕوات، جونکە هەروەکوو گوتمان مافی لەو شێوەیە بە هەرێمەکان، بەبێ کۆدەنگی لەگەڵ دەوڵەتی فیدڕالی و بەزاندنی سنور بە ڕاکێشانی لولەی نەوت و گاز بۆ وڵاتێکی دراوسێ لەگەڵ بنەماکانی سیستەمەی فیدڕالیدا تا ئەمڕۆ ڕێک ناکەوێ و دەبێتە هۆیەک وڵات بەرەو دابەش بوون لێکترازان ببات. ئەمەش ئەوەمان نیشان دەدات فەرمانڕەوایانی باشور بەهەڵە لە سیستەمی فیدرالی گەیشتوون و کوێرانە هەموو هەڵسوکەوتێکیان دەبەستنەوە بە سیستەمەی فیدراڵ و یاسای بنچینەیی عێراقەوە و دەیانهەوێت وەکوو نیمچەدەوڵەتێک لەگەڵ دەوڵەتی فیدڕاڵی عێراق هەڵسەکەوت بکەن. دواجار خێڵەکیانە هەڕەشە و گوڕەشە لە ئیماراتەکەی درواسێیان دەکەن و خۆیان گیڤ دەکەنەوە و ئەم گاڵتەجاڕیە لە سەدەکانی پێشودا ڕوونادات بەڵکو لەم ڕۆژانەدا و لە ساڵی ٢٠١٤ ڕوودەدات. کە تەنیا نەتەوەی گەورەی دوونیا کە خاوەنی سەربەخۆیی نیە کوردە، بە ڕابەرایەتی ئەم سەرۆک و وبازرگانانە. لە هەمووی ترسناکتر سەرۆکە بازرگانەکان دەڵێن مافی جیابونەوەمان لە نێو یاسای هەمیشەیی عێراقدا چەسپاندوە و ئێدی جیا دەبینەوە و سەربەخۆی خۆمان ڕادەگەیەنین، هەرچەندە لە ڕابوردودا ڕیفڕاندۆم ئەنجام دراو وەڵامەکەشی جیابوونەوە و سەربەخۆی بوو، بەڵام بە داخەوە هەروەکو کاروباری هەمیشەییان ئۆلیگارش و بەناو سیاسیەکانی باشور، نیشانیاندا هیچ ڕێز لە ئیرادە و خواستی گەل ناگرن و نەگرتوە تا ئەمڕۆ. ئەم وتارانەی سەرۆکەکان زۆر لاواز و دورن لە ڕاستیەوە و هەندێجار لە گاڵتەجاری و شانۆگەری کۆمیدی دەچن بۆ بەسەربردنی کاتێکی دیاریکراو. بەڕێوبەرایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە خۆیان دەڵێن دەوڵەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام دوو مانگ موچەی بەشێکی کارمەندەکانت لەلایەن دەوڵەتی فیدڕاڵیەوە دواکەوت و نەهات، بەڕێوبەرایەتیەکەیان توشی قەیرانێکی قورسی دارای بویەوە و بەرەو مایەپوچی و کۆنکورس دەڕوات گەر تا چەندمانگێکی تر پارە لە بەغدادەوە ڕەوانە نەکرێت. مایەپوچی و کۆنکورسی بەڕێوبەرایەتیەک واتە هەڵوەشاندنەوەی بەڕێوبەرایەتیەکە و سەرڕێکەوتنی بەرەو پاشاگەردانی و کەسبەکەس، گەر یارمەتی فریا نەکەوێت. ئێمە ئێستا نیشانەکانی دەستبەسەراگرتنی بەڕێوبەرایەتیەکەی باشور لەلایەن تورانەکانەوە دەبینین و دواجار هەوڵدان بۆ سەربەخۆی و دورکەوتنەوە لە دەوڵەتی فیدڕاڵی عێراق هیچی تر لە وە بەدەر نیە کە باشوری کوردستان جارێکیتر بە تەواوی بخەینەوە دەستی داگیرکەرانی کوردستانەوە. سەربەخۆی واتای پشتبەستن بە تواناو کارایی خۆییەوە دەگەیەنێت، ئێوە چۆن دەتوانن سەربەخۆ بن لە کاتێکدا لە واتای سەربەخۆی تێنەگەیشتون تا ئەمڕۆ، هەربۆیە ماوە ماوە کە تەنگەتاویاتان بۆ یەت ئەم خەونە شاعیرانەیە لە بەرگێکی نوێدا بۆ مۆریدەکانتان دەهۆننەوە و زیکری دەوڵەتی کوردیان پێدەکەن..

هەورامان سیوەیلی
14.03.2014

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە